بەڕیز وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەتا سڵاوێكی گەرم . بەڕێزم من ئەم نامەیەت بۆ ئەنوسم سەبارەت بە ڕوداوێك كە بەلای منەوە زۆر گرنگ و سەرنج ڕاكێش و مەترسیدارە بۆسەر ئایندەی وەزارەتەكەی بەڕێزتان و كۆی سیستەمی حكومڕانی هەرێمی كوردستان . هەرچەندە ئەوەی ڕویداوە كارێكی نەخوازراوەو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە وەزارەتەكەی بەڕێزتانەوە هەیە ، بەڵام هۆكارەكەی نە بەڕێزتانەو نە وەزارەتەكەتانە بە تەنها ، بەڵكو ئەوە پەیوەندی بە خراپی سیستەمی حوكمڕانیەوە هەیە بەڵام ئەگەر لێگەڕێین كاری لەوجۆرە بەردەوام بن ، ئەوە هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی مەترسی زۆر گەورە دەبێتەوە لە ئایندەدا . پێش ئەوەی بچمە وردەكاری باسەكەمەوە دەمەوێت ڕاستەوخۆ دەست بخەمە سەر ئەسڵی بابەتەكەو دوایی شی كردنەوەی خۆمی بۆ بكەم . لەم ڕۆژانەدا لە سەر لاپەڕەكانی فەیسبوك چاوم بە هەندێك وێنەی كۆمەڵێك قوتابی گەنج كەوت كە بە كۆمەڵ لە قوتابخانەیەك نوێژی بەجەماعەتیان دەكرد . لە سەرە باسەكەدا نوسرابوو مامۆستایەك لە قوتابخانە نوێژی بە كۆمەڵ بە قوتابیەكانی دەكات . لەسەری سەرەوەش نوسرابوهەڵەبجەی شەهید . پێش هەموشتێك باوەڕبونی هەر مرۆڤێك بە هەر ئایینێكەوە دەبی ڕێگەپێدراو بێت و خەڵك ئازد بێت چ ئایینێك هەڵدەبژێرێت و كەس بۆی نییە ئایین لە كەس قەدەغە بكات تا ئەوكاتەی نەبێتە سەرچاوەی مەترسی بۆسەر ژیانی خەڵك و ئەو كاتە هەمووكەس بۆی هەیە ڕەخنەی لێ بگرێت . ئایین بڕوایەكی شەخسی و ڕوحیە و پەیوەندی نێوان مرۆڤێك و خوایە ، بۆیە نابێ ئایین ببێتە سەرچاوەی مەترسی بۆسەرخەلكیتر . دەبێ هەمومان ئەوڕاستییە بزانین كە ئایین زاست نییە ، عیلم نییە و لە ڕێگای ئایینەوە كۆمپیوتەر و ساردكەرەوەو ئوتومبێل و پێداویستییەكانی ژیانی مرۆڤەكان دابین ناكرێت ، كەسی ئاییندار تەنها ئەوەی پێ دەكرێت نزا لە خوا بكات و فەرمانەكانی خوا جێ بەجێ بكات . كەواتە كاتێك تۆ بتەوێت خەڵكی تریش ناچار بكەی پەیڕەوی ئایینەكەت بكەن و ئەوانیش قبوڵیان نەبێت ، ئەو كات ڕوبەروبونەوەو شەڕو ئاژاوە دروست دەبی . ئەو سەرەتایە بەس بۆ ئەوەی بچمە ناوكرۆكی باسەكەمەوە . بەڕێزم وەزیری پەروەرد : من لە ساڵی 1954 بۆ یەكەم جار چومە قوتابخەنەی سەرەتای و دواجار قۆناغی ناوەندی و خانەی مامۆستایانم تەووكردو ماوەی 12 سالیش مامۆستا بوم و دوایی بوم بە پێشمەرگە رؤژێك لە ڕۆژان نەمدیوە و نەم بیستوە لە هیچ قوتابخانەیەك مامۆستا نوێژی بەجەماعەت بە خوێندكارەكانی بكات . ڕاستە هەمومان دەزانین زۆرینەی هەرەزۆری خەڵكی هەرێمی كوردستان پەیڕەوی ئایینی ئیسلام ئەكەن، بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆكار كە قوتابخانە جێگەی مزگەت بگرێتەوەو لەبری ئەوەی قوتابیان فێری خوێندەواری و زانست بكرێن ، فێری نوێژی بەجەماعەت بكرێن . دەبێ ئەوە بۆ كەس وكاری خوێندكارەكان بەجێ بهێڵرێت و فێری چۆنیەتی ئەنجامدانی مەڕاسیمی