نەوت‌و غازو پەندی پێشینان

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-05-22     224

پەندێكی پێشینان هەیە كە دەڵێت : ئەگەر دەستت بە كونێكدا كردو مارێك پێوەییدا ، ئەوە خوا مارەكە بگرێت . خۆ ئەگەر بۆ جاری دووەم دەستت كردەوە بە كونی مارەكەداو پێوەیدای خۆا خۆت بگرێت . ئەمەش زۆر هەڵدەگرێت لەسەری بنوسرێت و بە كورتی : ئەگەر مامەلەیەكت كردو زیانت لێكرد ، هەوڵ بدە جارێكیتر ئەو جۆرە مامەلانە مەكە . ئەگەر شەڕیكی نابەرارت كردوو دۆرای جاریكتر شەڕی لەوجۆرە مەكە . ئەگە پەیمانێكت لەگەڵ كەسێك كردو پەیمانەكەی نەبردە سەر جاریكتر پەیمانی لەگەڵ مەبەستەو لێی نزیك مەبەرەوە . ئەمانەش بە واتای ئەوە دەگەیەنن هەوڵ بدە پەند لە هەڵەو كەم و كورتییەكانی ڕابوردوت وەرگریت بۆ ئەوەی زیانی زیاتر نەكەی .

هەمومان دەزانین كەهۆكاری ئیفلاسبونی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوە و پاڕانەوە لە تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی عێراق هەموو مانگێك بۆ پێدانی موچەی فەرمان بەران ، هۆكاری ئەو ئیفلاسبونە بۆ  بەرپرسانی حكومەتی هەرێم  دەگەڕێتەوە بۆ ئەوگرێبەستە نەوتیانەی كە لەئەنجامدا  بون بەهۆی بەتاڵانبردنی سامانی ژێر زەوی و قەرزداربونی هەرێم و مل كەچ كردن بۆ حكومەتی بەغدا . ئەوگرێ بەستانە بە شێوازێك مۆر كراون كە زۆرینەی دەسكەوت و قازانج بۆ كۆمپانیاكان و  بنەماڵەكان بێت و كەمترین داهات بۆ خەڵكی كوردستان بێت .  

برای بەڕیزم كاك هەندرێن شێخ غەریب بابەتێكی پڕ بە پێستی خۆی لەسەر گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم نوسیوەو باش ڕونی كردۆتەوە و من نامەوێت زیاتر لەسەر ئەوە بنوسم . بەڵام ئەوەی مایەی نێگەرانی و سەرنج وتێرامانە ئەوەیە كە مەسرور بارزانی لەسەفەرەكەیدا بۆ ئەمەریكا  دوو گرێبەستی غازو نەوتی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی مۆر كردوە. یەكسەر دوای ئاشكرابونی ئەوگرێ بەستانە حكومەتی عێراقی كاردانەوەی توندی پێشان داو ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو هەنگاوە تاك لایەنەی حكومەتی هەرێم  . لێرەدا پێویست بەوە دەكات قسە لەسەر كۆمەڵێك ئەگەرو دروستبونی كێشە بكەین كە لەئەنجامی ئەوگرێ بەستانەدا لە نێوان حكومەتی هەرێم و بە غدا لە لایەك و  حكومەتی بەغداو ئەمەریكا لە لایەكیتردروست دەبن  . ئێستا كۆمەڵێك پرسیار دێنە پێشەوەو وەڵامیان دەوێت :

