گەلی كورد لە كۆنترین گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو تا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆنیە و بەدرێژایی مێژو لە نێوان خەمی گەورەو هیوای گەورەو خەمساردی سەركردەكانیەوە ڕۆژگار بەڕی دەكات . من نامەوێ لەم نوسینە كورتەدا مێژوی كورد شەن و كەو بكەم چونكە زۆری دەوێت و تەنها ڕوداوەكانی ئێستای ڕۆژئاوای كوردستان بەسە بۆ ئەوەی بكرێتە پێوەر بۆكۆی مێژوی میللەتی كورد . میللەتی كوردیش حەقی خۆیەتی وەكو هەموو میللەتانی تردەستی بە مافەكانی خۆی بگات .
كەلی كورد بەدرێژایی لەسەر خاكی خۆی ژیاوەو میوان نەبوە لەبەر ئەوەی خاكی كوردستان بەسەر چوار وڵاتی وەك عێراق و ئێران و توركیاو سوریادا دابەشكراوە ، بۆیە كوردانی هەر بەشێكی كوردستان لە سنووری ئەو وڵاتەدا شۆڕشیان دەست پێكردوە كە تێیدا دەژین . بەڵام لە كاتی دەست پێكردنی شۆڕش لە هەر پارچەیەكی كوردستان كوردانی بەشەكانی تریش هاوخەمیان بون وبەهانایەنەوە چون ، هەروەكو چۆن ئەو وڵاتانەی كوردیان تێدا دەژی هەمیشە هاوكاری یەكتری بون بۆ سەركوتكردنی شۆڕشەكانی گەلی كورد لە هەر پارچەیكی كوردستان دەستی پیكردبێت .
كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2014 دەستیان بە خەبات و تێكۆشان كردوە بۆ ورگرتنی مافەكانی خۆیان . هەموو جیهان شایەتی قاڕەمانێتی و لە خۆبوردەیی و ئازایەتی تێكۆشەرانی كوردن لەو بەشەی كوردستان كە چۆن جەنگاون بەرامبەر بە ڕیكخراوی داعشی تیرۆریست كە ببونە سەرچاوەی مەترسی بۆ هەموو جیهان . هەموو دنیا شاهیدی ئازایەتی و لێهاتویی كچە شؤڕشگێرەكانی كوردە كە چۆن لێبڕاوانە شەڕی داعشیان كردوە . دواجار سەركەوتنیان بەدەست هێناوهەرچی داعشەكان هەیە خرانە بەندیخانەو لە لایەن كوڕان و كچانی قارەمانی ئەو بەشەی كوردستان پاسەوانی دەركران . هەتا ئێستا زیاتر لە 15 هەزار شەهیدیان داوە جگە لە برینداروكەم ئەندام . گەلی كورد لە سوریا توشی ماڵ وێرانی و دەربەدەری زۆر بووە . ئەو قارەمانێتەی لە پارێزگاریكردنی شاری كۆبانی نواندیان و ڕیگایان نەدا داعش ئەو شارە بگرێت و ئازایەتی كچە شۆڕشگێرەكان هەموو جیهانی سەرسام كرد. دوای ئەوەی بەشار ئەسەد سوریای بەجێهێشت و ئەحمە دشەرعی كۆنە داعشی تیرۆریست دەسەڵاتی گرتە دەست ، جارێكیتر كوردانی ڕۆژ ئاوا كەوتنەوە بەرشاڵاوی دڕندانەی ئەو كۆنە داعشانەو لە ناوماڵ و حال خۆیان ئاوارە بون . ئەوەی جێگەی داخە هاوپەیمانی نێو دەوڵەتانیش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە بری ئەوەی وەفایان هەبێ بۆئەو هەموو شەڕەی كوردانی سوریا كردیان لە پێناوی هەموو جیهاندا، پشتیان تێكردن و گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەحمەد شەڕع هەڵكرد كە پەلاماری ئەو شؤرشگێرانە بدەن كە چەندین ساڵە لە بری ئەوان شەڕ دەكەن . ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ دووەمجار فێل لە كوردانی ڕۆژ ئاوا دەكات . ئەم قۆناغەی خەباتی كوردانی ڕۆژئاوای پێدا تێدەپەڕیت ، نمونەی خەروارێكە بۆ خەباتی ڕابردوی بەشەكانی تری كوردستان . ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕودەدات دەكرێت لە چەندین گۆشەنیگاوە سەیربكرێت و لێكدانەوە بۆ لێكەوتەكانی بكرێت .
یەكەم : ئەوەی ئیستا لە ڕۆژ ئاوای كوردستان دەگوزەرێت درێژكراوەی هەموو ئەو ڕوداوانەیە كە لە ڕابوردودا لە بەشەكانی تری كوردستانی گەورە ڕویانداوە بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلی كورد. كەواتە دەكرێت بڵێین خەمی ئێمەی كورد خەمێكی دانەبڕاوە لە ژیانی هەموو مانداو خەمی ئێمەی كورد بۆتە بەشێك لە ژیانی هەمیشەیی ڕۆژانەمان . بۆ نمونە من كە چاوم كردۆتەوە لەناو ئەم بارودۆخە نا هەموارەدا دەژیم و تەمەنم 80 ساڵەو تازە دەبینم ئەمە سەرەتای نەگبەتی و خەمەكانمە و ئەوەش بۆ هەمومان وەكو یەكە .
