بەرژەوەندی تایبەت و بەرژەوەندی گشتی

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-12-18     158

بەرژەوەندی تایبەتی دەكەوێتە خزمەتی تاكەكانی كۆمەڵگا یان چەند گروپێكی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوتی مادی  وەكو پارەو سامان و خانوو زەوی و زۆر شتیتر .زۆرجاریش دەسكەوتەكان مەعنەوی ئەبن بۆ نمونە  بەدەستهێنانی ناوو ناوبانگ ، ڕێزلێنانێكی ڕەمزی . بەڵام بەرژەوەندی گشتی واتە بەدەست هێنانی دەسكەوتی مادی یان مەعنەوی بۆ كۆی كۆمڵگا . بۆنمونە بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هەموان . سەروەری یاسا بۆ هەموان . خوێندن یان چارەسەر لە نەخۆشخانەكان بۆ هەموان بێ جیاوازی . دانانی سندوقی هاوكاری بۆ هەموو ئەوانەی هەژارن ،ڕەخساندنی هەلی  كار بۆ هەموان .

هەمومرۆڤێك حەقی خۆیەتی بیر لەبەرژەوەندی خۆیی و خانەوادەكەی بكاتەوە . بیر لەوە بكاتەوە  دەوڵەمەندببێت و بروانامەی باش بەدەست بهێنێت و ببێتە كەسایەتییەكی ناسراو . زۆر جار گروپێك خەڵك بەیەكەوە دەبن بە هاوبەش  لە كارێكدا وەكو دانانی كۆمپانیایەكی بازرگانی یان پشەسازی . ئەمانە حەقی خۆیانە بیرلەبەرژەوەندی خۆیان بكەنەوە، بەمەرجێك بەدست هێنانی قازانج و سامانیان  بەنایاسایی و لەسەر حسابی خەڵك نەبێت .

 واتە لە ڕێگای دزی و فێڵ و خەڵەتاندنەوە نەبێت .ڕەچاوی بەرژەوەندی تایبەت لە لایەن كەسێكەوە یان كەسانێكەوە یان چەند گروپێكەوە زۆرئاسییەو ڕێگە پێدراوەو ناچێتە قاڵبی زیان گەیاندن بە كۆی كۆمڵگاو بەرژەوەندی بەرزی گەل و نیشتمان . بەڵام كاتێك باسی بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان و كۆی هاوڵاتیان ئەگەین ئەو بەرژەوەندییە  زۆر جیاوازە لە بەرژەوەندی تاك و ئەگەر تاكەكان سنوریان بەزاندوچاویان بڕییە بەرژەوەندی گشتی دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت بە پیی یاسا . چونكە ڕەچاو كردنی بەرژەوەندی گشتی واتە دانانی بەرنامەی بۆداهاتوی كۆی هاوڵاتیانی وڵاتەكە بە هۆی دانانی بەردی بناغەی دروستكردنی ژێرخانی ئابوری .كاتێك كە حكومەت یان ئەو دەسەڵاتەی كاروباری هاوڵاتیان بەڕێوە دەبات ، دەست بۆ زۆر شت ئەبات كە بەدڵی هەموان نابێت . واتە زۆر هەنگاوی حكومەت دەچنە خزمەتی تاكەكانەوە ، بەڵام زۆر هەنگاویش لە دژی بەرژەوەندیە تایبەتەكان دەبن . كەواتە لێرەوە دەتوانی پێوانەی ئاستی دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری هاوڵاتیان دیاری بكەی و لێێان تێ بگەی . كاتێك كە حكومەت هەنگاوێك ئەنێت و بۆ زۆرینەی هاوڵاتیان باشە بەڵام بۆ هەندێكی تر خاراپ ، ئەگەر ئەو هەنگاوەی حكومەت دژی بەرژەوەندی هەندێك كەسیش بێت و ئەوانەش لەو ئاستەدابن كە كاردانەوی نەرێنیان نەبێت و ئەو كارە بەكارێكی باش بزانن چونكە لە بەرژەەندی گشتیدایە ، ئەوە نیشانەی تێگەیشتن و دڵسۆزی و خەمخۆری ئەوانە دەردەخات بەرامبەر بە گەل و نیشتمان ، خۆ ئەگەر بۆچونیان نەرێنی بێت ، مانای وایە ئەوانە كەسانی خۆپەرستن و تەنها بیر لەبەرژەوەندی خۆیان دەكەنەوە . بە بۆچونی زۆرێك لە توێژەرەوان دەبێ هاوڵاتیانی هەر وڵاتێك لەو ئاستەدابن كە هەر پێش هاتێك ڕوبداو گومانی ئەوەی لێ بكرێت دەبێتە مایەی مەترسی بۆسەر گەل و نیشتمان ، دەبێ هەموان دەستبەرداری بەرژوەندی تایبەتی  خۆیان ببن و بیر لە پاراستنی وڵاتەكەیان بكەن .  نابێ ئێمە خەڵكانی بەخیل و هەل پەرست بین و هەر شتێك لە بەرژوەندی گشتیدا ئەنجام درا، بەڵام لەبەرژوەندی گروپێك یان چەند كەسێك نەبوو ، خێرا بیكەن بە  هات و هاوار .

