ڕوداوەكانی ئەم دوایەی ڕۆژئاوای كوردستان ڕوداوی زۆر ناخ هەژێن بون و هەمومانی تاساند. لەڕاستیدا ئێمە دەبێ هەمیشە چاوەڕوانی ڕوداوی لەو شێوەیە بكەین . سەرەتا با هۆكاری ڕوداوەكان دەست نیشان بكەین . هەمومان پێشتر دەركمان بەوە دەكرد كە ئەو هاوكاریەی ئەمەریكاو هاوپەیمانان پێشكەش بەكوردی دەكەن ، ئەوەندەی لەبەر خاتری بەرژوەندی خۆیان بووە ، ئەوەندە لەبەر خاتری چاوی كاڵی كورد نەبووە . بەلام كوردیش لە پێناو بەرگری ومانەوەی خۆی بەناچاری دەستی بۆ هاوكاریەكانی هاوپەیمانان درێژكردوەوبۆتە هاوپەیمانیان . دوای ڕۆیشتنی بەشار ئەسەدوهاتنی ئەحمەد شەرع بارودۆخەكە گۆڕا و بەرژوەندی ئەمەریكاو هاوپەیمانان زیاتر لەگەڵ ئەحمەدشەرع یەكی دەگرتەوە وەكو لە كورد. كاتێك ئەحمەد شەرع ملی دا بۆ هەموو داوانی ئەمەریكاو ئیسڕائیل ،چیتر پێویستیان بەكورد نەما . ئەوەبوو لە كۆیونەوەیەكی نێوان ئەمەریكاو ئیسڕائیل و ئەحمەد شەرع و وڵاتی فةرەنسا لە پاریس ڕیكەوتن و گلۆپی سەوزیان بۆ ئەحمەد شەرعی كۆنە تیرۆرێست هەڵكردوئەویش بێ ڕەحمانە پەلاماری كوردانی ڕۆژ ئاوای داو زیاتر لەهەزار كەس شەهید كران و ژمارەیەكی زۆر لەسەر ماڵ وحاڵی خۆیان دەربەدەركران .
دواجار هەر خۆشیان كەوتنە بەینەوەوكوردانی ڕۆژ ئاواش بە ئاگر بەست و ڕاگرتنی شەڕەكە ڕازی بون لەناچاریدا . لەڕاستیدا ڕاگرتنی شەڕەكە هەرچۆنێك بوبێت ، لەبەرژەوەندی كورد بووە وەكو ئەڵێن : زەرەر لەنیوەشی بگەڕێتەوە هەر باشەو كاتێك كەسێك خەریكە لە ئاوێكدا دەخنكی ، هەوڵ ئەدا بە چڵە پۆشێكەوە خۆی بگرێتەوەو بمێنێت. تا پێش ڕوداوەكان و هێرشی سوپای سوریا بۆسەر قەڵەمڕەوی قسد ، ڕۆژئاوای كوردستان جێگەی هێوایەكی گەورەی دواڕۆژی كورد بوو ، بەڵام دوای ڕوداوەكان هەموو شتێك كۆڕا . لێكەوتەكان و گۆرانكاریەكانی دوای ئەم ڕوداوە لەم خاڵانەی خوارەوەدا خۆیان دەبیننەوە .
یەكەم : پشت بەستن بە هەر لایەنێك و هەر دەوڵەتێك بۆ بەدەست هێنانی مافەكانی كورد دەبێ لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش بێت چونكە لە سیاسەتدا دۆستایەتی هەمیشەیی نییە ، بەڵكو بەرژەوندی هەمیشەیی هەیە . كەواتە چاوەڕوان مەكە كەس بە خێرو لە ڕاهی خودادا خۆی بۆتۆ سەغڵەت بكات . لەم ڕوداوەدا دەركەوت كەئەمەریكاو هاوپەیمانان دۆستی ڕاستەقینەی كورد نەبون و تا ئەوكاتە دۆستی كورد بون كە كاریان پێیان هەبوەو گەیشتون بە مەرامەكانیان . دوناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ دووەم جارە دەستی كورد دەبڕێت و كڵاومان دەكاتە سەرو هیچ پێشی عەیب نییەو سەركەوتی خۆیی و فرۆشتنی كورد بە كارێكی زۆر باش و سەركەوت و دەزانێت . كەواتە لەم ڕوداوەدا دۆست ودوژمنی خۆمان بۆ دەركەوت و گرنگ ئەوەیە وانە لەم ڕوداوە ورگرین بۆ داهاتوو .
