كوشتن بە پەڕی مریشك

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-06-02     176

باسكردنی بارودۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لە ژێر سێبەری دوو بنەماڵەو لە ژێر ناوی دوو حیزبدا ، باسێكی دووو درێژو ناخ هەژێنەو بە چەند نوسێنیك تەواو نابێت ، هەوڵ ئەدەم زۆر بە كورتی دەست بخەمە سەر لایەنە گرنگەكانی ئەم بابەتە . دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاری سەربەخۆی ئابوری هەرێمی دەر كرد بە هەناردەكردنی نەوت  بەبێ ڕزامەندی حكومەتی بەغدا ، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا گرژی تێكەوت . لە بری ئەوەی حكومەتی هەرێم هەوڵی پتەوكردنی ژێرخانی ئابوری هەریم بدات بۆ ئەوەی پێویستی بە بەغدا نەمێنێت ، كەوتنە تاڵانی سامانی نیشتمانی . بڕی 30 ملیار دۆلاریان قەرز خستە سەر هەرێم . دواجار دەست كرا بە پێدانی نیوە موچەو دواجار بەوەشەوە نەوەستان موچەی چەندین  مانگی موچەخۆرانیان حەپەلوش كرد بە بەهانەی ئەوەی پارە نییە  . ئەوپارەیەی وەكو خانە نشینی لە موچەی هاوڵاتیان دەبردرا ،  لە بری ئەوەی لە سندوقێكی تایبەتدا كۆی بكەنەوە ، ئەوەشیان حەپلوش كرد ، ئەو پارەیەی لە بڕی پێدانی خۆراك لە هاوڵاتیان دەبردرا ، لە بری ئەوەی بێگێرنەوە بۆ بەغدا ئەوەشیان دزی و خواردیان .  

دواجار لە ناچاریدا بەسەر شۆڕی پەنایان بردەوە بەردەرگاكانی بەرپرسانی بەغدا ، ئەوانەی كاتی خۆی دەیانگوت لێرە بەدواوە دەبێ بەغدا داوای قەرز لە هەرێم بكات . بەڵام ئێستا بمرن باشترە بۆخۆیان ئەگەر ئابڕوتان هەبێت . دواجار لەگەڵ بەغدا رێك كەوتن لەسەر هەناردەكردنی نەوت و مانگانە پێدانی 120 ملیار دینار بە بەغدا لە داهاتی ناوخۆو دەروازە سنووریەكان ، لەبەرامبەر ئەوەی بەغداش مانگانە موچەی موچە خۆرانی هەرێم بنێرێت . بەڵام لەوكاتەوە تا ئێستا هیچ مانگێك حكومەتی بەغدا لەگەڵ موچەی مۆچەخۆرانی بەغدا ، موچەی هەرێمی كوردستان نەناردووە . هۆكاری ئەوەش حكومەتی هەرێم بووە ، نەك بەغدا چونكە هیچ مانگێك لە كاتی خۆیدا لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیان  نەناردووەو بڕی ئەو 120 ملیارە دینارەشیان  لە كاتی خۆیدا نەناردووە كە لەسەری ڕێك كەوتبون . هەر مانگە بەهانەیكیان دۆزێوەتەوە . سەرەتا تا چەندین مانگ هەر مانگە بە جۆرێكی جیاواز لیستی موچەیان دەناردو ناوی تازەیان دەخستە لیستەكان و ئەوانیش قبوڵیان نەدەكرد . زۆر مانگ ناردنی 120ملیارەكەیان لە كاتی خۆیدا نەدەنارد ، بە بەهانەی ئەوەی بۆیان نادرێ و زۆرەو داوای كەم كردنەوەیان دەكرد . كاتێك لە بەغدا ، دەست دەكرا بە دابەش كردنی موچە ، لە هەرێمی كوردستانەوە وەڤدێكی فەننی دەچونە بەغداو بەدەستی بەتاڵ دەگەڕانەوە ، لە هەفتەی داهاتوو وەڤدێكی تەكنێكی دەچوو بۆ بەغداو نەدەگەیشتنە ڕێكەوتن و بەدەستی بەتاڵ دەگەڕانەوە . بۆ جاری سێیەم ناچار دەبوون وەڤدێكی دروستكردنی درۆ بنێرنە بەغدا . جارێكیتر وەڤدێك دەچوو بۆ ئەوەی لە بری تەوتین كە بەغدا داوای دەكرد ، هەژماری من قبوڵ بكەن .  