دەركەوتوە هۆكاری ئەوەی كە كورد تا ئێستا نەبۆتە خاوەنی كوردستانێكی یەكگرتو ئەوەبووە ، كە بەردەوام سەركردەكانی كورد دژایەتی یەكتریان كردووە ، كەسیان بە كەسیان ڕازی نەبون لە ئەنجامدا بونە پیاوی دوژمنان بۆ لەناوبردنی یەكتری .  واتە ئێمە وافێربوین هەر شتێك لە قازانجی تایبەتی خۆمان نەبێت ئەگەر حەقیشمان نەبوبێت ، هەر چوینە بەرەی ناڕازیبونەوە . زۆر جار لە دژی یەكتری ئامادەبوین پەل كێشی دوژمنان بكەین بۆسەر خاكمان . زۆر جار بیستومە كە خەڵك  لە ئەنجامی بێ هیوایی و ڕقەوەیە لە یەكێتی و پارتی ، خوازیارن حكومەتی مەركەزی دەست بگرێتەوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا .  بەڵام لەگەڵ هەموو ڕەخنەكانیشمان لێێان ، نابێ خوازیاری ئەوەبین چونكە یەكێتی و پارتی چەند خراپبن ، هێشتا زۆر باشترن لە دەسەڵاتی بەعس و حەق وایە بیر لە ڕابوردوی  بەعس بكەینەوە . من هاوڕام ئەگەر بلێن ئەم دەسەڵاتەی پارتی و یەكێتی خراپەو دەبێ هەوڵی گوڕینیان بدەین، یان هەوڵ بدەین چاكیان بكەین. لە لایەكی تریشەوە دەبێ ئەوە بزانین هەرێمی كوردستان تاپۆی یەكێتی و پارتی نییە بۆیان بەجێ بهێڵێن ، یان لە ڕقی ئەوان ڕادەستی دوژمنانی بكەین .  بەڵام هەرگیز خوازیاری هێنانەوەی بەعس و دوژمنان نەبین  .كەسانی نیشتمان پەروەرو دڵسۆز ئەوانەن كە ئامادەن سازش لەسەر بەرژوەندیەكانی خۆیان بكەن ، بەڵام هەرگیز  سازشناكەن لەسەر  بەررژوەندی باڵای گەل و نیشتمان ، چونكە كاتێك نیشتمانیان لە دەستدا ، بەمەرگی خۆیان كۆتایی دێت .  ئەم پێشەكیەو ڕونكردنەوەی سەرەوەم بۆیە نوسی بۆ ئەوەی قسە لەسەر دوو تەوەر بكەم كە  پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە بەرژەوەندی گشتی و تایبەتەوە هەیە:

یەكەم : ڕوداوی  لافاوی چەمچەماڵ كە لە ئەنجامی باران بارینی زۆرەوە زیانی گەورەی بە هاوڵاتیان گەیاند . خۆشبەختانە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان زۆر مەردانە فریایان كەوتن و یارمەتی زۆر باشیان دان . سەرمایەدارەكان ڕۆڵی زۆر پیاوانەومەردانەو نیشتمان پەروەرانەیان  هەبوو ، جێ دەستیان دیارە ، جێی خۆیەتی هەمومان سوپاسیان بكەین بۆئەو هیمەتە بەنرخەیان .

