سەرەتا : ماوەی چەند ساڵێكە حیزب و ڕەوتە ئیسلامیەكانی وەك داعش و قاعیدەو حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەنسار ئیسلامی حوسیەكان و حەشدی شەعبی و ئیخوانی موسلمین و سەلەفی و وەهابی و زۆر ڕەوت و ڕێكخراوی تر لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی و لە وڵاتانیتر بۆ نمونە ئەفغانستان لە گەشەكردن و چالاكی بەردەوامدابون .
زوربەی ئەم حیزب و ڕێكخراوە ئیسلامیانە لە ژێر هەژمونی وڵاتانی تردا بە وەكالەت كاریان كردووەو لەئەنجامدا زوربەی ئەم حیزب و ڕێكخراوە ئیسلامیانە كە بەناو لە پێناوی ئیسلام و خزمەتی ئیسلامدا دروستبون و كاریان كردووە ، بونە ڕێكخراوی تیرۆریستی و گەورەترین زیانیان بە ئیسلام خۆی گەیاندووە . بونە هۆكاری وێران كردنی ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی كە بەناو بۆ خزمەتی ئەوان كار دەكەن .
ئەوەی لەم كات و ساتەی ئێستا بەسەر زوربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا هاتوە دوژمنانیان نین ، بەڵكو خۆیانن و بە فیتی وڵاتانیتر میللەتی خۆیان توشی نەگبەتی گەورە كردووە و ئەوەی خۆیان بە خۆیانیان كردووە چەندین ساڵە دوژمنانیان هەوڵ ئەدەن نەیان توانیوە ئەوە بەرامبەریان بكەن .
سەیركەن ئەوەی بەسەر خەڵكی غەزەو لوبنان و سوریاو یەمەن و تا دەگاتە عێراقیش هاتوە هۆكارەكەی خۆیان بون و بەدەستی خۆیان داریان داوەتە دەستی دوژمنانیان و پێیان وتون وەرن دار كاریمان بكەن . زوربەی ئەوحیزب و ڕێكخراوە ئیسلامی و عەرەبیانەی گوایە بۆیە دروست بون دژی داگیركەران خەبات بكەن ، خۆیان پیاوی داگیركەران بون . بۆیە دوای ڕوداوەكانی غەزە بە تایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی دوو گۆڕانكاری زۆر گەورە لە ناوچەكە ڕویانداوە :
یەكەم : شەڕی عەرەب و ئیسڕائیل و تێشكانی عەرەب بە گشتی و سەركەوتنی ئیسڕائیل و بونی ترامپ بە سەرۆكی ئەمەریكا ، بوو بە هۆكاری ئەوەی ئەو ناو ناوبانگەی پێشتر عەرەب هەیبوو و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حسابی بۆ دەكرا ، كۆتایی پێ هات و وڵاتانی عەرەبی توشی پەرتەوازەیی بون وئیسڕائیل بوو بە كەڵەگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . باشترین نمونەی ئەو پەرتەوازەیە سێ و سێ هەمین لوتكەی وڵاتانی عەرەبی كەلەم چەند ڕۆژەی پێشودا لەبەغدا بەستراو زۆرینەی پاشاو سەركردەی وڵاتانی عەرەبی تێیدا ئامادە نەبون و نوێنەریان ناردبوو.
عێڕاق بە تایبەتی و وڵاتانی عەرەبی بە گشتی توشی شۆك كرد . ئەوەش هۆكاری زۆری هەیەو لەوانە بڕوانەمان بە یەكێتی نێوان وڵاتانی عەرەبی لە لایەك و خۆدزینەوةی بەشێك لە سەركردەو پاشاكانی عەرەب لە ئامادەبون لە لوتكەكدا لەبەر ئەوەی عێراق لە ئێرانەوە نزیكەو ئەمەریكاش ئەوەی پێ ناخۆشە . كە واتە ئەوەی جاران دەگوترا ( أمة عربية واحدة ذات رسالة خالدة ) ئێستا گۆڕاوە بۆ ( أمة عربية متفرقة بدون رسالة) .
