سەرەتای ویزە ویزی دواخستنی موچە بەڕێوەیە

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-06-08     139

سەرەتای دەست پێكردنی بابەتەكەم بەم سەرگوزشتەیەی باپێرەم ە دەست پێ دەكەم : رۆؤژێكیان لە ماڵەوە دانیشتبوین وباپیرەم وتی : ڕۆژێك ئافرەتێك لە گوندەكەی دراوسێمانەوە هاتە ماڵمان . هەر كە دانیشت دەستی بە قسەكردن كردوو وتی حاجی كە لە ڕێگا هاتم تینوم بوو لام دایە سەركانییەك بۆ ئاو خواردنەوە ، دوایی سەیرم كرد ژمارەیەكی زۆرمێش هەنگ  لە دەوری كانییەكە خەرێكی ئاو هەڵمژین بوون و بەردەوام دەفڕین و ویزە ویزیان دەكرد . باپیرەم وتی  كاتێك قسەی دەكرد وشەی ویزە ویزەكەی بە جۆرێك درێژ دەكردەوە وەكو ئەوەی هەنگەكان لە بن گوێێ من بفڕن و بڵێن : ویزززززززززززز. باپیرەم وتی لە دڵی خۆمدا وتم یاخوا خێربێ ، بەخوا ئەم وێزە وێزە بە خۆرایی نییە . باپیرەم وتی دوای ماوەیەكی كورت وتی : ئەرێ حاجی هەنگوینتان نییە نەخۆشمان هەیەو داوای هەنگوێن دەكات. وتی ئەو كات تێ گەیشتم ئەو شێرو ڕێوی هێنانەوەو وێزە وێزە بۆ ئەوە بوو ڕێگا خۆش بكات بۆ ئەوەی داوای هەنگوێن بكات .

خۆتان باش دەزانن لەو كاتەوە كە بەغدا موچەی هەرێم دەنێرێت ، هیچ مانگێك لە كاتی خۆیدا نەدراوەو هەموو مانگێك حكومەتی هەرێم دوو یان سێ لێژنەی ناردووە بۆ بەغدا بۆ قسەكردن لەسەر موچە. ڕۆژێك وەڤدی فەننی ، ڕۆژێك وەڤدی میكانێكی ، ڕۆژێك وەڤد بۆ هەژماری من ، ڕۆژێك وەڤد بۆ درۆكردن. ئەو وەڤدانە لە بری ئەوەی پێشنیاری باش پێشكەش بكەن و لیستی رێك و پێك ئاماد بكەن ، بە پێچەوانەوە كاریان دەكرد بۆ ئەوەی تەیف سامی ڕازی نەبێت و موچەكە دوا بخات . هۆكارەكەشی دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی كە حكومەتی هەرێم لە كاتی خۆیدا 120 ملیارەكەی نەدەنارد ، بۆیە ئەو هاتوچۆیە مەكوكیانەیان رێك  دەخست بۆ  ئەوەی كات بەسەر بەرن و 120 ملیارەكە كۆ بكەنەوە . بۆ داپۆشینی ئەو سیناریۆیە : دەیان گوت ئەوە ئێمە نین موچە دوا دەخەین و ئەوە تەیف سامییە موچەكە دوا دەخات و ئەوانە چاویان بە قەوارەی هەرێم هەڵ نایەت. بەڵام وەزیری دارایی نوێێ عێراق عاقڵانە كۆتایی بە دەینێرم و ناینێرم ، ئەگەر بینێریت ئەینێرم و ئەگەر نەینێری منیش ناینێرم هێناوزۆر ژیرانەو لێزانانە و بێ كێشە ، بەرەكەی لە ژێر قاچی بەرپرسانی هەرێم دەرهێناو خستنیە سەر زەوی  . وەزیری دارایی  نانی ئەندامانی وەڤدەكانی هەرێمیشی بڕی كە هەموو مانگێك بە قات و بۆینباخەوە  بە ئیفاد دەچون بۆ بەغدا و خەرێكی كات بەڕیكردن بوون . هەر یەكەم ڕۆژ وتی : من هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا موچەی هەرێم دەنێرم  پێویست ناكات ئێوە زەحمەت بكێشن و 120 ملیار بۆ ئێمە بنێرن ،  من 120ملیارەكە لە كۆی موچەكە دەبڕم و باقیاتەكەیتان بۆدەنێرم   .  

