ئیسلامی سیاسی و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان .

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-10-13     290

                            بەشی یەكەم

لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریەوە بۆ بۆ قۆناغی نوێژی بەجەماعەت لە قوتابخانەكان

ئەم زنجیرە نوسینە پەیوەندی هەیە بەو ڕوداوەی  كە لە تۆڕە كۆمەڵاتیەكانی فەیسبوك بڵاو بۆوە  كە مامۆستایەك لە یەكێك لەقوتابخانەكان نوێژی بەجەماعەت بە خوێندكارەكان دەكات بە هەمان شێوە لە قوتابخانەیەكی شاری موسڵیش هەمان شت دوو بارە بۆتەوە .  بەو هۆیەشەوە نامەیەكی كراوەم ئاراستەی زۆر بەڕێز  وەزیری پەروەردەكرد  بۆ ئەوەی ئاگادار بێت لەوەی كە ڕویداوە .   

لەم نوسینە كورتەدا ناكرێت بگەڕێینەوە بۆ باسكردن لە قوڵایی مێژوی ئیسلام ، بەڵام من دەمەوێت كەمێك باسی دەركەوتنی ئیسلامی سیاسی بكەم لە هەرێمی كوردستان و ئەوەی لە بیرەوەریەكانی خۆمدا هەیەو بە چاوی خۆم بینیومە . كاتێك یەكێتی نیشتمانی كوردستان شۆڕشی نوێێ دەەست پێكردەوە لە دژی  حكومەتی سەدام ، لە ساڵی 1983 هێزێكی چەكدار لە ژێر ناوی لەشكری ئیسلامی  لە لایەن دوو كەسایەتی كوردەوە دروست كرا . لە ماوەیەكی كورتدا ژمارەیان زۆر بوو ، چەكی زۆریان لە وڵاتی  لێبیا وەرگرت و لە ڕێگای ئێرانەوە دەیان هێنا بۆ ناو هەرێمی كوردستان و لەگوندی سەرگەڵو بارەگایان دانا . لە ڕاستیدا زۆر بە خێرایی  گەشەیان كردو بونە مەترسی لەسەر یەكێتی ، هەر لە هەمان ساڵدا یەكێتی هێرشی كردە سەریان و دەستی گرت بەسەر هەموو چەكەكانیان و كۆتایی پێ هێنان .  هەر لەساڵانی هەشتاكاندا بزوتنەوەی ئیسلامی وەكو هێزێكی چەكدار دەركەوتن و چالاكی پێشمەرگانەیان دەستپێكرد . لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی خەڵكی تێكۆشەری كورد لەساڵی 1991 زەمینەی زیاتر خۆش بوو بۆ گەشەی ئیسلامی سیاسی و دواجار هەموتان ئاگادارن چۆن لە ناوچەی هەڵەبجەو تەوێلەو خورماڵ هێزێكی چەكداری زۆریان لە خۆیان كۆكردەوەو هێواش هێواش دەستیان دەگرت بەسەر ئەو ناوچانەو شەڕی هێزەكانی یەكێتیان دەكرد . ئەمانە لە لایەن ئێڕان وحیزبی ئیسلامی وڵاتانانی ترەوە هاوكاری ئەكران . كار گەیشتە ئەوەی كە خەرێك بوو ئیمارەتی ئیسلامی لەو ناوچەیە دروست بكەن . كارەساتی  خیڵی حەمە  كە كۆمەڵێك پێشمەرگەی یەكێتیان شەهید كرد شاهیدی ڕوداوەكانە . لەڕاستیدا ئەمانە ببونە مەترسی گەورە بۆسەر یەكێتی چونكە لە لایەن دوژمنانی كوردەوە هاوكاری لۆجستی دەكران . دوای ئەوەی حكومەتی بەعس ڕوخاو هاوپەیمانان عێراقیان داگیر كرد بە هۆی موشەك باران كردنی ئەوان بۆسەر بارەگاكانیان لە شاخی سورێن ، یەكێتی توانی كۆتاییبان پی بهێنێت و ناوچەكە بخاتەوە ژێر دەەسڵاتی خۆیەوە . هەروەها ئەمانە شەڕیكی زۆر گەورەشیان لەناوچەی ڕانیەو قەڵادزە لەگەڵ هێزەكانی یەكێتی كرد . بە تێپەڕبونی ڕۆژگار بارودۆخەكە ئارام بۆوە و ئیسلامیەكان هێزی چەكداریان نەماوبەشێك لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابونەوەو حیزبێكیان بەناوی كۆمەڵی ئیسلامی دامەزراند بە ڕابەڕایەتی عەلی باپیر كە ئێستا نوێنەریان لە پەڕلەمانی هەرێم و بەغداش هەیە . لە ئێستادا بزوتنەوەی ئیسلامی زۆر لاواز بون و بون بە دوو بەشەوە . جگە لە كۆمەڵێ دادگاری و بزوتنەوە یەكگرتوی ئیسلامیش هەیە كە وەكوحیزب  لەهەموو حیزبە ئیسلامیەكانی تری هەرێم بەهێزترەو قاعیدەیەكی جەماوەری بەهێزیان هەیە  ئەمانە بەشێكن لە ڕێكخراوی ئیخوانی موسلمین و ئەوانیش ئەندامیان هەیە لە پەڕلەمانی هەریم و بەغداو چەندین جاریش بەشداریان پێ كراوە لە حكومەتی هەرێم بەڵام ڕوڵی گرنگیان نەبوەو بەشداری پێكردنەكەیان تەنها بۆ ڕأزیكردن و بێدەنگ كردنیان بووە . هەر چەندە سەلەفیەكان بە فەڕمی حیزبیان نییەو بەشداری هەڵبژاردن ناكەن ، بەلام خاوەنی جەماوەرێكی زۆرن . هەموشتان باش دەزانن كە كوڕی حەمەی شێخ عەبدوال كەریمی كرپچنەش خاوەنی جەماوەرێكی دەروێشی زۆرە . دوای هەموو ئەمانە ئەو موسوڵمانانە دێت كە پەیوەندیان بە هیچ حێزبێكی ئیسلامیەوە نییەو موسڵمانی ماڵی خۆیانن و لە ڕاستیدا ئەمانە موسوڵمانی سادەو ڕاستەقینەن چونكە ئەوان تەنها لەگەڵ خوای خۆیاندان . كەواتە ئەگەر هەموو ئیسلامیەكان بەیەكەوە هەژمار بكەین هێزێكن كە دەبێ حسابیان بۆبكرێت .  

