بەشی دووەم
لە قۆناغی خەباتی ڕزگارییەوە بۆ قۆناغی نوێژی بەجەماعەت لە قوتابخانەكان و فرۆشتنی شوێنی بەرماڵ لەناو مزگەوتەكان .
لەبەشی یەكەمی ئەم باسەمدا زۆر بەكورتی و بە شێوەیەكی ڕاگوزەرو باسی گەشەی بیری ئیسلامی وئیسلامی سیاسیم تەنها بۆ وەبیر هێنانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەندێك لە وڵاتانی ئیسلامی دوورە دەستی وەكو ئەفغانستان كرد . گومانی تێدا نییە ئەو گەشەی بیری ئیسلامی و دروستبونی ئیسلامی سیاسی هەرێمی كوردستانیش بەشێكی دانەبڕواوی ئەوانن ، چونكە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە چەقی ململانێكانەوە و زۆرینەی میللەتی كوردیش ئیسلامن . بەڵام لێرەدا جیاوازی زۆر گەورە لە نێوان وڵاتانی تری ئیسلامی و میللەتی كورد بە كشتی لە هەر چوار پارچەی كوردستان و هەرێمی كوردستانی عێراق بە تایبەتی هەیە كە جێی خۆیەتی لێرە هەندێك قسەی لەسەر بكەین.
1-هەموو ئەو وڵاتانەی لە ڕێگای بەكارهێنانی ئیسلام وەكو ئایدولۆجیەت بۆ ئەوەیە كە بگەن بە بەرژەوەندییەكانیان . ئێران وڵاتێكی زلهێزی ناوچەكەیە ، دژی ئەمەریكاو ئیسرائیلە ، بەڵام لە ڕوی سەربازیەوە زۆر لەئەوان لاوازترەو توانای كێبڕكێی ئەوانی نیە . بۆ ئەوەی بەردەوامبێت لە دژایەتیكردنیان هاتوە لە ڕێگای ئایدۆلۆجیای ئیسلامیەوە ڕوبەڕویان بۆتەوە . واتە لێرەدا ئیسلام وەكو چەكێكی بەهێز دژی نەیارەكانی بەكار دێنێت و زەمینەش خۆشە بۆ ئەوەی بتوانێت وەكو كارەكتەرێكی بەهێزلە ناوچەكە دەركەوێت و حسابی بۆ بكرێت .
جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی سەركەوتو بێت لە جێ بەجێ كردنی بەرنامەكەیدا هاتوە لە ڕێگای ئیسلامەوە پەیەندی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دروستكردوەو خۆی كردۆتەخاوەنی كێشەی فەلەستین كە گەورەترین كێشەی عەرەبە لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمەریكاو تا بڵێی هەستیارە . ئێران هاتوە لەم دەرگایەوە چۆتە ناو دڵی وڵاتانی عەرەبییەوەوخۆی كردوە بە نوێنەری ئەوان .
2- ئەگەر ئێران بیتوانیایە سەركەوتوبێت و زەبری كوشندە لە ئیسرائیل بوەشینێت و ناچاری بكات مل بۆ داواكانی فەلەستینیەكان بدات ، دەبوو بە خاوەنی دوو دەسكەوت یەكەم : وەكو وڵاتێكی زل هێز حساب بۆ كراو لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهان حسابی بۆ دەكرا . كەواتە لێرەدا ئێران دەیتوانی لەڕێگای ئایدۆلۆجیەتی ئیسلامیەوە ببێتەخاوەن دەسەكەوتو پێگەی گەورە . دووەم: ئەو وڵاتانەی ئێرانیش هاوكاری دەكردن دەبونە خاوەنی دەەسكەوتی خۆیان وحسابیان بۆ دەكراو تا ڕادەیەكیش لە ژێردەستەیی وهەڕەشەی بەردەوام ڕزگاریان دەبوو لە هەمان كاتێشدا دەبونە دۆست وهاوكری ئێران . كەواتە بەرنامەكەی ئێران بۆ ئەوە بووە بە دەسكەوتە سیاسەكانی خۆی بگات لە ڕێگای ئایدولۆجیەتی ئیسلامیەوەو بە هاوكاری وڵاتانی ئیسلامی تر . ئەو وڵاتانەش كە هاوكاری ئێران بون تا ڕوداوی 7ی ئۆكتۆبەر وەكو سوریاو لوبنان و فەلەستین و یەمەن وعێراق ، ئەگەر بارودۆخەكە لەبەرژەندی ئێراندابوایەو ئێران سەركەوتو بوایە لە جەنگی دژ بە ئەمەریكاو ئێسڕائیل ، ئەوە بە مەرامەكانی خۆیان دەگەیشتن لە لایەك و دەبونە خاوەنی پشتیوانی دەوڵەتێكی بەهێزی وەكو ئێران . كەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو هاوكێشە گرنگە كە هەردوو لایەنەیەكە ، واتە ئێران لە لایەك ووڵاتانی عەرەبی لە لایەكیتر هەر یەكەیان كە هاوكاری ئەویتری كردوە ، بە پلەی یەكەم بۆ بەرژەوەندی خۆی كردویەتی و هەردو لایەن تەواوكەری یەكتری بون . ئەوانەی ئێران پەیوەندی پێانەوە هەبوە فەلەستینی لێ دەرچێت هەمویان خاوەن دەوڵەت و خاوەن سەروەری خۆیان بون و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ یەكتری لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بووە . وڵاتێكی گەورەی وەكو ئێران نەهاتوە لە ڕێی خوادا ئەو هەمو پارەیەی خۆی لەو وڵاتانە خەرج بكات ، بەڵكو بۆ ئەوە بووە ببێتە وڵاتێكی بەهێزو خاوەن پێكەو بتوانێت ڕوبەروی سیاسەتەكانی ئەمەریكا ببێتەوە لە ناوچەكەدا . لە ڕاستیشدا ئێران تا پێش ڕوداوی 7ی ئۆكتۆبەر ڕوڵی گرینگی هەبوە لەناوچەكەو تا ئاستێكی زۆریش توانیبوی دژی بەرژەوەندیەكانی ئیسڕائیل و ئەمەریكا بوەستێتەوە . بۆ نمونە ئەوەندە كاریگەری هەبوە لەسەر لوبنان لە ڕێگای حیزبوڵلای لوبنانیەوە ، دوای ئەوەی كە ئێسرأئیل بوو بە هێزێكی باڵا دەست لە ناوچەكە ، داوای چەك داماڵینی هەموو گروپە چەكدارەكانی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی كردۆتە مەرجی وەستاندنی شەڕ . ئیسڕائیل لە ئێستادا بە هاوكاری ئەمەریكا لە جەنگەكەدا سەركەوتوەو هەلێكی باشی بۆ ڕەخساوەو بە ئاشكرا ئەڵێت : ئێمە هەموو ڕۆژی شەڕ ناكەین وئەم جەنگە كۆتایی پێ ناهێنین تامەترسی هێرشی وڵاتانی دراوسێمان كۆتایی پی نەهێنێن . بە ئاشكرا دەلین ئەگەر حیزبوڵڵا چەك دانەنێت ئێمە شەڕ ڕاناگرین بەرامبەر بە لوبنان ، بەڵام تا ئێستا حیزبوڵڵا ئامادە نییە چەكدانێت سەرەڕای ئەوەی سوپای لوبنان لەهەوڵدان چونكە حیزبوڵلا بە شێوەیەكی ڕادە لەبەر لە لایەن ئێرانەوە پڕ چەك كراون و ئاسان نییە بەزۆر چەكیان پێ دانرێت. بە هەمان شێوە وڵاتێكی فەقیری وەكو یەمەن چونكە بە ئایدولۆجیەتی ئیسلامی گۆشكراوحوسیەكان كە مەزهەبی شیعەیان هەیەو لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێراندان و بە فەرمانی ئەوان دەجوڵێنەوە و دەچەنگن دژی ئیسڕائیل و ئەمەریكا و تا ئێستا لە هێرشكردن بە موشەك بۆ سەر ئیسڕائیل بەردەوامن و ئامادە نین شەر بوەستێنن ، لەكاتێكدا خۆیان باش دەزانن كە هیچیان پێ ناكرێت بەرامبەر بەئیسڕائیل ، بەلام ئەوانە كاریگەری ئێرانیان لەسەرەوە و بە وەكالەت شەر لە بری ئەوان دەكەن چونكە كەوتونەژێر ئایدۆلۆجیەتی ئیسلامی وشیعەگەرایی . عێراقیش كەلە بەرەی ئێراندایەو حەشدی شەعبی كە هێزێكی چەكداری زۆرن ، ئەوەندەی پابەندن بەفەرمانەكانی ئێرانەوە ، ئەوەندە پابەندنین بەفەرمانی سوپای عێڕاقەوەو ئەوانیش خراونەتە لیستی ڕەشی ئیسڕائیل و ئەمەریكاو بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدان و زوربەی سەركردەكای حەشدی شەعبی خۆیان شاردۆتەوە . كەواتە دوای ڕوداوی 7ی ئۆكتۆبەرو تێشكانی دۆست و هاوپەیمانەكانی ئێران لەناوچەكە بەرامبەر بە ئیسڕائیل ، هێشتا بەرەی موقاوەمە ی سەر بە ئێران لە جوڵەدان و كۆتاییان پێ نەهاتوەو هەڕەشە دەكەن . باشە هۆكاری مانەوەی ئەو وڵاتانە لە بەرەی ئێرانیدا چییە بۆچی دەگەڕیتەوە ؟. ئەوانە هەمویان دەوڵەتی