 بەڵام ئەوەی منی نیگەران كرد ئەوەبوو كاتێك هەوالی هاوكاری خەڵكی و سەرمایەدارەكان بۆ زیان لێكەوتوانی چەمچەماڵ بڵاوبۆوە ناوی زۆریان هێنابوو یەكێك لەوانە تایبەت سوپاسی  كاك فاروقی مەلا مستەفای كردبوو بۆ ئەو هاوكاریە زۆرەی . كەسێكیش پۆستێكی نوسیبو جا ئەوە چییە خۆ بە كریكاری پەیدای نەكردوەو پارەی دزیە . بەڕاستی خاوەنی ئەو پۆستە كەسێكی بێ ویژدان ، بەغیل و حەسود وهیچ لە بارا نەبووە  بە بۆچونی من نە فاروقی مەلا مستەفاو نە سەرمایەدارەكانیتر هەمو سامانەكەیان بە دزی پەیدا نەكردووە ، بەڵام دەكرێ بڵێن ئەوانە سودمەند بون كە زەویان لە حكومەت وەرگرتوەو پڕۆژەیان  تێدا ئەنجام داوەو قازانجیان كردووە .

 وەرگرتنی زەوی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە نەك لە هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی ئەوروپاش هەیە و ئەوە ڕێگایەكە بۆ گەشەی كۆمەڵگا. لە وڵاتە سەرمایەدارەكان بە بەرنامە خەڵكانی سەرمایەدار پێ ئەگەیەنن بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەورە دروست بكەن و هەلی كار دابین بكەن . لە وڵاتە زۆر گەورەكانی وەكو ئەمەریكا حكومەت قەرز لەسەرمایەدارەكان ئەكەن . كەواتە  دەبێ ئەوە بزلنین كە سەرمایەداری ئەوەیە . گریمان فاروقی مەلا مستەفا زەوی بە خۆڕایی لە حكومەت وەرگرتوە ، بەڵام ئەگەر بەدواداچونێكی ورد بكەن هەموو ئەوەی ئەو كاتە وەری گرتوە بایی ئەو پاەریە نییە كە ئێستا بە چەمچەماڵی بەخشیوە . باشە ئەگەر فاروقی مەلا مستەفا دزیشی كردبێ كە ئەوە ڕاست نییە و ئێستا هیچ هاوكاری چەمچەماڵ نەكات كەس دەتوانێ بەزۆر لێی بسێنن ؟. باشە ئێستا كە پارەی هەیەو بەخشیویەتی ، باشترە یان هیچی نەبوایەو هیچیشی نەبەخشێت ؟. فاروقی مەلا مستەفا شوێنی شاری جوانی وەرگرتوە كە بەردو شاخ بووە ، لەو شوێنە ئەو ئوتێلە جوانەی دروست كردوەو سیمای شاری پێ جوان كردوە ، چ زیانێكی هەیە ؟. خۆ ئەگەر ئەو شوێنەیان بەمن یان بەكەسێكی تربدایا ، نەمان دەتوانی بیكەین بە هیچ .

باشە كە خەڵكێك بتوانن شتێكی جوانی ئاوای لێ دروست بكات بۆچی پێمان ناخۆش بێت ؟. فاروقی مەلا مستەفا ئەندەرپاسی لای خەستەخانەی هەرێمی دروست كردوە نزیكەی 10 ملیار دیناری تێ چووە ، ئەگەر زەوییشی پێ درابێ ئەوە حەقی خۆیەتی . فاروقی مەلا مستەفا یەكەم سەرمایەدارە كە هەموو سەرمایەكەی لە شاری سلێمانی بەكار هێناوەو حەقی سوپاسكردنی هەیە یان ئەو تۆمەتە ناشیرینەی بدەنە پاڵ .

 كاتێك كۆمپانیای قەیوان ویستیان ئەو گردەی لای تونێڵەكە بكەنە ڤێلا ،  بەسەدان نوسەرو بەناو خەمخۆر كردیانە هەراو هۆریاو گوایە ئەوە ناشیرینكردنی سیمای شارەو هەندێك هیچیان پێ نەبوو دەیانگوت شوێنەواری كۆنی تێدایە  . لە كاتێكدا ئەو شوێنە جارێكتر داری لێ سەوز نابێ ، چونكە كەمتر لە 10 سم گڵی تێدایە . باشە ئێستا دەكرێتە ڤێلا، ئاوی بۆ دەبەن ، سەوزی ئەكەن ئەگەر بەغیلایەتی نەبێ لە قازانج زیاتر چ زیانێكی هەیە ؟.