دووەم:گۆڕانكاریەكانی ڕؤژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی فەلەستین و لوبنان و سوریاو یەمەن ، سەرۆكی حیزب و ڕەوتە ئیسلامیەكان خۆیان باش دەناسن و باشیش دەزانن بە ڕێگای غەزاو خەباتی ئیسلامی ناتوانن ڕوبەڕوی تەكنەلۆجیای جەنگی نوێ ببنەوە ، بەڵام ئەمانە بازرگانی ئەكەن لە ژێر پەردەی ئیسلامدا. واتە سەركردەكانی ئەو حیزب و ڕەوتە ئیسلامیانە كە ئاڵای بەرەنگاری بونەوەیان بەرامبەر بەدوژمنانی ئیسلام بەرزكردۆتەوە ، خۆیان ژێر بە ژێر پیاوی دوژمنانی ئیسلامن و پارە وەردەگرن . كەواتە ئەم قۆناغەی ئیستا قۆناغی شكست وپاشەكشەی ئایینی ئیسلامە .
سەرنجی ئەم نمویە بدەن و بزانن گۆڕانكاریەكان چۆن ڕودەدەن : سەردەمانێك ئەمەریكا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری پاداشت دانابوو بۆكەسێك كە شوێنی ئەحمەد شەرعیان بۆ ئاشكرا بكات . لە سەرەتای ڕوخانی سوریاو بەسەرۆك بونی ئەحمەد شەرع جۆرێك لە خۆبایی بونی پێوە دیار بوو. دیتان كە وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنساو دەرەوەی ئەڵمانیا بەیەكەوە سەردانی سوریایان كرد ، ئەحمەد شەرع ئامادە نەبوو تەوقە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بكات بە بەهانەی ئەوەی ئەم زۆر موسوڵمانەو لە ئیسلامیشدا جائیز نییە تەوقە لەگەڵ ئافرەت بكرێت . بەڵام دوای ئەوەی هیچ وڵاتێك ئامادە نەبوو پەیوەندی لەگەڵ سوریا ببەستێت وگەمارۆی ئابوری لەسەر لابەرن و وڵاتەكەی توشی قەیران بوو ، بەدەست ماچ كردن و پاڕانەوەو نێوەند گیری سعودیە ترەمپ لە ڕیاز ئەحمەد شەرعی بینی و بەچاوی خۆتان دیتان چۆن لەبەردەم ترامپ خۆی چەماندەوە و كڕنوشی بۆ برد .
ئەمەی بەرامبەر بە ترامپ كردی بەراوردی بكە بە پێش وازیەكەی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا . ئەگەریەكێكیترئەوەی بەرامبەر بە ترامپ بكردبایە ، یەكسەر پێیان دەگوت ئەوە مولحیدە چونكە خۆ چەماندنەوە هەر بۆ خوا دەبێت . بۆیە بزانن چۆن درۆزن و ساختەچییەكان هەڵس و كەوت ئەكەن لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا . هەموو ڕیكخراو حیزبە ئیسلامیەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونە هۆكاری وێرانكردنی وڵاتانی خۆیان بە فیتی دوژمنانیان ، بەهەمان شێوەش ئەكەر حیزبە ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستانیش بۆیان بكرێت و بۆیان بگونجیت بە هەمان شێوە و بە فیتی دوژمنانی كورد هەرێمەكەی خۆشمان وێران دەكەن . یەكگرتوی ئیسلامی كە سەر بە ئیخوانە لە ئێستادا باشترین دۆستی توركیایە ، ئەمیندارەكەی یەكگرتو لەبەر خاتری چونی بۆلای خەلیفەی موسوڵمانان توركیا كردۆتە ڕێگای كانی و بەردەوام خەرێكی جەولەی مەكۆكییە .