سەربەخۆن و بەرژەوەندیان بە یەكەوە هەیەو هاوكاری و پشتیوانیان بۆ یەكتری سەرچاوەكەی بەرژەوەندی هاوبەشە وهۆكاری مانەوەی ئەو پەیوەندیە لە ڕێگای ئایدۆلۆجیەتی ئیسلامیەوە دروست بووە . كەواتە لەم سەردەمەدا ئیسلام لە دیدێكی ڕوحانیەوە بۆتە دێدێكی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی نەتەوەیی و سیاسی گەورە . توركیاش كە وڵاتێكی زلهێزی گەورەی ناوچەكەیە لەڕوی سەربازی و دارایی و هەروەها قەتەر كەوڵاتێكی زۆر بچوكە بە قەبارە ، بەلام زۆر گەورە یە لە ڕوی داراییەوەو بیدەنگ نین و هەر یەكەیان ڕوڵی خۆی هەیە و حسابیان بۆ دەكرێت لەسەر ئاستی ناوچەكەو نێودوڵەتی . بەڵام ئەوان جیاوازیان لەگەڵ ئێران ئەوەیە كە ڕاستەو خۆ بەشدار نین لە شەڕەكاندا .لەلایەكی ترەوە ئەوان خۆیان ساغ نەكردۆتەوە لەسەر ئەوەی تەنها سەر بەرەیەك بن و هەم ڕوڵی ناوبژیوان دەبینن و هەم ڕۆلی خۆ بەهێزكردن لەسەر حسابی ئەوانیتر . توركیا هەرگیز ناتوانێت و نایەوێت بەجارێك بچێتە بەرەی شەڕەوە لەگەڵ ئیسڕائیل هەر چەندە بە ڕواڵەت پشتێوانی لەكێشەی فەلسەتین دەكات كە ئەوە بە مانای دژایەتی ئەمەریكاو ئیسڕائیل دیـت. توركیا ناتوانێت لە فەلەكی ئەمەریكا بچێتە دەرەوە ، هەرچەندە بەڕواڵەت لە هەندێ بواردا دژی ئەمەریكایە . كەواتە قەتەرو توركیاووڵاتانی خلیج ، لە لایەك هاوخەمی فەلەستیین و لەلایەكی تریشەوە لە ئەمەریكاوە نزیكن چونكە پێویستیان بە ئەمەریكا هەیە .واتە ئەوان سیساسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دەكەن واتە نە شیش بسوتێ و نەكەباب . ئەوان بە جارێك هەموو هێلكەكان ناخەنە سەیەتەیەكەوە و لە كوردەواری خۆماندا وتەیەكی جوان هەیە كە پڕاو پڕی خۆیەتی بۆ ئەم جۆرە سیاسەتەی هەندێك لەوڵاتان بەكار بهێنرێت كە دەلێت : فڵانە كەس وەكو كەری ناوجۆگا وایە لە هەردوو لای جۆگاكە دەخوات.هەموتان دەزانن كە توركیا وڵاتێكی زر بەهێزە لە ڕوی سەربازیەوە ، یەكێكە لەئەندامەكانی ناتۆ . بەلام كاتێك ئەمەریكا هەموو داواكانی توركیاجێ بەجێ ناكات ، بۆترساندنی ئەمریكا ، رودەكاتە ڕوسیا كە نەیاری ئەمەریكایە . چەند ساڵێك لەمەوبەر گرێبەستێكی لەگەڵ ڕوسیا مۆر كردو موشەكی ئێس 400 ڕوسی دژە فڕۆكەی لێ كرێ كە ئەوە ئەمەریكای زۆر نیگەران كرد . بەڵام ئەوە بۆ ترساندنی ئەمەریكا بوو . ئەوە هێمایەكو هوشدارییەك بوو بۆ ئەمەریكاو پێێ دەڵێت : ئەگەر داواكانم جێ بەجێ نەكەی منیش ڕێگای تر دەگرمە بەر . بەڵام ئەمانە نابن بە هۆی ئەوەی توركیاو ئەمەریكا دەست بەرداری یەكتری ببن چونكە توركیا كەوتۆتە ناوچەیەكی ستراتیجی زۆر گرنگەوەو گرینگی زۆری هەیە بۆ ئەمەریكا خۆی حیلفی ئەتڵەسیش بەگشتی و هەردوك لایان پێویستیان بە یەكتری هەیە . كەواتە سیاسەت ڕێگایەكە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان و سیاسەت كردنیش زانستەو بە هەمووكەسێك ناكرێت . زۆر جار لایەنێكی شەڕكەر لە شەردا سەركەوتو دەبێت ، بەلام لەسەر مێزی گفتوگۆ زۆر بە ئاسانی دەدۆرێت . ئەوە ڕێك بەسەر میللەتی كوردی ئێمەدا جێ بەجێ دەكرێت و دەڵێن كورد لەشەڕدا هەمیشە براوەیە ، بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ هەمیشە دۆڕاوە تكایە چاوەڕوانی بەشی سێیم بكەن چونكە هەموو بەەشەكان تەواكەری یەكترین .