 

هۆكارەكانی دروست بون و گەشەی پارت و گروپە ئیسلامیەكان

ڕوخانی ڕژێمی شای ئێران و دروستبونی جمهوری ئیسلامی ئێران ودروستبونی شەر لە ئەفغانستان بە ڕابەرایەتی ئوسامە بنلادن و دواجارسەركەوتنی تالیبان و پێك هێنانی حكومەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای شەریعەی ئیسلامی . كاریگەری جمهوری ئیسلامی ئێران لەسەر وڵاتانانی وەكو عێراق و سوریاو لوبنان و فەلەستین و یەمەن و هەندی وڵاتانی كەنداوی عەرەبیش ، جوڵانەوەی ئیسلامی  بەرەو قۆناغێكی زۆر باڵا برد .  جمهوری ئیسلامی ئێران كێشەی فەلەستێنی كردە بنەما بۆ بانگەشەی بەهێزكردنی بیرو بۆچونی ئیسلامی و بەو هۆیەوە توانی سەرنجی ئەووڵاتانە بۆلای خۆی ڕاكێشت و كاریگەری زۆر دانێت لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانەوەوبیانكاتە دۆست و هاوپەیمانی خۆی دژی ئیسڕائیل و كۆی بەرژەوەندیە كانی ئەمەریكا لەناوچەكەدا . جمهوری ئیسلامی ئێران هەوڵەكانی  بۆ دۆستایەتی لەگەڵ ئەووڵاتانە هەر لە سنووری پەیوەندی سیاسی و دۆستایەتی و بانگەشە دژی ئیسڕائیل و ئەمەریكا نەمایەوە ، بەڵكو بەردەوام لە هەوڵی پڕچەك كردنی خۆی و هاوكاری ئەو وڵاتانە دابووە وەكو حیزبوڵڵای لوبنانی و حەماس و حوسیەكان لە  یەمەن و سوریا .  لە دوای شەڕی 7ی ئۆكتۆبەرە وە دەركەوت كە ئێران چۆن هەموو ئەوانەی بە موشەك و تفاقی جەنگی جۆراو جۆر پڕ چەك كردووە . ئێران خاوەنی ژێرخانێكی بەهێزی چەك و جبە خانە بوەو دواجار تواناكانی  لەشەڕی 12 ڕۆژەی نێوان خۆیی و ئیسڕائیل دەركەوت و موشەكەكانی بونە جێی مەترسی بۆ سەر ئیسڕائیل . وەكو باس دەكرێت ئێستا ئێسڕائیل ترسی زیاتری هەیە وەكو لەپێشتر چونكە ئێران بۆتەخاوەنی موشەكی درێژمەوداترو كاریگەرتر . لە هەمانكاتێشدا  توركیاو قەتەریش كە هاوپەیمانن و توركیا لە ڕوی سەربازی و قەتەریش لەڕوی داراییەوە ، كاریگەری زۆریان لەسەر كۆی ڕوداوەكانی ناوچەكە هەیە بە هەرێمی كوردستانیشەوە . بەڵام  ناكۆكییە درێژخایەنەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و دژایەتیكردنی بەردەوامی یەكتری و لەغیابی نەبونی یەكێتییەكی نیشتمانی ڕاستەقینە كە خەمی ئایندەی كوردی هەبێت  ، حیزبە ئیسلامیەكان وڕەوتە  ئیسلامیەكانیترگەشەی بەردەوامیان كردوە تا كار گەیشتۆتە ئەوەی بونە مەترسی گەورە لەسەر ئایندی هەرێمەكە .  . ئێستا كۆی هەموو ئەووڵاتانەی پێشتریش ناوم هێناون لە لایەك و ئەمەریكاو ئیسڕائیلیش لە لایەكی تر ، لە هەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەكانیاندان و  خەریكی ململانێن  لە ناوخۆیاندا بۆ بەدەست هێمانی زۆرترین دەسكەوت وبەرژەوەندی . هەموو ئەو لایەنانەش بۆبەدەست هێنانی بەرژەوەندییە كانیان ، هەوڵ ئەدەن  زۆرترین دۆست و هاوپەیمان لەناوچەكە بۆخۆیان پەیدا بكەن بۆ ئەوەی سودیان لێ ببینن لەكاتی پێویستدا. چاوەڕوانی بەشی دووەم بكەن كە درێژەی باسەكەیە  

 

    

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×