توركیا دۆستی نزیكی قەتەرە ، كەواتە یەكگرتوش بە هەمان شێوە دۆست و لە هەمان كاتیشدا بەكرێگیراوی هەردوك لایانە . میری قەتر تەیارەیەكی بە 400 ملیۆن دۆلار بە خەڵات دایە ترامپ . ئەگەر میری قەتر 10 ملیۆن دۆلار بە خەڵات بداتە یەكگرتو بۆ تێكدانی ناو ماڵی كورد لەبەر خاتری ئەردۆغان وەكو ئەوە وایە 10 دۆلاری دابیت . هەمووئەو ئۆردوگایانەی بۆ خەڵكی هاوردە لە عەفرین دوای داگیر كردنی دروستكران ، بە پارەی قەتر دروست كران . كەواتە هەر حیزبێكی كوردی خۆی بە دۆستی قەتەر بزانێت ، بێشك دوژمنی ڕاستەقینەی كوردە .
هەموتان لە ببرتانە كاتێك ئەحمەد شەرع هاتە سەر دەسەڵات لە سوریا یەكسەر عیرفان عەبدول عەزیزی بزوتنەوە كە ئەویش كۆنە قاعیدەو داعش بووە وتی :خۆشحاڵین بەوەی كە لە ئەفغانستان ئیسلام حوكم دەكات . ئەوەتا دەسەڵاتی حوكمڕانیش لە سوریا بوو بە ئیسلامی و هیوادارم شنەبای ئەوگۆڕانكاریە بگاتە لای ئێمەش .واتە ئەم دەسەڵاتە كوردیە نەمێنێت و حوكم ببێت بە حوكمی ئیسلامی تیرۆریست. خوشكەكەشی وتی : ئێمە دەمێكە لەگەل ئەحمەد شەرع یەكتری دەناسین . باشە ئەم یەكتر ناسینە لە كوێ و كەیی و بۆچی بووە ؟. ئەمانە پرسیارن و وەڵامیان دەوێت. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە هەموو حیزب و ڕەوتە ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستان جگە لەوانەی نوێژو ڕۆژو دەگرن و ئەهلی مزگەت و جەماعەتن و پەیوەندیان بە هیچ حیزب و ڕێكخراوی ئیسلامیەوە نییە ،
ئەوانیتر هەمویان دەچنەخانەی تیرۆریستی ودوژمن بەكوردەوە و خەرێكی بازرگانی كردنن بە كێشەی كوردەوە . هەموشتان دەزانن كە ئەمڕۆ ڕۆژێكی ڕەشە بۆ هەموو حیزب و ڕێكخراوە ئیسلامیە تیرۆریستە بازرگانەكان و سەردەمیان بەسەرچوو .ئەوەتا ترامپ ئەحمەدشەرعی ناچار كردووە لەگەڵ ئیسڕائیل بچێتەسەر دیانەتی ئیبڕاهیمی و حاڵی حازر لە ئازربیجان سوریاو ئیسڕائیل لە كۆبونەوە دانوو ئەحمەد شەرع بە تەواوی تەسلێمی ئیسڕائیل و ئەمەریكا بووەو بۆتە مناڵێكی گوێڕایەڵی باش بۆیان .
لەسەر ئەو بنەمایەی كە لەسەرەوە باسمكرد من پشتگیری لە بۆچونەكەی بەڕێز د. نەزاكەت حوسەین دەكەم كە دەڵێت :باشتر وایە حیزبە ئیسلامیەكان كۆنگرەی خۆ هڵەشاندنەوەی خۆیان ببەستن پێش ئەوەی توشی كێشەی گەورە ببن . بەلام بۆچونەكەی كاك ئەبوبەكر كاروانی كەمێك جیاوازە لە بۆچونی د. نەزاكەت و ئەودەڵێت :
كاتی ئەوەیە ئیخوانی موسلمین خۆیان هەڵوەشێننەوەوسەردەمیان بەسەر چووەو ناتوان لەگەڵ پێش كەوتنەكانی ئەم سەردەمە بەرەو پێشەوە بڕۆن. بەڵام ئەگەر ڕاستەو خۆش نەیوتبێ با یەكگرتوی ئیسلامی كۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆیان ببەستن ، ئەوە بۆچونكەی هەمان بۆچونی نەزاكەت حوسیەین دەگەنێت چونكە یەكگرتوو لەمناڵدانی ئیخواندا لە دایك بووە . زۆریش خۆشحاڵم بە لێدوانی ئەو دوو بەڕێزە چونكە كاتی خۆی هەردوكیان ئەندامی چالاكی یەكگرتوبون و ئەم بۆچونانەی ئێستایان ، هێمان بۆ گۆڕانكاری گەورە لە ناو یەكگرتودا . ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو حیزب و ڕەوتە ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستان خۆیان هەڵوەشێننەوەو واز لە تێكدانی مێشكی مناڵ و گەنج و ژنی كورد بهێنن پێش ئەوەی بكەونە بەردەم غەزەبی جەماەرەوە . بەڕێزان لەوانەیە هەندێك كەس بڵێن :ئەم نوسینە لە ڕقەوە سەر چاوە دەگرێت ، لە وەڵاما ئەڵێم ئەوە لە خەمخۆریمەوە یە بۆ میللەتەكەم .