دووەم : تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانیە كوردو حكومەتی سوریا ، حكومەتی توركیاو كوردی سوریا ، كەسێك بووە تاسەر دوژمنی كورد بووە ، بەردەوام كاری كردووە بۆ ئەوەی سوریاوتوركیا براوەبن وكورد دۆڕاو . وەنەبێ دۆناڵ ترامپ ئەوەی نەزانیبێت ، بەڵكوبەرنامەی ئەوی جێ بەجێكردوە . ئەگەر پێداگری حكومەتی توركیا نەبوایە لەسەر ئەوەی سوریا نابێ دان بەمافە دەستوریەكانی كوردا بنێت ، بەدڵنیاییەوە حكومەتی سوریا بەو شێوەیە هەڵس و كەتی نەدەكرد . توركیا پێی وایە هەر مافێك كوردانی سوریا بەدەستی بهێنن دواجار كاردانەوی خراپیان لەسەر كوردانی توركیاش دەبێت و دواجار ناچار دەبن ئەوانیش هەمان ماف بەكوردی توركیا بدەن . هەر لەسەر ئەو بنەمایەو لەترسی ئەوەش بوو پەیوەندیان بە عەبدوڵا ئوچ ئالانەوە كرد بۆ ئەوەی ئاشتەوایی نێوان پەكەكەو حكومەتی توركیا بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە .ئەمەریكاش توركیا بە دۆستێكی ستراتیجی نزیكی خۆی دەزانێت و دەست بەرداری نابێت لە پێناوی كوردا . بۆیە دەبێ كورد لەم ڕاستییە بگات و بە قسەی باق و بریق فریونەخوا .
سێێەم : ڕوداواكانی ئەم دوایەی ڕۆژئاوای كوردستان ڕوڵی پارتیو بنەماڵەی بارزانی بە تەواوی ئاشكرا كرد و هەموو شتێكی ژێر بەڕە خرایە سەر بەرە بەرامبەر بە كوردانی سوریا . هەموتان دەزانن كە چەندین ساڵ پارتی نزیكەی 10 هەزار كەسی لە كوردانی ئاوارەی سوریا بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە چەكدار كردوەو لەسەر گیرفانی خەڵك موچەیان پێ ئەدات چاوەڕوانی ڕۆژێكە بیان نێرێتەوە ناو سوریا بۆ تێكدانی ڕێزەكانی پێشمەرگەو نانەوەی ئاژاوەو دوو بەرەكی ڕێك وەكو ئێسای عێراق . گومانیشی تێدا نییە لەسەر داوای توركیا ئەمەی كردوە . ئەمانە گوایە پێشمەرگەی ئەنەكەسەن. ئەنەكەسە بریتین لە كۆمەڵێك بەناو كۆنە سیاسی سوریاو بەدرێژایی شەڕی كوردی سوریا لەگەڵ داعش ئەمانە وەكو دابەستە لەخۆشترین ئوتیلەكانی هەوڵیر لەسەر گیرفانی خەڵكی هەرێم وەكو پاشا ژیاون . بنەماڵەی بارزانی زۆر جار سنوریشی لەسەر كوردانی سوریادا دەخست. ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕویداوە لە خۆشترین ڕۆژەكانی سەرۆكی پارتییە بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی لە هێزەكانی سوریای دێموكران بكاتەوەكە ڕێگایان نەدا هێزێكی تایەبت بەخۆیان لە سوریا دروست بكەن .
ڕاستە بۆ خەڵەتاندنی خەڵكی بەدرۆ فرمێسكی تیمساحی دەڕێژن ، بەڵام ئەم ڕواداوانەی ئەم دوایەی ڕۆژئاوای كوردستان بە ڕۆژی شایی و خۆشی و سەیران دەزانن بۆ خۆیان . لە كاتێكدا كوردانی ڕۆژ ئاوا توشی شكست هاتون و پێویستیان بەهاوكاری بەشكانی تری كوردستانە كە بەهەموو شێوەیەك هاوكاریان بكەن و پشتیوانیان ڵی بكەن ، ئەوەتا بە فەرمانی پارتی وەڤدی ئەنەكەسەی جاش دەچن لە دیمەشق گفتوگؤ لەسەر مافەكانی كورد دەكەن ، ئەمان بونە دەمسپی كوردانی ڕۆژ ئاواودەچن لەگەڵ قەتریەكان باسی مافی كوردان دەكەن . ئەمەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەیكەن یەكێكە لە جێبەجێكردنی ئەجینداكانی توركیا بۆ تێكدانی ماڵی كورد . ئەوەی ئێستا لە ڕۆژ ئاوای كوردستان ڕودەدات سەرەتای ڕوداوی زۆر گەورەترن كە لەناوچەكە ڕو ئەدەن و پێش وەخت لە لایەن ئەمەریكاو قەتەرو سعودیەو سوریاو توركیا نەخشەیان بۆ كێشراوەو پارتی و بنەماڵەی بارزانیش بەشێكن لەم پڕۆژەیەو لە بەشێكیتردا بەدرێژی باسی دەكەم . لە بیرتان نەچێت كە هیچ كۆبونەوەیەكی تۆم باراك و مەسعود بارزانی بەبێ زیانی كورد كۆتایی نایەت ، ئەگەر هەر كەسێك وابزانێت هاتنی تۆم باراك بۆ لای مسعود بارزانی خێری كوردی تێدایە ئەوە زۆر هەڵەیە چونكە دواجار هەردوكیان پیاوی توركیان .
