كێ بەر پرسیارە لەپاراستنی  ژینگەی هەرێمی كوردستان؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-05-04     132

هەرێمی كوردستان خاوەنی سروشتێكی جوانی دڵڕفێنە .سروشتی هەرێمی كوردستان لە وەرزی بەهارداو بە تایبەت بەهاری ئەمساڵ بەهۆی زۆری ڕێژەی باران بارینەوە ئەوەندە جوانە كەمرۆڤ وشەیەكی دەست ناكەوێت شایانی باسكردنی بێت . هەرچەندە سروشتی هەرێمی كوردستان زۆر جوانە ، بەلام ژینگەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی زۆر گەورەدایە و هۆكارەكانی دەگەڕینەوە بۆ:

1-نەبونی هیچ بەرنامەو پلانێك لە لایەن حكومەتەوە بۆپاراستنی سروشت و ژینكەی هەرێم . 2-زۆر بونی ژمارەی ئوتومبیل بە شێوەیەك كە سنوری تێپەڕاندوەو هۆكارێكن بۆ پیسبونی ژینگەی هەرێم و بڵاوبونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر . 3-نەبونی هوشیاری خەڵك بۆ چۆنیەتی پارێزگاریكردن لە سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستان  . 4-نەبونی ڕۆڵی ئیمامی مزگەوتەكان و پێش نویژكەران لە هوشیاركردنەوەی خەڵك بۆپاراستنی ژینگە یەكێكە لە كێشە گەورەكان. 5-نەبونی بەرنامەیەكی بەردەوام لە پڕۆگرامی خوێندندا بۆ هوشیاركردنەوەی خوێندكاران وكەس و كاری ێنكاران بۆچۆنیەتی پاراستنی ژینگەو سرۆوشتی هەرێمی كوردستان .

بەهۆی زۆری  ڕێژەی باران بارینەوە ئەمساڵ خەڵك نەیان توانی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا بچن بۆ سەیرانی دەشت و دەر، تەنها دوو جومعەیە خەڵك توانیویانە بچنە دەرەوە بۆ دەشت و دەر بۆ سەیران . خۆزگەی هەر باران  نە باریایە بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت بچێتە دەرەوەو ئەو كارەساتە نەخوازراوە ، ناشیرینە ،  نا مرۆڤانە ، بێویژدانیە نابەرپرسانە بەسەر ئەوسروشتە  جوانەی هەرێمی كوردستاندا نەیەت .

