حەماس گرەو لەسەر كام  ئەسپی دۆڕاو دەكات؟ 

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-05-27     260

لە دروستبونی دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە لەساڵی 1948 تا ئێستا عەرەب شەر دەكات لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل . سەرەتا بەهیچ ڕازی نەدەبون جگە لەوەی ئیسڕائیل بخەنە بەحرەوە . بەڵام هێواش هێواش گۆرنكاری بەسەر ئەم بۆچونەدا هات كە عەرەب زانییان ئیسڕائیل بۆتە ئەمری واقیع. دوای ئەوە داوایان دەكرد دەوڵەتێكیش بۆ فەلەستینیەكان  لە پاڵ دەڵەتی ئیسڕائیلدا دروست بكرێت . ئەو كاتەی كە ئیسڕائیل بەوە ڕازی بوودەوڵەتێكیش بۆ فەلەستێنیەكان دروست بكرێت ، عەرەب ڕازی نەبون . لەوكاتەوە دوو جەنگی گەۆرەی ساڵی 1967 و ساڵی 1970 لە نێوان عەرەب و ئیسڕائیل دروست بوو. لەئەنجامدا عەرەب لە هەردوو جەنگەكەدا دۆراو بەشێكی زۆری ئەرزی فەلەستینیەكانیش لەلایەن ئسڕائیلەوە  داگیر كرا. بەڵام  زوربەی وڵاتانی ئەوروپیش عەتفیان لەگەڵ فەلەستینیەكان  هەبوەو بە زوڵم لێكراویان دەزانێن .

بەڵام دوای ئەوەی ڕێكخراوو حیزبی ئیسلامی دروست بون و دەستیان خستە ناو فەلەستییەكان بەناو بۆ هاوكاری و یارمەتیان بوو، بەلام زوربەی وڵاتان و حیزب و ڕێكخراوە ئیسلامیە جیهادیەكان ڕێك بۆ بازرگانیكردن  بوو بە كێشەی فەلەستینەوە. دوای ئەوەی ئێران لە ڕێگای هیلالی شیعییەوە دەستی خستە ناو ڕیكخراوی فەلەستین و  لوبنان و سوریاویەمەن و عێراق ، بارودۆخەكە بەتەواوی گۆڕاو حەماس وەكو ڕێكخراوێكی ئیسلامی  جیهادی توند ڕەو لە ڕێكخراوی فەتح جیابۆوەو دەستی گرت بەسەر كەرتی غەزەدا ، كێشەكانی عەرەب و  ئیسڕائیلیەكان هەڵكشانی بەخۆوە بینی و توندو تێژی و پێكدادان لە نێوان حەماس و ئیسڕائیل بەردەوام  هەبوو .

بەكورتی  لەم دوایانەدا جەبهەیەكی فراوانی ئیسلامی لە ژێر پەرچەمی ئێراندا  لەسوریاو لوبنان و غەزەو یەمەن و عێراق دروست بوو دژی ئیسڕائیل . دواجار بارودۆخی نێوان عەرەب و ئیسڕئیل بە جارێك تێكچوو لە ئەنجامی  ئەوەی حەماس چەند كەسێكی ئیسڕائیلی مەدەنی وەكو بارمتە گرت  سەرەتای جەنگێكی خوێناوی  لە نێوان حەماس بە تایبەتی و حیزب و ڕێكخراوە ئیسلامیەكانی ناوچەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێك وڵاتی تردەستی پێكرد . ئەم شەڕە بە شەری 7ی ئۆكتۆبەر ناونراو  لە ئەنجامدا هەموو ناوچەكە كەوتە ناوجەنگێكی زۆر قورسەوەو تا ئێستا بەردەوامە .