دووەم :ئەگەر لە گۆشە نیگای دووەمەوە سەیری ڕوداوەكانی ئێستای ڕۆژئاوای كوردستان بكەین و سەرنجی ئەو هەموودڵسۆزی و بەهاناوە چونی كوردانی هەمو بەشەكانی تری كوردستان بكەین هەر لە كۆكردنەوەو گەیاندنی هاوكاری و خۆپیشاندانی كوردان ، نەك هەر لەناو كوردستان ، بەڵكو هەموو كوردانی ئاوارەش لە هەندەران بێ جیاوازی هەمویان خرۆشاون و هەوڵ ئەدەن دەنگی كوردان بەگشتی ودەنگی ئێستای كوردانی ڕۆژئاوا بە هەموو جیهان بگەیەنن . لەگەڵ ئەوەی كوردانی ڕۆژئاوا بە قۆناغێكی سەختدا گوزەر دەكەن و لە بارودۆخێكی زۆر ناخۆشدان ، بەڵام دروستبونی ئەم كۆدەنگییەی هەموو كوردان بە یەكەوە لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان جێگەی هیواو ئومێدی گەورەیەو یەكێتی كوردانی زۆر بەهێزكردوە كە ئەوەش باشترین چارەسەرو باشترین ڕیگایە بۆ گەیشتن بە مافەكانمان .ئەو یەك دەنگیەی دروست بوە بۆتە هۆكاری ئەوەی كە هەمو دنیا كورد بناسن و ئاگاداری خەمە كانیابن و ببنە هاوكاریان . بۆ نمونە وەزیری پەروەردەی وڵاتی سوید قژی خۆی بڕیوە بە بۆنەی بڕینی قژی كچە شۆڕشگێرێكی ڕۆژ ئاوای كوردستان وەكو پشتیوانی بۆی . لیندوسی گراهام یەكێك لە سەنەتۆرەكانی كۆنگرێسی ئەمەرێكی سەر بە حیزبەكەی ترامپ زۆر بە گەرمی هاتۆتەسەرخەت و دەیەوێت لە كۆنگرێس بڕیاریك دەر بچێت لە بەرژوەندی كوردانی سوریاو ڕەخەنەو گلەیی زۆریشی لە ترامپ هەیە كە پشتی لە كوردانی ڕۆژ ئاوا كردووە .
تائێستا چەندین بەرپرسی باڵای ئەمەریكا دەستیان لە كار كێشاوەتەوە لەبەر خاتری كوردانی سوریاو وتویانە ئێمە شەرمەزاری ئەوەین ئەوان لەبری ئێمە شەڕیان كردوەو 15 هەزار شەهیدیان داوە ، لە كاتێكد ئێمە 14 شەهیدمان هەبووە .كەواتە لەگەڵ هەموو ئەو مەینەتیانەی ڕوبەروی كوردانی سوریا بۆتەوە لەم كاتەدا ، ئومێدی ئەوە هەیە كورد لەو بەشەی كوردستان ببێتە خاوەنی دەسكەوتی زۆر گەورە چونكە هەم كۆدەنگی میللەتی كورد دروست بووە كە ئەوە دەبێتە گەورەترین هۆكاری سەركەوتن و لەلایەكیتریش كۆدەنگی نێودەوڵەتیش دروست بوە بەرامبەر كێشەی كورد .
سێیەم : قسەیەكی باوی ناو كوردان بەردەوام هەیە كە دەڵێن : كورد هەمیشەلە شەڕدا براوەیەو لەسەر مێزی دانوساند دۆڕاوە. لە ڕاستیدا ڕەگی ئەم قسەیە دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكیەكانی ناو میللەتی كورد بە گشتی و سەركردەكانی بە تایبەتی . هۆكاری زۆریش لە پشتی ئەم ناكۆكیانەوەیەو كە ناتوانم لێرەدا هەموی بنوسم . لە ساڵی 1919 مس بیل ژنە سیاسەتمەداری ئینگلیز لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە ڕێك لەو كاتەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕوخاوەو هاوپەیمانان خەریكی داڕشتنەوەی سەر لە نوێێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بون . كاتێك قسە دێتە سەر ئەوەی دەوڵەتی كوردی دروست بكەن ، بە جۆرێك باسی میللەتی كورد دەكات ، كاتێك مرۆڤی كورد گوێ بیستی ئەو قسانە دەبێت ، قێزی لە كورد بونی خۆی دەبێتەوە . كارەساتەكە هەر ئەوە نییەو لەو كاتەوە كە دەكاتە 126 ساڵ ئێستا بارودۆخی ناو كوردان لەو كاتە خرابترە . زۆر بە كورتی هۆكاری ئەوەی تا ئێستا كورد بە مافەكانی خۆی نەگەیشتوە دەگەڕێتەوە بۆ : یەكەم : تا ئێستا شؤرشەكانی كوردو سەركردەكانی قۆناغی خێڵیان تێنەپەڕاندوە و ناو بانگی بنەماڵەكانیان زۆر لا گرنگتر بووە لە حكومەت . بۆ نمونە دوای 36 ساڵ لە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان ، تا ئێستا ناوی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ناوی حكومەت پیرۆزترە . دووەم : بە هۆی ناكۆكی نێوان سەركردەكان كاتێك چون بۆ وتووێژ لەگەڵ دوژمنان ، لەبری پێداگری لەسەرمافەكانی كورد ، لە ترسی یەكتری هەر لایەنێكیان ژێر بە ژێر سازشیان بۆ دوژمن گردووە . لەبەر ئەوەی خاكی كوردان بەسەر چوار وڵاتی دراوسێدا بەشكراوە و كەیباسی مافی كوردانی بەشێك لە كوردستانی گەورە كرابێت ، ئەوە هەموو دوژمنانی كوردی كردوە بە یەك . ڕێك وەكو ئێستای نێوان قسدو حكومەتی سوریا. ئەوەندەی توركیا دژی ئەو ڕێكەوتنەیە ، سوریا بەو شێوەیە نییە .