دەربارەی دكتۆر بەرهەم و پۆستە تازەكەی

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-12-14     551

 

كاتێك هەواڵی وەرگرتنی پۆستی كۆمیسیاری  كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری پەنابەران لە لایەن دكتۆربەرهەمەوە لە میدیاكانەوە  بڵاو بۆوە بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەكرا مایەی خۆشحاڵی بێت لە لایەن گشتییەوە  سەرنجمدا خەڵكێكی زۆر كەوتۆتە تانەو تەشەنە لە دكتۆر بەرهەم كە بەراستی ئەوە مایەی نیگەرانییە بۆ هەموو كوردێكی دڵسۆزی خاوەن ویژدان . لەئەنجامی ئەوهەواڵە ناخۆشانە من دوو شتم بیر كەوتەوە كە زۆر بەگرینگی دەزانم لێرەدا ئێوەی خۆشەیستی لێ ئەاگادار بكەم  كەسێك باسی دوو داهێنانی خراپ دەكات لە مێژودا .یەكەم : داهێنانی دەمانچە كە دەكەوێتە دەستی كەسێكی زۆر خوێڕی و ترسنۆك و ڕۆژێك لە ڕۆژان دەتوانێت گەورەترین و ئازاترین قاڕەمانی پێ بكوژێت . دووەم : داهێنانی فەیسبوك كە بۆتە مەیدانی هەمووكەسێك بە ئارەزوی خۆیان ئەسپی خۆیانی تێدا تاو بدەن بێ ئەوەی كەس لێپرسینەیان لەگەڵ بكات ، بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێت فەیسبوك زۆر گرنگ و پێویستە ئەگەر بە شێوەیەكی جوان بەكار بهێنرێت  . ئەگەر ڕۆژانە سەیری لاپەڕەكانی فەیسبوك و ئەو هەموو پۆستە بێ مانایانە لە لایەن كەسانی نەزان و بێ ئەدەب و هیچ لە بارا نەبوەوەوە  بڵاو دەكرێنەوە ، مرۆڤ لە لایەك زۆر نیگەران دەبێت و لە لایەكی تریشەوە بەزەیی بەم میللەتدا دێتەوە . كاتێك ئەو هەواڵە بڵاو بۆوە كە دكتۆر بەرهەم ئەو پۆستەی وەرگرتوە ، ئەگەر ئێمەی كورد لە ئاستی پێویستدا بوینایە دەبوو ئەگەر ڕەخنەو گلەییشمان لە دكتۆر بەرهەم هەبوایە ، پیرۆزبایی گەرمی لێ بكەین و هێوای سەركەوتنی بۆ بخوازین چونكە وەرگرتنی پۆستێكی ئاوا باڵا لە نەتەوە یەكگرتوەكان زۆر گرنگە بۆ ناوبانگی كورد . خۆ هیچ نەبێ كاتێك دەپرسن ئەوكەس  سەر بە چ میللەتێكە ، ئەوانەشی تا ئێستا نەیانزانیوە كە كورد وەكو میللەت هەیە ، ئەوەیان دەبیست . لە لایەكی ترەوە خۆ دكتۆر بەرهەم ئەم پۆستەی لەسەر حسابی هیچ كوردێك وەرنەگرتوە تا بەغیلی پێ ببرێت و سەرزەنشت بكرێت . دكتۆر بەرهەم كاتی خۆی نوێنەری یەكێتی بووە لە ئەمەریكا . مامجەلال هێنایەوەو چەندین پۆستی پێدا لەوانە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم . گومانی تێدا نییە مامجەلال دكتۆر بەرهەمی ناسیوە كە شتی باشی پێیە لە مێشكیدا . ئەگەر كەسانێك بڵێن دكتۆر بەرهەم كاتێك پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرتوە سەركەوتو نەبووە ، ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت كە نەشارەزاو بێ توانا بووە ، بەڵكو بەهۆی ئەوەوە بووە كە هەمیشە دەگوترا دكتۆر بەرهەم پێشینەی پێشمەرگایەتی نییە . ئەو كات خەباتی شاخ بە گرنگتر دادەنرا لەوەی تا چەند شارەزایی لە سیاسەت و حوكنڕانی هەیە . بۆیە هەر سەركردەكانی یەكێتی زۆر ڕێگرییان لێ دەكردو دەستیان دەخستە كارو باریەوە . دكتۆر بەرهەم كوردی زانێك و عەرەبی زانێك و ئینگلیزی زانێكی بی وێنەیە كە هەموو ئەمانە گرینگی تایبەتی خۆیان هەیە . كاتێك بوو بەسەرۆك كۆماریش رؤڵی خۆی بە باشی بینیوە بەشداری هەر كۆرو كۆبونەوەیەكی لەناوخۆو دەرەوەی عێراق كردبێت زۆر سەركەوتو بو. كاتێك هەواڵی وەرگرتنی ئەو پۆستەی بڵاو بۆوە هێرشی كرایە سەر ڕەخنە باران كرا گوایە كە لە بەغدا بوە هیچی بۆ كورد نەكردووە . هەموان دەزانین پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفاتیەو خاوەن بڕیار نییەو بڕیاردان لە دەستی سەرۆكی حكومەتدایە ، بۆیە ئەوانەی باسی وەرگرتنی مافەكانی كورد دەكەن  ئەوە لە دەسەڵاتی سەرۆك كۆماردا نییەو دەبێ بە ڕیكەوتن ئەو مافانە وەرگێرێت . گریمان دكتۆر بەرهەم بێ توانابوو ، لاواز بوو . باشە خۆ مامجەلال لە هەموو ڕویەكەوە دوو بەرامبەری دكتۆر بەرهەم گەورە بووە ، هەشت ساڵ سەرۆك كۆمار بووە ، باشە چ مافێكی بۆ كورد وەرگرت؟؟. ئەو هێرش و قسە ناشیرین و ناوناتۆرانەی دەخرێنە پأل دكتۆر بەرهەم لە فەیسبوكەوە غەدرێكی گەورەو زۆر ناڕەوان . ئەوەی جێی داخە  كەسانێكی خاوەن بروانامەی بەرزو گوایە ڕۆشنبیریش ئەو قسە بێ مانایانە ئەكەن . ئەوانەی ئەو قسانە دەكەن زۆرینەیان بەغیلی پێ ئەبەن ، هەندێكیتر كەسانی نەزان و هەندێكیتر وەكو لایەنی حیزبی دەیانەوێت پۆستەكە بێ ئەرزش بكەن . سەیركەن قادر نادر دەڵی پیاوێكی ڕەزیلەو تەرمی براكەی نەلە ئەمەریكا نەهێنایەوە بۆ سلێمانی . یەكێكی تردەڵێت  پیاوێكی سەرمایە دارە. باشە هێنانەوەی تەرمی براكەی چ گرینگیەكی هەیە ، ئایا سەرمایەداری عەیبەیە و ئەی ترامپیش سەرمایەدار نییە و هەموو دنیاش بە هۆی سەرمایەدارییەوە بەڕێوە ناچێ