بەپێی هەندێك وێنەی ڤیدیۆیی كە لە تۆرة كۆمەڵایەتیە كانەوە بڵاو دەكرێتەوەو ئەوە نیشان ئەدەن كە چۆن ئەو سروشتە جوانە هەرێمی كوردستان كراوەتە زبڵخانەو ئەگەر بچیتە دەرەوە بۆ دەشت و دەر پێش هەموو شتێك مرۆڤ قێز لە خۆی دەكاتەوە كە سەربە چ میللەتێكی عەقل دوا كەوتوە . دوای ئەوە دەبێ بەزەییمان بەخۆماندا بێتەوە كە خاوەنی چ حكومەتێكی بێخەمی نەزانین .  ئەو ژینگە جوانەی هەرێمی كوردستانی ئەمسالی باراناوی وای لێكراوە لە دوورترین چیاو و لوتكە و دوڵی  ئەم هەرێمە، شوێنێك نابینی كە پاشماوەی خۆراك و نایلۆن و قاپی پلاستیك و دابی مناڵی لێ فڕی نەدرابێ . ئەوەی ئەو خەڵكە بە ژینگەی هەرێمی كردوە، هیچ دوژمنێك ناتوانێت پێێ بكات . ئێستا كاتی ئەوەیە هەندێك پرسیار بكەم : باشە لەم هەرێمە فەرمانگەی پاراستنی ژینگە نییە ، ئەگەر هەیە ئەركیان چییەو بۆچی ئاوا بێدەنگن و هیچ ڕێگاو شوێنێكیان نەگرتۆتە بەر بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی ئەم هەرێمە ؟. ئەگەر فەرمانگەیەك هەبێت ، جێی خۆیەتی هەموو فەرمان بەرانی بدرێنە دادگا بۆ لێپرسینەوە . باشە ئەگەر دەسەلاتیشیان نەبێت ، خۆ دەتوانن پێشنیار بۆ سەروی خۆیان بكەن ، دەبوو پێش وەختی دەست پێكردنی وەرزی سەیران  لە  ڕێگای ئیعلامەوە هۆشیاری بدەن بەخەڵكی و ئاگاداریان بكەنەوە لەوەی ژینگە پیس نەكەن  و پاشماوەی خۆیان فڕی نەدەن. ئیمامەكانی مزگەت و پیاوانی ئایینی دەیانتوانی ڕۆڵی زۆر كاریگەر ببین لە هوشیار كردنەوەی خەڵك بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی هەرێم چونكە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان ڕۆژانە ئامادەی نوێژكردن دەبن . لە زۆر شوێنی سەیرانگاكان  مزگەوت هەیەو من خۆم لە ڕۆژی جومعەدا چوم بۆ سەیران بۆ كارێزە بەچاوی خۆم دیم سەدان كەس لە مزگەوت نوێژی جومعەیان دەكرد . بەڕاستی مەلای كورد زۆر داماون و ئێستاش هەر وا ئەزانن مەلیك ماوەو ئەوەی سەدان سال لەمەوپێش لە خوتبەی جومعەدا وتراوە ، هەر هەمان شت دوو بارە دەكەنەوەو ناتوانن خوتبەكانی ڕۆژانی جومعەیان لەسەر بنەمای ڕوداوەكان و پێداویستییەكانی  ڕۆژ بن . مەلای بەڕێزم دەیان ساڵە بەناوی بوخارییەوە حەدیسی پێغەمەر بۆ خەڵك دەگێڕیتەوە كە لە سەدا 99 درۆن ، ئەی ناكرێ لە ساڵیكدا دوو جار خوتبەیەك پێش كەش بكەی بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵك . لە بری ئەوەی بڵێی : موسوڵمانینە ئیمامی بوخاری فەرموی ، بڵێی موسوڵمانینە هەرێمی كوردستان وڵاتی خۆمانە بۆیە دەبێ وەكو چاومان بیپارێزین . ئێستا كاتی سەیران و دەشت ودەرە و داواتان لێ دەكەم كەس پاشماوەی خواردنەكانی لەو دەشت ودەرە جوانە فڕی نەدەن  چونكە كەس نییە دوای ئێوە پاكی بكاتەوە ، خۆتان ئەزانن شارەوانی ناتوانێت ئەو هەموو شوێنانە پاك بكاتەوە چونكە فریا ناكەوێت و بیر بكەنەوە بەیانی خەڵكانی تری وەكو ئێوە دێن و هەر لە شوێنی ئێوە بارو بەرگەنە دەكەنەوە . باشە ئەگەر پیس بێت دەتوانن ، لێی دانیشن؟.  دەڵێم : ئەوە بزانن لە ڕوی دینیشەوە گوناهبار دەبن پاشماوەی خواردنەكانتان فڕی بدەن و دوای ئەوە بڵێت پێغەمەری ئازیزو گەورەشمان لە بارەی  پاكو خاوێنییەوە دەفەرموێت ( النظافة من الأيمان ) . واتە پاك و خاوێنی لە ئیمانەوەیە .  دڵنیام ئەوە كاریگەری باشی دەبێت لە سەر خەڵك . من گرەو دەكەم ، تەعەدا دەكەم وتارخوێنێكی مزگەوت لەم بەهارەدا خوتبەی خۆی بۆ ئەوە ترخان كردبێت .  خۆ ئەگەر بە كاكی سەیران كەریش بڵێی براكەم تكایە پاشماوەی خواردنەكانت فڕی مەدە ، بە بزەیەكەوە پێت دەڵی : كاكە حكومەت گەندەڵە با شارەوانی بێ كۆی بكاتەوە . ئەمە لە كاتێكدایە گەندەڵی حكومەت هیچ پەیوەندی نییە بەوەی من و تۆ ژینگە پیس دەكەین و دەبێ ڕاگرتنی پاك و خاوێنی ژینگەو سروشت بە ئەركی سەرشانمان بزانین و ئەوەش دەزانین كە كرێكارانی شارەوانی ناتوانن ئەو هەموو دنیایە پاك بكەنەوەو لە ڕاستیشدا ئەركی ئەوان نییە .

كاتێك جەماعەت تەواودەبێ بە خێرایی ڕائەكەن بۆگۆشت وكەباب و یاپراغ خواردن وەكو ئەوەی هیچیان نەدێبێت ، هەر یەكەی بەقەدەر مانگایەكی فریزیانی هۆڵەندی دەخوات و ئێوارەش كە ملی شكاند بۆ ماڵەوە بە قەدەر شیاكەی مانگایەك پیسی لە شوێنەكەی خۆی جێ دێلێت لە نایلۆن و قای پلاستیكی چەور . زۆر جار مالاتی گوندەكان دەچن لەو شوێنانە پاشماوەی ئەو شتانە دەخۆن و دەمرن . هەفتەی پێشو برادەرێكم چوو بوو بۆلای دێلێژە ، وتی خەڵكی گوندەكە هاتنە لامان و وتیان  ئێمە پێمان باش نیە بلێێن لێرەمەبن ، بەڵام تكایە پاشماوەی خواردنەكانتان فڕی مەدەن ، چونكە ساڵی پار چەندین مانگامان مردن . بەڕاست دەبێ ئەمە ڕەوشتی پیاوی سەیران كەری كورد بێت ؟.