لە درێژەی ئەو شەڕەدا هەموو غەزە وێران كراو  دەیان هەزار كوژراو برینداری لێكەوتەوە ز دوای ئەوە شەر گەیشتە یەمەن و دوای بەشارئەسەدیش سوریاش بەتەواوی وێران كراو ئیسڕائیل بەشێكی زۆری خاكی سوریالی داگیر كرد ، هەرچی ژێڕخانی ئابوری و سەربازی سوریا هەیە ئیسڕائیل لەناوی برد  .

 دوای هەوڵێكی زۆری وڵاتان  ئیسڕائیل و حەماس شەڕیان ڕاگرت و هەندێك لە دیلەكانی هەردوك لایان ئاڵ و گۆر پێ كرد و خەریك بوو خەڵكی غەزە دەگەڕانەوە ، دوای ئەوە حەماس بەردەوام نەبوو لەسەر بەردانی بارمتەكانی ئیسڕائیل و جارێكتر شەڕەكەی نێوانیان گەرم بۆوەو تا ئێستا ئەو شەڕە بەردەوامەو لە پێناوی گلدانەوەی ژمارەیەكی كەمی بارمتە  ئیسڕائیلیەكان لای حەماس ،  ڕۆژانە دەیان و سەدان فەلەستینی دەكوژرێن و بریندار دەبن و ئەوەتا ڕێگای هاوكاری بۆ فەلەستینیەكان لە لایەن ئیسڕائیلەوە گیراوەو بەوهۆیەوە برسیەتی تینی بۆ خەڵكی غەزە هێناوە .    ڵیرەدا زۆربە  كورتی  دەمەوێت هەندێك شیكردنەوە بۆ بارودۆخەكە بكەم :

یەكەم : ئەگەر چی ئیسڕائیلیش  توشی زیانی گەورە بوو ، بەڵام ئەم هەڵەیەی كە  حەماس كردی ، هەلێكی باشی بۆ ئیسڕائیل ڕەخساندو كردی بە  خاوەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزی یەكەم لەناوچەكەدا .  

دووەم : لە هەموی سەیرتر لەم شەڕە خوێناویەدا  ڕێكخراوی فەتح بە سەرۆكایەتی محمود عباس وەكو بیڵایەن خۆی نمایش كردوو هەر وەكو ئەوەی ئەو شەڕە پەیوەندی بە ئەوانیشەوە نەبێت . بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئیسڕائیل لە سنووری ئەوانیش خەریكیی ڕوخاندنی خانوی فەلەستینیەكانە بە نیازی ئەوەی هەندێك ناوچە داگیر بكەن و بیخەنە سەر ئیسڕائیل . هەموتان لە بیرتانە كە ترەمپ دەیگوت ئیسڕائیل  ئەرزی كەمەو پێویستی بە فراوان بونە . باشە خۆ زەوی لە ئاسمانەوە نایەت و هەر دەبێ ئەرزی فەلەستینیەكان داگیر بكرێت  . حەماس بەهانەی داگیركردنی زەوی فەلەستینیەكانی  بە ئاسانی  دایە دەستی ئیسڕائیل . 

سێێەم :  ئەگەرچی زور وڵاتی ئەوروپی تا ئێستا پشتیوانی لە مافی فەلەستینیەكان دەكەن و ناڕەزایەتی زۆریان دەربڕیوە بەرامبەر ئیسرائیل و خودی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەرامبەر بەو كۆمەڵ كوژیەی خەڵكی غەزەو ڕێگری كردن لە گەیشتنی هاوكاری بۆخەڵكی غەزە كە برسیەتی تینی بۆ هێناون ، بەڵام ئیسڕائیل حساب بۆكەس ناكات بە بەهانەی ئەوەی حەماس دەست پێشخەری شەڕەكە بووەو ئەمانیش مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بكەن  .