 لە بری ئەوە كۆمەڵێك خزمەت گوزاریشیان پێ كردووە . بۆ ئەوە ئەیكەنە هەرا چونكە بە مەبەستە بەڵام كاتێك دار سنەوبەرەكانی بناری گۆیژەی پشتی هۆتێل تایتانێك كەمێك بەولاوەیان لە ڕەگ و ڕیشە دەرهێنان ، كەس نەیكردە هەرا . كاتێك  ئەو زەویەی ئامادەیی كشتوكاڵ لە بەركرەجۆ كە كاتی خۆی ئەحمەد حسن بەكر بۆی تەرخان كردبون بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنە درا بە كۆمپانیای تایبەت و كرا بە شوققە بۆچی ئەو هەرایەی لەسەر دروست نەكرا ؟. تەنها بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە هەڵوێستی جوامێرانەی هەبوو دەستی لە كار كێشایەوە . باشە ئێستا  ئامادەیی كشتوكاڵ و كۆلیجی كشتوكاڵ لە كوێ تاقیكردنەوە دەكەن ؟. كەواتە ئەو ناڕەزایەتیانەی خەڵكی لەسەر بەرژوەندی گشتی نییەو بە پێی میزاج و بەرژوەندییەو بانێكەو زۆر هەوا .  ئەو ئەرزەی كە كراوە بە سیتی سەنتەركاتی خۆی بەنزینخانە بووە ، دراوە بەسەرمایەدارێك و كردویەتی بە بینایەكی بازرگانی باش . ڕاستە ئەوئەرزە بەنرخ بووە . بەڵام ئەوەتا ئێستا خاوەنەكەی بڕی  800 ملیۆنن دیناری یارمەتی لێقەوماوانی چەمچەماڵ داوە . ئەگەر ئەو سەرمایەدارانە لە لایەك سودمەندیش بوبن لە موڵكی گشتی ، بەلام شتی جوانیان بەرهەم هێناوەو ئەوەتا لە كاتی لێقەوماویشدا مەردانە فریای هاوڵاتیان كەوتون كە ئەوە جێێ شانازییە و حەق وایە سوپاسیان بكەین و نمونیان زۆربێت ، نەك لە ماڵەوە دانیشن و شەو تا بەیانی بخۆنەوەو نێرگەلە بكێشن و وەكو مانگا بخەون و كە بەیانی خەو بەریدان ، بچن لە فەیسبوك بڕشێنەوە .

دووەم : هەرچەندە پێشتریش لەسەر دكتۆر بەرهەم  سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستێكی باڵاوە لە نەتەوە یەكگرتوەكان هەندێك شتم نوسیوە لە ئەنجامی كاردانەوەی كەسانی نەزان و تێنەگەیشتو لە بری ئەوەی خۆشحاڵ بن ، ناڕەزایەتیان دەربڕیوەو بە جۆرێك باسی دكتۆر بەرهەمیان كردووە كە هیچ نییە . پێش ئەوەی دكتۆر بەرهەم بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان ، نوێنەری یەكێتی بووە لە ئەمەریكا . لە ساڵی 1999 سكرتێری گشتی نەتەوە  یەكگرتوە كان بە نیاز بووە پۆستێكی پێ بدەن و بینێرن بۆ نیپاڵ ، بەڵام ئەوە سەری نەگرتوە . ماجەلال زانیویەتی كەسێكی بەتوانایە هێنایەوەو كردی بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی  زونی سەوز . من ناڵێم دكتۆر بەرهەم بێ هەڵەوكەم و كورتی بووە ، یان هیچی بۆخۆی نەویستوە . من دكتۆر بەرهەمم تەنها لە تەلەفزیۆنەوە دیوەو ڕو بەڕو قسەم لەگەڵ نەكردووەو سودی بۆمن نەبوە ، بەلام ئەوە وام لێناكات كە دكتۆر بەرهەم وەكو خۆی باس نەكەم .