هەر بۆ بەیانیش هەمان كاكی سەیران كەر دەچێتەوە پشتی هەمان ئیمامی مزگەوت ئەم جارە حەدیسە درۆكانی ئیمامی تورمزی بۆ باس دەكات و ئەمیش دەستی بەرز كردۆتەوە ، خوایە لە گوناهمان خۆش ببێت ، باشە ئەی مانگا كە دەزانی گوناهكردن خراپە بۆچی ئەیكەی . ئیمای تورمزی خەڵكی ئێران بوە و وشەی تورمز كە بۆتە لەقەبی بەمانای ئیستۆپ دێت .سەیرە هەرچی حەدیسەكانی پێغەمەریان نوسیوەتەوە هیچیان عەرەب نەبون  ، دیارە عەرەب پیاوی تێدا نەبوە . باشە ئەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لە كوێن ئاوا بێ ئاگان لە وێرانكردنی سروشت و ژینگەی هەرێم ، بەڵام ئازان بۆ كۆبونەوەكانی داڤۆس و دوبەی بچن و لەشكرێك خەڵك لە گەڵ خۆتان ببەن و بە ملیۆن دۆلار خەرج بكەن . خۆزگەی بەرپرسیكی وڵاتان بهاتایەو بەسەرۆكی حكومەتی بگوتایە حەزدەكەم سەیرانێكی سروشتی كوردستان بكەم ، ئەو كات دەیزانی چۆن ئابڕوی كورد دەچێت . ئەوەی ماوەتەوە لە كۆتاییدا بیڵیم ئەمەیە :

یەكەم : پێویستە لەسەر حكومەت ڕێنمایی دەركات دەربارەی پاراستنی سروشت و ژینگەی كوردستان  وفەرمان دەركات كە لە ڕێگای لایەنی بەرپرسیارەوە جێ بەجێ بكرێت بەم شێوەیە : هەر كەسێك زیان بە سروشت و ژینگەی  كوردستان بگەیەنێت بە هەر شێوەیەك بێت و لە هەر وەرزیكدابێت ، سزای زۆر قورس دانرێت بە لێساندنی غرامەی زۆر ، لێساندنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و ئەگەر پێویستی كرد بەند كردن . ئەگەر من دەسەڵاتم هەبێ بڕیارێك دەردەكەم هەر كەسێك وێنەی كەسێك تەسلیمی دام و دەزگای بەرپرسیاری پاراستنی ژینگە بكات كە كەسێك پاشماوەی خواردنی خۆی لە هەرشوێنێكی ئەم كوردستانە فڕی دابێت جگە لە شوێنی دیاریكراو ، بۆ نمونە بڕی 100هەزار دیناری پێ ئەدرێت و بەیانی ئەو كەسە دەگرم و پارەكەی لەو دەسێنم ، یان ئەگەر زانیم پارەشی بە خەیالدا  نایەت  مۆڵەتی شؤفێریەكەی بۆ ساڵێك لێ  وەردەگرمەوە . ئەگەر تەنها دوو كەس لە پارێزگایەك بەو شێوەیە سزا بدرێت ،كەس ناوێرێت پاشماوەی خواردنەكانی لە دەشت ودەر فڕی بدات و دەبێ چۆن لە ماڵەوە بردویەتی ئاواش بیهێنێتەوە و بیخاتە سەبەتەی خۆڵی بەردەرگا . خەڵكانی بێ شعورو بێ كەرامەت ، دەبێ بەو شێوەیە سزا بدرێن . كەواتە سزادان چارەسەری یەكەمە .

دووەم :  دەبێ بەفەرمان بە ئیمامی مزگەوتەكان بكرێت لە بری باسكردنی حەدیسەكانی  بخاری و تورموزی زیاتر باسی پاراستنی پاك و خاوێنی سروشت  و ژینگەی كوردستان بكەن و بۆ خەڵكی ڕون بكەنەوە بە تایبەت مانگێك پێش هاتنی وەرزی بەهار .

سێیەم :ئاگاداری هەموو ناوەنەكانی خوێندن بكەن كەزۆر باسی چۆنیەتی پاراستن ژینگەو سروشتی كوردستانیان بۆ بكەن و بەخوێندكارەكان بڵێن  ئەگەر لەگەڵ دایك و  باوكتان چون بۆ سەیران و دیتان پاشماوەی خواردن و پیسی فڕی دەدەن و كۆی ناكەنەوە ، ئەگەر توانیتان خۆتان كۆی بكەنەوەو ئەگەر نەتان توانی  مان بگرن و بلین تا كۆی نەكەنەوە لەگەڵتان ناگەڕێێنەوە .  ئەگەر حكومەتی هەرێم و بەرپرسان لە خەمی ژینگەو سروشتی هەرێمی كوردستاندان،  داوادەكەم هەینی داهاتو كە ئاسمان ساماڵ دەبێت و زۆرترین ژمارەی خەڵك دەچنە دەرەوە ، با بەنەهێنی  چەند  كەسەێك بنیرنەدەرەوەی شارەكان و كارەساتەكە بە چاوی خۆیان ببین و نەلێن نەمان زانیوە ئەو كارەساتە بەسەر سروشت و ژینگەی هەرێمی كوردستاندا هێنراوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە  .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×