دابەشكردنی زەوی وەك تاوان و خیانەتی نیشتمانی

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-10-30     194

موژدە خۆشەكە  

موژدەیەكی خۆش لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ فەرمان بەران و هێزی پێشمەرگە بە بۆنەی دابەشكردنی زەوی بە سەریاندا . بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییان لێ ئەكەین .

 

پێشەكی

ئەم حكومەتەی ئێستای هەرێمی كوردستان 32 ساڵە پێك هێنراوە . گەورەترین هاوكاری كراوە لەلایەن هاوپەیمانەوە . هەرێمی كوردستان خاوەنی سامانێكی زۆری سەر زەوی و ژێر زەوییە  لە نەوت و غاز . ئەگەر ئەو سامانە بەدەست كەسانێكی بەرپرسی نیشتمان پەروەرەوە بوایە دەتوانرا ژێرخانێكی ئابوری ئەوەندە بەهێزی پێ دروست بكرێت كە هەرگیز پێویستت بوە نەدەبوو بچیتەوە بەردەرگای عەرەب لە بەغدأ . بەرپرسانی یەكێتی و پارتی بە جوتە هەرچی سامانی ئەم وڵاتە هەیە داگیریان كردو تاڵانیان كرد . هەرچی غازو نەوت هەیە خستیانە ژێر دەستی كۆمپانیا بیانیەكان و ژێر بەژێر بونە شەریكیان بۆ خۆیان و ڕیژەیەكی زۆر كەمی داهات  بۆ حكومەت دەمایەوە . دواجار حكومەت نەیتوانی موچە بدات و 30 ملیار دۆلاریشیان قەرز خستە سەر شانی خەخۆشیان  بە چۆكدا هاتن و گەرانەوە بۆ ماڵی باوانیان لە بەغدا . بە ڕیفراندۆم نیوەی زیاتری خاكی كوردستان لە دەست درا . دوایی لە پێناوی دەسكەوتی خۆیاندا هەرچی زەوی بەنرخی شارەكان هەیە بە خۆرأیی درا بە بریكارەكانی خۆیان و كران بە شوقەو بە نرخێكی گران فرۆشران . لە هەموی خرابتر ڕێگا درا عەرەبەكانیش شوقە بكڕن و ئەوەتا خەریكە لە خشكەوە شارەكانی هەرێمیش وەكو كەركوك و خانەقین  تەعریب بكرێن .

 

خاك وەك ناسنامەی میللەتێك

گەورەترین و سەرەكی ترین ناسنامەی هەموو میللەتێك ئەوخاكەیە كە لە سەری دەژی وتێیدا لە دایك بوەو چاوی تێدا هەڵ هێناوەو یەكەم وشەی زمانەكەی تێدا فێربوبێت  . كەواتە ئەو خاكەی تێیدا لە دایك بوین نیشتمانمانە  بە هەموو ئەوەی تێیدایەتی . بۆیە نیشتمان دایكمانەو لە پێناوی مانەوەی خۆماندا دەبێ وەك بیلبیلەی چاومان بیپارێزین . هەر میللەتێك خاوەنی خاكی خۆی نەبێت ، نابێتە نەتەوەیەكی جیاواز چونكە گەورەترین ناسنامە بۆ هەبونی گەلێك دوای خاك زمان دێت . كەواتە ئەگەر هەر میللەتێك خاوەنی خاكی خۆی نەبێت ، ناشتوانێیت ببێتە خاوەنی زمانێكی یەكگرتو . ئەگەرچی دوای جەنگی جیهانی دووەم  كوردستانی گەورە بەسەر چوار دەوڵەتی وەكو توركیاو ئێران و عێراق و سوریادا  بەشكران و بەدرێژایی ئەو كاتە تا ئێستا ئەو دوڵەتانە دەیانەوێت ناسنامەی كوردبون لە كورد بسێننەوە و بە هەموو شێوەیەك  هەوڵی لەناوبردنی كوردیان داوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی كورد بەدرێژایی مێژو لەسەر خاكی باوك و باپیرانی خۆی ژیاوەو میوان نەبوەو ڕەگی قوڵی هەبوە لە نیشتمانی خۆیدا ، تا ئێستا دوژمنانی كورد نەیان توانیوە كورد لەناوبەرن و كوردان  توانیویانە پارێزگاری لە ناسنامەو هەبونی خۆیان بكەن وهەبونی خۆیان سەلماندووە .  هەموو ئەوپیرۆزی و دەسكەوتانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی كورد خاوەنی خاكی خۆیەتی . كەواتە خاكەكەی ناسنامەكەیەتی و ئەركی هەمومانە هەر یەكەمان خۆمان بكەینە قوربانی ئەم نیشتمانە .