یەكەم : ئێمە كاتی خۆی لە ئەنجامی نەزانینەوە لە مۆركردنی ئەو گرێبەستە نەوتیانە توشی زیانی گەورە بوین . باشە ئەم جارەیان سەرۆكی حكومەت لەسەر چ بنەمایەكی زانستی و شارەزایی  لە بواری نەوتدا ئەوگرێ بەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا مۆر كردووە ؟. كەسی شارەزای لەگەڵ بووە ، پرسی بەكەس كردووە ، ئەم گرێبەستانە پێشتر خراونەتە بواری كێ بڕكێوە  لە نێوان كۆمپانیاكانی تری وڵاتان و دوایی بۆ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا دەرچوبن ؟. ئەگەر ئەوە نەكرابێت و ڕاستەو ڕاست درابن بە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا ،چ هۆكارێك لە پشتی ئەمەوە هەبووە ؟. كێ ناڵێت هەر وەكو گرێ بەستەكانی كۆمپانیاكانی پێشوتر  تەنها قازانجی بنەماڵە و كۆمپانیاكان ڕەچاوكرابێت و هیچ حسابێك بۆ خەڵكی هەرێم نەكرابێت ؟.

دووەم : حكومەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەت   كار بە ڕیكەرن و ئەوە ماوەی 7 مانگە هەڵبژاردن كراوەو تائێستا حكومەتی تازە پێك نەهاتووە . باشە چۆن سەرۆكی حكومەتی كار بەڕیكەر بۆی هەیە گرێ بەستی نەوت تەنها بە بڕیاری خۆی مۆر بكات؟.

سێیەم :ئێمە دەزانین هەردوك كێڵگەكە كە گرێبە ستەكەیان لە بارەوە مۆر كراوە  دەكەونە سنووری یەكێتییەوە . خۆشمان دەزانین پێشتر چەندین جار گوێ بیستی ئەوە بوین  كە سەرانی یەكێتی وتویانە ئێمە ڕازی نابین غازو نەوتی سنوری یەكێتی  پارتی مامەلەی پێوە بكات و پارتی نەوتەكەی بۆ خۆی برد ، بەڵام ئەگەر بیانەوێت غازەكەش بەرن ، دەبێ بەسەر لاشەماندا بڕۆن . سەیرە ئەوەتا غازەكەشیان فرۆشت و كەسیش نقەی لێوە نەهات ؟!  پرسیار ئەمەیە : ئایا سەرانی یەكێتی گلۆپی سەوزیان بۆ سەرۆكی حكومەت هەڵكردووە كە ئەو گرێ بەستانە مۆر بكات وپێش وەخت ڕیكەوتنیان لەسەر كراوە ، لەكاتێكدا  تا ئێستا لەسەر پێك هێنانی حكومەت شیرو تیر لە یەكتری دەسون ؟. وەزیری پێشمەرگە لە گەڵ شاندەكەی هەرێم بووە بۆ مۆركردنی ئەوگرێبەستانە . باشە وەزیری پێشمەرگە چ پەیوەندییەكی بە فرۆشتنی غازو نەوتەوە هەیە ؟. ئەمەش پرسیارەو وەڵامی ئەوێت .

چوارەم : كاك هەندرێن شێخ غەریب نوسیویەتی  كە ترامپ هاتۆتە خلیج و كۆبونەوەی لەگەڵ سەرانی وڵاتانی خلیج كردووەو لەبەرامبەر ئەوەی وەعدی پێداون  بیان پارێزێت هەمویانی وەكو مانگا دۆشیون . دوایی لەدرێژەی قسەكانیدا دەڵیت :

 ئەی كێ ناڵێت بۆیە مەسروری بانگ هێشت كردبێت و پێی وتبێت : ئەوە چەندین ساڵە ئێمە ئێوە دەپارێزین و ئەگەر ئێمە نەبین وەكو كۆتر پەڕو باڵ دەكران ، بۆیە دەبی ئێوەش لە بری ئەو چاكەی ئێمە نەوتمان بدەنی  چۆن وڵاتانی خلیجیش سەرانەی خۆیان پێ داوین ، دەبێ ئێوەش چاو لەئەوان بكەن و ئگەر وانەكەن چیتر ناتان پارێزین و دەست بەردارتان دەبین . خۆ ئەگەر مۆركردنی ئەودوو گرێبەستە لەلایەن مەسرور بارزانیەوە لەهەڕەشەكانی ترامپەوە سەرچاو بگرێت ئەوە گلەیی زۆر لە سەرۆكی حكومەت ناكرێ . بەڵام خەڵك چۆن ڕاستیەكان بزانێت ؟.