چوارەم : هەر چەندە پێشتر هەمومان ئەمان زانی و ئاشكرا بوو كە یەكگرتوی ئیسلامی لقێكن لە ئیخوان موسلمینی تیرۆریست و دۆستی ڕاستە قینەی توركیاو قەتەریشن چونكە هەمان فەلسەفەو ئایدۆلۆجیایان هەیە ، زۆر لە توركیاوە نزیكن و ناوە ناوە سەلاحەدین سەردانی توركیای دەكردوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا كۆدەبۆوەو هەر بەرپرسێكی توركیاش بهاتایە هەرێم یەكسەر ڕای ئەكرد بۆ بینی . ئەگەر ئێمە خۆمان خاوەنی حكومەتكی خەمخۆری نیشتمانی بوینایە، دەبوو لە مام سەلاح بپرسن تۆ بە چ سیفەتێك دەچی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی توركیا كۆدەبیتەوەو باسی چی ئەكەیت و پەیوەندی نێوان هەرێم و دەوڵەتان كاری حكومەتە نەك تۆ . باشە دەبێ پارتی بە پلەی یەكەم پرسینەوەی لەگەڵ بكەن ، بەڵام پارتی خۆیان كۆیلەی توركیان و فەرمانیان لێ وەر دەگرن چی بكەن و چی نەكەن . ئەوەتا ئێستا دەستی تاوان و خیانەتیان بەتەواوی ئاشكرا بوو ، ئەوەتا مام سەلاح كەوتۆتە مەدح و سەنای ئەحمەد شەرع . پێش خۆشی عیرفان عبدوڵ عەزیزی بزوتنەوەو خوشكەكەی بە ئاشكرا خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی بە وەی ئەحمەد شەڕع دەسەڵاتی گرتۆتە دەست . حیزبەكەی سەلاحەدین بە گونیە دۆلار بۆ حەماس وخەڵكی غەزە كۆدەكەنەوەو ئەوەتا خالید مەشعەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی حەماسی تیرۆریست بە ئاشكار دژی میللەتی كورد قسەدەكات و بەرگری لە پاراستنی یەكگرتویی خاكی سوریا دكات . كەواتە لەئەنجام ی ڕوداوەكانی ڕۆئاوای كوردستان دەركەوت هەموو حیزبە بەناو ئیسلامیە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان بەشێكن لە ئەجیندای دوژمنانی كوردستان و ئەمانە بە تایبەت دروست كراون بۆ تێكدانی بیرو بۆچونی تاكی كردو سڕینەوەی هەستی نەتەوایەتی . بۆیە دەبێ حسابی دوژمن بۆ ئەم حیزبە ئیسلامیە سیاسیانەی هەرێم بكرێت .
پێنجەم : سەرەڕای ئەو هەموو لێكەوتە ناخۆشانەی لەئەنجامی ڕوداكانی ئەم دوایەی ڕۆژئاوای كوردستان ، كە ناخی هەمومانی هەژاندوهەمومانی ناڕەحەت كرد ، بەڵام هەمو ئەوانە نەبونە هۆكاری ئەوەی بە تەواوی لە هەوڵ و هیممەتی میللەتەكەمان بێ هیوا ببین . ئەوەی زۆر مایەی خۆشحاڵی و ئومێدی گەورەیە بۆ هەمومان ئەو هەموو هاوكاریەی لەلایەن كوردانی بەشەكانی تری كوردستانەوە پێشكەش بە ئاوارەو لێقەماوانی ڕۆژ ئاوای كوردستان كرا . ئەو دڵسۆزی و ڕوحی بە هاناوە چونە زامنی مانەوەو سەركەوتنی میللەتەكەمان دەبێ . جگەلە هاوكاری مادی ، ئەو هەموو خۆپیشاندانانە لە لایەن كوردانی ناوەوەی كوردستان و تاراوگە بۆ پشتیوانی كوردانی ڕۆژ ئاواو گەیاندنی دەنگیان بە دنیا ، شایانی ڕێزو تەقدیرو بەهەند وەرگرتنە ، ئەم دڵسوزی و بەهاناوە چونە زامنی مانەوەی میللەتەكەمانە، زامنی وەرگرتنی مافەكانمانە . هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵكی تێكۆشەری كورد سنوری هەموو حیزبەكانی كوردی تێپەڕاندو جێێ هێشتن . ئەوە نیشانەی زیندویەتی و دڵسۆزی گەلەكەمان نیشان دەدا . نە حیزبەكانی كوردستان نەحكومەت خۆی ، نەیانتوانی شان لە شانی هاوڵاتیان بدەن بۆ كۆكردنەوی هاوكاری . ئەگەر لە بیرتان بێت كاتی لافاوەكەی چەمچەماڵیش هاوڵاتیان هەمان هەڵوێستی جوامێرانەیان هەبوو ، ئەوەندەیان یارمەتی كۆكردەوە ، دوایی لە قەرەبوی هەموو زیانەكانیش بڕی 9 ملیار دینار زیاد بوو، بەرپرسانی حكومەتە دزەكە وتیان ئەیكەین بە پڕۆژە . كە واتە هەر كاتێك پێویست بكات و میللەت بیەوێت ، دەتوانێت ئەم مافییانانەی ئێستا بەناوی حكومەتەوە سامانی ئەم هەرێمە تاڵاندەكەن ، وەلانین و تڕۆیان بكەن .
