بۆچی ئەنوسی؟ بۆ كێ ئەنوسی؟ بۆ كێ قسە ئەكەی و كێ گوێت لێدەگرێت؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2025-12-31     128

بەشی سێیەم  

 

 ڕوداوی سروشتی یان ڕوداوی دەسكرد؟

لەبەشی دووەمی  ئەم زنجیرە نوسینەدا چەند نمونەیەكم هێنایەوە لەسەرسەرپێچی و زیادەڕەویەكان كە ڕاستەوخۆ بەرپرسانی باڵای حكومەتی لە پشتەوەیە . ئێستا باسی چەند نمونەیەكیتر ئەكەم لەو زیادەڕەویانەی لەناو شاری سڵێمانی ئەكرێن و هەمویان بەرپرسانی حكومەت و بەرپرسی فەرمانگەكانی حكومەتیان لە پشتەوەیە . من سەرەتا باسی ئەوەم كرد كاتێك شارەكان بەرەو فراوان بون ئەچن ، دەبێ حكومەت ماستەر پلان دانێت بۆ چۆنیەتی فراوان  بونەكەو ئەوەی زۆرگرنگە ئەوەیە داهاتوی شارەكان بۆ ماوەیەكی دوور لەبەرچاو بگێرێت .

 واتە بیر بكەیتەوە ئەم شارە دوای 20 ساڵێترچەند فراون دەبێت و ژمارەی دانیشتوانی ئەگاتە چەند و هاوڵاتیان پێویستیان بە چەند قوتابخانە ، خەستەخانە ، فەرمانگە ، باخچە ،شوێنی گشتی و لە هەموی گرنگتر ڕەچاو كردنی زۆر بونی ژمارەی ئوتومبێل و فراوان بونی شەقامەكان كە لەگەڵ زۆر بونی ژمارەی ئوتومبێل بگونجێن . دانانی نەخشەی لەو جۆرە پێویستی بە  حكومەتێكی نیشتمانی خەمخۆر هەیە كە بیر لە ئایندەی هاوڵاتیان بكاتەوە ، نەك وەك ئەو حكومەتەی ئێستا بەناو هەیەو خەرێكی تێكدانی ئەوەشە كە پێشتر دروست كراوە .

ئێستا باسی هەموو ئەوخانوو باڵەخانەنە دەكەم  كە لە پردی كۆبانییەوە دەست بەدروستكردنیان كراوە ، هەندێكیان تەواو بون و هەندێكیان نیوەتەواو و هەندێكی تر بەردی بناغەیەان بۆ دانراوەو هەندێكیترئێستا دەستیان پێ نەكراوە بەلام ئەرزەكان داگیركراون و بەلەوح دەوریان گێراوە ، واتە پێش وەخت گڕیان داون لە پردی كۆبانیەوە بۆبەرزایەكانی قەیوان ،دوایی  بۆبناری شاخ پشتی  مەلا داود، دوای ئەوە بەرو قەیوان و باسگە كۆنەكەی مێرگەپان . ئەگەر هەموو ئەو ئەرزانە كە دیاریكراون كە بكرێنە باڵەخانەو خانوی نیشتەجێبون ژمارەیان لە سەد هەزار تێدەپەڕی . باشەهیچ حسابێكی پێش وەختە بۆ ئەوە كراوە كە ئەو خاوەن شوقەو ڤێلایانە چەند ئوتومبێلیان هەیە و كاتێك بە  شەقامی هەواری شاردا گوزەر دەكەن  ماوەی چەند كاتیان  پێویستە  تا دەگەنە  سەنتەری شارو شوێانەكانیتر ؟.لە لایەكیترەوە  هەر لەو شەقامەوە  خەڵك هاتو چۆ ئەكات بۆ شارباژێرو ماوەت و دوڵی جافایەتی و سەیرانگای مێرگەپان و سەرگەڵوش .

ئەگەر ئەو شەقامی هەواری شارەی ئێستا هەیە ، دوو ئەوەندەی تریش گەورەبێ ، هێشتا ئەو هەمو ژمارەی ئوتومبێلە لە خۆ ناگرێت كە ڕۆژانە پێیدا تێدەپەڕن . بەڵام دلنیابن ، هێواش هێواش  ئەوەندەی تریش شەقامەكە بچوكتر دەكەنەوە  . باشە بەرپرسانی ئەم شارە چۆن ڕێگایاندا ئەو هەموو باڵەخانانە لەو ناوە دروست بكرێن و بیر لە ئایندە نەكەنەوە ؟.