ئەم حیزبە ئیسلامیانە خەڵكیان توشی سەر لێشێوان كردووە و بەردەوام خەریكی شتنەوەی مێشكی خەڵكن . سەیركەن كەسێك دەچێتە بەریتانیاو لە وڵاتێكی ئاوا پێكەوتودا چۆن مێشكی دەشۆنەوەو ڕیش دێڵێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ سەید سادق و باوك و دایك و هەموو خێزانەكەی دەكوژێت چونكە پێیان وتوە ئەو ڕیشە چییە .سەیركەن چۆن لە وڵاتی بەریتانیا ڕیش گواویەكان بەناوی مزگەوتەوە پارەی خەڵك كۆ ئەكەنەوەو ئەیدزن ، لە كاتێكد بەشێكی زۆری ئەوانە پارەی سۆسیال وەردەگرن .
لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا تەنها 6 هەزار پێشمەرگە هەبوو ، بەڵام 150 هەزار جاش هەبوو . بەڵام چونكە ئەو جاشانە بۆ پارە چەكیان هەڵگرتبوو خاوەنی بیرو باوەڕ نەبون ، كاتێك ڕاپڕین كرا ، یەك جاش نەما. بەڵام ئەم حیزبە ئیسلامیە بەكرێگیراوانە بە پارەی وڵاتان هاتون مێشكی گەنجان دەشۆنەوە ، كورد بونیان لەبیر دەبەنەوەو تەنها باسی ئەو دنیایان بۆ دەكەن .سەیركەن چۆن لە مناڵیەوە كچی بچوك سەرپۆشیان لەسەر دەنێن و قورئانیان پێ لەبەر دەكەن و باسی ئەو دنیایەیان بۆ دەكەن .
تا وایان لێ دەكەن هیچ لە بارەی ژیانەوە نەزانن و ئامادەیان بكەن خۆیان بخەنە ئاگرەوە . بۆیە ئەم حیزبە ئیسلامیانەی هەرێمی كوردستان زۆر مەترسیدارترن لەسەر تاكی كورد لە جاشەكانی سەردەمی بەعس . ئەمانە ڕێك گەرای دوژمنان و تەڵەن دانراون بۆ میللەت . بۆیە كاتی ئەوەیە هەمومان بێینە دەنگ و ئامانجەكانی ئەمانە بۆ خەڵك ڕون بكەینەوە پێش ئەوەی هەرێمی كوردستانیش بكەن بە غەزە و ئەوەی هەشمانە لە دەستی بدەین . لە پێش هەمومانەوە ئەوە ئەركی یەكێتی و پارتییە كە هەست بە مەترسی ئەمانە بكەن و بیر لە ئایندەیان بكەنەوە . دەبێ باشیش بزانن ئەم حیزبە ئیسلامیانە لە ئەنجامی ناكۆكیەكانی هەردوك لایان گەشەیان كردووە . بۆیە دەبێ هەر خۆشیان بەرپرسیاریەتی مەترسی دوا ڕۆژی ئەمانە بۆسەر كۆمەڵگای كوردی لەئەستۆ بگرن . بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە لەبەر ناكۆكیەكانی خۆیان و بەتالان بردنی سامانی هاوڵاتیان هەرگیز چاویان دوژمنانی كورد نابینن .