تا ئەم كەین و بەینە دەكرا ، نزیك دەبۆوە  بەغدا موچەیەكی تر بدات و هێشتا موچەی موچە خۆرانی مانگی پێشوی هەرێم نەدراوە. بۆچی ئەم سیناریۆیەیان ئەنجام دەدا ؟ (بۆ ئەوەی بڕی ئەو 120 ملیارەی بڕیار بووە بدرێت بە بەغدا كۆی بكەنەوە ، چونكە زیاتر لە نیوەی داهاتی گومرگەكان و ناوخۆ لە لایەن هەردوك حیزبەوە ئێستاشی پێوەبێت مانگانە دەدزرێت) .بۆیە بە ئاسانی لە كاتی خۆیدا ئەو 120 ملیارە كۆنابێتەوە و بۆ داپۆشینی ئەو دزیانە ، مانگانە بەبەرنامە چەندین لیژنەی ساختەو درۆیان دروست دەكرد بۆ ئەوەی كاتی  پێدانی موچە دوابخەن . تەیف سامی وەزیری دارایی  هەموو مانگێك بەهانەی بۆ دەڕەخسا  موچەكەی دوا دەخست و دیقە دیقەی بە بەرپرسانی هەرێم دەكرد. بەرپرسانی هەرێمیش دواخستنی موچەیان دەخستە ئەستۆی تەیف سامی و دەیانگوت ئەو ژنە دژی كوردەو چاوی بە هەرێم هەڵ نایەت . بەڵام بەرپرسانی هەرێم كارەكانیان بە باشی و بە عەمدی رێك نەدەخست و بەهانەیان دەدایە دەستی تەیف سامی بۆ دواخستنی موچەی موچە خۆران . كاتی خۆی حكومەتی عێراقی لە سەدا 10 / بۆ خانەنشینیی بڕیوە ، بەڵام لە هەرێم لە سەدا 7 بڕاوەو ئێستا حكومەتی عێراقی بڕی 3 هەزار مانگانە  بە تایبەت لە موچە حۆرانی هەریم دەبڕن  بۆ سندوقی خانە نشینی ، تەنانەت بۆ ئەو مانگانەی حكومەتی هەرێم موچەی موچە خۆرانی هەرێمی بەناوی پاشەكەوتەوە دزیوە . لە بەغدا بۆ هەر نەفەرێك بڕی 750 دینار وەر دەگرن بۆ پسوڵەی خواردن ، بەڵام لە هەرێم 1750وەردەگرن بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی پێ  پڕیكەنەوە كە ئێستا بەغدا داوای دەكات كە كاتی خۆی حكومەتی هەرێم لە هاوڵاتیانی بڕیوە بەلام نەیناردووە بۆ بەغدا ، واتە حكومەتی هەرێم دووجار پارەی پسوڵەی خواردن وەردەگرێت بۆ گێڕانەوەی ئەو پارەیە بۆ بەغدا ، كە كاتی خۆی نەیان ناردووەو دزیویانە .

بەڵام دوای هەڵبژارن علی زیدی بوو بە سەرۆكی ئەنجومەنی عێراق و( فالح ساری ) ش بە وەزیری دارای و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری دارایی . لە سەرەتادا وایان باس دەكرد كە هەرێم زۆر پەشیمان دەبنەوە بۆ تەیف سامی چونكە فالح ساری وەزیری نوێێ دارایی زۆر توندە بەرامبەر بەهەرێم و بە ئاسانی موچەی موچە خۆران نانێرێت .  بەڵام بە پێچەوانەی هەموو هەموو بۆچونەكانەوە هەڵس و كەوتی لەگەڵ هەرێم دەست پێكرد و لە یەكەم لێدوانێدا وتی : من هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێرم و هەرواشی كرد ، بەلام بە چ میكانیزمێك ؟. ئەو وەكو تەیف سامی نەكرد كە هەموو مانگێك چاوەڕوانی 120 ملیار دینارەكە ی هەرێم بكات و چەلەحانی بكات و چاو پێكەوتن لە گەڵ وەڤدە دروینەكانی هەرێم بكات . ئەو ئێستا هەموو گومان و قسەو باسی لەسەر حكومەتی عێراق نەهێشت و زۆر لێزانانەو دیبلۆماسیانە تۆپەكەی خستە گؤرەپانی حكومەتی هەرێمەوەو شەڕی نێوان بەغداو هەریمی گواستەوە بۆناو هەرێم خۆی . واتە شەڕەكەی