ئیسلامی سیاسی و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-11-14     192

                             بەشی حەوتەم

لە قۆناغی خەباتی ڕزگارییەوە بۆ نوێژكردن بە جەماعەت لە قوتبخانەكان و فرۆشتنی شوێنی بەرمأل لەناو مزگەوتەكان .  

ئەو حیزب و ڕەوتە ئیسسلامیانەی كە لەهەرێمی كوردستان دروست بوون ، بە هەموو پێوەرێك دەبێ لەپێناوی خزمەتكردنی ئایینی ئیسلامدا بێت. ئێمە پێشتر باسی ئەوەمان كردووە كە سەرچاوەی ئایینی ئیسلام قورئانە ، قورئانیش واتە فەرمودەكانی خوا ، هەموو فەرمودەكانی خواش یەك واتاو یەك مانایان هەیەو خوا هەموو شتێكی بۆ بەندەكانی ڕون كردۆتەوەو پێویستی بە لێكدانەو ڕاڤەكردن نیە ، تەنها پێویستی بەوە هەیە ناوەرۆكی فەرمانەكانی  خوا جێ بە جێ بكرێن. وەك و لە بەشەكانی پێشوتردا ئاماژەم بۆ كردووە ئێستا لە ئایینی ئیسلامدا 73 فیرقەو ڕەوت و جەماعەتی جیاواز لە یەكتری هەن كە ئەمانە نە لە قورئاندا ئاماژەیان بۆ كراوەو نە لەسەر دەمی پێغەمەریشدا بونیان هەبووە . كەواتە دەبێ بپرسین ئەمانە چۆن دروست بون و بۆچی دروست بون ؟. ئایا لە پێناوی خزمەتكردنی ئیسلامدا دروست بون ، یان لە پێناوی ئەوەی ئیسلام بەكار بهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان ؟. ئەگەر ئەم 73 فیرقەیە  لە پێناوی گەیاندنی پەیامی خوادا كار بكەن  كە هەموی لە قورئاندا ڕون  كراوەتەوە ، نەدەبوو ئەو هەمو فیرقانە هەبونایەو هەمویان بەیەكەوە پەیامی خوایان بەخەڵك ڕابەگەیاندایە و هەمویان بە یەكەوەو بە یەك نەفەس خزمەتیان بە ئیسلام بكردایە . واتە ئەم جەماعەتانە هەمویان  بە یەكەوە كاریان بكردایە بۆبەهێزكردنی ئایینی ئیسلام . بەڵام دروستبونی ئەو هەموو فیرقە وبۆچونی جیاوازە كە هەر یەكەیان بە جۆرێك گوزارش لە ناوەرۆكی قورئان دەكەن ، بەو مانایە دێت كەئیسلام بۆخزمەت و بەرژەوەندی  خۆیان بەكار دێنن . دروستبونی ئەو هەموو بۆچونە جیاوازانەی لەناو ئیسلامدا دەركوتون و هەر یەكەیان بە جۆرێك لێكدانەوە بۆ ئایەتەكانی قورئان دەكەن ، بەو مانایە دێت كە ئەوانە خۆیان كردۆتە نوێنەری خوا . لە ئێستادا كار گەیشتۆتە ئەوەی ، خەلكی زیاتر گوێ بە وتارو فەتواو لێكدانەوەی پیاوانی ئایینی ئەدەن وەك لە قورئان ، چونكە زۆرینەی خەڵك لە ناوەرۆكی قورئان ناگەن و پیاوانی ئایینیش  بەپێی بەرژەوەندی خۆیان لێكدانەوە بۆ ئایەتەكانی قورئان ئەكەن و زۆر ڕاستی لە خەڵك ئەشارنەوە . من لێرەدا دێمە سەرباسی ئیسلامی سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان . ئەگەر ئەمانە دەیانەوێت ئیسلام بەهێز بكەن وبیكەنە یاسای بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان ، حیكمەت لەچیدایە كە ئەم هەموو حیزب و ڕەوەتە ئیسلامیانە بونیان هەبێت و  بە حساب هەموشیان بۆ یەك مەبەست دروست بوبن كە ئەویش بەهێزكردنی ئایینی ئیسلامە.  خۆ ئەگەر لە پێناوی ئەوەشدا دروست بوبن كە ئایینی ئیسلام وەكو ئایدۆلۆجیایەك بۆ بەهێزكردنی هەستی نەتەوایەتی و ڕزكردنی كوردبێت لە ژێر دەستی داگیر كەران ، لەو حاڵەتشدا ئەمانە ئەگەر هەمویان یەكگرتوبن كاریگەری باشتریان دەبێت و دەتوانن زیاتریش خزمەت بە میللەتی كورد بكەن .  كەواتە لێرەوە زۆر بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە ئەم حیزب و ڕەوتە ئیسلامیانە یەكەم جیاوازی زۆریان هەیە لەگەڵ یەكتری لە بەرنامەكانیانداو ئەوەندەی بۆ سودو بەرژەوەندی خۆیان كار دەكەن ، ئەوەندە بۆ بەرژەوەندی ئیسلام كار ناكەن . ئەوانە ئیسلام بەكار دێنن بۆ ئەوەی بەمەرامەكانی خۆیان بگەن . ئەگەر سەرنج بدەن ئەمانە پەیوەندی باشیان نییە لەناو خۆیانداو زۆرجار دژی یەكتریشن . كەواتە چۆن و بە چ شێوەیەك خزمەت بە ئیسلام  یان كۆمەڵگای كوردی دەكەن . ئەم حیزبە ئیسلامیانە هەر یەكەیان جۆرێك لە پەیوەندی