كاتێك بۆ جاری دووەم ویستی خۆی كاندید بكاتەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەوە جەنابی مەسعود بارزانی دەستیكرد بە دژایەتیكردنی . دەپرسم مەسعود بارزانی بەرژەوەندیەكانی كوردی لا گرنگترە ، یان دژایەتیكردن وهەوڵی تۆڵەكردنەوە ؟. باشە كاتێك لە جێی دكتۆر بەرهەم یەكێكی تۆ بوو بەسەرۆك كۆمار لەسەر حسابی كورد،  بۆ كورد بە باشتر گەڕایەوە یان خرابتر؟ سەركردەكانی یەكێتیش بەهەمان شێوە من نامەوێت لەسەر دژایەتیكردنی لایەنی یەكێتی بەرامبەر دكتۆر بەرهەم هیچ بنوسم چونكە برای بەڕێزم كاك دكتۆر ئەرسەلان بایز ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشو زۆر باش و بە درێژی باسی ئەو دژایەتیەی كردووە و ئەوەتا لە سایتی شارپریسدا بڵاو كراوەتەوەو هیوادارم بیخوێننەوە. ڕاستە نەیان هێشت دكتۆر بەرهەم بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، بەڵام سەیركەن لە شوێنی ئەو كێ بۆتە سەرۆك كۆمار .لەسەر ئەوەش هیچ نانوسم بەڵام بە وێژدانتان دكتۆر بەرهەم باشتر بوو ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار یان ئەوەی ئێستا سەرۆك كۆمارە . بۆ ئاگاداریتان لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان  كەسێكمان نییە شایستەی ئەوە بێت كاندید بكرێت بۆ سەرۆك كۆماری و هیچ كەسێكیش لە دكتۆر بەرهەم  شایستەتر نییە بۆ ئەو پۆستە .