عەلی حەمە سالح و عومەرگوڵپی  قسەیان لە سەر داهاتی هەرێم كردووە بە داتاو بەڵگە و بەو پێێە داهات كەمی نەكردووە ، بەلام پێ دەچێت دزی زیادی كردبێت بۆیە پارە كەمە .لەسەر قسەكانی  علی حەمەسالح وعومەر گوڵپی وەزارەتی دارایی هاتۆتە دەنگ و گوایە قسەكانیان ناڕاستن و لە خۆیانەوە قسە دەكەن  بۆ تۆمەت باركردنی حكومەت . لەولاشەوە وەزیری دارایی لێدوان دەدات كە داهات كەمی كردووەو   پارەكە بەشی موچە ناكات و ناچارن پارە قەرز بكەن . ئێستا سەیركەن و بەچاوی خۆتان ببینن چەندین مانگە حكومەتی بەغدا تۆمەت بار دەكەن بە دواخستنی موچەو ئەم وەزیرە تازەیەش زۆر بە ئاسانی تۆمەتەكانی هەرێمی لەسەر بەغدا لابردو خۆیانی تۆمەت بار كرد.

ئەم لێدوانانەی وەزارەتی دارایی و بە تایبەت وەزیری دارایی لەم كاتەدا ڕیك وەكو ویزە ویزەكەی هەنگەكانەو لە ئێستاوە ڕێگا خۆش دەكەن و ئەیدەن بە گوێماندا كە بەهۆی بارودۆخی ناوچەكەوە ، داهات كەم بۆتەوەو  ناتوانن موچە لەكاتی خۆیدا بدەن و ناچارن پارە قەرز بكەن ، خۆشیان دەزانن هەرێم 30 ملیار دۆلار قەرزدارەو هیچ شوێنێك نییە پارەی لێ قەرز بكەن . ئەو كات دەڵێن : ناچارین لێبڕین دەست پێ بكەین . واتە لە ئێستاوە ڕامان دێنن لەسەر ئەوەی وەكو ساڵانی پێشوو ڕامان بێنن لەسەر بێدەنگی و ڕازی بوون . ڕازی بوون بەوەی چەند بارمان لێ بار بكەن ، نقە نەكەین و پێشتریش تاقییان كردوینەوە ، بۆیە بەلایانەوە گرنگ نیییە خەڵك چیدەڵێت ، گرنگ ئەوەیە دەزانن خەڵك هیچ ناكات .

لە كۆتاییدا من ئەم بۆچونانەم هەیە لەسەر بارودۆخەكە:

1—ئەوەی بەڕێزان عەلی حەمە سالح وعومەر گوڵپی وتویانە هەمووی ڕاستە ، چونكە ئەوان خەڵكانی هوشیارن ، خەڵكی ئەم وڵاتەن و ئاگاداری هەموو شتێكن و باش بەرپرسانی حكومەت دەناسن و بەبێ بنەما قسەناكەن چونكە دەزانن ، یەك شتی ناڕاست بلێن ، دەدرێنە دادگا .بۆیە ڕەتكردنەوەی بۆچونەكانی ئەو دوو بەڕیزە بە لێدوانێكی وەزارەتی دارایی بێ بایەخ نابێت و كاریگەری خۆی هەیە .

2- ئێمە هەمومان زۆر باش شارەزای گەندەڵیەكانی حكومەتی هەرێم و تاڵانكردنی سامانی ئەم نیشتمانەین لە ماوە زیاتر لە 30 ساڵی حوكمڕانیدا . ئەوان ئامادەبن ڕێگا بدەن بەسەرمایەدارە چاو چنۆكەكان خواردن و مەوادی  ماوە بەسەر چوو لە دەرواز گومرگییەكانەوە هاوردە بكرێت ، لە بەرامبەر ئەوەی پارەی زۆربدەن و تا ناو شار پارێزگاریان لی دەكەن ناهێڵن كەس دەست بخاتە ڕێگایان . كاتێك ئەمانە ئەو مەوادانە بەخەڵكیتر دەفرۆشن دەگاتە بازار ، ئەو كات لیژنەكانی قایمقامیەت ، دەیانگرن و سزایان دەدەن . باشە ئەو دەسەڵاتەی ئەو تاوانە دەكات ، پێتان وادەبێت لە خەمی ژیانی من و تۆدا دەبن .

