بەشی پێنجەم - لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریەوە بۆ نوێژی جەماعەت لەقوتابخانەكان و فرۆشتنی شوێنی بەرماڵ لە مزگەوتەكان
لە بەشی یەكەمی ئەم زنجیرە نوسینەدا زۆرشتم باسكردووە لەسەر ئایینی ئیسلام ئەگەر خوێنەری بەڕێزو ئازیز بەشەكانی تری خوێندبێتەوە . من لەم بەشەدا تێشك ئەخەمە سەر بیرو بۆچونی دەسەڵاتدارانی وڵاتانانی ئیسلامی كە لەم دوایەدا ڕویان داوە . سەرەتا با لە ڕۆژی جومعەوە دەست پێ بكەم . وڵاتی توركیا كە خۆی بە میراتگری ئایینی ئیسلام دەزانێت ، ڕۆژی جومعە لەو وڵاتە بە فەڕمی پشو نییە . هەروەها لە وڵاتانی وەكو تونس و كازاخستان و ئازربیجانیش ڕۆژی هەینی پشوی فەڕمی نییە ، بۆچی ؟. ئەوانە وڵاتی گەشت و گوزارین و خەڵكی زۆری ئەروپا ڕویان تێ دەكەن . لە ڕوی ئابوریەوە گونجاو نابێت ڕۆژی هەینی پشوبێـت . دەربارەی ڕۆژوی ڕەمەزان چەند مانگێك لەمەوبەر قسەو باسێك دروستبوو ، شازادەی سعودیە كە ماڵی خواو قەبری پێغەمەری لێێە ، واتە قیبلەی موسوڵمانانە ، لێدوانێكی دا كە دەیانەوێت سەعاتەكانی بەرۆژوبون كەم بكەنەوە و خەڵك بۆی هەبێت دوای نوێژی عەسر ڕۆژو بشكینێت . وڵاتی مەغریب پێشناری ئەوەی كرد ڕۆژو بكرێتە ئیختیاری و كێ ئەیگرێت بیگرێت و كێش ناگرێت ئازادە . زوربەی وڵاتانی خلیجیش لەگەڵ گۆڕانكاریەكانن . ئێستا لە وڵاتی سعودیە ئافرەت بە ئازادی دەتوانێت مۆڵەتی شۆفێری دەرێنێت كە پێشتر قەدەغە بوو . چیتر لە وڵاتی سعودیە سەرپۆش كردن بۆ ئافرەت ئیجباری نییەو ئازادە . خواردنەوەی جۆرێك لە بیرە ڕێگە پێدراوە . ئەمە سەرەتایە بۆ ئازاد بونی خواردنەوەی مەشروبات بەتەواوی . شازادەی سعودیە بڕیاری داوە شارێكی سیاحی زۆر جوان و پێشكەوت و دروست بكات لەسەر شێوازی شارەكانی ئەوروپاو هەمووشتێكی بۆ كات بەسەر بردن تێدابـێت . شازادە بە ئاشكرا دەڵێت : ئەگەر ئێمەش گۆڕانكاری نەكەین ، لە گەڵ پێشكەوتنەكانی ئەمڕوی جیهان یەك ناگرینەوەو دوا ئەكەوین . ئەو باش بیری كردۆتەوە ، كاتێك سعودیە خاوەنی دەوڵەت بووەو باری ئابوری هەم بەهۆی نەوت و هەم بەهۆی دەسكەوتی فەڕیزەی حەج و عەمرەوە زۆر بووە ، شوێنی ئێستای وڵاتانی خلییج هەر لم بووەو خەڵكی ئەوێ بۆ كرێكاری چونەتە وڵاتی كوەیت . ئێستا سەیر دەكات وڵاتانی خلیچ لە كوێن و سعودیە لە كوێ . لە هەموی سەیرتر كاتێك شازادەی سعودیە ئەم لێدوانانەی ئەدا ، ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستان تۆمەت باریان دەكرد بەلادەر لە ڕێڕەوی ئایینی ئیسلام و پیاوی ئیسڕائیل . كەواتە ئیسلامیە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان خۆیان بە دڵسۆزترو لە پێشتر دەزانن بۆ بەرگریكردن لە ئیسلام . سەردەمانێك كە نەوال سەعداوی میسری كتێبی دەنوسی و قسەی لەسەر ئایینی ئیسلام دەكرد ، تۆمەت باریان دەكرد كە كەسێكی مولحیدی دژ بە ئیسلامە ، بەڵام ئێستا كتێبەكانی ئەو خانمە شارەزا بلیمەتە خراونە بەرنامەی خوێندنەوە لەوڵاتی تونس . هەموتان ئەزانن كە لەو كاتەوە جمهوری ئیسلامی ئێران دروست بووە ، حیجابیان بۆ ئافرەت كردوە بە ئیجباری و هەر كەسێك سەرپێچی كردبێت ، سزایان داوە .