پێنجەم : بەڵام من بەدەر لە بۆچونەكەی  كاك هەندرێن بۆچونێكی تریشم هەیەو  پێ دەچی ئەمەشیان هۆكار بێت بۆ مۆر كردنی ئەو دوو گرێ بەستە لەنێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا ئەمەریكیەكان .  هەمومان باش دەزانین ئەوە ئەمەریكاو ئیسڕائیل هەموووڵاتانی سوریاو لوبنان و یەمەن و فەلەستینیان بە غەزەوەو بە حەماس و حیزبوڵاو ئەنساری ئیسلامی یەمەن كە حوسیەكانن، هەمویانیان خستنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوەو كۆنتڕۆڵیان كردون و هەر خۆشیان بڕیار لە بارەیانەوە ئەدەن .

ئەوەی كەماوەتەوە بە تەواوی نەچونە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریكاو ئیسڕائیلەوە ئێرانە كە سەری مارەكەیەو دوای ئەوەعێراقە. سەبارەت بە ئێران  ئەوە كۆبونەوەی بەردەوەوامیان لە نێواندایەو هیچ گومانی تێدا نییە ئێران  چەند درێژە بەو وتو وێژانە بدات و فرت و فێڵ بێنێتەوەو لینگە فرتە بكات ، دواجار هەر تەسلیم دەبێت و پیاڵە ژەهرەكە دەخۆنەوە  . ئەوەتا ئیسڕائیلیش هەڕەشە دەكات  دەڵێت : ئەگەر ئەمەریكا نەرمی بنوێنێت بەرامبەر ئێران ، ئەوە ئەوان بە تەنها ئامادەن دەست لە دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران بوەشێنن . من بەدووری دەزانم ئیسڕائیل بێ هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا بتوانێت ئەوكارە بكات ، ئەی كێ ناڵێت ئەوە هەر ئەمەریكایە بە ئیسڕائیلی وتووە لێدوانی ئاوا بدات بۆ ترساندنی ئێران و بۆ ئەوەی ناچار ببێت و بێتە ژێر باری ئەمەریكاوە .  كەواتە عێراق بە تەنها دەمێنێتەوە بۆ بەربەرەكانی ئیسڕائیل و ئەمەریكاو ئایا عێراق ئەوەی پێ دەكرێت ؟.  وەڵامەكەی نەخێر ناتوانێت ئەوە بكات .

یەكێك لە نیگەرانیەكانی ئەمەریكا بەرامبەر بەعێراق ئەوەیە كە تا ئێستا عێراق پەیوەندی باش و ڕاستەوخۆی لە گەڵ ئێراندا هەیەو ئێرانیش لە ڕێگای حەشدی شەعبی و كۆمەڵێك كارەكتەری عێراقی كە لە ئێرانەوە نزیكن ، كاریگەری ڕاستەو خۆیان لەسەر عێراق هەیەودژایەتی ئەمەریكا دەكەن . گومانی تێدا نییە ئەمەریكا دەیەوێت عێراق لە ژێر هەژمون و كۆنتڕۆڵی ئێران بێتە دەرەوە بۆ ئەوەی ئێران بەتەنها بمێنێتەوەو كۆتایی بە هیلالی شیعی بۆ هەتا هەتایە بهێنێت . هەر چەندە سەرۆكی حكومەتی عێراقی هەوڵ دەدات خۆی لە شەڕی ئیسڕائیل و ئەمەریكا بەدوور بگرێت ، بەلام تا ئێستا بایی ئەوە دەسەڵاتی نییە كە كۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی بكات وكارێكی وا بكات كە چەك تەنها لە دەستی سوپادا بێت .

