هەڵوێستی ئەمەریكا بەرامبەر بەڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی لەسەرەتاو لەئێستادا لە چ ئاستێكدایە؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-06-15     93

بەهاری عەرەبی یەكێكە لە گەورەترین ڕوداوەكانی مێژوی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی نەاوەڕاست و باكوری ئەفەریقا . بەهاری عەرەبی بریتی بوو لە زنجیرەیەك خۆپیشاندانی جەماوەری ، ڕاپەڕین و شۆڕشی چەكداری بوو كە لە كۆتایی ساڵی 2010- 2011  لە پایتەختی تونسەوە دەستی پێكرد (دوای ئەوەی گەنجێك بەناوی محمد بوعزیزی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر( زوڵمی پۆلیس. ) ئەم شەپۆلی خۆپیشاندانە خێرا بەشێكی زۆری جیهانی عەرەبی گرتەوە (میسر ، لیبیا ، یەمەن ، سوریا ، بەحرەین، ... هتد ) درۆشمی سەرەكی خۆپیشاندەران بریتی بوو لە : كۆتایی هێنان بە حوكمی چەندین دەیەی سەرۆكەكان ، داواكاری بۆ دێموكراسی ، دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئازادی ڕادەربڕین . باشكردنی باری ئابوری ، نەهێشتنی بێكاری و گەندەڵی . بەڵام ئەگەر بە ڕاستی سەیری ئەنجامی روداوەكان بكەین، بۆ زوربەی وڵاتەكان دەرئەنجامەكەی زۆر خراپوو وێرانكەر بوو ، تەنها لە چەند شوێنێكی كەمدا گۆڕانكاری ئەرێنی ڕویدا . وڵاتانانی وێرانبوو (شەڕی ناوخۆیی ) : لە سوریاو لیبیاو یەمەن ، ڕاپەڕینەكان گۆڕان بۆ شەری ناوخۆی خوێناوی ، دەستێوەردانی دەرەكی ، و سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی وەك داعش . ئەم وڵاتانە ژێرخانی ئابورییان وێران بوو و ملیۆنان ئاوارەیان لێكەوتەوە . تونس تاكە وڵات بوو توانی ڕاگواستنێكی دێموكراسی بەدەست بهێنێت ، بەلام ئەویش دوایی ڕوبەڕوی قەیرانی سیاسی و ئابووری بۆوە . لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانە كەورەترین  مەترسی بۆسەر بەرژوەندییەكانی ئەمەریكا دروست بوو ، لە ئەنجامدا سەری كێشا بۆ دروست بونی بۆشایی (دەسەڵات ) كە ئەویش بووە هۆی سەرهەڵدانی توندڕەوی و تیرۆر ( داعش و قاعیدە ) كە هەڕەشە بوون بۆ سەر ئاساییشی جیهانی .  