بەشی دووەم
ڕوداوی سروشتی یان ڕوداوی دەستكرد ؟
ڕوداوی سروشتی ناو بەناو و لە وەرزە جیاوازەكاندا لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ڕودەدات . وەكو بومە لەرزە ، لافاو ، هەرەسی بەفر ، تسونامی ،تۆفان ، دارمانی زەوی ، وشكە ساڵای . زۆر زەحمەتە بتوانێت ڕێگا لە ڕوداوی سروشتی بگرێت ، بەڵام دەكرێت پلانی پێشوەختە ڕەچاو بكرێت و ئامادەكاری بكەی ئەگەڕ ڕوداوێكی وەكو لافاو بۆ نمونە ڕوبدات ، چۆن هەوڵ ئەدەی كاریگەری و زیانەكانی كەم بكەیتەوە یان كەمێك ڕێگری لێ بكەی . مادام پێش وەخت ئەزانی ڕودانی بومە لەرزە لە ئارادایەو ئەو شوێنەی تێیدا دەژی پێشتریش تێیدا ڕویداوە ، دەبێ كە خانوت دروست كرد حسابی ڕودانی بومە لەرزەی بۆ بكەی .
هەمومان دەزانین لەئەنجامی بارانی زۆردا لافاویش دروست دەبێ ، كەواتە كاتێك خان و دروست ئەكەی دەبێ لەسەر ڕێڕەوی یان نزیكی ئاوەڕۆ یان لە شوێنی چاڵ و نزمایی وڕێرەوەی ئاوەڕۆكان خانو دروست نەكەی .. سەبارەت بە ڕوداوی وشكە ساڵی زۆر بەداخەوە حكومەتی هەرێم هیچ ئامادەكاری پێش وەختی نەكردوە بۆ ئەگەری وشكە ساڵی .
ساڵی پار بە هۆی كەم بارانییەوە هەرچی كانیاو هەبوو وشك بون و ئاستی ئاوی ژێر زەویش زۆر نزم بۆوە . ئەمە لە حەڵەتێكدایە كە هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ دروستكردنی دەیان بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو بۆ وەرزی هاوێن . تەنها بەنداوی دوكان و دەربەندیخان هەن كە كاتی خۆی حكومەتی عێراقی دروستی كردون و هیچ سودێكیشیان بۆ كشتوكاڵ نییە لە هەرێمی كوردستان چونكە ئاوەكەی بۆ خوار هەرێمەوە دەچێت . سەبارەت بە ڕوداوی سروشتی لافاویش لە وەرزی زستان و بەهاردا ئەگەری زۆر هەیەو باچاوی خۆتان دێتان كە لافاو چ زیانێكی بە شاری چەمچەماڵ گەیاندو زیانی گیانیشی هەبوو . پرسیار ئەوەیە ئایا حكومەتی هەرێم هیچ ئامادەكارییەكی كردووە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری ڕوداوی سروشتی لافاو ؟.دەتوانم بڵێم زۆر بەداخەوە حكومەت نەك مەترسی كەم كردۆتەوە ، بەڵكو خۆی بۆتە هۆكاری مەترسی دروست بونی لافاو . لە دوای ڕوخانی حكومەتی بەعس ڕۆژ بەڕۆژ بارودۆخی خەڵكی كوردستان بەرەو باشی چووە ، شارەكان بەرەو فراوانبون و گەشە كردن چون .
ماوەی 15 سالێش دەبێ دروستكردنی باڵەخانەی نیشتەجێبون لە گەشە كردنكی خێرادا بوەو ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە ، قازانجی زۆریان كردووە ، زوربەی بەرپرسە باڵاكانی حكومەت خۆیان شەریك بون لەگەڵ سەرمایەدارو بەڵێندەرەكانی دروستكردنی باڵەخانەكان ، بەو هۆیەوە ئاسانكاری زۆریان بۆ كراوە باشترین ئەرزیان لە باشترین شوێندا وەرگرتوەو زۆر بە خێرایی مامەلەكانیان بۆبەڕێ كراوە.
