بەڕێزان مەلایان و بانگخوازان و پێشنوێژكەران و پیاوانی ئایینی خۆشەویست سەرەتا ڕێزوحۆرمەتم بۆ هەموتان . هەمومان و خۆشتان باش ئەزانن كە بەدرێژایی دەركەوتنی ئایینی ئیسلام ئێوەی بەڕیز بەناوی ئایینەوە ڕابەروپێشەواو دەمڕاستی خەڵك بون . ئێوە جێگەی ڕێزو حورمەتی موسولمانان بون ، هەمیشە بانگەشەی برایەتی و ئاشتەوایی و خواپەرستیتان كردووە ، هەوڵتان داوە خەڵك بە ئاشتی و برایەتی بژین . هەمیشە بەخەڵكتان ڕاگەیاندووە كەئایینی ئیسلام ئایینی برایەتی پێكەوە ژیانی میللەتانە . لەگەڵ ئەوەی كە خاكی كوردان بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشكراوە ،كە هەموو ئەو دەوڵەتانەش ئیسلامین و بەڵام میللەتی كورد بە درێژایی مێژوو لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە چەوسێنراوەتەوە ، دەر بەدەركراوە ، سوكایەتی پێكراوە. ئەگەر بە وردی سەرنجیش بدەین میللەتی كورد لە هەموو میللەتانیتری ئیسلامی زیاتر پابەندن بە ئایینی ئیسلامەوە .
لەم هەرێمی كوردستانە زیاتر لە 6هەزار مزگەوت هەیە كە ڕۆژانە كوردانی مووسڵمان نوێژی تێدا دەكەن و وابەسەتەیی خۆیان بەئایینی ئیسلام و خواوپێغەمەرەوە تازە دەكەنەوە . بەبۆچونی من خاڵی لاوازی پیاوانی ئایینی كورد ئەوە بووە كە نەیان توانیوە ، یان نەیان ویستوە كەئایینی ئیسلام بەجۆرێك ئاوێتەی هەستی نەتەوایەتی بكەن كە تاكی كورد یەكەم خۆی بەكوردێكی موسولمان بزانێت ، نەك موسوڵمانێكی كورد . لەكاتێكدا كە تورك وعەرەب و فارس لەگەڵ ئەوەی نەتەوەی سەردەستی كوردن بەئارەزوی خۆیان كورد ئەچەسێننەوە ، سەرەتا خۆیان بە توركێك یان عەرەبێك یان فارسیكی ئیسلامی دەزانن بە پێچەوانەی میللەتی كوردەوە .
باشترین نمونە ئەوكاتەی كە عەرەبی ئیسلامی سوننە لە ژێر ناوی داعشدا پەلاماری كوردە ئیزدیەكانیان داو دەربەدەریان كردن ، ژن وكچیان بە دیل بردن و كردیانن بە كەنێزەك و كڕێن و فرؤشتنیان پێوە دەكردن ، هیچ كاردانەوەیەكی گەرم وگوڕ نەبوو بەرامبەر بەو تاوانە لە لایەن مەلاو پیاوانی ئاینی كوردەوە تەنها لەبەر ئەوەی ئێزدیەكان موسوڵمان نین، ئەمە لە كاتێكدا بەشێكی ڕەسەنی میللەتی كوردن . باشە ئێوەی مەلاو پیاوانی ئایینی كوردچی ئەڵێن : بەرامبەر بە دەوڵەتی تورك كە فرمانی بە مەلاكان كردووە لە مینبەری مزگەوتەكانەوە خوێنی كوردان حەڵال بكەن خۆ ئەوانیش ئیسلامن وئێزدی نین . ئەی باشە چی ئەڵێن بەرامبەر بەبەرپرسی ئەوقافی حكومەتەكەی ئەحمەد شەرعی تیرۆریست كە خوێنی كوردانی سوریای حەڵال كردوە ، خۆ ئەوانیش ئیسلامن و بەچاوی خۆتان دیتان چییان بەسەر كوردانی سوریادا هێنا . بە بۆچونی زوربەی خڵك پیاوانی ئایینی كورد كەم تەرخەم بون بەرامبەر بە ئازارەكانی میللەتەكەیان و دەیانتوانی كاری زۆر باشتر بكەن و هەمیشە لەگەڵ ئازارو معاناتی میللەتەكەیانبن .