3- من ڕیزی زۆرم هەیە بۆ وەزیری دارایی و بە هاوڕێی خۆمی دەزانم ، من باش دەزانم ئەویش وەكو خەڵكانی تر زۆر ئاگای لە داهات نییەو ئەویش وەكو بەرپرسی بانكێك ئەگەر پارەیان بۆ هێنا فەرمانی دابەشكردنی ئەداو ئەگەر بۆیان نەهێنا ، ئەوە موچە نییە .  من ئەزانم حكومەت چۆن بەڕێوە دەچێت و دەەسەڵاتی وەزیرەكان چۆنە . ئەوەی بڕیار دەدات دوو حیزبە، واتە دوو بنەماڵە . بەڵام وەزیری دارایی ئەگەر هەر ناویش بێت ڕوبەڕوی ڕەخنەو بەرپرسیاریەتی دەبێتەوە تا لەسەر كار بێت . بۆیە ئەگەر بزانێت  دەەسەڵاتی وەكو پێویست نییەو بۆی نییە بەدواداچون بكات بۆ داهات ، خۆ دەتوانێت دەست لە كار بكێشێتەوە و بۆ هەموانی ڕون بكاتەوە كە دەستیان كەلەپچە كردووە . بۆیە  تا ئەو كاتەی  لە پۆستەكەی بەردەوام بێت ڕەخنەشی لێ دەگیرێت و بەرپرسیاریشە لەبەردەم موچە خۆراندا .  مانەوەی وەزیری دارایی ، یان هەر وەزێرێكیتر لە پۆستەكەیدا بەبی ئەوەی دەسەڵاتی هەبێت ، یان هیچ بودجەیەكی لەبەر دستدابێت كە خزمەتی خەڵكی پێ بكات ، مانای وایە بۆ خۆی وەزیرە نەك بۆ خەڵك . دەبێ ئەو ڕاستییەش بزانن ئەگەر ئاگاداری گەندەڵیەكان بن و هەر لە شوێنی خۆشیان بمێننەوە ، مانای وایە ئەوانیش دەبنە شەرێكی ئەو دەەسەڵاتەی بەردەوام دەستی خستۆتە بینەقاقی خەڵكەوە و بەردەوام ڕەخەیانلێ دەگێرێت .

4-عەلی حەمە سالح  و عومەر گوڵپی باسی جۆری داهاتەكانیان كردووە بە ژمارەو داتا  ، بەپرسانی حكومەتیش دەڵێن ئەوەی ئەوان دەیڵێن ، ڕاست نییەو داهات كەمی كردووەو بەش ناكات .  بۆ ئەوەی ڕاستییەكان بۆ هەموان ئاشكرا ببێت و هەموان بزانن كێ ڕاست ئەكات و كێ درۆ ، من پێش نیارێكم بۆ بەرپرسانی هەرێم هەیە : تەنها بۆ دوو مانگ و لەم كاتەدا كە دەڵێن :داهات كەمی كردووە،  تەنها ئێدارەی گومرگەكان تەسلیمی من و ئەو دوو بەڕیزە بكەن كە دەڵێن بوختان دەكەن و بەدڵنیاییەوە هەموو ڕأستییەكان بۆ هەموان ئاشكرا دەبن . خۆ ئەگەر قسەی ئەەوانیش دەرچوو داهات كەمی كردبوو ، ئەوە ئێمە ئامادەی بەردەم دادگا دەبین بۆ سزادانمان .  ئەگەر ئەوەتان كرد ، مانای وایە ئێوە ڕأستگۆن لەگەڵ هاوڵاتیان ، بەلام ئەگەر هەرچی داهات هەیە هەر لە دەستی دوو بنەماڵەدابێت و بە كەیفی خۆیان وەكو پێشوتەخشان و پەخشانی بكەن و ڕێگاش نەدەن كەس ئاگاداری داهات بێت و هەر بە ئارەزوو بڵێن پارە نییە ، ئەوە تاسەر قابیلی قبوڵ نابێت و خەڵك دێنە دەنگ .

5- من داوا لە موچە خۆران دەكەم بە هیچ جۆرێك وكو ساڵانی پێشو بە دواخستن و  بڕینی موچە ڕازی نەبن ، ئەگەر وتیان داهات كەمی كردووە ، بەو قسانە فریو نەخۆن و داهات كەمی نەكردووە، بەڵكو دزی و تاڵانی زیادی كردووە .  داهاتی هەرێم ئەوەندە زۆرە ، ئەگەر لە دەستی ئەمین دابێت ، بەشی هەمووشتێك دەكات . تكایە ئاگاداری ویزە ویزەكەی وەزارەتی دارایی بن و بزانن چییان بە دەستەوەیە ، ئەوە یەكەم  مانگە كە وەزیری دارایی عێراق موچەی ناردووەو هیچ بەهانەیەكی نەهێشتۆتەوە بۆ حكومەتی هەرێم كە بە خۆرایی بەغدا  تۆمەت بار بكەن و تۆپەكەی خستە گۆڕەپانی حكومەتی هەرێمەوەو شەڕەكەی جارانی نێوان بەغداو هەرێمی  خستە نێوان حكومەتی هەرێم و هاوڵاتیانی خۆیەوە ، با بفەرمون چارەسەری بكەن ، چونكە چیتر ناردنی  وەڤدە درۆینەكان بۆ بەغدا ڕۆڵیان نەماو هەموو شتێك ئاشكرابوو .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×