بۆچی ئەنوسی؟ بۆ كێی ئەنوسی؟ بۆ كێ قسە ئەكەی؟ كێ گوێت لێ ئەگرێت؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-12-21     284

 بەشی یەكەم

 

سەرەتا با پێنایەسەیەكی نوسین بكەین : ئامڕازێكە كە لە رێگای پیت و ووشەوە دێتە دی  بۆ دەربڕینی بیرو هەست .  ڕێگایەكە بۆ گواستنەوەی ئەو زانیاریانەی ناو مێشك  بۆ ئەوەی سەرنجی خوێنەرڕاكێشێت بە مەبەستی تێگەیشتن لە یەكتری . نوسین زۆر گرنگە بۆ پاراسستنی مێژوی هەموو  قۆناغەكانی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی . نوسین یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە یەكتری و گەیاندنی بیرۆكەكان بە كەسانیتر .نوسین باشترین ڕێگایە بۆ فێربون و فێركردن چونكە زانست و فێركاری و خوێندن پشتیان بە  نوسینە.  نوسین بنچینەی ژیانە فكری و شارستانیەكانە وبێ نوسین زانیاری و مێژوو ون دەبن . نوسین بە زوربەی  زمانە كانی میللەتانی جیهان هەیە و باشترین ڕێگایە بۆ تێگەیشتن لە یەكتری .

وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ئەنوسی و بۆ كێێ ئەنوسی و بۆ كێ قسە ئەكەیت و كێ گوێت لێدەگرێت  : كاتێك كەسێك بیرۆكەی نوسینی بە مێشكدا دێت ئەیەوێت لە ڕێگای نوسینەوە ئەوەی لەناو مێشكیدا جینگڵ دەخوا دەریبڕیت و  بیخاتە پێش چاوی بەرامبەرەكانی  لە لایەك بۆ ئەوەی هەستەكانی خۆی ئاشكرابكات و بیانخاتە ڕوو ، لە لایەكی تریشەوە بەو هیوایەی  لە ڕێگای ئەم نوسینەوە سودێكی باش بە بەرامبەركان و گشتی بگەیەنێت . كە واتە كاتێك نوسەری هەر بیرۆكەیەك و هەر بابەتێك شتێك دەنوسێت هەم بۆ ناساندنی خۆی دەبێت و هەم بۆ ئەوەش  لەو ڕێگایەوە خزمەتێكی گشتی بكات .

لە سەردەمی كۆندا نوسین تاكە ریگای گواستنەوەو  گەیاندنی زانیارەكان بووە . بەڵام بە تێپەڕبونی ڕۆژگارتوانراوە زۆر ئامێرو ئامڕاز دروست بكرێن بۆ چۆنیەتی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاریەكان وەكو : تەلەفزیۆن ، ڕادیۆو ، جیهازی بێ تەل تەلیفون . ئێستا بەهۆی ئینەتەرنێتەوە دەتوانێت دەستت بگات بە هەموو ئەو زانیاریانەی پێویستت ئەبێ  لە ڕێگای سایتەكانی ئینتەرنێتەوە بە بەرنامەی تایەبت وەكو: واتس ئاپ. مەسنجر . یوتوپ ، ڤایبەرو زۆر ڕێگای تر. لەم سەردەمەدا موبایل ڕۆڵی زۆر گرینگی هەیە وبەهۆی ئینەتەر نێتەوە زۆر بە ئاسانی مرۆڤ دەستی دەگات بە هەموو زانیاریەكان و هەموو ڕوداوەكانی ڕۆژانە  . بەڵام هەموو ئەمانە نەیان توانێوە بە تەواوی جێگای نوسین بگرنەوەو گرینگی خۆی لە دەست بدات . زۆر جار دەبینین كاتێك سەرنوسەری ڕۆژنامەیەكی بەناوبانگی جیهانی هەواڵێك بڵاو دەكاتەوە ، بۆنمونە قسەیەك لەسەر سەرۆكی وڵاتێك دەكات ، یان قسە لەسەر ڕوداوێكی تایەبەت دەكات ، خێرا ئەو هواڵە بەهەموو دنیادا بڵاو دەبێتەوەو كاردانەوە بەدوای خۆیدا دێنێت . سەركردەو بەرپرسی وڵاتە دێموكراتەكان ئەوانەی لە ڕێگای دەنگدانەوە بە حەقی خۆیان بونە بەرپرسی وڵات زۆر ترسیان هەیە لە ڕۆژنامە نوسەكان چونكە ئەوانە هەمیشە بەدوای خاڵی لاوازی حكومەت و بەریرسەكاندا دەگەڕێن و بۆ ڕای گشتی ئاشكرایان دەكەن ، بۆیە ئەگەر زوو ئەوانە فریای خۆیان نەكەون و وەڵام نەدەنەوەو كەم و كورتییەكان چارەسەر نەكەن ، ئەوە بەزویی دەسەڵات لە دەست ئەدەن و هاوڵاتیان جارێكیتر دەنگیان پێ  نادەنەوە .

جگە لە نوسین میدیاكانی بینراو بیستراویش ڕۆڵی زۆر گەورەیان هەیە لەو بوارەدا . لە وڵاتە پێشكەوتوە دێموكراتەكانیش هاوڵاتیان هوشیارن و هەمیشە بەرگری لە خۆیان ئەكەن و ڕازی نابن دەسەڵات غەدریان لێ بكات ، بۆیە ئەگەر حكومەت و بەرپرسان لەخزمەتی هاوڵاتیاندا نەبن و داواكانیان جێ بەجێ نەكەن ، ئەوە ناتوانن لە سەر دەسەڵات بەردەوام بن . ئەگەر بێین لەم بارەیەوە باسی هەرێمی كوردستانی خۆمان بكەین كە بەشێكە لە وڵاتانی دواكەوتوی بەناو خاوەن پەڕلەمان بەڵام لە ڕاستیدا پەڕلەمانی بێ دەسەڵات ، ئەوە زۆر جیاوازە لە وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان .

 لە وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان ئەوانەی شت ئەنوسن بۆ ئەوەیە كە لە ڕێگای نوسینەوە خزمەت بە وڵات و هاوڵاتیان بكەن و هاڵاتیانیش هوشیارن و گوێگری باشدەبن . ئەگەر قسەش بۆ خەڵك بكەی ئەوە گوێگری خۆت دەبێت و ڕەنجت بەزایە ناچێت . بەڵام لە ولاتانی دواكەوتوی وەكو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویاندا ئەگەر هەرێمی كوردستان وەكو نمونە وەرگرین ، ئەوە دوو دنیای زۆر جیاوازن .  لەهەرێمی كوردستان كۆمەڵگا وا تێكدراوە كە كەس بڕوای بە كەس نەمێنێت، كەس گوێ بۆ كەس نەگرێت و لە سەروی هەموشیانەوە حكومەت و دەسەڵاتدران كە حسابی سەلكە تورێك بۆ نوسین و بۆچون و لێدوانی هاوڵاتیان ناكەن .

دەسەڵاتداران چۆن بۆیان باش بێت و چۆنیان بۆبلوێت و تا چەند لەبەرژوەندی خۆیاندا بێت ئەو كارانە دەكەن . ئەگەر نوسەرێك كەم و كورتی حكومەت لە بوارێكدا ئاشكرا بكات و بیخاتە پێش چاوی خەڵك ، یان پێشنیارێك بكات بۆ حكومەت ، لە بری ئەوەی حكومەت خێڕا بەدوای چارەسەردا بگەڕێت و وەڵام بداتەوە ، ئەوە نوسەری بابەتە یان قسەكەرەكە دەگرن و دەیخەنە كونجی زیندانەوە وبەرشەقی ئەدەن ،  یان هیچ گرنگییەك بەو نوسین و هەواڵ و قسەكردنانە نادەن و پشت گوێیان دەخەن و وەكو ئەوەی هیچ ڕوی نەدابی . قسەیەكی كوردی خۆش هەیە كە دەڵێت : ئەگەر كەسێك شێت بوو ، دەیبەنە لای شێخ ، ئەی ئەگەر شێخ شێت بوو بۆكوێی ئەبەن ؟. ئەگەر كەسێك نەخۆش كەوت ئەیبەن بۆلای دكتۆر ، ئەی ئەگەر دكتۆر خۆی نەخۆش كەوت بۆ كوێی ئەبەن ؟. باشە ئەگەركەساتێك دەست درێژی بكەنە سەر موڵك و ماڵی گشتی واتە موڵك و ماڵی هاوڵاتیان كە حكومەت خۆی خاوەندارێتی ئەو موڵك و مألەیە . ئەوە پەنا ئەبەنەبەرحكومەت و شكات لەو كەسانە ئەكرێت كە دەست درێژی دەكەنە سەر موڵكی گشتی . باشە ئەی ئەگەر حكومەت ، واتە دەسەڵاتدران خۆیان دەست درێژیان كردە سەر هااوڵاتیان و موڵكی گشتی دەبێ شكات لە كێ بكرێت و پەنا بۆ كوێ ببرێت ؟. ئەو دەست درێژیانەی كە حكومەت بە بەرچاوی هەمومانەوە بەرامبەر بە موڵكی گشتی هاوڵاتیان ئەیكەن ، لە جیهاندا وێنەی نییە . ئەگەر سەرنج بدەن بەبەردەوامی بەرپرسانی باڵای حكومەت بە شەرێكی لەگەڵ كۆمڵێك سەرمایەداری چاوچنۆك تەخشان و پەخشان بە زەوی حكومەتەوە ئەكەن ، هەرچی بازرگانی باش و بەسودە بۆخۆیانیان قۆرخ كردووە ، كار گەیشتۆتە ئەوەی خۆیان بكەن بەشەریكی خاوەن دوكان و چێشتخانەو هۆتێلەكانیش . كار گەیشتۆتە ئەوەی هیچ كارێك بۆ خەڵك نەهێلنەوە و سەرەڕای ئەوەش هەرچی داهاتی هاوڵاتیانیش هەیە بۆخۆیان دەستی بەسەردا بگرن و لەئەنجامدا  نێوەی هاوڵاتیان بێ كارو كاسبین .   لە كۆتای قسەكانمدا ئەڵێم : باشە ئەمە حاڵی وڵات و جۆری حوكمڕانیەكەمان بێت ، خەڵكی نوسەرو خوێندەوارو شارەزاو قسە زانی باش ، بۆكێ بنوسن و بۆ كێ قسە بكەن و كێ گوێیان ڵی دەگرێت ؟.ناسرحەفید لە كتێبی چوار كافدا قسەیەكی زۆر جوانی هەیە كە دەڵێت : ئێمە هەمومان قسەی جوان ئەزانین و بیرۆكەی جوانمان هەیە ، بەڵام كێ گوێمان بۆ دەگرێت .   هەوڵ ئەدەم چەند بەشێك لەسەر ئەم بابەتە بنوسم و ئەمە بەشی یەكەمە  .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×