بەڕێزان : كاتێك هەواڵی ئەوە بڵاو بۆوە كە دكتۆر بەرهەم پۆستێكی باڵای لە نەتەوە یەكگرتوەكان وەرگرتوە و كاردانەوەی خەڵكمان گوێ لێبو ڕێك ئەو قسەیەی ( مس بیل ) ژنە سیاسەت مەداری ئینگلیزم بیرهاتەوە كە لە دەوروبەری ساڵانی 1917 – بۆ 1924 لە عێراق و ڕۆهەڵاتی ناوڕاست بوەو كاتی ڕوخانی  دەوڵەتی عوسمانی و پێك هێنانی دەوڵەتانی تازە بووە لە جێێدا . لەو كاتەدا حكومەتی عێراقی بونی نەبوەو كوردیش داوای دروستكردنی دەوڵەتی كردووە . ئەو ژنە سیاسەت مەدارە ڕێك لە ساڵی 1919 بەم شێوەیە پێناسەی كوردە حەیاتەكە دەكات : میللەتی كورد میللەتێكی خێڵەكی دواكەوتون . هەمیشە شەڕی یەكتری ئەكەن . كەسیان لەكەسیان ڕازی نییە . هەرگیز لەسەر كەسێك ڕێك ناكەون كە ببێتە سەركردەیان . ئەوەندەی ڕقیان لە خۆیانە ، ئەوەندە ڕقیان لەشەیتان نییە . دواجار دەڵێت: بە بۆچونی من هەرگیز ناتوانن ئەوانە خۆیان بەڕێوەبەرن ، بۆیە واباشترە لە ژێر دەستی كەسانیتردابن . هەتا ئێستاش كورد وەكو تاوانبار ناوی دەبەن . قسەی ئەو خاتونە 125 ساڵ لەمەوبەر بووە . من ئێستا ڕوی دەمم دەكەمە ئەو كەسانەی زەڕڕەیەك ویژدانیان هەیە ئەی ئێستا كورد لەو كاتە خرابتر نییە؟ . ئەی ئەوەی سەبارەت بە دكتۆر بەرهەم دەگوترێت قسەكانی ئەو خانمە ناسەلمێنێت ؟. دكتۆر بەرهەم بە هۆی زیرەكی و كەسایەتی  خۆیەوە لە لایەن سكرتێری نەتەوە یەكگرتوەكان  ئەو پۆستەی پێدراوە ، خۆ كورد لۆبی بۆ نەكردوە تا ئەو پۆستە وەرگرێت و سەرەڕای ئەوەش بەو شێوەیە قسەی پێ ئەڵێن . باشە بۆچی قسەی پێ ئەڵێن ، چ تاوانێكی كردووە ، ئەو پۆستە هی كێ بووە ئەو بۆخۆی بردبێت ، باشە هەرچۆنێك بێت بۆ كوردێك بێت باشتر نییە لەوەی بۆ كەسێكی غەیری كورد بێت ، بیر بكەنەوە چەندین كەسیتر لە چەندین وڵاتی دنیا هەوڵیان داوە ئەو پۆستە وەرگرن ؟. لە كۆتایی دا ئەوەی ماوەتەوە بێلێم : هیوادارم خەڵكی بەهۆش خۆیان بێنەوە ، بیر لە بەرژەوەندی باڵای كورد بكەنەوە ، واز لە دژایەتی یەكتر بهێنن و لە خەمی میللەتەكەی خۆیاندابن . بیر لە قسەكانی مس بیل بكەنەوە و ئەوە مانای ئەوەیە كورد خۆی هۆكاری ئەوەیە كە نابێت بەهیچ و ئەوەی ئێستا ڕودەدات ئەوە دەسەڵمێنێت كە ئێمە تا ئێستا خۆمان نین و تا خۆشمان نەبین هەرگیز نابین بەهیچ.  بۆ ئاگاداریتان هۆكاری هەرە گەورەی ئەوەی كە تا ئێستا ڕێگربووە كە كورد بەمافەكانی خۆی بگات ئەوە بووە كە كورد هەرگیز لە هیچ قۆناغێكدا خاوەنی سەركردەیەكی كارێزمایی نەبوە كە بتوانێت هەموو كورد لە ژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە . ئەگەر بە مێژودا یچنەوە لەسەرەتای شؤرشەكانەوە تا ئێستا هەموو سەركردەكان بەردەوام دژایەتی یەكتریان كردووەو بونە پیاوی دوژمنانی كورد بۆ ڕیسواكردنی یەكتری و هەموو ئەوسەركردانە كەسانی خێڵەكێ و دواكەوتوبون بە ئەوانەی ئێستاشەوەو تا ئەمانەش بمێنن و خاوەن بڕیاربن ، ئەگەر لایەنێك دەوڵەتیشمان بۆ دروست بكات ، ئەمانە ئەیڕوخێنن .سەد ڕەحمەت لە باوكت مس بیل بەڕاستی زۆر بە باشی كوردت ناسیوە .  دواجار: من لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییەكی زۆر گەرم لە دكتۆر بەرهەم ئەكەم بە بۆنەی ورگرتنی ئەو پۆستەوەوهیوادارم بەرژەوەندیەكانی كورد لەبەرچاوبگرێت و ببێتە جێی شانازی هەموان. ئەوانەشی پێیان ناخۆشە با دەهۆڵ بەسكی خۆیان لێدەن و هەمیشە ڕوڕەش و سەرشۆڕو سوك و ڕیسوابن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×