بەڕێزان : جەنابی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دێموكراتی كوردستان . بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان . نێچیر بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان . مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان . قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزێڕە بەریزەكان . بەرپرس و خەمخۆرو دڵسۆزی هەرێمی كوردستان ، سڵاووڕێزو حورمەتم بۆ هەموتان . دوای سڵاو : هەموتان ئاگاداری ئەوەن دوای ڕوداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەركە لەنێوان ئیسڕئیل وحەماس ڕویدا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گۆڕاو شەڕیكی خوێناوی و كاولكارانە لە ناوچەكەدا هاتە كایەوە .بەو هۆیەوە ئێسڕسڕائیل كەرتی غەزەی وێران كرد ، ئێستا دانیشتوانەكەی لە بارودۆخێكدان كە چاوەڕوانی مردن ئەكەن لە برسان . شەڕەكە هەر لەوەدا كورت ناكرێتەوە بەڵكو زۆر فراوانترەو لوبنان و سوریاو یەمەن و عێراق ئێرانیشی گرتۆتەوە. بەو هۆیەشەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بۆتە دوو بەشەوە ، ئیسڕائیل و ئەمەریكا لایەك و وڵاتانی تریش لە لایەكی تر. ئەوەی بەسەر خەڵكی غەزەدا هاتوە كارەساتە ، زۆر ناخ هەژێنە هیچ مرۆڤێكی خاوەن ویژدان پێی خۆش نیەو دژی ئەو دەست درێژیەی ئیسڕائیلن بۆسەریان بە ئێمەی كوردیشەوە . كار گەیشتۆتە ئەوەی ئیسڕائیل هەوڵ بدات كەرتی غەزە بە تەواوی داگیر بكات. بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل بە ئاشكرا لە چەندین بۆنەدا وتویەتی سەردەمی كۆن گوزەشت و نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوڕین . بەڕێزان: ئەوەی بەسەر خەڵكی غەزەدا هاتوە هۆكارەكەی ئێمە نین و ئێمەش بەرپرسیار نین لە ئەنجامەكەی و حەماس و وڵاتانی عەرەبی خۆیان بەرپرسیارن و هۆكاری ئەو كارەساتەن . ئێمەی كوردیش وەكو گەلی فەلستین خاكەكەمان داگیرو دابەشكراوە بەسەر چوار وڵاتی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیشە زوڵممان لێكراوە و لە ئێستادا بارودۆخی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان لەبەردەم مەترسی لەناوبردن دایە . بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕیك وەكو بارودۆخی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەم وایە بۆ كورد . ئێمەی كورد نەك نەمان توانی سود لە ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی وەرگرێن ، بەڵك و كەوتێنە ژیر دەستی وڵاتانی ترەوە . بۆیە زۆر گرنگە ئێمە هەوڵ بدەین سود لەم گۆرانكاریانەی چاوەڕوان دەكرێت كە ڕوبدەن وەرگرین . ڕاستە ئێمە دژی ئەو كارەساتەین كە بەسەر خەڵكی غەزەدا هاتوە و لەگەڵ ئازارەكانی ئەوانین و ئەوەی ئیسڕائیل بەرامبەریان دەكات لە سنووری ویژدان و تۆڵەكردنەوە تێپەڕیوە ، بەڵام وەكو لە سەرەوە ئاماژەم بۆ كرد ئێمە هۆكار نین . بۆیە كاتی خۆیەتی هەنگاوی باش بنێین بۆ سود وەرگرتن لەم بارودۆخەی ناوچەكە . تكایە سەرنجی ئەم خاڵانەی خوارەوە بدەن :
1-دەبێ زۆر بەگرنگیەوە لێكدانەوە بۆ لێدوانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بكەین كەدەڵێت : كار دەكەین بۆ گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێدوانی ئاوا بێ ئاگاداری ئەمەریكا نییە . بنیامین ناتانیاهو بە ئاشكرا دەڵێت ئێمە پشتیوانی لە كوردەكان دەكەین لە پێناوی گەیشتن بە مافەكانیان ئەوەتا بە ئاشكرا بەرگری لە كوردانی سوریا دەكات ودژی توركیاو سوریا .