ڕوداوەكانی ئەم دوایەی ڕۆژ ئاوای كوردستان زۆر بە ئازارو ناخ هەژین بون و هەمومانی خستە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی نیشتمانییەوە و خۆشبەختانە كاریگەری كردە سەر مەلاو پیاوانی ئایینی كورد و پەردەی بێدەنگیان بچڕاندو هاتنە دەنگ ، كە ئەمە موژدەیەكی زۆر خۆشە بۆ ئەو گۆڕانكاریەی لە هەست و نەستی مەلاو پیاونی ئایینی كوردا دەركەوت . لەگەرمەی ڕوداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا كە كوردان لەسەر زێدی خۆیان دەربەدەردەكران و دەكوژران ، كۆمەڵێك مەلاو خەڵكی خۆفرۆش بەناوی ئیسلامەوە كەوتنە دژایەتیكردنی كوردانی ڕۆژ ئاواو بە كافرو مولحید ناویان دەبردن و پشتیوانیان بۆ ئەحمەد شەڕعی تیرۆریست دەردەبڕی .
ئەوی مایەی خۆشحاڵییە لەبەرامبەر ئەو مەلا خۆفرۆشانە كۆمەڵێك مەلای نیشتمان پەروەری دڵسۆز هاتنە مەیدان وبونە پاڵپشتی میللەت و بە كۆمەكی كوردە موسولمانە نیشتمان پەروەرەكانیش ئەو مەلایانەیان لەسەر مینبەری مزگەوتەكان هێنانە خوارەوەو ڕیسوایان كردن .دواجار بەرپرسانی حكومەتیش ناچار بون ئەوانە بگرن . بەڕاستی ئەمە ڕوداوێكی دڵخۆشكەری زۆر گەورەیەو هێوا دارم ئەمە ببێتە سەرەتایەك بۆ گۆڕانكاری لە بیرو بۆچونی مەلاو پیاوانی ئایینی كوردو لێرە بەدواوە خۆیان بە كوردێكی موسوڵمان بزانن نەك موسوڵمانێكی كورد كە ئەمە زۆر جیاوازن لە یەكتری . هۆكاری كاردانەوەو دژایەتی كردنی ئەو مەلاو خەڵكانەی بەرامبەر بەكوردانی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆئەم خاڵانەی خوارەوە :
یەكەم : گەشەی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بۆتە هۆكاری ئەوەی خەریكە بە تەواوی ئایینی ئیسلام لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی بەلاڕێدا ببن و ئیسلام بكەنە ئایینێكی تیرۆریستی مەترسیدار . دیارە ئەمەش وڵاتانی زلهێزی لە پشتەوەیە كەدەیانەوێت ئایینی ئیسلام وەكو چەكێك دژ بەوڵاتانی ئیسلامی خۆیان بەكاری بهێنن و ئاژاوەو دوو بەرەكی و شەڕیان لە نێوان دروستبكەن كە ئەمە لە بەرژوەندی خۆیاندا دەبێت .
ئەگەر سەرنج بدەن ڕێكخراوی ئیخوانی موسلمین دەستێكی باڵای هەیە لەم ئاژاوە گێریەدا . وڵاتی قەتەرو تركیاو هەندێك لەوڵاتانیتر ڕابەری ئەم ڕەوتە ئیسلامیە تورند ڕەوەن . سەیركەن چۆن فەلەسەتیینیەكانیان پارچە پارچە كردوو دواجار خۆیان چ كارەساتێكیان بەسەرخۆیاندا هێنا . لەلایەكی تریشەوە ئێران بەناوی ئیسلامی سیاسیەوە بەردەوام خەرێكی ناردنی شؤرشی ئیسلامیە بۆ وڵاتانیتر . لە سایەی ئەوانیشەوە سوریاو لوبنان وفەلسەتین ویەمەنیش وێران بوەو وا خەریكەشەڕ بگاتە بەر دەرگای ماڵی خۆیان .لەو ناوەدا ئەوەتا ئاگری ئیسلامی سیاسی گەیشتۆتە ناوماڵی كوردومیللەتی كوردی ئێمەش خەریكە بەو ئاگرە بە تەواوی دەسوتێت.