ئەم پیاوە كاری باشی كردووە ، پاركی هەواری شاری سلێمانی دروستكردووە كە ئەوە شایانی باسكردنە . زانكۆی ئەمەریكی دروستكرد . توانا سازی بۆ قوتابیان ئەنجام داو زۆری ناردن بۆ خوێندن بۆ دەرەوی وڵات . بەڵام دكتۆر بەرهەم لە لایەن خودی ئەندامانی یەكێتییەوە لەزۆر شتدا ڕێگری لێكراوە. چونكە ئەو كاتە خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی دەكرا بە پێوەری دڵسۆزی نەك شارەزایی لە بواری حوكمڕانی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا . بۆیە بە ویستی خۆی نەیدەتوانی پلان بۆ هەموو شتێك دانێت . دكتۆر بەرهەم ئینگلیزی زانێك و عەرەبی زانێك و كوردی زانێكی بێ وێنەیە  جگە لەوەی لە دەرەوەی وڵات بووە كەسێكی چاوكراوەیە . كاتێكیش بوو بەسەرۆك كۆماری عێراق كەسێك نەبوو ببێتە مایەی ڕەخنەو گلەیی . بەڵام ئەگەر بڵێن : نەیتوانیوە مافەكانی كورد وەرگرێت و مادەی 140 جێ بەجێ بكات ، ئەوە خەتای ئەو نەبووە ، چونكە پۆستەكەی تەشریفاتییە ، نەك بڕیاردان . باشە خۆ ماجەلال 8 ساڵ سەرۆك كۆمار بوو خۆ ئەویش نەیتوانی مافەكانی كورد وەرگرێت كە زۆر لە دكتۆر بەرهەم بەتواناترو ناودارتر بوو . كاتێك بۆجاری دووەم ویستی خۆی كاندید بكاتەوە بۆپۆستی سەرۆك كۆمار .

 هەم یەكێتی و هەم پارتی دژایەتیان كردو نەیان هێشت ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار . بەڵام ئەو دژایەتییە  لە پێناوی ئەوەدا نەبوو كە كەسێكی بەتواناتر دانێن ، بەڵكو ئەوە ڕقی شەخسی بوو ، خۆ ئێستا دەبینن كێ سەرۆك كۆمارەو ئەوەش دەزانن جیاوازیەكانیان چەندە .  بۆ ئەوەی كە بۆچی یەكێتی دژایەتی دكتۆر بەرهەمیان كرد ، من هیچ ناڵێم و بچن نوسینەكەی ئەڕسەلان بایز بخوێننەوە كە بە ئاشكرادەڵێت : یەكێتی دژایەتیكرد . سەبارەت بە سەرۆك بارزانیش ئەو هەر لە خوێنێدایە هەرشتێك بە ڕەزامەندی ئەو نەبێت ، ئەگەر بۆ كوردیش باش بێت ئەو دژی ئەبێت . ڕیفراندۆمەكە گەواهی ئەو ڕاستییە ئەدات . ئەگەر یەكێتی و سەرۆك بارزانی دكتۆر بەرهەمیان بۆ جاری دووەم كاندید بكردایەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرژوەندی كورد دەبوو . بەڵام ئێستا بیر لە بۆچونەكەی مس بیل بكەنەوە بەرامبەر بە كورد پێش 125ساڵ لەمەوبەر كە دەڵێت كوردەكان هەمیشە دژی یەكترین .

دواجار دكتۆر بەرهەم بێ هاوكاری حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان  بێ ئەوەی كەس لۆبی بۆ بكات  بە هەوڵ و توانای خۆی لە لایەن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە پۆستی (كۆمسیاری كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یكگرتوەكانی  بۆ كاروباری پەنابەران پێ دراوە كە پۆستێكی زۆر گەورەیە . لە بری ئەوەی هەموان پیرۆزبایی لێ بكەن و شانازی پێوە بكەن كە كوردیش خەڵكی ئاوا بەتوانای هەیە، هەرچی لەولاوە دێت بە جۆرێكی خراپ بەڕویدا دەڕشێنەوەو ڕەخنەی لێدەگرن . یەكێك دەڵێت : باشە چەند فیشەكی تەقاندوەو لە چەند شەردا بەشداری كردووە . قادر نادر دەڵێت : پیاوێكی ڕەزیلەو تەرمی براكەی لە ئەمەریكاوە نەهێنایەوە بۆسلێمانی . كاتێك گوێبیستی ئەم قسانە دەبێت بەزەیت بەم میللەتدا دێتەوە . لە ڕاستیدا دەبوو لە بری ئەوەی تۆمەت و ڕەخنە ئاراستەی سەرمایەدارەكان و دكتۆر بەرهەم بكرێت ، زۆرسوپاسیان بكرێت . بەڵام چی بكەین ئەوە میللەتەكەمانە. زۆر بەداخەوە كە ناتوانین خۆمان بگؤڕین .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×