 چوارەم : ئیسڕائیل بە جۆرێك سەركەوتنی بەدەست هێناوە بە هاوكاری ئەمەریكا كە حساب بۆ كەس ناكات و هەرچی بیەوێت ئەیكات و هەلێكی مێژویی گرینگی بۆ هاتە پێشەوەو نایەوێت لە دەستی بدات تا بە هەموو ئامانجەكانی خۆی نەگات و شكست بە هەموو نەیارەكانی نەهێنێت . بە بۆچونی من تا ئێستا زۆرینەی ئامانجەكانی بەدست هێناوەوتا ئێستا شەڕەكە نەوەستاوەو بەردەوامبونی شەڕیش لەبەرژەوەندی ئیسڕائیلە .

5- ئەم شەڕەی حەماس دروستی كرد  ئەو پەیوەندییە كەمەی لە نێوان وڵاتانی عەرەبیشدا مابوو هەمووی لەناو بردوو لە ئێستادا بڕوایان بە یەكتری نەماوەو هەریەكەیان بە جیا خەریكی پەیوەندییە لە گەل ئەمەریكاو ئیسڕائیل . كۆبونەوەی لوتكەی عەرەب لە بەغدا شایەتی ئەو پەرتەوازەییەی ناو وڵاتانی عەرەبییە . گەورەترین وڵاتی عەرەبی بەهێزو خاوەن پێگەی نێودەوڵەتی  وڵاتی میسرە لە ئێستادا ڕێك وەكو وڵاتێكی بیڵایەن خۆی دەردەخات  نایەوێت لە جەنگێكەوە تێوە بگڵی  كە پێشوەخت دەزانێت كە دەدۆرێت .

ئەوەتا سوریا بە تەواوی تەسلیمی ئیسڕائیل و ئەمەریكا بووەو دەچێتە پڕۆژەی ئایینی ئیبڕاهیمیشەوە . وەكو باس دەكرێت ئەحمەد شەرع هەرچی ئەرشیفی نەهێنی سەردەمی بەشار ئەسەد هەیە تەسلیمی ئیسڕائیلی كردووە وئەگەر ئەوە ڕاست بێت  زۆر نەهێنی نێوان وڵاتانی تری عەرەبی ئاشكرا دەبن . بەوهۆیەوە ئەوەندەی تر ناكۆكی نێوان وڵاتانی عەرەبی زۆرتر دەبێت . عێراقیش ملی لەسەر  چەقۆیەو داوا لە ئێران دەكەن دەست بەرداری عێراق ببن و هەموو   پەیوەندیەكانیان بە شیعەی عێراق و حەشدی شەعبیەوە بپچڕێنن  . ئەگەر عێراق گوێڕایەڵی ئەمەریكاو ئیسڕائیل نەبێت دواجار  حاڵی بە حاڵی سوریاو لوبنان یەمەن دەبێت و توشی شەڕیكی ناوخۆش دەبێت بە هۆی بونی پێكهاتەی سوننەوە كە خۆیان بە زەلیلی دەستی شیعە دەزانن .

6- بە پێی ئەوهەواڵانەی بڵاوبونەوە  ئەحمەد شەرع دەستی كردووە بەدەركردنی ئەوسەركردە فەلەستینیانەو چەكدارەكانیان كە لەسەر دەمی بەشارئەسەد لە سوریابون و بۆ ئێران كاریان كردووە بۆ ناوخاكی لوبنان . حكومەتی لوبنانیش بریاری داوە هەموو ئەو فەلەستینیانە چەك بكات كە لەناو خاكی لوبناندان . بابەتەكە هەر لێرەدا كۆتایی نایەت و حكومەتی لوبنان برێاریشی داوە كە چەك تەنها لە دەستی سوپادابێت ، بەو پێێە دەبێ حیزبوڵاش چەك بكەن . دیارە لە ئێستادا ڕەنگە ئەوە قورس بێت بەڵام دواجار لوبنان ناچارە ئەوە هەر بكات چونكە ئەوە داوای ئیسڕائیل و ئەمەریكاشەو هەتا چەكداری حیزبوڵا  لە لوبنان هەبن ، هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆسەرلوبنان هەر بەردەوامیان دەبێت و كۆتایی شەڕو پێكدادان نایەت

