لەو كاتەوە كە پڕۆسەی ئاشتی و گفتۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان پەكەكەو حكومەتی توركیا دەستی پێكردووە ، دەیان نوسین و ڕاپۆڕت و بۆچون لە سەر چۆنیەتی ئاشتەوایی و پێك هاتنی نێوان پەكەكەو حكومەتی توركیا نوسراوەو بە سەدان كەسیش لە ڕیگای میدیاكانەوە ڕاستەوخۆ بیرو بۆچونی خۆین ڕاگەیاندووە . هەموو ئەوانە لە نێوان دوو بۆچوندا چەقیان بەستووە . هەندێك ئەڵێن ئەوە هەنگاویكی باشەو بڕیارێكی باشیشە كە پەكەكە چەكدانێت بەرامبەر بەوەی كەحكومەتی توركیا دان بە بونی كوردو مافەكانیدا بنێت و ئەم كێشە گەورەیە بەشەڕ كۆتایی نایەت و سەردەمی شەڕی چەكداریش نەماوەو دەكرێ كێشەكان بە گفتوگۆی سەرمێز چارەسەر بكرێن .
لە بەرامبەر ئەو بۆچونانەشدا بۆچونێكی تر هەیە كە نەرێنییەو دەڵێن هۆكاری ئەوەی كە حكومەتی توركیا هاتۆتە سەر مێزی گفتو گۆ لە بەر ئەوە نییە بڕوای بە پێدانی مافەكانی كورد هەبێ بەڵكو لە ترسی ئەوگۆڕانكاریانەیە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریادا ڕویان داوەو ترسیان لەوە هەیە كاریگەری نەرێنیان هەبێت لەسەر ئایندەی توركیا . توركیا حكومەتێكی دیكتاتۆرەو هەمیشە ڕقیان لە كوردەو ئەم بابەتی ئاشتیەشیان بۆ ئەوە هێناوەتە گۆڕی بە مەبەستی فێڵ لێكردن و دەست بڕین و بۆ ئەوەیە كارێكی وابكەن بەڵكو پەكەكە چەك دانێت و بڵاوەی لێ بكەن و دوایی وەكو جاران دەست بكەنەوە بە گرتن و ڕاوەدونانی كوردەكان .ئەوانەشی ئەم بۆچونەیان هەیە ناحەقیان نییە چونكە شایەتی چەندین شكست و ئاش بەتاڵی پێشوترو شەهیدكردنی سەركردەكانی كوردن لە لایەن دوژمنانی كوردەوە .
دواجار پەكەكە لەسەر داواو ڕەزامەندی سەرۆك ئاپۆ كۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەیان بەست و یەكەم هەنگاویشیان بۆ چەك دانان لە ڕۆژانی 11-12 /7 /2025 ، 30 گەریلای پەكەكە وەكو پێشاندانی نیاز پاكی چەكەكانیان لەئەشكەوتی جاسەنەی نزیك قەزای دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی سوتاند و وا خەریكن وەجبەیەكی تریش چەكەكانیان دەسوتێنن . زۆرینەی كورد بڕیاری كۆتایی شەڕی چەكداریان پێ خراپ نییەو خۆ ناكرێت تا دنیا دنیایە خەڵك بە شاخەوە شەڕ بكات . خەڵكانێك هەن وا خەریكە هەموو تەمەنیان تەواو ببێت و هەر بەشاخەوەن و شەڕدەكەن .ئەوانەشی كە دەلێن چەك دان خراپەو دەبێ هەر شەڕ بكرێت و حەق بە لولەی تفەنك دەسێنرێت ، لەلایەك ڕاستەو لە لایەكی تریشەوە ئەوە دەچێتە قاڵبی كردنی قسەی زڵ لە سێبەر و تۆخۆت لە شوێنی گەرم و خۆش بخەویت و خواردنی باش بخویت و داواش بكەی خەڵك بەردەوامبێت لەشەڕی پێشمەرگایەتی و ئەوە هەر وا ئاسان نییە . بەڵام هەر لە دەستپێكی ئەم پڕۆسەیەوە هەندێك سەرنج هەیە كە جێی خۆیەتی لەبەر چاو بگرێت و حسابی ئایندەی بۆ بكرێت .