شەشەم : یەكێك لە لێكەوتەكانی ڕوداوەكانی ڕۆژ ئاوای كوردستان كە خاڵیكی زۆر ئەرینی و وەرچەرخانێكی مێژویی گرنگ و تا بڵێی مایەی خۆشحاڵیی هەموان بوو ، ڕوڵی جوامێرانەی كۆمەڵێك مەلاو وتار خوێنی مزگەوتەكان بون كە جوامێرانەو وەكوپاڵەوان بە دەنگی بەرز دەیانگوت ، چیتر ڕازی نابین بەناوی قورئان و دینەوە میللەتكەمان لەناو بەرن ، ئەوانەی بەناوی سورەتی ئەنفالەوە ، ئەمان كوژن، ئێمەش بەناوی هەمان سورەتەوە ئەیان كوژین و ڕوبەڕویان دەبینەوە ، كێ هەیە هەڵویستی ئەو نوێژكەرانە لە یاد بكات كاتێك هەندێك مەلای كۆنەپەرستی بەكرێگیراو هێرشی ناڕەوایان دەكردە سەر شۆڕشگێرەكانی سوریا ، ئەوانەی خۆشحاڵ بون بەوەی كچە شەرڤانەكان لە خانوی چەند نهۆمەوە فڕی ئەدەنە خوارەوە ، لەسەر مینبەری مزگەوت هینایاننە خوارەوەو ڕیسوایانكردن . بە بۆچونی من ئەمە شؤرشێكە كە لەلایەن مەلایانی كوردەوە دەستی پێكراوە و پێویستە گرینگی پێ بدەین چونكە ئەمە هەست كردنەبە بەوەی دەبێ هەمومان بە ئیسلامی و عیلمانی و نوێژكەرو نوێژنەكەرەو لەگەڵ ناۆخۆشیەكانی میللەتەكەمان بین و دەست بردن بۆ كەرامەتی مییللەت هێڵی سوری هەمومان بێت بێ جیاوازی . چون دەبێ هەڵوێستی مەلایەكی تێكۆشەرو ئازای كورد فەرامۆش بكەین كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە وەكو پڵنگ هاتە دەنگ و هاواری دەكرد لێرە بەدواوە قامیشلو كۆبانی و عەفرین غەزەی ئێمەن و دەبێ لە پێناوی پاراستنیان گیانمان بەخت بكەین . تەمەنا دەكەم دەنگی ئەومەلا بە هەڵوێستانە زیاتر بەرز ببێتەوەو لە مینبەری مزگەوتەكانەوە ئەوانە ڕیسوا بكەن كەبەناوی ئیسلامی سیاسیەوە جاسوسی بۆ دوژمنان دەكەن ، لە خەڵكی بگەیەنن كە ئەوانن نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام ، نەك ئەوانەی لە لایەن دوژمنانی كوردەوە بەناوی ئیسلامی سیاسی بەكرێگیراون . لە ڕاستیدا ئەوەتەی ئایینی ئیسلام بلاو بۆتەوە مەلاو وتار خوێنە كان و پیاوانی ئایینی ڕابەری ڕاستەقینەی ئیسلام بون ، نەك ئەوانەی ئێستا بونە بازرگان بەناوی ئیسلامەوە خەریكی جاسوسی و كۆیلایەتین بۆ دوژمنانی كورد . جارێكیتریش لەناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە و مەلا بە هەڵوێست و ئەو نوێژكەرە بە ئەمەكانە دەكەم كە دڵسۆزی خۆیان بۆ میللەتەكەیان نیشاندا لە كاتی پێویست و تەنگانەداوەكو شێر هاتنە مەیدانەوە بۆ پشتگیری لە میللەتكەیان . لە بەشێكی تردا زیاتر قسە لەسەر ئەم بابەتە ئەكەین .