كچە كوردەكەی شاری سەقزلەسەر حیجاب شەهید كرا. دواجار ناچار بون حیجاب كردن ئازاد بكەن چونكە تێ گەیشتن چیتر ناتوانن ڕێگری بكەن و خۆشیان ناتوانن لەگەڵ سەردەمی تازە بگونجێنن و دواجار پەڕاێوێز ئەخرێن لە لایەن كۆمەڵگای نێودەڵەتییەوە . كێشە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە ئەوانەی لە قورئان ناگەن و هەر گوێبیستی پیاوانی ئایینی دەبن كە لەوەكالەتی خواوە قسە ئەكەن بە پێی بەرژەوەندی خۆیان ، كاتێك دەبینن خەڵك ڕەخنە لە ئایینی ئیسلام دەگرن ئەگەرڕەخنە كانیشیان بەجێ بن ، یەكسەر تۆمەتباریان دەكەن بە مولحیدو عیلمانی ، لە كاتێكدا من دڵننیام زۆرینەی ئەوانە نازانن مانای مولحیدی و عیلمانی چییە . بە پێی بۆچونی ئەو نەزانانە بێت هەرچی ئیسلام نەبێت كافرە وهەر كەسیكیس لە ئیسلام هەڵگەریتەوە دەبێ بكوێژرێت. بەڵام ئەگەر سەیری ئایەتی ژمارە 69 لە سورەتی المائدە بكەی كە خوا دەفەرموێت ( أن الذين أمنوا والذين هادوا والصائبون والنصارى من أمن باالله ويوم الأخر وعمل صالحا فلاخوف عليهم ولا هم يحزنون ) .واتاكەی : بەڕاستی ئەوانەی كە بڕوایان هێناوەو كەسانێك كە بونەتە جولەكەوهەر وەها سائیبان ( پەیڕەوانی حەزرەتی یەحیا ) و مەسیحیان ، هەر كەس لە ئەوان كە بڕوای بەخواو ڕۆژی قیامەت هەبێ و كارو كردەوەی چاك بێ ، هیچ ترسێكیان نەبێ و خەفەتیش نەخۆن . كەواتە بە پێی ئەم ئایەتە بێت مەرج نییە هەرچی ئیسلام نەبێت كافر بێت ، هەر كەسێك ئەگەر بروای بە خواو ڕۆژی قیامەت هەبێ و كاری چاك بكات ، ئەگەر موسڵمانیش نەبێ هیچ ترسێكیان نەبێت و خوا دەیان بەخشێت . سەیركەن ئەم تێگەیشتەن بە هەڵە لە قورئان كە پیاوانی ئایینی ڕۆڵی سەرەكیان هەیە لە لێكدانەوەی قورئان بۆ مەرامی خۆیان ، خەڵكیان بە هەڵەدا بردوەو ئەوەی ئیسلام نەبێت هەربە مرۆڤی نازانن . ئەوەندەی تاكی كورد تەنها بە گوێگرتن لە قورئان بە دەنگ و شێوازی لاواندنەوە سەرسامە ، نیوەی ئەوە تێگەیشتنی لە ماناكەی بەلاوە گرنگ نییە . بۆیە دەبینی كە بەیانیان زوو دەچیتە بازاڕ یان لە تەكسیدا كە سوار دەبێت ، زوربەی جار گوێبیستی قورئان دەبی لە شێوازی گۆرانیدا . سەیری فەیسبوك بكەن زۆر جار دەبینی نوسراوە دوو خوشك یان دوو برا لە تەمەنی 12-17 ساڵیدا تەواوی قورئانیان لەبەر كردووە . دوایی ئەڵێن ئەوە منالێ فەقیرن بۆیە كەس پیرۆز باییان لێ ناكات . بەڕێزان قورئان بۆ تێگەیشتنە لە ناوەرۆكەكەی نەك بۆ لەبەركردن و وتنەوەی وەكو گۆرانی . باشە ئەگەر قورئانیشی لەبەر كردبێت بۆخۆی لە بەری كردوەو خۆ هیچ داهێنانێكی نەكردوە تا خەڵك پیرۆو بایی لێ بكات . بە بۆچونی من كاتی خۆی بە خۆڕایی بە لەبەر كردنی قورئانەوە بەسەر بردوە ، خۆزگای نیوەی ئەو كاتەی بە تێگەیشتنی قورئانەوە بەسەر دەبرد . ئێستا ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی 8 ملیارە ، لەو ژماریە یەك ملیارو نیو موسڵمانە . باشە چ عەقڵێك ئەمە قبوڵ بكات خوا 6 ملیارو نیو بكاتە قوربانی یەك ملیارو نیو ، لە كاتێكدا هەر خوا خۆی هەموانی دروست كردوە . لە ئێستادا زۆرن ئەو لایەنانەی لە هەوڵی ئەوەدان ئایین وەكو سیاسەت بەكار بهێنن بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە دەسەڵات بگرنە دەست بۆ گەیشن بە مەرامەكانی خۆیان . لە ئەنجامی ئەوەدا كۆمەڵێك نەتەوەو حكومەت و گروپ دەبنە قۆچی قوربانی ، ڕێك وەكو ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رودەدات و وڵاتە زل هێزەكان هەر لە ڕێگای ئایینی ئیسلامەوە توانیویانە زۆر ترین زیان بە وڵاتانی ئیسلامی بگەیەنن و شەڕو ئاژاوەیان لە نێون دروست بكەن و دواجار بیانكەن بە دوژمنی یەكتری و زیانی گەورەیان پێ بگەینن .