 لەم كاتەشدا لەبەرژەوەندی ئەمریكاو ئیسڕائیلیشدا  نابێت بەرەیەكی شەڕی ڕاستەوخۆی وەكو ئێستا كە لە گەڵ یەمەن هەیانە ، لە گەڵ عێراقیش بكەنەوە .  بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە ئەمەریكا چاو پۆشی لەعێراق بكات و لێگەڕی بەئارەزوی خۆی ئەسپی خۆی لە مەیدانەكە تاو بدات . بە بۆچونی من ئەمەریكا تا بەتەواوی دەست بەتاڵ دەبێت لەبەرەكانی تری  شەڕ لە بری ئەوەی  شەر دژی عێراق ڕاگەیەنێت ، هەوڵ دەدات بەڕیگای تر كێشەی بۆ دروست بكات .

باشە پێتان وایە كە ئەمەریكا نازانێت حكومەتی هەرێمی كار بەڕێكەر شەرعیەتی ئیمزا كردنی گرێبەستی نەوتی نییە ؟. ئەی كەواتە چۆن و بۆچی  لەم كاتەدا ئەوگرێ بەستانە لەگەڵ هەرێم ئیمزا دەكات ؟. بۆ ئەوەیە ئەگەر عێراق سوور بێت لەسەر دژایەتی ئەو گرێ بەستانەو پێداگری بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەیان ، ئەوكات  ئەمەریكا بەهانەی دەبێت  لەعێراق بێتە دەنگ . واتە مۆر كردنی ئەم دوو گرێبەستە لە نێوان ئەمەریكاو حكومەتی هەرێمدا بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری حكومەتی عێراقی بۆ ئەوەیە حكومەتی عێراقی بێتە دەنگ وگرێبەستەكانیش تەڵەبن بۆ حكومەتی عێراقی نرابنەوە . ئەی باشە ئەمەریكاش نازانێت كە حكومەتی هەرێم هیچ داهاتی خۆی نییەو بەناچاری پەنای بردۆتەوە بۆ بەغدا بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆران .

ئەی ئەگەر بەغدا كێشەی بۆ موچەی موچەخۆانی هەرێم دروست كردو پارەی نەدا ، حكومەتی هەرێم چی ئەكات ، ئەی ئەمەریكا چی بۆ كورد دەكات ؟. ئەمانە هەموو پرسیارن و وەڵامیان دەوێت . سەرۆكی ئەمەریكای ئێستا بازرگانەو بەدوای پارەدا دەگەڕێت و ئەگەر كورد لێی قەوما سەرۆكی ئەمەریكا چەند فرمێسك بۆ برسییەكانی غەزە دەڕێژێت ، هەر ئەوەنەدەش بۆ كوردی دەڕێژێت . ئەوانە بازرگانی سیاسین و دینارێكت پێ نادەن ئەگەر خۆیان دە دیناریان دەست نەكەوێت . ئەگەر لە بیرتان بێت كاتێك مەسعود بارزانیی بڕیاری ڕیفراندۆمی دا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا  نامەیەكی  بۆ مەسعود بارزانی نارد كە بۆ ماوەی ساڵیك ڕیفراندۆم دوابخات و ئەوان ئامادەن هەموو شتێك بۆ كورد بكەن .