7-ئێمە دڵنیایین كە خەڵكی غەزە حەماس بە سەرچاوەی نەگبەتیەكانی خۆیان دەزانن و پێشتریش خۆپیشاندانیان كرد دژیان و پێیان وتن : تكایە چیتر ماڵ وێرانمان مەكەن و بەرۆكمان بەردەن . كەواتە لە ئێستادا هیچ دەوڵەتێكی عەرەبی نییە  كە پشتیوانی حەماس بكەن لە ڕوی سەربازییەوە. دەوڵەتانی خلیج بونە بەشێك لە پڕۆژەكانی ئەمەریكاو ئیسڕائیل و دەیانەوێت دەست بە كڵاوی خۆیانەوە بگرن با نەیبات . ئەو پەڕی لە ڕوی مرۆڤایەتییەوە  هاوكاری خەڵكی غەزە دەكەن .

ئێستا دەگەڕیمەوە بۆ سەرەتای باسەكەم  كە نوسیومە : حەماس گرەو لەسەر كام ئەسپی دۆڕاوە دەكات . هیچ دەوڵەتێكی عەرەبی نییە پشتیوانی لە حەماس بكات .  تەنها ئێران بوو یارمەتی ئەدا  ئەوەتا خۆی كەوتۆتە بەرشاڵاوی ئەمەریكا و قوڕی كراوە بەسەردا .  لە ڕوی ئایینیەوە دەركەوت كە حەماس لە پێناوی ئیسلامداو خەڵكی غەزە شەڕ ناكات  بەڵكو لە پێناوی كۆمەڵێك سەركردەی تیرۆریست و لایەنیتر بەوەكالەت . ئەگەر وانییە : حەماس  چ دەسكەوتێك بۆ خەڵكی غەزە بەدەست دێنێت كە ڕۆژانە دەیان دەكوژرێن و ماڵ  وێران دەبن .  حەماس خۆشی دەزانێت كە دواجار هەر ئیسڕائیل سەردەكەوێت و ئەمان دۆڕاون . باشە ئەگەر ئەمانە خۆپەرست و ئەنانی و تیرۆریست نەبن و لە بەرژەوەندی كۆمەڵێك سەركردەو لایەنیتر نەبێت ، بۆچی ئەوچەند بارمتەیە ئازاد ناكەن و خەڵكی غەزە  لەو مەیەنەتییە  ڕزگار بكەن . هەموو ئەو ئەسپانەی حەماس گرەوی لەسەر كردون دۆڕاون .