تایبەت  بەخۆی هەیە بە وڵاتێكەوە یان حكومەتێكەوە ، یان حیزبێكیتر لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان . ئەگەر بە وردی سەرنج بدەی ئەم حیزب و گروپە ئیسلامیانەی هەرێمی كوردستان ئەوەندەی لە خزمەتی بەرژەوەندی خۆیاندان ئەوەندە نە لە خزمەتی ئایینی ئیسلام و نەتەوەی كوردان . لە لایەك بە هۆی ئایدۆلۆجیای سیاسییەوە  ئیسلامیان لە ڕێڕەوەی ڕاستەقینەی خۆی لاداوەو لەلایەكی تریشەوە هەر لە ڕیگای ئیسلامەوە هەستی نەتەوایەتی تاكی كوردیان زۆر لاواز كردووە . جگە لە ئەمانە كار گەیشتۆتە ئەوەی كە ئەندامانی ئەو حیزب و ڕەوتە ئیسلامیانە  یەكتریان خۆش نەوێت ، دژایەتی یەكتری بكەن . تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی مەڕاسیمە ئایینیەكانیش بگۆڕن . بۆ نمونە سەلەفیەكان تەڵقینی مردو ناكەن . خۆیان جیاكردۆتەوە لە باقی موسوڵمانانی كورد بەوەی ڕیشی دەهێڵنەوە ، سمێل دەتاشن ، شەرواڵی كورت لەبەر دەكەن . باشە ئەوە لە قورئاندا هەیە .  ئەو هەستەی ئیسلامی سیاسی هەرێمی كوردستان لە ناخی تاكی  كوردا دروستی كردووە  وای لێكردووە كە خۆشەویستی بۆ خەڵكی غەزە زیاتربێت و ئامادەی بەخشین و كۆمەك كۆكردنەوە بێت بۆیان وەك بۆ لێقەوماوانی كورد خۆی . باشە ئەو بەتەنگەوە هاتنەی تاكی كورد هەیبوە بۆ خەڵكی غەزە  بۆ لێقەوماوانی كوردە یەزیدیەكان و كوردانی ڕۆژئاوا هەیبوە ؟. لە بری ئەوەی ئیسلامیەكان هەوڵی یەكگرتن بدەن ، بەردەوام لێك دوور دەكەونەوە . ڕۆژێك لەمیدیایەكەوە گوێ بیستی ئەوەبوم گوایە سەلەفیەكانی چەمچەماڵ پشتیوانی لە یەكێتی دەكەن . باشە بۆچی ناڵێن هەمو سەلەفیەكان ؟.كاتێك سەلەفیەكان لەناوخۆیاندا دەبینن كەسانێك  زۆر سودمەندن و پارە لێرەو لەوێ وردەگرن ، بۆیە كۆمەڵێك كۆدەبنەوەو كەسێك دەكەن بە دەم سپی خۆیان و مامەلە لەگەڵ حیزبێكی دەسەڵاتی خاوەن پارە دەكەن بۆ دەسكەوتی خۆیان . كێ ناڵێت سبەی نەڵێن سەلەفیەكانی كەلار یان فڵانە شوێنیتر هەمان شت نەكەن . كەواتە ئەوەندەی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆی كار دەكات نە ئەوەندە بۆ گەشەی ئیسلام و نە بۆ پشتێوانی كورد كار دەكات . ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆتە هۆكاری لاوازكردنی ئینتیمای  نیشتمانی . ئەگەر بەیانی شێخ نەهرۆ فەرمان بكات هەموو شوێن كەوتوانی ئامادەن دەنگ بە كاندێدێكی عەرەبی خەڵكی بەسرە بكەن . ئەی نەتان دی كاتێك ئەحمەد شەرع لە سوریا دەسەڵاتی گرتە دەست چۆن عیرفان عەبدول عەزیز وەكو سەرۆكی بزوتنەوە شاگەشكە بوو خێرا پیرۆزباییی لێكردو خوازیاری ئەوەبوو هەرێمی كوردستانیش بكەوێتە دەستی ئیسلامە توند ڕەوەكان ، لە كاتێكدا بەچاوی خۆتان دەبینن ئەحەمد شەرع بۆچونی چۆنە بەرامبەر بە كوردانی ڕۆژ ئاواو ئەگەر بۆی بكرێت وەكو عەلەویەكان و دروزەكانیان لێ دەكات . باشە ئەگەر ئیسلامیە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان سەركەون و دەسەڵات بگرنە دەست دەبێ چ یاسایەكمان بۆ دانێێن . ئەوەتا شانازی بە ئەفغانستانەوە دەكەن و هەموشمان دەزانیین خەڵكی ئەفغانستان لە چ دۆزەخێكدا دەژێن . هۆنراوە نوسین قەدەغەیە ، ئەگەر ئافرەتێك دكتۆرای هەبێت و كتێبی نوسیبێت ، نابی لە زانكۆ بخوێنرێت ، ژن بۆی نییە كار بكات ، ئەمە لە كاتێكدا لە زوربەی وڵاتانی ئیسلامی بە وڵاتی سعودیەشەوە لە كرانەوەیەكی گەورەدان و زۆر كۆت و بەندی ئایینیان لابردووە . كەواتە ئیسلامیە سیسایەكانی هەرێمی كوردستان تازە بە تازە دەمانگێڕنەوە بەرەو دواوە و لە ئەنجامدا  كاریگەری زۆر نەرێنی و خراپیان  دەبێ لەسەر ئایندەی هەستی نەتەوایەتی تاكی كوردو ئایندەی هەرێمی كوردستان ئەگەر بە نەهجی وڵاتی ئەفغانستان و سوریاو بە فیتی دوژمنانی كورد كار بكەن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×