دواجار   ئەوروپا  ڕوبەڕوی گەورەترین شەپۆلی كۆچبەران بۆوە كە كێشەی سیاسی و كۆمەڵایەتی گەورەی بۆ دروستكردن . لە لایەكی تریشەوە سودمەند بونی ڕكەبەرەكانی ئەمەریكا ( ڕوسیاو ئێران ). ڕوسیا توانی بنكەی خۆی لە سوریا بەهێز بكات و بگەرێتەوە بۆ دەریای ناوەڕاست . ئێران هەژمونی خۆی لە یەمەن لە ڕێگای (حوسیەكان ) و سوریا زیاتركرد . لایەنی ئەرێنی بۆ ئەمەریكا : ڕوخانی لێبیا بوو كە معمر قزافی زۆر دژی ئەمەریكا بوو هەروەها لاوازبونی سوریا كە مەترسی بوو بۆ سەر ئیسڕائیل . ئەمەریكا لە سەردەمی ئیدارەی باراك ئۆبامای ئەوكاتە لەسەرەتادا پشتگیری لە هیوای گەلان كرد بۆدێموكاسی ، بەڵام زۆر خێرا تێگەیشت كە ڕوخانی ڕژێمە كۆنەكان بەبی هەبوونی جێگرەوەیەكی دێموكراتی بەهێز ، دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆو پشێوی . چاودێران دەلێن ئەمەریكا پەشیمانە لەوەی كە نەیتوانی پێشبینی دەرئەنجامەكان بكات ، بە تایبەتی لە لیبیاو سوریا . بۆیە لە ئێستادا ستراتیجییەتی  ئەمەریكاو وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەكە دا لەگۆڕینی ڕژێمەكان و بڵاوكردنەوەی دێموكراسی گۆڕاوە بۆ : پێشخستنی سەقامگیری بەسەر دێموكراسیدا : ئێستا ئەمەریكا پێی باشترە مامەلە لەگەڵ حاكمێكی دیكتاتۆر بەڵام سەقامگیردا بكات ، وەك لەوەی پشتگیری شۆڕشێك بكات كە وڵاتەكە بەرەو شەڕی ناوخۆ ببات . لە ئێستادا ئەوەلیاتی كارەكانی  ئەمەریكا لەم وڵاتانەدا( وەك سوریاو یەمەن ) تەنها ڕێگریكردنە لەگەشە كردنەوەی داعش و قاعیدە . ئەمەریكا چیتر نایەوێت هێزی زەمینی بنێرێت یان یان ڕژێمەكان بڕوخێنێت ( وەك ئەوەی لە عێراق یان لیبیا كردی ) بەڵكو زیاتر پشت بە هاوپەیمانە  ناوخۆییەكان و بواری  دیبلۆماسی دەبەستێ  . ئێستا تەركیزی سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر ڕێگری كردنە لە فراوان بوونی هەژمونی چین و ڕوسیا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا ، نەك چاكسازی ناوخۆی ئەو وڵاتانە . ئەمەریكا زۆرباش بۆی دەركەوتووە كە لە لیباوعێراق و ئەفغانسان زیانی گەورەی مادی وسیاسی كردووە ،چونكە نەی توانێوە ئەو وڵاتانە بخاتە ژێر هەژمونی سیاسی خۆیەوەو بونە دوژمنی ئەمەریكاو زیانی گەورەشیان پێ گەیاند . باشە لە ڕوخانی  حوكمی سەدامدا ، جگە لە زیانی ماددی زۆرو بە كوشتدانی 400 سەربازی ئەمرێكی وتەسەلیم كردنی عێراق بە ئێران ، چ سودێكی تری بینی . ئایا دەزانن ئەو چەك و تفاقی سەربازیەی لە ئافغانستان بەجێی هێشت ، بایی چەند ملیۆن دۆلارە ؟ بۆیە ئێستا ئەمەریكا بە سیاسەتی خۆیدا چۆتەوەو میكانیزمی نوێی گرتۆتە بەر لە چۆنیەتی مامەلە كردنیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا .

پەیوەندی كوردو ئەمەریكا : پەیوەندی كوردو ئەمەریكا بە درێژایی ساڵانی ڕابوردوو لەسەر بنەمای ئەوە بووە كە سوود لە تواناكانی كورد ببین لە پێناوی بەرژوەندی خۆیاندا . ئەو هاوكاریەی ئەمەریكا پێشكەشی كوردی دەكرد ، لە بەرخاتری خۆیان بوو ، نەك كورد . لە شۆڕشی ئایلولدا ئەو هاوكاریانەی ئەمەریكا بە كوردی دەدا ، بۆ ئەوەبوو  عێراق بە شەڕی كوردەوە سەرقاڵ بكات و نەپڕژێتە سەر ئەوەی پەلاماری ئیسڕائیل بدت ، ڕاستە هاوپەیمانان و ئەمەریكا یارمەتی باشی كوردیاندا لە ڕۆی  مرۆیی و سەربازییەوە ، ناوچەی دژەفڕێنیان بۆ كورد پێك هێنا ، بەلام ئەوەی كورد بۆی كردن لە ڕوخانی حكومەتی سەدام و شەڕی داعشدا  كەم نەبوو ، بەڕاستی پێویستیان بەكورد هەبوو چونكە كاریگەری گەورەیان لەسەر چۆنیەتی شەڕەكان هەبوو .  كاتێك داعش لە عێراق تێك شكێنراو بەرەو سوریا ڕۆیشتن ، ڕاستە ئەمەریكا  یارمەتییەكی بێ وینەی هێزەكانی سوریای دێموكراتی دا لە  دژی حكومەتی سوریا لە لایەك و داعش لە لایەكی تر ، بەڵام دنیا دەزانێت ئەوەی كوردانی سوریا بۆ ئەوانی كرد هەرگیزبەخۆیان نەدەكرا . زیاتر لە 13 هەزار تێكۆشەری كورد شەهید بوون ، بەلام 13 سەربازی ئەمەریكاو هاوپەیمانان نەكوژران . كەواتە كوردانی سوریا هاوكاریەكانی ئەمەریكایان بە خوێن كریوە  . سەرەڕای ئەو هەمو خوێن ڕشتنە بۆیان ، ترامپ دوو جار ئەوانی فرۆشت و پشتی تێكردن . ئێستا ئەمەریكا چۆن بیر دەكاتەوە ؟. جاران حكومەتی سوریا دژی ئەمریكا بوو، بەهەمان شێوە داعشیش .دوای ڕوخانی حكومەتی سوریان ئەحمەد شەرعەكان كە پێشتر داعش بوون بوونە خاوەن دەەسەڵات . جاران ئەمەریكا  بۆیە  هاوكاری كوردەكانی دەكرد، چونكە شەڕی ئەحمەد شەرعەكان و حكومەتی سوریای پێدەكردن و لەولاشەوە توركیای نیگەران دەبوو بە هاوكاری كوردەكان چونكە  دۆستێكی ستراتیجی گەورەی ئەمەریكایە.  ئێستا سوریا بۆتە ژێر دەستەی ئەمەریكا وبەوهۆیەوە ئیسڕأئیلیش ترسی لە سوریا نەماوە. كەواتە چیتر پێویستی بە هاوكاری كوردانی سوریا نەماوە و لە هەمووی گرنگتر ، ئەمەرێكا  نیگەرانیەكانی توركیاشی ڕەواندەوە بەوەی پشتی لە كوردانی سوریا كرد . هەموتان بە چاوی خۆتان دیتان كە شەڕی نێوان ئیسڕائیل و ئەمەریكاو ئێران  گەیشتە چ  ئاستێكی مەترسیدار . بەڵام ئەمەریكا تا ئێستا خۆی پاراستووە لە هێرشی زەمینی و بە كوشتدانی سەربازەكانی . لە ڕاستیدا ئەمەریكا دەیەوێت و لە هەوڵی ئەوەدایە ئێران لاواز بكات و بیخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوەو مەترسییەكانی ئێران لە دژی بەرژوەندییەكانی خۆیی و ئیسڕائیل كۆتایی پێ بهێنێت ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەریكا نایەوێت حكومەتی ئێران بڕوخێت و ئێران پارچە پارچە ببێت . ئەمەریكا  وانەی باشی لە شەڕەكانی بەهاری عەربی وەرگرتووە و نایەوێت هەڵەكانی پێشوی دوو بارە بكاتەوە .ئەمەریكا ئێرانێكی دیكتاتۆركە دۆست بێت بەخۆیی و چیتر نەبێتە هاندەری دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ دژایەتی ئەمەریكا زۆر پێباشترە لەوەی ئێران ببێتە سەرچاوەی پشێوی  بۆی . كوردی باشوورهاوكارێەكی باشی ئەمەریكابوون لەشەڕی داعشدا ، بەڵام لە بەرامبەردا كوردیش سوود مەند بوو  ، دەەسەڵاتی فیدڕأڵییان چەسپاند ، حكومەت و پەڕلەمانیان دروست كرد ، بونە هاوبەش لە بەغدا . بەڵام بەهۆی ناكۆكیەكنی یەكیتی و پارتی و نەبونی سەركردەی سیاسیی و لێزان ، لە بری ئەوەی سود لە هاوكاریە نێودەوڵەتییەكان و پشتیوانیان وەربگرن ، بەردەوام خەریكی شەڕی یەكترو دژایەتی یەكتربوون ، لە بری ئەوەی هەوڵ بدەن ژێرخانی ئابوری هەڕێمەكە بەهێز بكەن بۆ ئەوەی لەسەر قاچی خۆیان بوەستن ، خەرێكی دزی و تاڵانی بوون ، لە ساڵی 1994-1998 شەڕی یكتریانكردوو هەرێمی كوردستانیان كردە دوو ئیدارەیی . لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانان بەردەوام هۆشدارییان پێ داون كە هێزی پێشمەرگە بكەنە یەك هێزی یەكگرتوو ، بەلام تا ئێستا مێلیشیای دوو حیزب و دوو بنەماڵەن . لە بەغدا لە بری ئەوەی شەر لەسەر داواكانی كورد بكەن ، دژایەتی یەكتری دەكەن . ئێستا ئەمەریكا باش تێ گەیشتوە كە ئەمانە هی ئەوە نین پشتیان پێ ببەسترێت چونكە ئەگەر بەكەڵكی خۆیان نەیەن ، چۆن بەكەڵكی ئەمەریكا دەبن .