كە واتە ئەم شەڕەی عەرەب بە گشتی وحیزب و  گروپە ئیسلامیە  جیهادیە توندڕەوەكان دوو زیانی زۆر گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێنا : یەكەم یەكێتی عەرەبی تێكداو بەتەواوی لاوازی كرد و لە بەرامبەردا دوژمنەكەیان كە ئیسڕائیلە  زۆر بەهێز بوو . ئەم حیزب و گروپانە بەناوی ئیسلامەوە بەتەواوی ناوبانگی ئیسلامی ناشیرین كرد . ئێستا بۆچونەكان ئەوە دەگەیەنن كە ئیسلام لە ڕێڕەوی خۆی لایداوەو ڕێك بۆتە ئایدۆلۆجیایەكی توند ڕەوی تێكدەر . دووەم : ئەم توند ڕەویە سەری كێشاوە بۆ ئەوەی ئایینی ئیبڕاهیمی وەكو ئایینێكی ناوكۆیی هەموو میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو بكرێت و كاری جدی بۆ كراوە . ئەوەتا ئەمەریكا ئەوەی كردۆتە مەرج كە دەبێ ئەحمەد شەرع بچێتە ئەو گروپەی كە دەیانەوێت گەشە بە ئایینی ئیبڕاهیمی بدەن ، ئەمە لە كاتێكدا كاتی خۆی ئەحمەد شەرع كەسێكی تیرۆریستی جیهادی ئیسلامی بووە . ئەوەتا ئیمارات هەر بەڕەسمی ئایینی ئیبڕاهیمی كردە ئایینی دەوڵەت . واتە دەستبەرداری ئایینی ئیسلام بون كە ئەمە كارە ساتە بۆ ئایینی ئیسلام . جێنشینی پاشای سعودیە پێشتر بڕیاریدا كە ساڵی ئاییندە ماوەی ڕؤژوی ڕەمەزان كورت بكاتەوە . بریاری داوە شارێكی نمونەیی لەسەر شێوازی شارە پێشكەوتوەكانی جیهان لە سعودیە دروستبكات و هەرچی لە شارەكانی ئەوروپادا هەیە لەوشارەشدا هەبێت ، هەر لە مەلهاو شوێنی خواردنەوەو ڕابواردن و قوماركردن . حاڵی حازر ڕێگای داوە لە 600 شوێنی سعودیە مەشروب خواردنەوە ڕێگا پێدراوبێت بەمەرجێك مەشروبی قورسیان تێدا نەبێت وەكو ویسكی و ڤۆدگاو عەرەق  ، تەنها شەراب و بیرە ڕێگا پێدراو بێت . بە دڵنیاییەوە ئەمە دەروازەیەكی بچوكەو دوایی وا گەورە دەبێت ، پاپؤری پێدا بڕوات . بەهانەی جێنشینی سعودیە بۆ ڕێگە پێدان بەم مەمنوعانە دەلێت : با مەكەو مەدێنە بۆ خواپەرستی و بەجێ هێنانی ڕوكنەكانی ئیسلام بن و شوێنەكانیتریش  بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك و ئەگەر ئەمە نەكەین  لە كاروانی پێش كەوتنی گەلان دوادەكەوێن . كەواتە ئەم گۆڕانكاریانە  لە بواری ئاییندا سەرەتای گۆراناكارییەكی گەورەیە لە ئایینی ئیسلامداو ئەگەرسەرنجی سۆسیال میدیا بدەن بە چاوی خۆتان دەبینن و بە گوی خۆتان گوێبیستی شتی وا دەبن  كە چەندین ساڵە جێی بڕوای موسوڵمانان بووەو پێوەی پابەندبون ، ئێستا هەموی بەدرۆ دەخرێنەوە .  

لە كۆتاییدا دەلێم : ئەگەر بزوتنەوەی حەماس  بەو نیازەو بەوخەیاڵەی هەیانە كە ئیسڕائیل ئاگربەستیان لەگەل بكات و ئەوان بەنیازبن خۆیان ڕیك بخەنەوەو جارێكیتر ببنەوە بە حەماسەكەی جاران  ئەوە دڵنیابن شەڕی ئیسڕائیل لە غەزە كۆتایی نایەت تا یەك چەكدار بەناوی حەماسەوە بمێنێت ، ئەوە بە هەمان شێوەش  بۆ لوبنانیش وایەو تا یەك چەكداری حیزبی خوا لەو وڵاتە بمێنێـت ئەوە شەڕی ئیسڕائیل بەرامبەر لوبنان كۆتایی نایەت . واتە دەبێ كۆتایی بە ڕێكخراوی حیزبی ئیسلامی تیرۆریستی بهێرێت و هەموان ئاڵای سپی تەسلیمبون هەڵ بكەن  بۆ ئەوەی ناوچەكە ئارامی بۆ بگەڕیتەوە . كەواتە حەماس بە نیازە لەسەر چ ئەسپێكیتر گرەو بكات خۆ وەكو بە چاوی خۆمان دەبینین هەموو ئەو ئەسپانەی پێشتر گرەویان  لەسەركردبوو ، هەمویان دۆڕان.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×