 

ئایا حكومەتی هەرێم بەوەفا بووە بۆ نیشتمانەكەی؟.

جگە لەوەی كە خاك ناسنامەی هەموو میللەتێكە وئەركمانە كە بیپارێزین ، لە لایەكی ترەوە سەرچاوەی ژیانی هاوڵاتیانە  لە ڕوی كشتوكاڵ و ئاوو بەخێوكردنی ئاژەڵ و سود ورگرتن لە سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی بۆ كاری پیشەسازی . هەر وڵاتێك بەرهەمەكانی ناوخۆی بەشی نەكات دەبێ پەنا بەرێتە بەروڵاتانی ترو ئەو كاتە وەكو وڵاتێكی لاوازو كەم تواناو بێ بەها سەیر دەكرێت و هەمیشە دەبێتە ژێردەستەو پاشكۆی وڵاتانی تر . . ئەگەر سەرنج بدەن زۆرینەی هەرەزۆری پێداویستی هەرێمی كوردستان لە ئێران و تركیاوە هاوردە دەكرێن . ئەو دوو وڵاتە بەشێك لە كوردیان تێدایەو بە هەبونی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵ نین . بۆیە ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو دوو وڵاتە بیانەوێت گەمارۆ بخەنە سەرمان ، توشی كێشەی گەورە دەبێن چونكە ناتوانین پێداویستی خۆمان لە هەرێمی كوردستان دابێن بكەین .  ئەگەر ئێمە خاوەنی حكومەتێكی دڵسۆزی نیشتمانی بوینایەو بیریان لە دواڕۆژی ئەم هەرێمە بكردبایەوەو هەوڵی دامەزراندنی ژێرخانێكی ئابوری باشیان بدایە  لە ڕوی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕو ماڵات سود وەرگرتن لە سامانی ژێرزەوی بۆ بەرژەوەندی گشتی ، ئێستا ئێمە دەمانتوانی لە سەدا حەفتای پێداویستی خۆمان لەم هەرێمەدا بۆخۆمان فەراهەم بكەین . ئێمە خاوەنی زەوی زۆر بە پیت و بەرەكەتین ، زۆر شوێنی گونجاومان هەیە كە دەكرێ  بەنداویان تێدا دروست بكرێت و ئاوی پێویستیان تێدا كۆبكرێتەوە بۆ كشتوكأل و پێداویستی .