لە بیرتانە كاتێك چەند حێزبێكی ئیسلامی خەریكی دامەزراندنی ئیمارەتی ئیسلامی بون لە هەڵەبجەو هەورامان و چ كارە ساتێكیان بەسەر خەڵكدا هێناو خوێنی چەند لاوی كورد بەخۆڕایی ڕژا . شاراوە نییە كە یەكگرتوی ئیسلامی وەكو حیزبێكی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دروست كراوە بە پارەی قەتەرو هاوكاری توركیا بۆ تێكدانی ناو ماڵی كورد لەولاوە كۆمەڵی دادگەری ئیسلامییش هەر بۆ تێكدانی ناوماڵی كورد دروست بوە . سەلەفیەكانیش سەر بار . دروستبونی ئەم حیزب و گروپە ئیسلامیە توند ڕەوەنە بەتایبەت دروستكراون بۆ سڕینەوەی هەستی نەتەوایەتی لەمێشكی تاكی كوردا .
دووەم : كێشە بەردەوامەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هۆكارێكی گرنگە بۆ گەشەی ئەم حیزبە ئیسلامیە دژ بەكوردانە . لە بری ئەوەی حكومەتەكەی پارتی و یەكێتی پرسینەوە لەم حیزبانە بكات و سنوریان بۆ دانێت ، لە پێناوی مانەوەو باڵادەستی خۆیاندا پێش بڕكێیانە لەوەی كامیان حیزبە ئیسلامیەكان بكاتە دۆست هاوپەیمانی خۆیان ، ئەوانیش ئەو بارودۆخەیان بۆ بەرژوەندی خۆیان و دوژمنانی كورد دەقۆزنەوەو دەبنە مۆرانە بۆ ناوماڵی كورد و لە ڕاستیشدا تازە بون بەئەمری واقیع. ئەمە ڕێك وەكو ئەو قسەیە وایە كە دەڵێت : لە ڕقی خەڵكی قنگی مناڵی خۆی دەدڕێت . یەكێتی و پارتی لە ڕقی یەكتری هەرێمی كوردستانیان وێران كرد بەهۆی پلانی دوژمنانەوە لەڕێگای حیزبە ئیسلامیە سیاسیە بەكرێگیراوەكانیانەوە بەوەكالەت .
سێیەم : ئەمەی لێردا باسی ئەكەم هۆكاری سەرەكی زۆربەی كێشەكانی ئێستای كوردستانە بە گشتی وهەرێمی كوردستان بە تایبەتی . لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 6300 مزگەوت هەیە ، لانی كەم لە4 هەزار مزگەوت جومعەو جەماعەت ئەكرێ . هەر مەلایەك و پێش نویژكەرێك لەشكرێك خەڵكی لە پشتەوەیە كە بروای تەواویان بە قسەو لێدوانەكانی مەلاو پییاوانی ئایینی هەیە .لێرەدا پرسیار ئەوەیە : ئایامەلاكان و پیاونی ئایینی ئەركی نیشتمانی خۆیان لە ڕێگای ئەركە دینییەكانەوە بە خەڵك ڕاگەیاندوەو ئەوەی پێویستە بۆیان ڕون كردونەوە ؟.
ئەگەر شاری سلێمانی بە نمونە وەرگرم و خۆتان بیر بكەنەوە چەند مزگەوتی لێێە ، لەچەند مزگەتا ڕۆژانە جەماعەت دەكرێ ، جومعە دەكڕی . شاری سڵیمانی خاوەنی مزگەوتی گەورەیە جێ نرزگەی كاك ئەحمەدی شێخ و شێخ محمودی شؤرشگێری نەمرو خانەقای مولانا خالیدە ، شاری سلێمانی خاوەنی كەسایەتی وەك شێخ محمدی خاڵە كە قسەی دەكرد قسەكانی وەكو شەكرلە دەمی مرۆڤی موسوڵماندا دەتوانەوە . ئێستا كاتی ئەوەیە لە پیاوانی ئایینی بپرسم ئەم شارە لەبواری دینیدا كێ بەڕێوەی دەبات؟.
تاوان نییە لە جێگەی ئەوانە سەلاحەدین بەهادین و عەلی باپیرو عەبدول لەتیفی سەلەفی دانیشن وببنە دەم ڕاستی خەڵكی .لە مەلاو وتار خوێن و پیاوای ئایینی شاری سلێمانی دەپرسم : ئەی ئێوە لە كوێن و كارتان چییەو بۆچی ڕێگا ئەدەن ئەوانە ببنە خاوەنی مێراتی ئەو پیاوە ئایینەیە گەورانە و دەبووئێستا ئێوە شوێن گرەوەی ئەوان بن و ڕیگا چۆڵ بكەن پیاوانی دوژمنانی كورد جێگاتان پێ لێژ بكەن . دەبوو ئێوە فشار بخەنە سەر حكومەت و لە مینەبری مزگەوتكانەوە لە حكومەت بپرسن : ئەری ئەگەر ئێوە حكومەتن ئەی بە چ حەقێك هەموو ڕؤژێك سەلاحەدین بەهادین لە نێوان هەرێم و توركیا تەراتین دەكات و پیاوانی حكومەتی توركیا دەبینێت و هەر بەرپرسێكی توركیاش بێتە هەرێم ، جەنابی مام سەلاح دەچێتە پێش وازی ئەری بەڕاست ئەم پیاوە بە چ سیفەتێك ئەم هەڵس و كەوتانە دەكات ؟.ئەری خۆی سەربەخۆ ئەم پەیوەندیەی دروست كردووە ، یان ئێوە ئەو ئەركەتان پی سپاردوە؟.
