بەشی شەشەم
لە قۆناغی ڕزگاریەوە بۆ كردنی نوێژی بە جەماعەت لە قوتابخانەكان و
فرۆشتنی شوێنی بەرماڵ بەپارە لە مزگەوتەكان .
حیزب و تاقم و گروپ و ڕەوتە ئیسلامیەكان لە هەرێمی كوردستان بۆچی دروست بوون ؟. خوێنەری بەریز ئەگەر بەشەكانی پێشترت خوێندبێتەوە بە شێوەیەكی كورت چۆنیەتی سەرهەڵدان و دروستبونی حیزبە ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستانم ڕون كردۆتەوە . ئێستا دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارەی خۆم بدەمەوە كە ئەم حیزب و ڕەوت و گروپانە بۆچی دروست بون . لە هەموو بەشێكی ئەم زنجیرە نوسینەدا پێویستە ئەم پرسیارە بكرێت ئایین چییە؟. ئایین بریتییە لەو باوەڕەی كە پەیوەندی بە خودی مرۆڤ خۆیەوە هەیە كە ئەویش باوەڕ بونە بە خودی پەروەردگار. بۆ نمونە ئایینی ئیسلام بریتێیە لەوەی باوەڕت بە خواو پێغمەری خواو قورئان و ڕۆژی قیامەت و زیندوبونەوە هەبێت . بڕوا بون بە ئایینی ئیسلام بەمانای جێ بەجێ كردنی ئەوڕێنمایانەی لە ئایینەكەدا ڕون كراوەتەوە . بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە لەوە تێبەگەی كە لە ئاینەكەدا چی ڕون كراوەتەوە . ئەوەی لە ئایینی ئیسلامدا هاتوە بۆ هەموو مووسوڵمانە بێ جیاوازی ، بۆ هەموو ئادەمیزادەكانە لەسەر گۆی زەوی . ماوەتەوە ئەوەی چۆن ناوەرۆكی ئەم ئایینە جێ بەجێ دەكرێت . ئەوەی لە هەموو شتێك گرنگترە هەموان بیزانن ئەوەیە هەموو ناوەرۆكی ئایینەكان بێ جیاووازی پەیوەندیان بەشەخسە كانەوە هەیە وەكو تاك . واتە كەس بۆی نییە بەزۆر كەسێك ناچار بكات كە ئایینەكەی ئەو قبوڵ بكات . وەكو خوا لە قورئاندا دەفەرموێت ( لكم دینكم ولی دین ) واتە دینی خۆتان بۆ خۆتان و دێنی خۆم بۆخۆم .
ئێستا دێمە سەر ئەوەی ئەگەر خوا قورئانی وەكو پەیامێك بۆبەندەكانی ناردبێتە خوارەوە لە ڕێگای پێغەمەرەوە و هەموو شتێكی بە باشی لە وێدا ڕون كردبێتەوە ، بۆچی 73 فیرقەو ڕەوت و تاقمی جیاواز لەناو ئایینی ئیسلامدا دروست بون و هەر یەكەیان بۆچۆن و لێكدانەوەی جیاوازی هەیە بۆ ناوەرۆكی قورئان لە كاتێكدا قورئان فەرمودەكانی خوان و دەقن و قابیلی لیكدانەوەی جۆراو جۆر نین . كاتی خۆی میللەتی كورد بە زۆرو لە ڕێگای غەزاوە ، واتە خەڵك كوشتن و تاڵانكردن و بە كەنیزەك كردنی ژنان و كچان لە ڕێگای ترس و تۆقاندنەوە كراون بە ئیسلام . ئێستاش زۆر لەكوردەكان ئایینی ئیسلامیان قبوڵ نەكردووە ، وەكو ئێزدی و كاكەیی . كاتێك لە ڕێگای ئایینی ئیسلامەوە خەڵكی كورد كۆنتڕۆڵ كراوەو خراوەتە ژێر دەستی ئیسلامەوەو پەیامی خوایان پێ ڕأگەیەندراوە كە قورئانە، یەك پەیام بوە بۆ هەموو خەڵكی كورد وەكو زوربەی میللەتانی تری دنیا . خۆ ئەو قورئانەی لە وڵاتی سعودیە و سوریاو میسر هەبوە ، جیاواز نیە لەو قورئانەی