ئەگەر بۆ ڕابوردو بگەڕێینەوە هەمومان لە یادمانە كە چۆن حكومەتی هەرێم بەردەوام پێدانی موچەی دوادەخست و تا لە دواییدا گەیشتە نێوە موچە وچەندین موچەی هاوڵاتیاتیش لە لایەن حكومەتەوە حەپەلوش كرا ، كاتێك ئەم فەرهود چیانە ئیفلاسیان كردو گەڕانەوە بۆماڵی باوانیان لە بەغدا ، وەنەبێ پێدانی موچە مسوەگەر بوبێت و ئێستاشی پێوە بێت هیچ مانگێك لە كاتی خۆیدا موچەی هاوڵاتیان نەدراوە . هەرچەندە حكومەتی هەرێم ئۆباڵەكەی دەخاتە ملی حكومەتی ناوەندەوە و دڵنیاشم حكومەتی ناوەند تا چند بۆی بكرێت ئازاری هاوڵاتیان ئەدات و تۆڵەی خۆی لە هاوڵاتیان دەكاتەوە لە بری حكومەتی هەرێم . بەڵام ئەوەش باش بزانن ئێستاش كە موچەی هاوڵاتیان دوادەكەوێت ، هۆكارە سەرەكیەكە حكومەتی هەرێمە چونكە هیچ مانگێك بە ڕێك و پێكی لیستی موچە نانێرن و هەر خەریكی فرت و فێڵن و بەغداش ئەوە چاك دەزانێت . دوای ئەوەی بەغداوهەرێم ڕیك كەوتن لەسەر هەناردەكردنی نەوت و مانگانە ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی خالە سنوریەكان و ناوخۆ ، هیچ مانگێك حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیە لەكاتی خۆیدا نانێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بەغداش لە كاتی خۆیدا موچەی هاوڵاتیانی هەرێم بنێرێت بە بەهانەی ئەوەی ئەو پارەیە زۆرەو پێێان نادرێت . بە هۆی دواكەوتنی ئەو بڕ پارەیەوە ، موچەی مانگێكی هاوڵاتیان فەوتا . ئەوەتا حكومەتی بەغدا دەڵێت : ئەوەی بڕیارە بیدەن بۆمان بنێرن بۆ ئەوەی ئێمەش موچەی هاوڵاتیانی هەرێمتان بۆبنێڕین . بەڵام سەرنج بدەن ئەمانە 900 ملیار دیناری هاوڵاتیان دەكەنە قوربانی 120 ملیار دینار كە بۆ بەغدای نانێرن بەناوی ئەوەی داهاتیان نییە ، كە ئەمە لە درۆیەكی گەورە زیاتر هیچیتر نییەو داهاتی هەرێم سێ قاتی ئەوەیە . بەڕێزان با بڵێێن دواخستنی موچە هۆكارەكەی بەغدایەو ئەمانیش ڕاست دەكەن داهاتیان كەمەو ناتوانن مانگانە 120 ملیار دینار بۆ بەغدا بنێرن . پرسیارێكی گرنگ ئەوەیە : ئەی باشە لە كاتێكدا بەغدا بە یەك گوژمە موچەكە دەنێرێت بۆچی حكومەتی هەرێم لە كاتی خۆیدا دابەشی ناكات و دەستی دەستی و دیقە دیقە بەهاوڵاتیان دەكات . باشە وەرن هۆكاری ئەوەمان بۆ ڕون بكەنەوە خۆ حكومەتی بەغدا لەوە بەرپرسیار نییە . بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەمەتان بۆ ڕون بكەمەوە من لە خۆمەوە دەست پێ دەكەم كە لە سڵیمانی موچە وەردەگرم . هەموو مانگێك كە موچە دێت ، من دوو ڕۆژ دوای سەرەی خۆم دەچم بۆ ئەوەی ئەو بانكەی پارەی لێ وەردەگرم كەمێك چؤڵ ببێت . موچە لە ڕۆژی چوار شەممەوە دەستی پێكردوەو من ڕۆژی یەك شەممە چۆم بۆ بنكەی چواری مانگرەكان بۆ وەرگرتنی موچەی كوڕەكەم . كاتێك چوم قیامەت بوو زۆر بە زەحمەت گەڕامەوە . ئەمڕۆ كە ڕێكەتی19/5 ڕۆژی سێ شەممەبوو جاریكیتر چومەوەو بەوهیوایەی چؤل بێت ، كە سەیرم كرد سەرم سوڕما ئەو هەموو پیاو ژنە بەتەمانە لەسەر ئەو زەویە دانیشتون و چاوەڕوانی موچە دەكەن و كات 11ی سەر لە بەیانی بوو . چومە لای كارمەندێك و لێم پرسی بۆچی موچە نادرێت ، وتی پارەمان بۆ نەهاتوە . وتم حكومەتی بەغدا هەفتەی پێشو بە یەك گوژمە هەموو پارەكەی ناردووە ، ئەی ئەو پارەیە چی لێكراوە ؟. وتی منیش وەكو تۆ دەزانم و ئەگەر حەز دەكەی چاوەڕوان بكەو ئەگەر ناشتوانی بڕۆ كاتێكیتر وەرەوە . دوایی وتی ئەگەر بەقسەی من ئەكەی كارتی موچەكە دانێ رۆژپێنج شەممە وەرەوە . وتم دەترسم كارتەكەش ون ببێت . وتی ئەگەر پێنج شەممە هاتیو پارە نەمابوو گلەیی نەكەی . واتە بۆ رۆژی پێنج شەممەش هاتنی موچە مسوەگەر نابێ . بەڕێزان ئەمە مەتەڵە پارە لە بەغداوە هاتوە ، بەڵام لە كاتی خۆیدا دابەشی ناكەن . هۆكاری ئەو دواخستنە وەكو لێرەو لەوێ باس دەكرێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت زۆرینەی لە فیئەی 25 و 50 هەزارین . ئەمانە بۆ هەڵگرتن یان گۆرینەوە بەدۆلارو هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی وڵات هەم ئاسانە و هەم سودیشی لێ وەردەگرن . كەواتە ئەمانە مامەلە بە موچەی هاوڵاتیانەوە دەكەن . بۆ ئەوەی ئەو پارانە خەرج نەكەن ، هەموو ڕۆژێك ئەو پارانەی لە داهاتی زەریبەو تاپۆو مرورو گومرگەكان دەست دەكەوێت دابەشی دەكەن و گومانی تێدا نییە ئەو پارانەش بەشی ئەوە ناكەن بە یەك ڕۆژ موچەی هەموانی پێ بدەن . بۆیە كردویانە بە عادەت هەموو ڕۆژێك نزیك سەعات 12-1 بڕێك لەو داهاتانە دەنێرن بۆ بانكەكان ئەویش بەشی ژماریەكی كەم دەكات . بۆیە ئەوانەی موچەیان وەر نەگرتوە دوو بارە بۆ بەیانی زوو دەچن بۆسەرە گرتن و هەر دەڵێن : ئەوە كەی دێت و بۆچی نایەت و نزیك سەعات یەك یەك دوو گونیە دە هەزاری و پێنج هەزاری دڕاودەگاتە بانكەكان . بەڵی ئەمەیە حیكایەتی پێدانی موچە لە لایەن بەرپرسانی حكومەتەوە . ئەوەی باس دەكرێت سەبارەت بە دواخستنی موچە ئەوەبوو كە بۆم باسكردن . ئەگەر بەرپرسانی حكومەت ئەمەی من نوسیومە بەدرۆی دەزانن ، با ڕونكردنەوەیكی مەعقول بدەن و هۆكاری دواخستنی موچەمان بۆ ڕون بكەنەوەو بۆچی هەرچی پارەیەك دابەشی دەكەن دەهەزاری و پێنج هەزارییە. واتە بۆ ڕۆژی پێنج شەممەش موچە بۆ هەموان مسوەگەر نییە . باشە ئەمە حكومەتە ، یان تاڵانچییە ؟. سەبارەت بەوەی كە گوایە لە بەر كەمی داهات ناتوانن مانگانە لە كاتی خۆیدا بڕی 120 ملیارەكە بۆ بەغدا بنێرن ، ئەگەر بەرپرسان ڕاست ئەكەن و خاوەنی شەرەف و كەرامەتن و لە خەمی هاوڵاتیانن . تەنها بۆ دوو مانگ گومرگی پەروێزخان و پێنجوین لە سنوری یەكێتی و گومرگی ئیبڕاهیم خەلیل لە سنوری پارتی تەسلیم بەمن بكەن و لێم گەڕین خۆم ئیدارەی گومرگەكە بكەم و كەس بەلامدا نەیەت ، ئەو كات بۆ هەموانی ڕون دەكەمەوە داهاتی هەرێم چەندەوچی لێدەكرێت . ئەگەر بۆ هەمیشەش تەنها ئەو 3 گومرگەم تەسلیم بكەن ، ئەوان حەقی ناردنی 120 ملیارەكەیان نەبێت و بیخە ئەستۆی من و هەرچی داهاتی ترە بۆخۆیان . باشە پێشنیار لەمە چاكتر هەیە ؟. ئەگەر بچن سەردانی بنكەكانی دابەشكردنی موچە بدەن تەنها كارەسات دەبینن . ئەو هەموو خەڵكە بەتەمەنە چەندین سەعات لە بەردەمی پەنجەری بنكەكان دەوەستن و چاوەڕوانی ئەوەن پارە بگات ، ئەمە لە كاتێكدایە پارەكە لە بەغدا هاتوەو ئەمانە ئەیشارنەوە . ئەوەیە پاداشتی ئەم دەسەڵاتدارە چاو چنۆكانە بۆ كەس و كاری پێشمەرگەو شەهیدان . ئاخر چ مانایەكی هەیە لە لایەك حكومەتی بەغدا موچەی هاوڵاتیان دوابخات و لە لایەكی ترەوە حكومەتی هەرێم ؟. ئەمە لە سوكایەتی پێكردن هیچیتر ناگەیەنێت .