ئایینیان بكەن . ڕاستە لە بەرنامەی خوێندنا وانەیەكی تایبەت بە ئایین هەیە بەڵام ئەوە تەنها لەوە دا خۆی دەبێنێتەوە چەند شتێكی سادە فێری قوتابیان بكرێت . ئەگەر سەرنج بدەین وانەی ئایین هیچ كات نەبۆتە وانەیەكی سەرەكی و تەنانەت بۆ تاقیكردنەوە وەزاریەكان وەكو شەشی سەرەتیی و سێی ناوەندی و سەروتر داخڵی تاقیكردنەوە نەكراوە . واتە وانەی ئایین نەبۆتە وانەیكی سەرەكی گرنگ و پێویست چونكە وەكو لەسەرەوە باسم كرد ئایین زانست نییە ، لە ڕیگای ئایینەوە تەكنەلۆجیا پێش ناكەوێت ، لە ڕێگای نوێژكردن و نزاكردن و پاڕانەوە لە خوا ناتوانرێت هیچ دروست بكرێت و ئەوە بابەتێكی ڕوحیەو تەنها پەیوەندی بە كەسەكە خۆیەوە هەیەو بە ئەنجامدانی مەڕاسیمە ئایینیەكان تەنها ڕوح و دەرونی خۆی ئارام دەكاتەوە . ئەگەر بەنزاكردنی خەڵك بوایە لە خوا بۆ خەڵكی غەزە ، دەبوایە ئێستا ئیسڕائیل دارو بەردی بەسەر یەكەوە نەمایا . كەواتە با جارێكی تریش بێمەوە سەر ئەسڵی بابەتەكەم كە ئەویش نوێژكردنی قوتابیانە بە جەماعەت لە قوتابخانە . بەڕێزم وەزیری پەروەردە بەڕیزتان لە هەمومان باشتر دەزانن قوتابخانەكان بۆچی دامەزرێنراون و ئەركیان چییە . كاتێك قوتابخانەكان دەكرێنە جێگای ململانێی سیاسی و حیزبی ، یان جێگەی مزگەوت ئەگرنەوە ئەوە دەبێتە سەرەتای كارەسات و گەڕانەوە بۆدواوەو وێران كردنی كۆی كۆمەڵگا . لە سەدەكانی زۆر ڕابوردودا پێش ئەوەی قوتابخانەی وەكو ئێستا هەبن ، لە مزگەوتەكان خەڵك فێری ئاخوێندنی ئایینی كراوە كە بە شوێنی فێركركردن گوتراوە حوجرەو خوێنكاریش پێی گوتراوە فەقێ و كاتێك خوێندنیان تەواو كردوە بونە مەلاو تەنها مەڕاسیمەكانی ئایینیان فێری خەڵك كردوە . بەڵام كاتێك كۆمەڵگا پێش كەوتوەو لە جێی ئەوە قوتابخانەی سەردەم دروست كراوە، لەو كاتەوە وانەی ئایینی لەوانەكانی فێربونی زانست جیاكراوەتەوە . بۆیە ئەوەی دەیەوێت وانەی ئایینی بخوێنێت دەبێ بچێتە لای پیاوانی ئایینی . ئەگەر ئەو مامۆستایەی كە لە قوتابخانە نوێژی جەماعەتی بەخوێندكارەكانی كردبێت بە مەبەستی فێركردنی نوێژكردنیا بوبێت ، دەبوو بیان بات بۆ مزگەوت . ئەگەر مەبەستیشی ئەوەبوبێت كە لە ڕێگای ئایینەوە لە ئێستاوە مێشكیان بشواتەوەتەوە ، ئەوە كارەساتەو نابێ بەهیچ جۆرێك ڕێگا بەدوو بارە بونەوەی كاری لەو جۆرە بدرێت و لێپێچینەوەش لەو مامۆستایە بكلرێت . لێرەدا من نە مەبەستم ئەوەیە كە ڕێگای نوێژ لەكەس بگرم و نە بەحەقی خۆشمی دەزانم بە كەس بلێم نابێ نویژ بكەی چونكە هەموو كەس حەقی خۆیەتی وابەستەی هەر ئایینێك ببێت بەڵام نابێ ئایین ببێتە سەرچاوەی مەرسی بۆسەر خەڵكیتر . بەڕێزم وەزیری پەروەردە وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان بۆیە پێش كەتون چونكە ئایین وسیاسەتیان لە یەكتری جیاكردۆتەوە چونكە دوو بواری زۆر جیاوان لە یەكتری ، بەلام ئەوەتا لە سەردەمی عەولەمەو دروستكردنی عەقڵی دەست كرداو چون بۆ بۆشایی ئاسمان تازە بە تازە لە هەرێمەكەی ئێمە قوتابخانەكان جێگەی حوجرەكان