1- كاتێك پڕوسەكە دەستی پێكرد بە جۆرێك بوو كە پەكەكە بە شێوازێكی لاواز چونە پێشەوە . واتە وەكو ئەوەی زۆر لە مێژبوبێت چاوەڕوانی ئەوەیان كردبێت توركیا دەرگای گفتوگۆ بكاتەوە . دەبوو لایەنی سێیەم وەكو نەتەوە یەكگرتوەكان ، ئەمەریكا ، وڵاتانی ئەوروپا بكەنە مەرج كە سەرپەرشتی پڕۆسەكە بكەن و لە بەیندابن و یەكسەر خۆشحاڵی خۆیان دەرنەبڕن كە توركیا وابزنێت ، ئەوان ماندوبون دەیانەوێت چەك دانێن .
2- : هەر لەسەرەتای دەستێكی گفتوگۆكاندا یەكێك لەداواكان ئەوەبوو كە سەرۆك ئاپۆ ئازاد بكرێ یان دەیان گوت دەبێ ئەو حزوری هەبێت لە ئەنجامدانی كۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە . لێرەدا سەرۆك ئاپۆ وەكو خاڵی لاواز وێنا دەكرا . وەكو ئەوەی چەكدانانی پەكەكە تەنها بۆ ئازاد كردنی سەرۆك ئاپۆ بێت . لەوەش گرنگتر سەرۆك ئاپۆ لە زینداندایەو كێ ناڵێت لە ژێر كاریگەری و پاڵەپەستۆدا نییە وبەناچاری داوای چەك دانان ناكات. دەبوو سەرۆك ئاپۆ خۆی بڵێت من لە زینداندام و ئەگەر توركیا بەڕاستی دێتە پێشەوەو ئامادەیە مافەكانی كورد بدات و سەركردەكانی پەكەكە كە لە شاخن و ئێستا ئەوان خاوەن بڕیارن پێیان باشە ، ئەوە منیش ڕازیم و نابێ لە پێناوی ئازادكردنی من دەست بەرداری مافەكانی كورد ببن . ئەگەر سەرۆك ئاپۆ لێدوانێكی ئاوای بدایا یەكەم خۆی زۆر گەورەتر دەكرد دووەم ، هەڵویستی سەركردەكانی پكەكە بەهێزتر دەبوو لە بەرامبەر توركیادا .
3- كاتێك كە پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێكرد ، توركیا بەوە ڕازی نەبوو هەر پەكەكە چەك دانێت و داوایان دەكرد هێزەكانی سوریای دیموكراتیش چەك دانێن . دەبوو پەكەكە زۆر بە توڕەبونەوە ئەو قسەیە قبوڵ نەكەن و بۆ ڕای جیهانی ڕون بكەنەوە كە توركیا هەر دژی پەكەكە نییە و دوژمنی هەمووكوردن ئەگەر لەئەفەریقاش بژێن و ئەم لێدوان و داواكاریەیان گەواهی ئەوە ئەدەن .
4- دووبارە كردنەوەی لێدوانی بەرپرسانی توركیا كە بەردەوام دەیانگوت دەبی پەكەكە بێ مەرجی پێشوەخت چەكەكانیان دانێن ، وەڵام نەدانەوەی ئەو لێدوانانە زۆر بەئاشكرا خاڵێكی لاوازی پەكەكە بوو بەڵای زۆركەسەوە . دەبوو بڵێن لە بەرامبەر هەر هەنگاوێكی ئێمە كە زۆر بچوكیش بێت ، دەبێ توركیاش هەنگاوێكی لەو شێوازە بنێت وەك نیاز پاكی ئەوكات ئێمەش هەنگاوی چەك دانان دەنێێن چونكە تا ئێستا چەكەكانمان ناسنامەی خۆمان و میللەتەكەمانن و وا بە ئاسانی دەستبەرداریان نابین .
5-دوای هەنگاوی یەكەمی چەكدانان لەئەشكەتی جاسەنە یەكێك لەبەرپرسەكانی پەكەكە لێدوانێكی دا كە دەڵێت داوای ئێمە ئەوەیە ڕێگامان بدەن بگەڕێینەوە ناو توركیاو سەرۆك ئاپۆش ئازاد بكرێت . بەڕاستی ئەوە هەڵوێستێكی زۆر لاوازە لەم كاتەدا كە ئێستا توركیا هیچی نەكردووە . ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە پەكەكە زۆر بە پەلەن چەك دانێن و واز لە خەباتی شاخ بهێنن .