2-كاتێك كە كۆبونەوەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەسەر داوای فەڕەنساو سعودیە ئەنجام درا بۆ بریاردان لەسەر پێك هێنانی دەوڵەت بۆ فەلستینیەكان ، یەكسەر ئەمەریكا و ئیسڕائیل دژی ئەوە وەستانەوەو ترامپ هەڕەشەشی كرد . دوای ئەوە كوڕی بنیامین ناتانیاهو لە لێدوانێكیدا دەڵێت : ئەو دەولەتانەی داوای دروست كردنی دەوڵەت بۆ فەلەستینیەكان دەكەن ، با بۆ كوردیش ئەو داوایە بكەن كە گەورەترین نەتەوەن لە جیهاندا كە تا ئێستا دەوڵەتیان نییەو لە 45 ملیۆن زیاترن . كوڕی ناتانیاهو ئەگەر هیچ پۆستێكی ڕەسمیشی نەبێت ، لێدوانەكەی لەم كاتەدا بایەخی خۆی هەیە .
3-ئەمەریكا دۆستی نزیكی كوردە لە ئێستاداو زۆر كۆمەكی كوردوین لە كاتی تەنگانەدا . ئەمریكاو ئیسڕائیلیش زۆر ڕیك و تەبان و قسەی هەر یەكێكیان قسەی ئەویترە. كەواتە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئیمەی كورد كە ئەوان لە خۆمان نەڕەنجێنین و بەدۆستی خۆمانیان بزانین چونكە ئەوانە دەتوانن كاری باش بۆ ئێمە بكەن . هەر وەكو پێشتر ئاماژەم بۆ كرد ئێمە خۆشحاڵ نین بەوەی بەسەر خەڵكی غەزەدا هاتوەو لەگەڵ ئەو دەست درێژیەی ئیسڕائیلیش نین بۆسەریان هیچ نەبی لە ڕوی مرۆڤایەتیەوە، بەڵام نابی ئەوە ببێتە هۆكاری ئەوەی دەست بەرداری بەرژەوەندی خۆمان بین لەبەر خاتری ئەوان و دوژمنایەتی ئیسڕائیل بكەین چونكە ئەوەی بەسەریان هاتوە ، تاوانی ئێمەی تێدا نییە ، بۆیە ئێمەش حەقی خۆمانە هەوڵی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەكانی خۆمان بدەین .
4- سەیركەن لەگەڵ ئەو هەموو دەست درێژیەی ئیسڕائیل بۆسەر فەلەستین و لوبنان و سوریاو یەمەن ، زوربەی وڵاتە عەرەبیە دەوڵەمەندەكان بە میسریشەوە زۆر لە ئیسڕائیلەوە نزیكن و بەرژەوەندی خۆیان لە پێش بەرژەوەندی فلەستین دادەنین.
پرسیاری من ئەمەیە لە هەموو ئەو بەڕێزانەی كە لەسەرەتاوە ناوم هێناون و ئەم پەیامەم ئاراستە كردون: ئایا ئێمەی كوردی عێراق چ ئامادەكارییەكمان كردووە بۆ ئەوپێش هاتانەی كە چاوەڕوان دەكرێن لە ناوچەكە ڕوبدەن ؟.