 باشە سەرۆكی شارەوانی ئیشی چییە ، ئەنجومەنی شارەوانی ئیشی چییە ، پارێزگار ئیشی چییە ، ئەنجومەنی پارێزگا ئیشی چییە و بۆچی كەس خۆی ناكاتە خاوەنی ئەو كارەساتەی بەسەر ئەم شارەدا دەهێنرێت و كێ لێی بەرپرسیارە؟. ئەوانەی ئایندەی ئەم شارە بەرەو وێڕان بون و كاول بون ئەبەن ئەو بەرپرسانەن كە دەسەڵاتی بریاردانیان هەیە هەم بۆ دابەشكردنی زەوی و هەم بۆ بریاردان  بۆ دروست كردنی خانوو پڕۆژە لەو شوێنانە بەفەرمانی ڕاستوخۆی بەرپرسانی یەكەمی زونی سەوزەو تەنها بەرژەوەندی خۆیان لەبەرچاودەگرن نەك بەرژوەندی ئایندەی شارو هاوڵاتیان .

 زیادە ڕەویەكان هەر لە ئەوەدا خۆیان نابیننەوە بەڵكو لە زۆر لای تریشەوە هەر كراون و بەردەوامیش دەكرێن . بچن بەدواداچون  بكەن و بزانن چەند بەنزینخانە بە زیادە ڕەوی و بێ مۆڵەت لە شوێنی نەشیاو دروست كراون لە لایەن بەرپرسانی حكومەت ، یان بە پشتیوانی بەرپرسانی حكومەت . هەموتان ئەزانن خەستەخانەی ئەهلی ئەنوەر شێخە لە كوێێە . هەموشتان ئەزانن بە هۆی سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەوە ڕۆژانە چەند ئوتومبیل بە بەردەوامی لەو ناوە وەستاون ڕێك بۆتە گەراج . وتمان ئەوە قەیناكە .

 ئێستا هەر لە پشتی خەسەخانەی ئەنوەر شێخەوە واخەریكە خەستەخانەیەكی تریش تەواو دەبێت كە تەنها 300 مەتر لە یەكترەوە دوورن . بۆ ئاگاداریتان زەوی ئەو خەستەخانەیە بایی 10 ملییۆن دۆلارەو بەخۆڕایی دراوە بە سەرمایە دارێك و گومانی تێدا نییە ئەو كارە بە خۆڕایی نەكراوە  . باشە ئەگەر بەیانی ئەم خەستە خانەیەش كرایەوە بیر لەوە كراوەتەوە ئەو ئوتومبێلانەی بەهۆی ئەو خەستە خانەیەشەوە لەو ناوە دەوەستن ، چۆن جێیان  دەبێتەوەو ئەو ناوە چی لێ بەسەر دێت . بۆ ئاگاداریتان لە سەروی ئەو خەستەخانەیەش ، كۆمەڵگەی مەكتەبەكانی یەكێتی وقوتابخانە یەكیش هەیە  . ئەگەر ئەم شارە خاوەنی هەبێت و خەمحۆری هەبێت ، ئاوا وێران دەكرێت ؟. بۆ ئاكاداریتان هەرئەرزی تەنیشتی ئەو خەستەخانە ئەهلیەش بەلەوح دەوری گیراوەو ئەویش بەخشراوە .

ئەگەر ئەم شارە خاوەنی  هەبوایە دەبوایە بیر لەوە بكەنەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو چەند بینایەی كە قوتابخانەی تێدایەو زۆر كۆن بون  تێكیان بدەن و لەگەڵ ئەو زەویانەی بەتاڵان بەخەڵك دراون ، شوێنەكەیان بكرانایە بە خەستە خانەیەكی زۆر گەورەی حكومی وكۆلیجی پزیشكی ، بەلام كێ بیكات ؟. لە بری ئەوەی حكومەت سزای ئەوانە بدات كە دەست درێژی دەكەنە سەر موڵكی گشتی ، حكومەت خۆی واتە بەرپرسانی حكومەت موڵكی گشتی تاڵان دەكەن ، ئەیانفرۆشن و پارەكەی بۆخۆیان ئەبەن . ئەوە ئێستا شار فراوان بووە دەنا پێشتر چەمی قلیاسان لای بینای پارێزگاوە دەروازەی شار بوو .

ئەگەر ئەم شارە خەمخۆری هەبوایە دەبوو ئەوشوێنانەی ئێستا  فەرمانگەی تاپۆو ، شوقەكانی زەكەریاو ، فەرمانگەی داواكاری گشتی و كارەباو دادگای سلێمانی هەموی بكرایا بە باخچەو سەوزایی  بۆ جوانكردنی سیمای شار . ئێستا ببینن لەسەر ئەو شەقامە گشتییە مزگەوتێك دروست كراوە كە بۆتەهۆكاری دروستكردنی كێشە بۆ هاتو چۆ چونكە بەردەوام پرسەی تێدایە . هەر دوای مزگەوتەكە  هوتێل و دوایی بەنزینخانەیەكی ئیدارەی گشتی تێدا دروست كراوە . دوای ئەوە  بەنزینخانەی چاڵەكە هەبوو ، كە تێكدرا بڕیار وابوو بكرێتە باخچە بۆ جوان كردنی دیمەنی ئەو ناوە  .