بەڵام حكومەتی هەرێم ئەوەی بیری لێ نەكردۆتەوە گرینگی دانە بە كشتوكاڵ و ئاودێری و بەخێوكردنی مەڕوماڵات كە ئەمانە  زۆر گرنگن و كۆڵەكەی سەرەكی هەر وڵاتێكن . ئەگەر حكومەتێكی نیشتمانی هەبێت و لە خەمی گەل و نیشمانەكەیدا بێت ، دەبێ ماستەر پلاتنێكی زۆر باشی هەبێت بۆ پارێزگاریكردن لەو زەویانەی بەكەڵكی كشتوكال و ئاودێری دین چونكە ئەو زەویانە سەرچاوەی بژێوی خەڵكن و گەرەنتی مانەوەی  هەرێمن و كە لەدەستمان دان  جارێكلی تر دروست  نابنەوە  .  بەڵام ئەگەر سەرنج بدەن هەرچی زەوی كشتوكاڵی باش هەیە لە هەموو شارەكانی كوردستان  لە لایەن بەرپرسانەوە بەتالان دەدرین بە سەرمایەدارو وەكیلەكانی خۆیان و دەیكەن بە شوقەو پڕۆژەو گیرفانی خۆیانی پێ پڕ دەكەن . دەبینن كە ئەمساڵ وشكە ساڵی بووە لەبەر نەبونی بەنداو  هیچ كشتوكاڵێك نەكراوە. ئەو سەرچاوانەی  ئاوی هەرێم كە لە ئێران و توركیاوە دێنە ناو هەرێم ، بەنداویان لەسەر دروست كراوەو وشك كراون و خۆشمان خاوەنی هیچ بەنداوێك نین ئاویان تێدا گل بكەینەوە . تەنها بەنداوی دوكان و دەربەندی خان هەن كە ئەوانیش سودیان بۆ هەرێم نییەو كاتی خۆشی حكومەتی عێراقی بۆیە دروستی كردون كە ئاوەكەیان ببات بۆ دەرەوەی هەرێم .

 

ئێستا با باسی موژدە خۆشەكەی حكومەت بكەین بۆ فەرمان بەران و پێشمەرگە .

لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێم فاشیل و سەرنەكەوتو بووە لە ئیدارەدانی هەرێم و بەرپرسانی باڵای حكومەت كە پارتی بە پلەی یەكەم و یەكێتی بە پلەی دووەم هەر خەریكی تاڵانكردنی سامان و داهاتی هەرێم بون بۆ گیرفانی خۆیان ، نەیان  توانیویانە خزمەت گوزارییەكی ئەوتو دابین بكەن كە شایانی باس بێت. چەندین موچەیان بە لێبڕینەوە داوە . چەندین موچەیان بەنێوە موچە داوە ، چەندین موچەیان دووا خستوە ، چەندین موچەیان هەر نەداوەو حەپلوشیان كردوە ، لە كاتی خۆیدا عەلاوەو تەرفیع بەكەس نەدراوە . ئەو پارەیەی بۆ خانە نشینی لە فەرمان بەران بڕاوە لە بری ئەوەی لە سندوقێكی تایبەتدا كۆبكرێتەوەو بخرێتە كارەوە ، ئەوەشیان خواردووە . كەواتە ئەم حكومەتە هەرچی سامانی ئەم نیشتمانەیە تاڵانی كردوەو ئیفلاسی بە خەڵك كردوەو هیچی نەماوەو چاوەڕوانی بەغدا دەكەن بۆ موچە ، ئەوانیش سوكایەتی بە كورد دەكەن .  ئەم حكومەتە  فاشیلە تاڵان چییە بۆ ڕازیكردنی هێزی پێشمەرگەو فەرمان بەران  دەستیان كردووە بە دابەشكردنی پارچە زوی بەسەریاندا بۆ نیشتەجێبون . ئەو زەویەی كە ناسنامەی بونمانە ، ئەو زەویانەی سەرچاوەی ژیان و مانەوەمانە ، ئەو زەویانەی كە تا ئێستا ئێمەیان لە دەستی دوژمنان پاراستوە . حكومەتێك سەرەڕای بونی ئەو هەموو سامانەی كە هەمان بوەو تاڵانیان كردوەو موچەی موچەخۆرانیان نەداوە ، لە بری ئەوەبێت خاكەكیان بەسەردا بەش بكات ، دەبێ چ دوژمنێك لە ئەمانە خرابیتر بێت .  حكومەتێك  تالانكردن و دابەشكردنی خاكەكەی بكات موژدانە ، هەر بۆ ئەوە باشە هەموو كاربەدەستانی بخەنە زبڵ خانەوە . حكومەتێك هەوڵی سڕینەوی ناسنامەی بونی میللەت و نیشتمانەكەی  بدات و لە ناوی بەرێت كە خاكەكەیەتی ، دەبێ شایانی چی بێت ؟.  لە كوێی دنیادا هەیە حكومەتێك هەبێت كە سامانی وڵاتەكەی تاڵان بكات و لە بری موچە زەوی بدات بە موچە خۆران و سوپاكەی . باشە ئەگەر هەموو فەرمانبەرێك و ئەندامێكی سوپا زەوی پێ بدرێت ، ئەی چی دەمێنێتەوە بۆ بەكارهێنانی بۆ مەبەستیتر .  سەیركەن  كاتێك موچەی موچە  خۆران دوا دەكەوێت  بۆڵە بوڵ و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە حكومەت . ئەوانیش لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا ئەمە دەكەنە دەسكەوت بۆخۆیان و   ئەم  دەست بڕو تاڵانچیانە موژدەی دابەشكردنی زەوی دەدەن بە گوێی خەڵكدا بۆ دوو مەبەست . یەكەم : بۆ ئەوەی بێدەنگیان بكەن و باسی موچەیان لە بیر بەرنەوە . دووەم : بۆ ئەوەی بیان گەوجێنن و وایان لێ بكەن دەنگیان بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بەردەوامبن  لە حوكمڕانی تاڵانكردنی سامانی ئەم نیشتامنە . دەبێ ئێمە هەمومان لە بری ئەوەی  دابەشكردنی زەوی بە دەسكەت و موژدە بزانین ، دەبێ بە تاوانی نیشتمانی بزانین ، دەبێ بە خیانەتی بزانین ، دەبێ ئەوە بە دوژمنایەتی نیشتمانەكەمانی بزانین . ئەوەتا ئەوەی چەندین ساڵە دوژمنان بەرامبەرمان دەكەن و بەردەوام خەرێكی داگیركردنی خاكەكەمانن بۆئەوەی ناسنامەی كورد بونمان لێ وەرگرنەوە ، ئێستا دەسەڵاتدارانی تاڵانچی هەرێم خۆیان لە بری دوژمنان ئەنجامی ئەدەن . نابێ زەوی بكرێت  بە پاداشتی موچەو دواكەوتنی موچەی موچە خۆران .  ئەوەی ماوەتەوە لە كۆتاییدا بە تۆی خۆشەویستی بڵێم ئەمەیە : بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر هێزی پێشمەرگەو فەرمان بەراندا فەرمانێكی دوژمن كارانەیە بەرامبەر بەم نیشتمانە . ئەو بڕیارە یەكێكە لە هەرە بریارە خراپەكان و دەچێتە خانەی تاوان و خیانەتی نیشتمانیەوە . بۆیە لێرە ڕودەكەمە هەموو ئەوانەی كە زەوییان وەرگرتوە ، ئەگەر لە بەرخاتری ئەوەی زەویان وەرگرتوە دەنگ بەهەر لایەنێكی دەەسڵات بدەن ئەوە ئەوپەڕی خیانەت و تاوان و شەرمەزاری و بێ ئابڕویی و سوكایەتی كردنە بە خۆی دوای ئەوە بە گەلەكەی . هیوادارم خەڵك هوشیاربێت و خۆی نەفرۆشێت و ئازابێت و بڵێت : من لەبری حەقی خۆم نامەوێت زەوی وەرگرم و دواجار بێ نیشتمان بمێنمەوە . خۆشتان باش دەزانن نیوەی زیاتری ئەوانەی زەویان پێ دەدرێت ، بەهاكەی بەقەدەر دوو موچەی خۆتان نییە كە حكومەت لێی دزیون  .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×