یەكەم لەسەر ئاستی حكومەت : زۆر بەداخەوە بە هۆكاری ناكۆكیەكنی نێوان یەكێتی وپارتی و سەرقاڵبونیان بە یەكتریەوە ئەوەی بە بیریاندا نایەت ئەوەیەكە چی ڕودەدات لە ئایندەدا . ئەگەر لەماوەی 32 ساڵی حوكمڕانیدا هەوڵ بدرایا لۆبییەكی بەهێز دروست بكرایا ، لەم كاتەدا كە كۆبونەوە لە بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان دەكرێت بۆ دروستكردنی دەوڵەت بۆ فەلەستینییەكان ، سەرۆكی وڵاتێك ، كۆنگرێس مانێك ، مرۆڤ دۆستێكی ناسراوی جیهانی بهاتنایە دەنگو بیان وتایە ئەی كاتی ئەوەش نییە دەوڵەتێك بۆ گەلی كورد ، گەورەترین نەتەوەی جیهان دروست بكەن كە تا ئێستا بێ دەوڵەتن و بەردەوام لە ژێر مەترسیدان ؟. ئەو كات كێشەی كورد لە ژێر مێزدا دەهێنرایە سەرمێز. بەڵام بۆچی ئەوەیان نەكرد با خۆیان لە خۆیان بپرسن .لە ساڵی 1919 میس بیل ژنە سیاسەتمەداری ئینگلیز كە لە عێراق بووە بەم شێوەیە وەسفی كوردی كردووە : میللەتێكی خێڵەكی دواكەوتون ، هەمیشە لەناو خۆیاندا شەریانە و دژایەتی یەكتری ئەكەن كەسیان لە كەسیان ڕازی نین و هەرگیز لەسەر سەركردەیەك ڕێك ناكەون . بۆیە بەكەڵكی حوكمڕانی نایەن و و دەبێ خەڵكی تر حوكمڕانیان بێت . زۆر بەداخەوە دوای سەد ساڵ ئێمە هەمان مرۆڤین و نەمان توانی خۆمان بگۆرین . بۆیە كاتی ئەوەیە وانە لە ڕابوردو وەرگرین و ئێستاش درەنگ نییە ئەگەر ڵێبوردە بین و بە كۆنەقین مامەلەی یەكتری نەكەین و هەمو كێشە شەخسیەكان بخەینەلاوەو بیر لە بەرژەوەندی میللەت بكەینەوە . ئەم هەل و مەرجەی ئێستا زۆر گرنگ و چارە نوسسازە ، هیوادارم دەست پێ بكەن .
دووەم لەسەر ئاستی كۆمەڵگای كوردی : كۆمەڵگای كوردی لەباشور زۆر لە دەسەڵات توڕەن ، توڕەیی خەڵك گەیشتۆتە ئاستێك كە خوازیارن بەغدا حوكمیان بكات . هیچ ئینیمایەكی نیشتمانیان نەماوە بۆچی ؟.دەبێ دەسەڵات داران بەرنامەی دواڕۆژ بۆ میللەت دانین و لە بیریاندابن و برسیان نەكەن . بەڵام بەداخەوە حكومەت هەر ناوەو ئاگای لە میللەت نەماوە . ئەم بێ خەمیەی حكومەت واتە پارتی و یەكێتی بەرامبەر دوا ڕۆژی میللەتی كوردو ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ئارادایەو بێ هیوایی میللەت گەورەترین و ترسناكترین كاریگەری زۆر زۆر نەرێنیان لەسەر بیركردنەوەو هزری تاكی كوردی داناوە ، حیزب و گوروپە ئیسلامیە جۆراوجۆرەكانی هەرێمی كوردستانن كە لە ئێستادا بە بەرنامەی دوژمنانی كورد كار لەسەرنەفسیەتی تاكی كورد دەكەن بەناوی ئیسلامەوە ،بەجۆرێك كە خەریكە كار بگاتە ئەوەی خەڵك كوردبونی خۆی لەبیربچێتەوە لە پێناوی ئیسلامدا . بەڕیزان دەبێ باش بزانن گەشەی حیزبە ئیسلامیەكانیش لە هەرێمی كوردستان هەر دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی . باش لە بیرمانە ئەگەر لە سنوری یەكێتی پالەپەستۆ بخرایە سەر ئیسلامیەكان ، ڕایان دەكرد بۆ سنووری پارتی و داڵدەیان دەدان .