مەسعود بارزانی ڕیفراندۆمەكەی دوانەخست و لە كاتی خۆیدا ئەنجامی دا . بەو بۆنەیەوە  ئەمەریكا غەزەبی لە مەسعود بارزانی گرت و بە زۆر وازیان پێ هێنا لە پۆستی سەرۆكی هەرێم . سەیركەن ئێستا هەمان وەزیر هاتۆتە دەنگ و دەڵێت : كورد نەك حەقی فیدرالی هەیە بەلكو حەقی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیەو دەبێ حسابیس بۆ ڕبفراندۆمەكەی ساڵی 2017 بكرێت و ئێمە هەلەبوین كە پشتیوانیمان لەو ڕیفراندۆمە نەكرد چونكە ئێمە هەمیشە سودمان وەرگرتوە  لەدۆستایەتیمان  لە گەڵ كورد . وەزیری ئێستای دەرەوەی ئەمەریكاش بە هامان شێوە دەڵێت :مەرجی دۆستایەتی ئێمە لە گەڵ عێراق ئەوەیە كە حساب بۆ كیانی كوردی بكەن . لەو لاشەوە كۆنگرێس مانێكی ئەمەریكاش هاتۆتە دەنگ و سەرزەنشتی عێراق دەكات لەبەرامبەر دژایەتی كردنیان بۆ گرێبەستەكان .  كە واتە دروست كردنی ئەم بارودۆخە لەم كاتەداو لێدوانی  بەرپرسانی ئەمەریكا  بێ مەرام نییەو كورد واتەنی ئەو ماستە مویەكی تێدایە . سەیركەن چۆن وڵاتە زل هێزەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان  یاری بە دواڕۆژی گەلان دەكەن .  بۆ زانیاری زیاتریش وەكو لە زۆر لاوە بڵاوكراوەتەوە ئەودوو كۆمپانیایەی گرێبەستەكانیان لەگەڵ مۆر كراوە زۆر نەناسراون و وەكو كۆمپانیای لاكۆڵان وان  هیچ ڕۆڵێكیشیان نییە لە سیاسەتی ئەمەریكادا و پێ دەچێت بە مەبەست ئەم كەین و بەینە كرابیت و ئەگەر كاریگەری باشی هەبوو لەسەر عێراق ئەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا خۆی دەكاتە خاوەنیان . خۆ ئەگەر ئەنجامەكەی خراپ بوو ئەمەریكا خۆیان لێ بێ بەری دەكات و قوڕ بۆ كورد دەگیرێتەوە .

   بۆیە دەبێ سەركردە كوردەكانیش زۆر وریای یاری وڵاتە زل هێزەكان بن . زۆریش بەداخەوە كە تا ئێستا باشوری كوردستان سەركردەیەكی وای نیەو نەبووە كە بیر لە دوا ڕۆژی گەل و نیشتمانەكەی بكاتەوە. بۆیە دەبێ چاوەڕوانی ڕودانی مەترسی بكرێت بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی خەڵكی هەرێم لە ئەنجامی ئەو دو گرێبەستەی نەوت و غاز كە سەرۆكی حكومەت لە گەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی ئیمزای كردووە . با چاوەڕوان بین ئەنجام چۆن دەبێت .

 لەڕاستیدا ئەگەر ئێمەی كورد لە باشوری كوردستان خاوەنی حكومەتێكی بەهێزبوینایەو میللەت پشتیوانی لێ بكردایە دەكراسودی گەورە لەو گۆڕانكاریانەی ئیستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگرین و كێ ناڵێت لەبەرژەوەندی ئەمریكاو وڵاتانی  زلهێزی ڕۆژئاوادا نەدەبوو لەم كاتەدا باشوری كوردستان و ڕۆژ ئاوای كوردستان بكەنە یەك دەوڵەت ئەگەر لەبەر خاترو بەرژەوەندی ئێمەش نەبێت ، ئەوان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان نەیانكردایە  . ئەو كات ئێمە لە پاڵ بەرژەوەندیكانی ئەواندا ، ئێمەش دەگەیشتین بە بەشێك لە مافەكانمان . وەكو پێشیان وتویانە :لە سایەی گوڵە گەنمێكەوە ، گوڵە جۆیەكیش ئاوی خواردەوە . خۆزگەی ئێمەش وەكو میللەتانی ترخاوەنی سەركردەی دڵسۆزو خۆنەویست بوینایە.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×