دەگرنەوە . كاتێك من وێنەی قوتابیەكانم بینی كەنوێژی جەماعەتیان پێ دەكرا ، پۆستێكم نوسی وتبوم : ئەگەر من خاوەن دەەسەڵات بومایە دەست بەجی ئەو مامۆستایەم دەردەكرد . لە ڕاستیشدا دەبوو هەر وابكرایەو بەڕێوەبەری قوتابخانەكش سزا بدرایا . دوای نوسینەكەم خەڵكانێكی زۆر وەڵامیان دابۆوە . یەكێك نوسیبوی كەواتە لێرە بەدواوە لە مزگەوتەكان یاری تۆپانێش بكری دەبێ ئاسایی بێت . ژمارەیەكی كەم پشتیوانیان لە بۆچونەكەی من كردبوو . بەڵام كارەسات لێرەدا ئەوەیە بە دەرزەن خەڵك دەست خۆشیان لەو مامۆستایە كردبووكە نوێژی جەماعەتی بە خوێندكارەكنی كردبوو . بە بۆچونی من مەترسیەگەورەكە لێرەدایەو ئەوانەی لە خەمی ئەم هەرێمەدان دەبێ توێژینەوەی زۆر ورد بكەن بۆ ئەوەی بزانن ئەم بۆچونە دواكەوتوانە لە كوێوە سەرچاوە دەگرن و كێ لە پشتی بەهێزكردنی ئەم بیرو بۆچونە ترسناكانەدان . كەسانی زۆریش هەبون كە كۆمێنتی زۆر ناشیرینیان بۆمن نوسیبوم هەرچەندە ئەوە بەلای منەوە هیچ بایەخیێكی نییەو كاتێك ئەوەم نوسیوە چاوەڕوانی ئەو كاردانەوەم كردوەو ئەوەش وام لێناكات چاو لە هەڵەو كەم و كورتییەكان بۆ هیچ كەس ولایەنێك بپۆشم چونكە ئەوە بە ئەركی نیشتمانی خۆم ئەزانم . ئەم بابەتە زۆری دەوێت لەسەری بنوسرێت و لێرەدا تەواو نابێت . من دەمەوێت چەند بابەتێكیتر لەسەر ئەم باسە بنوسم و هۆكاری ئەوتوندڕەویە ئایینیانەی هەرێمی كوردستان باس بكەم و ڕونی بكەمەوە كێ لە پشتی ئەم كارانەوەیەو بە وەكالەتی كێش ئەمە دەكرێت . لەكۆتایی باسكەمدا جارێكیتر ڕوی دەمم دەكەمە بەڕێز وەزیری پەروەردە كە پێم وایە دەبێ بەڕێزیان لە هەمومان باشتر لە ئەركی قوتابخانەكان شارەزاترەو دەبێ لە هەموشمان زیاتر خەمخۆر بێت لێی دەپرسم : ئایا بەڕێزیان ئاگاداری ئەو ڕوداوە هەیە ، ئایا هیچ هەنگاوێكی ناوە بۆ لێپرسینەوەو بەدوادا چون ، ئەگەر نەیزانیوە چ هۆكارێك لەپشتی ئەوەوەیە كە بێ ئاگابێت لە ڕوداوی ئاوا ترسناك كە لەناو قوتابخانەیەك ڕو بدات و كەس ئاگاداری نەكات . ئەگەر ئەگاردارە و هیچ كاردانەوەیەكی نەبوە بۆچی ؟. ئەگەر جەنابی وەزیر ئاگای لەو ڕوداوە بێت و بە هۆكاری ئەوەی لە زونی سەوز ڕویدابێت كەخۆمان دەزانین تا ئێستا دوو ئیدارەمان هەیەو ترسی ئەوەی هەبوبێت فەرمانەكەی جێ بەجێنەكری بێدەنگەی لێ كردبێ ، بە بۆچونی من حەق وایە بێتە دەنگ وئەركی خۆی بە پێی یاسا جێ بەجێ بكات و فەرمان دەركات بۆ لێكۆڵێنەوەو بەدواداچون . ئەوكات ئەگەر فەرمانەكەشی جێ بەجێ نەكرێت ئەوە جەنابیان بەرپرس نابن و بەرپرسیاریەتی دەچێتە سەر شانی بەرپرسان وئیدارەی ئەو زونە بەتایبەتی بەڕێوەبەری گشتی ئەو پاریزگایەی ڕوداكە تێیدا ڕویداوە .ئەگەر هەر كەسێك ئەم ڕوداوە بە ڕوداوێكی ئاسایی بزانێت ة ئەوە ڕێك لە گوێی گادا خەوتوە. خۆ ئەگەر ئەوە ڕوی نەدابێ و كەسێك بە ئارەزو ئەوەی بڵاو كردبێتەوە ، ئەوە ئەركی دەسەڵاتە لێكۆڵیتەوەو بەدواداچون بكات و گەورەترین سزای ئەو كەسە بدات چونكە ئەوەش دەچێە خانەی كارێكی تێكدەرانە .