خستە نێوان حكومەتی هەرێم و موچەخورانی هەرێمەوە ، كەواتە حكومەتی هەرێم چیترناتوانێت دواكەوتنی موچە بخاتە ئەستۆی بەغدا . وەزیری دارایی نوێێ عێراق كۆتایی بەوە هێنا : ئەگەرهەرێم 120 ملیارەكە نەنێرێت بەغداش باقیاتی پارەكە نانێرێت . فالح ساری وەزیری نوێێ دارایی عێراق وتی فەرمون ئەوە موچەی موچە خۆرانی هەرێم بە لێبڕینی 120 ملیارەكە . بەڕاستی بڕیارێكی باشی داوە و خۆشی لەسەر هێشە ڕزگار كرد . زۆر ئاسانە  برایانی هەرێم وەكو بڕیارە ئێوە مانگانە 120 ملیار لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا بنێرن ، هیچ پێویست ناكات ئێوە ئەوپارەیە بنێرن ، من لێرە ئەو بڕە پارەیە لە پارەی موچە خۆررانی هەرێم دەبڕم و هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا باقیاتەكەیتان  بۆ دەنێرم . كەواتە ئەم پیاوە هات بەرپرسانی هەرێمی كوشت بە پەڕی مریشك . خۆی لەو یاریەی نێوان  هەرێم و بەغدا ڕزگار كرد . كاتی خۆی بەغدا دەیگوت  ئەگەر 120 ملیارەكە  بنێرن ، ئێمەش باقیاتەكەی دەنێرێن ، خۆ ئەگەر ناینێرن ، ئێمەش ناینێرێن .  ئاخر ئەوە چ مانایەكی هەبوو چەندین مانگە بە یەكتری دەڵێن : ئەگەر بینێرێت ئەینێرین ، ئەگەر ناینێڕێت ، ، بەلام داماوەكانی هەرێم دەیانگوت هەتا ئێوە بۆمان نەنێرن ئێمەش بۆتان نانێرین . واتە 800 ملیاریان دەكردە قوربانی 120 ملیار . بەڵام ئایا دەزانن ئەم سیناریۆیەی هەرێم بۆچی بوو ؟. بۆ ئەوەبوو حكومەتی بەغدا ناردنی موچە دوابخات  چونكە 120 ملیارەكەیان بۆ ئامادە نەدەكرا .  لێرە بەدواوە حكومەتە كارتۆنیەكەی هەرێم هیچ قسەیەكی پێ نییە بەرامبەر بە بەغدا ئەگەر موچە دوابكەوێت . ئەبینن لێرە بەدواوە بەردەوام موچە دوادەكەوێت و بۆی هەیە هەندێك كەس دای 15 رۆژ موچە وەرگرن چونكە پارە لە بانقەكاندا نامێنێتت و خەڵكی لە بەیانییەوە دەچنە سەرەوەو پێیان دەڵێن پارە نییە و چاوەڕوان بن . باشە پارە لە بەغداوە هاتووە ، بۆچی پارە نییە؟. پارەكانی بەغدا لە فیئەی 25 و 50 هەزارین و بۆ مامەلە بازرگانی خۆیان هەڵدەگرن و دوای سەعات 12 ی هەمو ڕؤژێك لە فەرمانگەی باج و تاپۆو هاتوو چۆوە ئەو پارانەی لە هاوڵاتیان وەردەگێرێت بە چەند گونییەیەك دەینێرن بۆ بانقەكان و ئەوەش بەشی هەموان ناكات و پێێان دەڵێن : پارە نەما بەیانی وەرنەوە . بە بۆچونی من دوای ئەوەی موچەی موچە خۆرانی هەرێم هەموی بوو بەكارت و چیتر لە بانقەكان پارە نەدرا ، ئەو كات كێشەی گەورەش لەو ئامێرانەدا دروست دەبێ ، كە پارەیان لی دەردەهێێن چونكە بەردەوام پارەیان تێدا نابێت . بە بۆچونی من دواجار بەناچاری دەبێ بگەڕێنەوە بۆ تەوتێنەكەی بەغدا . عەلی زەیدی بە پەڕی مریش خەڵكی سەردەبڕیت ، لەوە دەچێ لە داهاتودا هەرێم بكەوێتە كێشەی گەورەوە. با چاوەڕانبین و ئەوە بزانن  لێرە بە دواوە كەسمان ناتوانین بەغدا تۆمەت بار بكەین بەوەی موچە دوادەخات و شەڕێ ئێمەی موچە خۆرو حكومەتی هەریم دەست پێ دەكات .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×