كە میللەتی كورد هەیەتی . ئەوەی من بیزانم بە دەقیقی تا ساڵەكانی حەفتا لە هەرێمی كوردستانی ئێستادا هەرچی خەڵكی موسوڵمان هەبوە هەمویان بە یەكەوەو وەكو یەك پەیڕەوی ناوەرۆكی ئایینەكەیان كردوە ، مەڕاسیمە ئایینیەكان لای هەموان یەك شت بووە ، وەكو یەك بیریان كردۆتەوە . ئەو كاتە ئایینی ئیسلام بۆ ئەوە بەكارنە هێنراوە كە كە هەوڵ بدڕیت جێگەی دەسەڵات بگرێتەوەو ئیسلام ببێتە بنەمای یاسا دانان و بەڕێوە بردنی وڵات وەكو ئێستای وڵاتی ئەفغانستان . ئەو كات ناوی ئیسلامی سیاسی نەبوە . بەڵام كاتێك ئیسلام لە لایەنە ڕوحیەكەی ڕوت دەكرێتەوەو بەلاڕێدا دەبرێت و دەكرێت بە ئیسلامی سیاسی ، گومانی تێدا نییە كە لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی كە خوا پەرستییە لادەدرێت و ئەو كات هیچ مانایەك بۆ ئایین وەكو بیرو باوەڕێی ڕوحی نامێنێتەوە . دوای ئەو پێشەكیەی سەرەوە ئێستا با بێینە سەر ئەو حیزب و گروپ و ڕەوتە ئیسلامیە جیاوازانەی لە هەرێمی كوردستاندا بونیان هەیەو هەریەكەیان لە ڕوانگەی خۆیەوە ئیسلام بەكار دێنن لە كاتێكدا ئیسلام یەك سەرچاوەی بیركردنەوی هەیە كە ئەویش قورئانە . لە هەرێمی كوردستانی ئێستاماندا :یەكگرتوی ئیسلامی هەیە كە سەر بە ڕێكخراوی ئیخوانی موسلمینن و كە دوورو نزیك پەیوەندیان بە كوردەوە نییە . بزوتنەوەی ئیسلامی هەیە كە لە ئێستادا زۆر لاواز بون و هەر وەكو ناو ماون چونكە پێشتر لەم حیزبە ئەوانەی ئسستا ناوی خۆیان ناوە كۆمەڵی دادگەری بەشێك بون لە بزوتنەوەو لێین جیابونەوە و ئێستا ڕأبەرەكەیان علی باپێر. دوای ئەوەش جەماعەتێكی تریشیان لی جیابونەوە. ئەمانەی سەرەوە كە باسم كردن وەكو حیزب بونیان هەیە لە هەرێمی كوردستان. جگە لەم حیزبانە ڕەوتی سەلەفیەكان هەیە كە ڕابەرەكەیان عەبدول لەتیف سەلەفییە . كاتی خۆی كە لە زانكۆ مامۆستا بووە خوێندكارێكی ئافرەت كە كێشەی هەبووە لە گەڵ هاوژینەكەی سكاڵای بردۆتە لای ئەم ڕابەری ڕەوتە سەلەفیە كە كێشەكەیان بۆ چارە سەر بكات ، لەئەنجامدا لە بری ئەوەی كێشەكەیان چارەسەر بكات ئافرەتەكە ڕازی دەكات شو بەخۆی بكات و بە تەواوی لە مێردەكەی جیادەكاتەوە . بەو بۆنەیەوە ئەم قسەیەتان بۆ دەگێڕنەوە . دەلێن جارێك فەقێیەك مامۆستاكەی خۆی دەنێرێت بۆ خوازبێنی كچێك . كاتێك مەلاكە دەچێت بۆماڵی كچەكە و بە كچەكە دەڵێت فڵانە فەقێ داوات دەكات ومنی ڕاسپاردوە كە خوازبێنی تۆی بۆ بكەم . دیارە كچەكە شەرم دەكات ڕاستەو خۆ وەڵامی بداتەوە لەبەرامبەر باوكێدا و هەر مینگە مینگ دكات . دوایی مەلا پێی دەڵێی كچەكەم من هاتوم بۆ خوازبێنی تۆ بۆ ئەو فەقێیە و وەڵامێكم پێ بدە و پێی دەڵێت :ئەگەر شوبەفەقی دەكەی ئەوە فەقێ و ئەگەر شوبە فەقی ناكەی ئەوە مەلا. ئەوەی كاكی ڕابەری سەلەفیەكان كردویەتی