، بە پێچەوانەشەوە ئەگەرلە سنووری پارتی پالپەستۆیان بخرایەتە سەر یەكێتی داڵدەی ئەدان .دواجار لە ئەنجامی ناكۆكیەكانی هەردوو لایان ئێستا ئەوان بون بە خاوەنی كێشەی كوردو ئەندام پەڕلەمانەكانی ئەوان لە بەغدا بونە نوێنەری كوردو خەڵك زیاتر گوێیان بۆدەگرن ودەست خۆشیان ڵی ئەكەن ، لە كاتێكدا یەكێتی و پارتی هەر یەكەیان دەریایەك خوێنی گەنجانی ئەم نیشتمانەیان ڕشتوە لە پێناوی سەربەخۆییداو ، ئێستا ئەمانە كە بە فیتی دوژمنانی كورد وەكو قارچك هەڵ تۆقیون و بەرهەمی خوێنی شەهیدان دەخۆن . بۆیە دەبێ بڵێین ئافەرین سەركردەكانی یەكێتی و پارتی پێ دەچێ ئێستاش لە گوێی گادا خەوتبن بۆیە نازانن لەئێستا چۆن ئاشەكە دەگێرن .
مەترسییە گەورەكە
شاراوە نییە كە یەكگرتوی ئیسلامی بەشێكن لە ڕێكخراوی تیرۆریستی ئیخوانی موسلمین. پەیوەندی توندو تۆڵیشیان لەگەڵ توركیا هەیە ، بزوتنەوەش دەرویشی ئەحمەد شەرعن و عیرفان عەبدول عەزیز بەدەمی خۆی ئەوەی سەلماند. ئەوەش ئاشكرایە كە ئیسڕائیل وئەمەریكاش دۆستی كوردن و دژی حەماسن . بە بەرنامەی ئەو لایەنانەی كە دوژمنی كوردن ئەم حیزبە ئیسلامیانەیان ڕاسپاردووە ، فەرمانیان پێ كردون كە بەناوی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ لێقەوماوانی غەزە پارە كۆبكەنەوە . ئەمە لە پێناوی چێدا ؟. بۆ ئەوەی بە ئەمەریكاو ئیسڕائیل بڵێن سەیركەن ئێوە پشتیوانی لە كورد ئەكەن و داوای مافیان بۆ دەكەن ، ئەوانیش لە پشتەوە خەنجەرتان لێ ئەدەن ئەوەتا خەرێكی كۆكردنەوەی پارەن بۆ حەماس بەناوی غەزەوە . بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر ئەمەریكاو ئیسڕائیل دانین و وایان لێ بكەن بلێن كورد قابیلی هیچ نییە بۆی بكرێت و لێیان گەڕین با هەر ئاوا بمێننەوە . كارێكی وایان كردووەو بەجۆرێك مێشكی خەڵكیان شتۆتەوە خەڵك بچێت خانوی خۆی بفرۆشێت و ماڵ و مناڵی بكات بەكرێچی و جیابونەوەی ژن و مێرد ڕوبدات . وایان لە خەڵك كردووە بە پەلە زۆترین بڕە پارە بهێنن بۆ لێقەوماوانی غەزە و هەرچی ئەوە بكات زوتر دەگاتە بەهەشت . خەڵكیان والێكردووە كوردبونی خۆیان لەبیر بچێتەوە . ئەوەی ئەمڕۆ ڕو دەدات ڕیك وەكو ئەو كاتە وایە كە شێخ محمود شۆڕشی كرد داوای دەوڵەتی بۆكورد