لێتان دەپرسم كاتێك عەبدول لەتفی سەلەفی ژنی پیاوێكی هەڵ خەڵەتاند بەناوی نێوەند گێری نێوانیان و دواجار لە خۆی مارە كرد ك كارێكی زۆر قێزەون و بێ شەرمانە بوو ، كەستان هاتنە دەنگ و یەك قسە لەسەر ئەوكارە بكەن ؟. باشە كاتێك ئەم پیاوە بازرگانە بەكرێگیراوە شوێنی بەرماڵی لەناو مزگەوت دەفرۆشت كە لە مێژوی دروستبونی ئیسلامدا شتی ئاوا نییە ، كەستان هاتنە دەنگ ؟. باشە كاتێك ئەم پیاوە مزگەوتەكەی تایبەت كردوە بە سەلەفیەكان و ڕێزەكانی ئیسلامی تێكداوە ، كەستان قسەتان كرد و ئایا لە زەمانی پێغەمەریشدا مزگەوتی تایبەت بەەسەلەفیەكان هەبووە ؟.
ئایا جارێك ناپرسن ئەگەر ئەم حیزبە ئیسلامیانە لە پێناویسەركەوتنی ئیسلامدا دروستبون ، بۆچی هەمویان نابن بە یەك ،ئەگەر بۆ خزمەتی كوردیش دروست بون هەر باشترە هەمویان یەك بن ، تا ئێستا تێنەگەیشتون كە ئەمانە بارزگانی بە ئیسلامەوە دەكەن و دەستی دوژمنانن لەناو میللەتی ئێوەدا باشە كاتێك عیرفان عبدول عەزیز خۆشحاڵی خۆی دەر دەبڕی بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعی تیرۆریست بۆ كوشتنی كوردانی سوریا ، كەستان هاتنە وەڵام و یەك قسە بكەن . بەڕێزان خۆ خۆتان باش ئاگادارن كە لە ڕێگای یەكگرتوی ئیسلامیەوە لەسەر داوی توركیاو قەتەر چەند پارە لە هەرێمی كوردستان بۆ حەماس كۆكرایەوە بە ناوی لێقەوماوانی غەزە وە . دڵنیان لێدوانەكەی خالید نەشعەلی سەركردەی حەماستان گوێ لێبوكە هەڕەشەی لە كوردانی سوریا دەكردو دەیگوت یەكپارچەیی خاكی سوریا هێڵی سورە . باشە یەكگرتو هیچ ڕونكردنەوەیەكی لەسەر ئەولێدوانە دوژمنكارەی ئەو تیڕۆریستە بڵاو كردەوە ، ئەی هیچ كامێك لە ئێوەی بەڕێزیش قسەیەكتان لەسەر ئەوە كرد؟. كەواتە ئەوەی بەرامبەر بە كورد دەكرێ لە لایەن حیزبە كوردە ئیسلامیە سیاسیە بەكرێگیراوەكانەوە دوژمنایەتییەكی ئاشكرایەو بێدەنگی لەوە دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانیەوە .
باشە عەلی قەرەداخی كە سەرۆكی ڕێكخراوی زانایانی ئیسلامی جیهانیە و كوردە لە بری ئەوەی بەرگری لەكوردانی سوریا بكات كە لێیان قەوماوە ، دژایەتیان دەكات و پشتیوانی لەئەحمەد شەرع دەكات كە ئەوە تاوانەو خیانەتیشە بەرامبەر بەكورد ، كەستان یەك قسەتان لەسەر كرد ؟. بەڕێزان : كاتێك ئیسلامە سوننەكان بەناوی داعشەوە ئێزدیەكانیان قتڵ و عام دەكرد گوایە كافرن ، ئێوە بێدەنگیتان هەڵبەژارد بەرگریتان لێنەكردن و ئیدانەی ئەو تاوانە گەورەیەتان نەكرد ، هەندێك نەبێ زۆر شەرمنانە هەندێك بەرگریان لێ كردن . لەكاتێكدا دەبووهەستی نیشتمانی و كوردبون زاڵ بكە ن بەسەر هەستی ئایینی وبێنە دنگ و بەرگریان ڵی بكەن . باشە دەپرسم هۆكاری جیاكردنەوەی سەر بەڕەوتی سەلەفیەكان لە خەڵكانی تری ئیسلام بەوەی شەرواڵی كورت لەبەر بكەن و تەڵقینی مردو نەكەن و ئەم حیزبە ئیسلامیانە كارێكی وایان كردووە بە ئاشكرا ئاژوەو دووبەرەكی بخەنە ناو موسڵمانەوە لە بری ئەوەی كاری وابكەن خەڵك یەكتری خۆش بوێت ، ئێستا خەڵك ئیسلامیەكان وایان لێكراوە دژایەتی یەكتری بكەن . باشە ئەگەر ئەمە دەستی دوژمنای كورد نەبێ چیتر لە پشتی ئەم كارە مەترسیدارەوەیە ؟.
ئەوەی لە كۆتایی ئەم نوسینەدا ماوەتەوە ئاراستەی مەلاوبانگخوازو پێش نوێژكەرو كۆی پیاوای ئایینی بكەم ئەمەی خواروەیە : بەشێكی سەرەكی لە خەڵكی كوردستان كە لەروی دینییەوە بەلاڕێدا براون بۆ خزمەتی داگیر كەران ، لە ڕێگای ئەم حیزب و ڕەوتە ئیسلامیە سیاسیە دروستكراوانەن لەلایەن دوژمنانی كوردەوە بۆ تێكدانی ناوماڵی كوردە ، لە غیابی مەلایان وپیاوانی ئایینی. ئێستا تۆپەكە لە گؤرەپانی ئێوەی مەلاو پیاوانی ڕاستەقینەی ئایینیدایە و كاتی ئەوەیە هەموتان بە یەك جار بێنە دنگ و لە مینەبەری مزگەوتەكانەوە ئەوحیزب و ڕەوتە ئیسلامیە سیاسیانەی دەۆژمنان لەناوماندا چاندویانن زۆر بە ئاشكراو بێ پەردە ڕیسوا بكەن و بەخەڵكیان بناسێنن كەئەمانە دەستی داگیر كەرانن .
ئیوە هەر یەكەتان لەشكرێك خەڵكتان لە پشتەوەیەو ئەگەر تەنها چوار یەكی ئەوانە پشتیوانیتان لێ بكەن ، ئەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانن ڕێزو حورمەت بۆ ئایینی ئیسلام بگێڕنەوەو جڵەوی ئایینەكە لەدەستی نۆكەرانی كورد دەرێنن خۆتان ببنەوە بەڕابەری ڕاستە قینە . ئەگەر پەردەی بێدەنگی بدڕێنن و بە ئاشكرا بێنە دەنگ دەتوانن داوا لە حكومەت بكەن ئەم حیزب و ڕەوتە ئیسلامیانەی سەر بەدوژمنانی كوردن بیانخنە لیستی تیرۆرەوەوڕێگای چالاكیان لێبگرن بەو سیفەتەی ئەمانەهەم دوژنی كوردن و هەم ئیسلام . بۆ ئاگاداریتان ئەمەریكا ئیخوانی موسلمینی لە زۆر وڵات خستۆتە لیستی تیرۆرەوە . دڵنیابن ئەگەر ئەوە بكەن حكومەتیش ناتوانێت هیچتان بەرامبەر بكات ، چونكە دەبنە هێزێكی گەورەی كاریگەرو دەبنە خاوەنی زۆرینەی جەماوەری گۆڕەپانەكە بە هەمو چین و توێژو جیاوازی بیرو بۆچونەكانیانەوە .
بەڕێزان : ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هەڵێكی زێرینەو لەدەستی مەدەن وخۆتان ببنەوە بە خاوەنی گۆڕەپانەكە . ئەگەر ئەوە بكەن حكومەت ناچارە داواكانتان جێبەجێ بكات چونكە حكومەت ترسی ئەوەی لا دروست دەبێ زۆرینەیەكی زۆر لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەت دروست ببێت كە هێچیتر بەم بارودۆخە ڕازی نابن و ترسی لەدەستدانی دەەسەڵاتیان لادروست دەبێ .