لە بری ئەوەی لە كاتێكی ئاوادا كە شارەكان گەشە ئەكەن و فراون دەبن ، ماستەر پلانیان بۆ ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی حسابات بۆ هەموو شتێك بكرێت وەكو شوێنی قوتابخانە ، خەستەخانە ، فەرمانگەكانی حكومەت ، باخچەو سەوزایی ، گۆڕەپانی یاری و شوێنی تایبەت بە دروستكردنی باڵەخانەو شوێنی تایبەت بە دروستكردنی ڤێلاو خانوی نزم ، ڕێڕەوی ئاو و ئاوەڕۆ ، بەڵام ئەوشوێنەشی كە پێشتر ماستەر پلانی بۆ كرابوو، نەخشەكانیان تێكدان و هەموی بە هەڕەمەكی كراوە بە خانوو بێ ئەوەی حساب بۆ داهاتوی شار بكرێت .
بۆنمونە ئەو كاتەی حاكم قادر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بوو كۆمپانیایەكی ئەڵمانی هێناو بە بڕی 5 ملیۆن دۆلار ماستەر پلانیان بۆ شاری سڵێمانی كرد . بەڵام دوای ئەو كاریان بەو ماستەر پلانە نەكرد . تەنانەت بڕی 124 دۆنم زەوی دانرابوو بۆ یاریگایەكی نێو دەوڵەتی ، بەش بەش كراو فرۆشرا ، زوربەی ئەو شوێنانەی دانرابون بۆ باخچەو سەوزایی لە لایەن بەرپرسانەوە بەبێ ڕەزامەندی شارەوانی كرانە پارچە زەوی بۆ نیشتەجێبون و فرۆشران . لە بری ئەوەی حكومەت ئەو زەویانەی دەیانداتە سەرمایەدارو بەڵێندەرەكان بە پارە پێیان بفرۆشێت ومەرجی قورسیش دانێت بۆ دروستكردنی باڵەخانەكان سەبارەت بە ڕەچاوكردنی ئەگەری ڕودانی بومەلەرزە و لافاو لە كاتی باران باریندا ، پاراستنی جوانی و سیمای شارو فراوانی شەقامەكان و دێاریكردنی شوێنی تایبەت بۆ دروستكردنی باڵەخانەكان و ڕەچاو كردنی شوێنی یاری بۆ مناڵان و باخچەو دایەنگەو هەموو پێداویستییەكانی هاوڵاتیان ، ئەمانە هیچ حسابیان بۆ نەكراوەو ئەوەی بەلای بەرپرسانی حكومەتەوە گرنگ بووە ، تەنها ئەوە بووە زۆرترین دەسكەوتی خۆیان مسوەگەر بێت . ئەگەر وەكو ساڵانی پێشو بارانی زۆر ببارێت ، زوربەی شارو شارۆچكەكان ژێر ئاو دەكەون . ئەگەر ئەو بارانەی لە چەمچەماڵ باری و ئەو هەموو زیانەی لێكەوتەوە ، لە هەولێر بباریایە ، نیوەی شارەكە ئاودەیبرد .
ڕاستە باران بارین سروشتییەو كارەساتیشی لێ ئەكەوێتەوە ، بەلام ئەگەرپێش وەخت نەخشەو پلان هەبێت هیچ نەبی زیانەكان كەمتر دەبنەوە . دوای ڕوداوەكەی لافاوی چەمچەماڵ بە ئاشكرا ڕۆژنامە نوسێك قسەی لەسەر ئەوە كرد كە كۆمپانیای بەڕیز هۆكاری سەرەكی ڕوداوی ئەو زیانانەی چەمچماڵە چونكە لە كاتی دروستكردنی باڵەخانەكانی نیشتەجێبوندا نەك ڕەچاوی دیاریكردنی ڕێڕەوی ئاوەڕۆكان نەكراوە ، بەڵكو ڕێڕەوەكانیان گرتوەوبەو هۆیەوە ئاستی ئاوەكە بەرز بۆتەوە بۆناو ماڵەكان وئەو زیانانەی بەدوای خۆیدا هێناوە .نازانم تاچەند ڕاستە لە فەیسبوك نوسینێكم بەرچاوكەوت كە نوسرابوو ئەو ڕۆژنامە نوسەیان گرتوە لەسەر داوای خاوەنی خاوەنی كۆمپانیای بەرێز كە ڕاپۆرتەكی بلاو كردۆتەوە .