مەترسییە گەورەكەی سیاسەتی ئێستای ئەمەریكا بەرامبەر بەكورد :

ئەگەر سەرنج بدەن عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق یەكەم هەنگاوی بە سودی ئەمەریكا ناوە . سەدر بڕیاری دا مێلیشیكانی  بچنە ناو سوپاوە ، لایەنێكیتریش هەمان هەنگاوی ناوە .حەڵ كردنی حەشدی شەعبی كە سەربە ئێرانن ، یەكێكە لە داواكانی ئەمەریكا . ئەوەتا ڕێكەوتنی ئەمەریكاو ئێرانیش نزیك بۆتەوەو گومانی تێدا نابی یەكێك لە بەندەكانی  ڕیكەوتنەكەیان  ئەوە دەبێ  ، چیتر دەست نەخاتە كاروباری عێراقەوەو حەشدی شەعبی دژی ئەمەریكا هان بدات . بۆیە ئەگەر جاران ئەمەریكا پشتیوانی هەرێمی كوردستانی كردبێت ، زیاتر بۆ ئەوە بووە وەكو بنكەیەكی سەربازی خۆی بەكاری بهێنێت  دژی ئێران و حەشدی شەعبی وحكومەتی سوریا . كەواتە ئەگەر ئەمەریكا كێشەی حەشدی شەعبی نەماو لە گەڵ ئێران ڕیك كەوت و ئەوەتا حكومەتی سوریاش هی خۆیەتی ، چیتر پێویستی بە كوردوو هەرێمی كوردستان نابێت . ئەمەریكا تا ئێستا هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی دەویست كە بەكاریان بهێنێت دژی ئەوانە ، بلام لە ئێستادا ئەوانە لە ئەمەریكاوە نزیكترن و پێویستی بە كورد نامێنێت .پەندێكی كوردی جوان هەیە كە دەڵێت ( كە تازە هاتن ،كۆنە خەڵاتن ) . ئەوە بزانن لەم قۆناغەدا مەترسییەكی زۆر گەورە چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دكات و ئەوەشی بە پلەی یەكەم ئەومەترسییە دەكاتە ئەمری واقیع دوو شتتە: یەكەم : بەردوامی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و بێ ئومید بونی دۆستەكانی كورد لێێان مەترسسی پلە یەكە. ئەوە سالیك و 8 مانگە هەڵبژاردن كراوەو پەڕلەمان پێك نەهاتووە ، باشە ئەمە ناودەنێن چی ؟. مەترسی دووەم هاتنی تۆم باراكە بۆ عێراق وەكو نێردەی ئەمەریكاو ترامپ . لای هەموومان ڕونە كە تۆم باراك زۆر دژایەتی كورد دەكات و ئەو هۆكاری یەكەم بوو كە گورزی گەورەی لە كوردانی سوریا وەشاند. ئێستا تۆم باراك دوژمنی پلە یەكی كوردە .هەر بە ناوهێنانی وەك نێردەی ئەمەریكا بۆعێراق ، دەستی كرد بە لێدوانی ژەهراوی وبە ئاشكرا دەڵێت : دەبێ عێراق ببێتەوە بە وڵاتێكی مەركەزی . ئەگەر كێشەی حەشدی شەعبی بەتەواوی چارەسەر كرا و تێكەڵ بە سوپا بوونەوە ، قسە دێتە سەر ئەوەی بلێن : عێراق یەك وڵاتەو دەبێ یەك سوپای هەبێت و نابی چیتر هێزی پێشمەرگە سەربەخۆبێت دەبێ لەگەڵ سوپای عێراق تێكەڵ بكرێت ، خۆ ئەگەر بەرپرسانی یەكێتی و پارتی ، بڵێین ئەوە نابێ ، دوایی دەلێن : ئەم هێزە هێزێكی یەكگرتوی سەربەخۆ نییەو وەكومێلیشیای دو حیزب و دوو بنەماڵە وایەو چیتر ئەمە قابیلی قبوڵ نییەو بدووریش نازانرێت شەڕی یەكتری بكەنەوە . دڵنیابن ئەمە بەرنامەی ئەمەریكا خۆیەتی و كار دەكات كە سیستەمی حوكمڕانی وڵاتانی دواكەوتو بكاتەوە بە مەركەزی و دیكتاتۆری چونكە ئەمەریكا  دەزانێت ئەم دەسەڵاتە  لەبەرژوەندی ئەودەبێت . جاران ئەمەریكا هەوڵی ئەدا ، بەناوی دێموكراسی و ئازادییەوە هەژمونی خۆی بسەپێنێ بەسەر وڵاتانی دوواكەوتودا ، بەڵام ئەوەی تاقی كردەوەو دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی یەكەم.

ئەگەر یەكێتی پارتی پەلە نەكەن لە  چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆیان و ڕیزەكانی كورد پتەو نەكەن ، ئەوە گومانی تێدانابێت بەدەستی خۆیان قوڕ بۆخۆیان میللەت دەگرنەوەودەبێ هەر خۆشیان قەبر بۆناوی هەرێمی كوردستان هەڵكەنن.

 

  

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×