 هەر ئەوەندەمان زانی چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبونیان لێ دروست كردن و بە جۆرێك شەقامەكەیان بچوككردۆتەوە ، زۆر بەزەحمەت ئوتومبێل گوزەری پێدا دەكات . باشە ئەگەر دەسەڵاتدرانی ئەم شارە ، توزقاڵێك لە خەمی ئەم شارەدا بونایە ، چۆن ڕێگایان ئەدا بالەخانەی نیشتەجێبون  لەو شوێنە دروست بكرێن و ئاوا شەقامی سەرەكی بۆ كەركوك بچوك بكرێتەوە ؟. ئێستا هەواڵێك هەیە گوایە دادگای سلێمانی ئەگوێزرێتەوە بۆشوێنێكیتر ، دڵنیان لەبری ئەوەی شوێنەكەی بكەنە باخچەو سەوزایی بۆ ئەوەی كەمێك شەقامەكە فراون ببێت و سیمای ئەو شوێنە جوان بكرێت ، دەمێكە دراوە بە سەرمایەدارێك لە ڕێگای ئیدارەی گشتییەوە بۆ كاروباری دزی بە شەراكەت .

لەبەر ئەوەی ئەم شارە خاوەنی نێە ، كەس خەمخۆری نییە ئەوانەی هەن خەریكی لەت و پەت كردنی جەستەی شارەكەن ، ئەگەربە وردی بەناو كوچەو شەقامەكانی شاردا گوزەر بكەی ، لە هەر شوێنێك بۆشاییەك مابێت و نەكرابێ بەخانو ، ئەوە بەلەوح دەوری گیراوە . پرسیار ئەوەیە ئایا بەرپرسانی ئەم حكومەتە بیر لەوە ناكەنەوە كە سبەی پێویست بوو قۆتابخانەیەك ، خەستەخانەیك ، فەرمانگەیەك یان هەر شتێیتر پێویست بە دروست كردنی هەبێت ، لە كوێ دروستی ئەكەن و لە كوێ زەوی بۆدێنن ؟.

چۆن ئەبێ هەرچی زەوی بەتاڵ هەیە بدرێتە سەرمایە دارە  چاو چنۆكەكان و بیر لە ئایندەی ئەم شارە نەكرێتەوە . لەڕاپەڕین ژماریەكی زۆر شوقە بە یەكەوە دروست كراون . لە ڕاستیدا نازانم كۆمەڵگاكە ناوی چییە بەس ئەزانم كانەرانی تاپۆ یەكێكە لەبەشدار بوانی ئەم كۆمەڵگایە . دیارە دەەبێ ئەوكۆمەڵگایە باخچەی  هەبێ و شوێنی یاری مناڵان و زۆر شتیی تێدابێت . دوای ئەوەی هەموو شوقەكانیان فرۆشتوە هاتون هەمومو ئەو شوێنانەی بە پێی نەخشەدانراون بكرێنە خززمەتگوزاری ، ئەوانیشیان كردوە بە شوقەو فرۆشتویانن و ئەرزی تریان لەدەرەوەی ككۆمەڵگاكە وەرگرتوە بۆ خزمەت گوزاری .

 ئێستا سەیركەن كاتی خۆی یەكێك شوقەی كریوە لەبەر ئەوەی پێشدەمی بەتاڵ بوەو واجیهەی جوانی هەبووە ، ئێستا هاتون لەبەردەمی ڕێزێك شوقەدروست كراون بە نایاسایی و ئەو كاتە شوقەكە نرخی نامێنێت. ئەگەر ئەمە دسەڵاتی لە پشتەوە نەبێ و خۆیان شەریك نەبن ، چۆن ڕێگایان پێ ئەدەن ئەم گۆڕانكاریە لە نەخشەی بنەڕەتیدا بكرێت و خەڵك زەرەر مەند ببێت .  كەواتە ئەمەنەی ئێستا ئیدارەی ئەم هەرێمە ئەكەن وەكو تالانچی وان و ئێرە بە هی خۆیان نازانن و تا ئەو كاتەی دەتوانن پارە بەدەست بهێنن لێرە دەبن و ئەگەركەوتنە مەترسییەوە ڕائەكەن و لە خەمی كەسیش نابن چونكە خۆیان دڵۆپێك عەرەقیان بۆ ئەم نیشتمانە  نەڕشتوە .   

         

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×