هۆكارێكیتر ئەوەبووە بە هۆی سەرپێچی بەرپرسانی حكومەتەوە كە خۆیان كردویانە ، یان بە پارە ڕێگایان داوە خەڵك زیادەڕەوی بكات . بۆ نمونە دروستكردنی خانو لە شوێنی ڕێگە پێنەدراو ، بچوك كردنەوەی شەقامەكان ، كردنی شوێنی باخچەكان بە خانو . هەموو ئەمانە نەخشەو پلانەكانی شارەكەیان تێكداوەو لە ئەنجامدا ئەوە ڕویدا. هەرچەندە بەناو كۆمپانیای بەڕیز كۆمپانیایەكی كەرتی گشتییە ، بەلام لە لایەن بەرپرسی باڵاوە ئیدارە دەدرێت و بۆ ئەوان كار دەكات ، واتە كۆمپانیەكە تەنهاواجیهەیە بۆ ساغ كردنەوەی زەویەكانی حكومەت . ئەگەر بە مێژوی كۆمپانیای بەڕێزدا بچنەوە بە ڕونی بۆتان دەردەكەوێت ، زوربەی ئەو زەویانەی وەری گرتوە بەناو بۆ دروستكردنی باڵەخانەی نیشتەجێبون ، ئەرزەكانی فرۆشتۆتەوە بە قازانجی باش . ئەگەر بەرپرسی باڵای لە پشتەوە نەبێ چۆن ڕێگای پێ ئەدرێت و سزا نادرێت ، بچن بەدواداچون بكەن بزانن ئەو كۆمەڵگایانەی دروستیشی كردون بە پێێ ئەو نەخشەو پلانە بووە كە پێشتر بۆی دیارێكراوە . شوێنی مەسڵەحەی كۆن كە ئێستا كراوە بە باڵەخانەی نیشتەجێبون ئەویش هەر درابوو بە كۆمپانیای بەڕێز و پێدەچێ ئەوەشی فرۆشت بێتەوە . ئەو شوێنە بڕیار وابوو بكرێتە باخچەو سەوزایی بۆ گەڕەكە . خەڵكی گەڕەك شكاتیان كرد ، خۆپیشاندانیان كردو چونە بەردەمی شارەوانی و وتیان بەدروستكردنی ئەو باڵەخانانە ماڵەكانمان ئەخنكێن ،بەلام حسابی سەلكە تورێكیان بۆنەكردن .
باشە ئەگەر ئەمە بەرپرسی باڵای حكومەتی لە پشتەوە نەبێ چۆن دەتوانێت شوێنی باخچە بكاتە باڵەخانەی چەندین نهۆمی و ژیان و گوزەرانی خەڵكی ئەو ناوە تێك بدەن . ئەو زەویەی كە كاتی خۆی ئەحمەد حسن بكر دیاریكردبوو بۆ ئامادەی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ بە مەبەستی بەكارهێنانی بۆئەوەی قوتابیان فێر بكەن چون پەرە بەكشتوكاڵ دەدرێت ، لەماوەی پێشودا درایە كۆمپانیای بەریز بەمەستی دروستكردنی باڵەخانەی نیشتەجێبون. كەسانێكی زۆر لەسەر ئەوە هاتنە دەنگ و ناڕزایەتیان پێشاندا ، لەسەروی هەمویانەوە بەڕێوەبەری گشتی پەرەوردەی سلێمانی ، بەڵام هیچ حسابیكیان بۆ كەس نەكرد .
دواجار بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە جوامێڕانە لەسەر ئەوە دەستی لە كار كێشایەوە . باشە ئەگەر حكومەت خۆی لەپشتی ئەم كارە قێزەونەوە نەبێت ، خۆ كۆمپانیای بەریز نەبوتە كەڵەگای ئەم شارە. كەواتە لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە بەرپرسانی حكومەت لە بری ئەوەی بەرنامەو پلانیان هەبێت بۆ ڕێگری لە ڕودانی كارەساتی شروشتی ، خۆیان ڕوداو دروست ئەكەن لە ڕێگای وەكیلە بازرگانەكانی خۆیانەوە . لە بەشی داهاتودا نمونەی زۆرتر دەهێنمەوە لەسەر ئەو زیادەڕەویانەی كراونە سەر موڵكی گشتی بە پشتێوانی بەرپرسانی حكومەت خۆیانەوە .