ڕێك وەكو ئەو مەلایە وایە . كاتێك لە گەڕەكی ئیبڕاهیم ئەحمەد مزگەوتێك دروست دەكەن و مۆركی سەلەفی پێوە دەڵكێین ، كاكی ڕابەر داهێنانێكی ئەوەندە تازە لە ئایینی ئیسلامدا بەدی دێنێت كە لە مێژوی ئیسلامدا وێنەی نابێ . بانگەواز دەكات كە هەر كەسێك شوێنی بەرماڵێك لەم مزگەوتە بكڕێت ئەوە خێرەكەی لە حساب نایەت . لەو ڕێگایەوە بە دەیان كەس شوێنی دوو بەرماڵ و سێ بەرماڵ دەكڕن . نرخی شوێنی یەك بارماڵیش یەك دەفەتر دۆلارە . وایان تێگەیاندون ئەوەی لەم مزگەوتە شوێنی بەرماڵێك بكڕێت ، ئەوە لە بەهەشت شوێنی بۆ مسوەگەر كراوە . بە درێژایی مێژوی ئیسلام هەموو كەس ئامادە بووە خێربۆ مزگەوت بكات بەڵام لە ڕێگای كڕینی شوێنی بەرماڵەوە نەبوە .
دوای ئەمانە شێخ نەهرۆی كوڕی شێخ عەبدول كەریمی كرپچنە دێت كە ئەویش بەناوی تەریقەتی نەقش بەندیەوە لەشكرێك شوێنكەوتوی لە دەروێش هەیە . ئەو لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتیشەوە مریدی زۆرەو ساڵانە سەردانی دەكەن . هەر وەها لەناو عەرەبەكانی عێراقیشدا ڕێزی هەیەو شوێن كەوتوی زۆری هەیە . ئەم لەشكرە لە دەروێش و مریدانە سەرچاوەیەكی ئێجگار گەورەی داهاتن بۆی . ئەم پیاوە جگە لە پێگە دینیەكەی ، پێگەیەكی سیاسی گەورەشی هەیە لەسەرئاستی ناوەو دەرەوەی وڵاتیش . لە هەرێمی كوردستان بەهۆی جەماەرەكەیەوە دەسەڵات داران حسابی بۆ دەكەن چونكە لە كاتی دەنگ داندا كاری گەری بەرچاوی لەسەر خەڵك هەیە و بە هەمان شێوەش لەناو عەرەبەكاندا . لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش حسابی بۆ دەكرێت . كەواتە لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان وەكو حیزب یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری كە هەردوكیان نوێنەریان لەپەرلەمانی كوردستان بەغدا هەیە لەگەڵ هەردوك باڵەكەی بزوتنەوە ، لە بواری سیاسیدا ڕۆڵ و بونیان هەیەو بەناوی ئاینی ئیسلامەوە كار دەكەن . جگە لە ئەمانە كە لە ژێر پەرچەمی ئیسلامدا چالاكی سیاسی ئەكەن زۆر جەماعەتی تر وەكو شێخی فڵان شوێن و فڵان دێ و فڵان كەسایەتی ئایینی تریش بونیان هەیەو هەموو ئەمانە بەیەكەوە خۆیان بە باڵاتر دەزانن لەو ئیسلامە سادانەی كە پەیوەندیان بە هیچ لایەكەوە نییەو ئیسلام و فەقیری ماڵی خۆیانن و دەچنە مزگەوت و نوێژی خۆیان ئەكەن ، ڕۆژی خۆیان دەگرن . لە ڕاستیدا ئیسلامی ڕاستەقینە ئەمانەن چونكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئیسلام بەكار ناهێنن و هەموو هەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە خوا لە خۆیان ڕازی بكەن . لە بەشی حەوتەمی ئەم زنجیرە نوسینەدا ئەم پرسیارە ئەكەم : ئەم حیزب و ڕەوتە ئیسلامیە سیاسیانە بۆچی دروست بون و دەیانەوێت چی بكەن و لە خزمەتی كێدان ؟.