دەكرد ، بەلام لە نێوان لایەنگرانی ئینگلیزو كەمال ئەتاتورك گیری خواردبوو . كۆمەڵێك لە كوردان لایەنگری كەمال ئەتا تورك بون بەناوی ئیسلامەوە كە پێیان دەگوترا جل خوارەكان ، ئەمانە كاریان بۆ ئەوە دەكرد كورد شەڕ بكات دژی ئینگلیزبۆخاتری توركیا . میللەتی كورد بە باڵایدا براوە لە هەموو قۆناغەكانی خەباتدا جاش و خۆفرۆش ڕۆڵی خراپی خۆیان بینوە . خەڵكی غەزە پێویستیان بە كۆمەكی كورد نییە چونكە بەسەدان بارهەڵگرلەسەرەدا وەستاون و ئیسڕائیل ڕیگا نادات بەدەستیان بگات . لە لایەكی تریشەوە ئەگەر پارەیان بۆ بنێرن ، خۆ هیچ شتێك نییە لە غەزە بیكڕن . كەواتە ڕون و ئاشكرایە ئەم پارانە بەناوی خەڵكی لێقەوماوی غەزە كۆدەكرێتەوە دواجار دەگاتە دەستی حەماس و ئەوانیش بۆخۆیانی ئەبەن . ماوەیەكەبە ڕێگای جۆراوجۆر هەم حیزبە ئیسلامیەكان و هەم خەڵكی تر خەرێكی بازرگانی و بڕینی دەستی خەڵكن . رؤژێك جێگای بەرماڵێك لە مزگەوتێكدا دەفرۆشن بە یەك دەفتەر دولار كە لە مێژوی ئیسلامدا شتی وا ڕوی نەداوە . لەوڵاتی لەندەن كوردانی ساختەچی وەكو ئیمام پارەیەكی زۆریان بەناوی دروستكردنی مزگەوتەوە كۆكردۆتەوەو پارەكەیان بردووە بۆ خۆیان . ئێستا خوا ئەم بازرگانیە گەورەیەی هەم بۆ حیزبەكان و هەم بۆ هەندێك بازرگانی تری ئیسلامی فەراهەم كردووە خەریكی بەتال كردنی گیرفانی خەڵكن . ئەمە لە كاتێكدایە دۆخی خەڵكی كوردستان زۆر خراپە 3 مانگە موچە نەدراوە ، خەستەخانەی هیوا دەیان كەسی تێدایە چاوەڕوانی مردن ئەكەن و دەرمان نییە . باشە دەپرسم چی وای لە كوردێكی خەڵكی سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی و خەباتی كوردایەتی و پایتەختی ڕۆشنبیری بكات بڕی 10 دەفتەر دۆلار ببەخشێ بەخەڵكی غەزە ، كە ئەو هەموو فەقیرو داماوە لە بندەستی خۆیدا هەیە . ئەمە كارەساتە ئەگەر مرۆڤ باش بیری لێ بكاتەوە . بەڵام لەوە كارەسات بارتر بێدەنگی بەپرسانی حكومەتە لەئاستی ئەو هەموو تاوانانە . باشە ئیوە چۆن بەرپرسێكن كە هەست بە مەترسی ئەو كارانە ناكەن ؟. كوا وەزارەتی ئەوقاف كوا لیژنەی فەتوا بۆچی لەسەر ئەم كارە خراپانە نایەنە دەنگ . هەموو ئەمەی ئێستا ڕودەدات بەرهەمی ناكۆكیەكانی یەكیتی و پارتییە . بۆیە لە كۆتاییدا جاریكی تر ڕوی دەمم دەكەمە ئەو بەرپرسانەی پێشتر ناوم هێناون لەسەرەوە هەرچی زووە بەهۆش خۆتان وەرنەوە ، ناكۆكیەكانتان بخەنە لاوە . بەرژوەندی میللەتی كورد بخەنە پێش بەرژەوەندی خۆتان و هەرچی زووە كاردانەوەتان هەبێت بەرامبەربەم بازرگانانەو بی خەم دامەنیشن بەم شێوەیە:
هەرچی زووە لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان دروست بكەن و سەرەتا دەست بگرن بەسەر ئۆفیسی بەناو ڕێكخراوە خێڕخوازیە ئیسلامیەكان ولێكۆڵینەوە بكەن و بزانن چەند پارە كۆكراوەتەوە ، چەندی نیردراوە و چەندی ماوە . كێ پارەی كۆكردۆتەوە ، ئەوانە بەزۆری سەر بە چ حیزبێكن و ئەو حیزبەش ناسنامەی چییە . لێكۆڵێنەوە بكەن بزانن ئەم پارەیە چۆن نێردراوە بۆ غەزە ، لە ڕێگای كێوە ، ئایا پارە دەگاتە دەستی خەڵكی فەقیری غەزە ، ئایا ناگاتە دەستی حەماس . زۆر گرنگە ئەم كارە بكەن بۆ ئاگاداریتان ئەمەریكا خەریكە ئیخوانی موسولمین بخاتە لیستی ڕەشەوە . ئەگەر ئەوەبكرێت ، یەكگرتوی ئیسلامیش دەگرێتەوە كە سەر بە ئەوانن و داواجار كورد زەرەرمەند دەبی و ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت ، بە بەرنامەی دوژمنانی كورد دەكرێت ڵە ڕێگای كورد خۆیەوە . تكایە تا بەتەواوی كار لە كار نەترازاوە بێنە دەنگ . كاتی خۆی جێنین پلاسخارت نوێنەر سكرتێری گشتی نەتەوە یەك گرتوەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بوو چەندین حار هوشداری دایە یەرپرسانی كوردوو پێی وتن ، تكایە كێشەكانتان چارەسەر بكەن ، هێزی پێمەرگەرگە یەك بخەن ، لە بری بەقسەی بكەن ، پێیان دەگوت خۆ تۆ كوێخای ئێمە نێت ، ئێستا فەرمون چارەسەری كێشەكانتان بكەن . ئەوە سەرەتای سزای ئەمەریكاش بۆ هەرێم ئاشكرا كرا ، ئەمەریكا بڕیاری داوە ئەو هاوكاریەی بۆ هێزی پێشمەرگەی دەنارد بیبڕیت ، چونكە هێزەكانیان نەكرد بە یەك . لەبەرامبەر ئەوەدا هاوكاری ئەمەریكا بۆ دژە تیرۆری عێراقی زیاد كرا . كۆنگرێسی ئەمەریكا ڕێگا نادات هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان كەم بكاتەوە . كەواتە عێراق و كوردی سوریا سود مەندبون لە ئەمەریكاو هەرێمی كوردستان سزادرا . ئەی ئەگەرئەم كۆمەك كۆكردنەوە بۆ غەزە كۆتایی پێ نەهێنرێت و دوژمنانی كورد لە دژمان بكاری بهێنن ،چاوەڕوانی سزای تریش بكەن . بۆیە لە كۆتاییدا لێتان دەپاڕێمەوە پێش ئەوەی كار لەكار بترازێت و هەموو شتێك لە دەست بچێت كە دوایی پەشیمانی فلسێك ناهێنێت بكەونە خۆتان بەیەكەوە ، وەكو حكومەت وبە یەك دەنگ دەست بكەن بە گرتن و سزادانی ئەوانەی خەرێكی تێكدانی مێشكی خەڵكن بەناوی ئیسلامەوە . دەبێ ئێوەی بەرپرسی حكومەت باش بزانن ئەو حیزبە ئیسلامیانە ئەم حەملەی كۆمەكە بەناوی غەزەوە هەم بۆ سودی مادی و هەم بۆ كاتی هەڵبژاردن بەكار دێنن. ئەگەر باش بیر نەكەنەوەو زوو فریا ی خۆتان نەكەون ، لە داهاتودا ئێوە دەبن بە كەمێنە.