6-ئێمە هیچ گومانێكمان لە گەورەیی و گرینگی و كاریگەری سەرۆك ئاپۆ نیە لەسەر پەكەكەو پڕۆسەی سیاسی و وەكو پیاوێكی مەزن بۆی دەڕوانین . بەڵام یەك شت زۆر گرنگە[D1] دەبێ هەموان ئەوە بزانن كە سەرۆك ئاپۆ ئێستا لە زیندانی دوژمنی سەرسەختی كوردایە . بۆیە دەبێ وریابین كە كار نەگاتە ئەوەی كە حكومەتی توركیا سەرۆك ئاپۆ وەك خاڵێكی لاوازی پەكەكە وێنای بكات و ئەو بكەنە هۆكارێك كە وا لە پەكەكە بكات چەك دانێن لە پێناوی ئازادكردنی خۆیدا .
7-بەلای منەوە ئەو لێدوانەی بەرپرسانی توركیا هەر لە یەكەم ڕۆژی دەست پێكردنی پڕۆسەی ئاشتەواییەوە تا ئێستا كە لە هەموو لێدوانەكانیاندا دوو بارەی دەكەنەوە ، كە چاوەڕوانی ئایندەیەكی باشن بۆ توركیایەكی دوای ( تیڕۆڕ ) بەڕاستی ڕێگا پێدانی بەرپرسانی پەكەكە بۆدوو بارەو سێ بارەكردنەوەی وشەی تیرۆر لە لایەن توركیاوە مایەی سوكایەتی تەواودەگەیەنێت بە پەكەكەو هەموو كورد . دەبوایە پەرپرسانی پەكەكە هوشداری بدەنە توركیا ئەگەر پێش دەستپێكردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی ئەم وشەیەیان بەكار هێنابیت ، بەرامبەر بە پەكەكە ، ئێستا بۆیان نییە ئەمە بەكار بهێنن و هەموو ئەوكوردانەی لە هەموو بەشەكانی تری كوردستانیش چەكیان هەڵگرتوە لە پێناوی ئازادیدا بووە و ئەوەی كردویانە ئەركێكی نیشتمانی بووەو هەمیشە شانازیشی پێوە دەكەن ، ئەوە شێوەیەكی خەبات بووە لە بەرامبەر دەسەڵاتی دیكتاتۆرو پیاوكوژ . دەبوایە هیچ سڵ نەكەنەوەو شەرمیش نەكەن و بڵێن ئەگەر ئێمە تیرۆریست بین ، ئەوە ئێوەش دیكتاتۆرو پیاو كوژن یان بڵین : هیوادارین توركیایەكی دێموكراسی بێتە كایەوە دوای نەمانی تیرؤرو دەسەڵاتی دیكتاتۆری مرۆڤ كۆوژ. بەڵام سەیر كەن تا ئێستاش ئەم وشەیە هەر بەكار دێنن و دوای هەنگاوی یەكەمی دانانی چەك لەلایەن كۆمەڵێك گریلاوە ، توركیا هەندێك شوێنی پەكەكەی تۆپ باران و موشەك بارانەكردووە . كە واتە ئەمە چی ئەگەیەنێت و چۆن دەبێ بڕوا بە توركیا بكرێت كە نیازی پاكە . بۆیە ئەگەر لەسەرەتاوە لایەنی سێیەم لە نێواندا هەبوایە، ئێستا توركیایان دەخستە ژێر پرسیارەوە لە سەر ئەو تۆپ بارانە . بەڵام چونكە هیچ لایەنێك بە فەڕمی لە بەیندا نییە ، توركیا گون گەورەیی خۆی دەنوێنێت بەسەر پەكەكدا . ئەوەی نوسیومە سەرنج و بۆچونی خۆمەو مەرجیش نییە ڕاستبم ، بەڵام زۆریش ترسم هەیە لە ئەنجامی ئەم وتووێژەی نێوان پەكەكەو توركیا چونكە تا ئێستا خاڵی بەهێزی كورد لەبەرامبەر دوژمنانی كورد هەر پەكەكەیە .