موژدەیەكی ناخۆش بۆ موچەخۆرانی هەرێم

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-07-14     90

ژیانی مرۆڤ هەمووی بریتی نییە لە خۆشی یان ناخۆشی ، بەلكو تێكەڵەیەكە  لە هەردوكیان . واتە هەموو كەسێك لە ژیانیدا بە چەند قۆناغێكدا تێ دەپەڕێت كە زۆر كات ژیانێكی ئاسودەو خۆش و بێ كێشە ، هەندێ جاریش ژیانێكی ناخۆش و پڕ لە ئێش و  ئازار بەسەر دەبات . كەواتە مرۆڤ نابی لەكاتی خۆشیدا زۆر لەخۆی بایی ببێت و وا بزانێت  تاسەر ئەوا بۆی دەچێتە سەرو بەهەمان شێوەش نابێ لە كاتی ناخۆشیدا زۆر بێ ئومید ببیت و وا بیر بكاتەوە مە هەمیشە ئەوادەبێت . پەندێكی پێشینان هەیە كە دەڵێت (ئەگەر خوا دەرگایەكی لێ داخستی بێ ئومید مەبەو دەرگایەكی ترت لێ دەكاتەوە) . بۆنمونە :

 ماوەیەك بارودۆخی دارایی هەرێم وهاوڵاتیان باش بوو ، بۆیە كەسێكی وەكو هێڤیدارئەحمەد پەڕلەمان تاری پارتی دەیگوت ، سالی 2021 دەبێ حكومەتی عێراقی لە حكومەتی هەرێم بپاڕێتەوە كە بەقەرز پارەی پێ بدات . ئەوە سەردەمی زێرین بوو . بەڵام سەیركەن ئێستا  حكومەتی هەرێم چۆكی بۆ بەغدا داداوە موچەی موچەخۆرانی پێ بدات ، بەڵام هەموو مانگێك بە پاڕانەوەو لاڵانەوەو دواخستنەوە موچەكە دەنێرن . ئەندامێكی پارتی لە لێدوانێكیدا دەڵێت :

 ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردویەتی بە هەموو حكومەتە  یەك لەدوای یەكەكانی عێراق نەكراوە . بابزانین ئەو شتە گرنگە چییە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردویەتی ، مەبەستی ئەوەبوو كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم زەوی بۆ زۆرینەی چین و توێژەكان دابین كردووە . لە راستیدا دابەشكردنی زەوی تاوانێكی زۆر گەورەیە چونكە ئەوە موڵكی نەوەكانی دواڕۆژە ، ئەوە ناسنامەی میللەتی كوردە ، ئەگەر زەویمان نەما لە سەری  بژین ، ئاوارەدەبین . سەرنج بدەن تائێستا چەدین مانگ موچە نەدراوە، یان بە لێبڕینەوە دراوە ، یان زۆر دواكەوتووە ، یان پلەی فەرمان بەران بەرز نەكراوەتەوە ، بەڵام  خەڵك هەر ژیاوەو ڕۆژگاری بەرێ كردووەو لەسەر زێدی خۆی ماوە ، بەڵام كاتێك ئەو خاكە لەدەست ئەدەین كە لەسەری دەژین و ناسنامەو گەرێنتی مانەوەو درێژەدانە بە ژیانمان ، لەدەستمان دا خۆشمان نامێنێنن . بۆیە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمان بەراندا ، لە بری پێ نەدانی موچە یان دواكەوتنی بۆ ئەوەی دڵیان خۆش بكات، نەك خزمەتیان پی ئەكەن ، بەڵكو بە هۆی ئەوەوە دەبی بە ویستی خۆیان ئاوارە ببن ، یان ژێردەستەیی قبوڵ بكەن .   

 زۆر جار ئێمە ڕەخنەو گلەیەكانمان ئاراستەی دەسەڵاتدرانی هەرێم  دەكەین لەبەرامبەر هەندێ شت كە ئەیكەن و لە ڕاستیدا ئەوە خراپەو نابی بكرێت ، بەلام كۆمەڵیك خەڵكی نەزان و لە هەمان كاتدا ماستاوچی كۆیلە ، بەجۆرێك باسی ئەو كارانە دەكەن كە بەرپرسان وا ئەزانن كاری زۆر باشیان كردووە .  بۆنمونە : پێشەوا هەورامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت : ( سەرۆكی حكومەت بنەمای بەهێزی بۆ ئایندەی ئابوری و كارگێڕی هەرێمی كوردستان داڕشتوە) هەروەها لە لێدوانێكی تریدا دەڵیت ( كابینەی 9 بە پڕۆژەی ستراتیجی وەلامی ئاستنەگەكانی دایەوە ) .

سەرنج بدەن ئەمە لێدوانی گوتەبێژی حكومەتە لە كاتێكدا سەرۆكی حكومەت نەك نەیتوانیوە هیچ پڕۆژەیەك تەواو بكات ، موچەی موچەخۆرانی پێ نادرێت و چاوەڕوانی بەغدایە . خۆ ئەگەر من یان یەكێكیترڕەخنە لەسەرۆكی حكومەت بگرێن ، وا ئەزانن ڕقمان لێیەتی ، بەڵام خۆزگە قسەكان  پێشەوا هەورامی لە بارەی سەرۆكی حكومەتەوە  ڕاستبوونایە بۆ ئەوەی سوپاسی بكەین . لەولاوە ڕێباز حەملان دەڵێت ( مەسرور بارزانی بۆ دۆست ودوژمنی سەلماند كوڕی باوكی خۆیەتی ) . لێدوانی ئەم بەناو بەرپرسانە كە نزێكی سەرۆكی حكومەتن ، لە بری ئەوەی سود بە سەرۆكی حكومەت بگەیەنن زیانی زۆر گەورەی لێ ئەدەن و ڕاستییەكانی لێ دەشارنەوەو لەئەنجامدا توشی هەڵە دەبێت . گومانی تێدا نییە سەرۆكی حكومەت و زوربەی بەرپرسەكان حەزیان لە كەسانی ئاوا ماستاوچی هەیە لەدەوریان ، ئەگەر وانییە كەسانی وەكو دكتۆر بورهان یاسین و كامەران مەنتكی دەكردە ڕاوێژكاری خۆیی و ڕاوێژی پێدەكردن ، نەك كەسانێك كە ماستاوی بۆ بكەن . بۆیە تا بەرپرسانی باڵای ئم هەرێمە بەم شێوەی ئێستا بیر بكەنەوە ، دەبێ بێ شێو سەربنێینەوەو چاوەڕوانی بەغدابین موچەمان بۆ بنێرن .  بەڕاستی باش لە یادم نەماوە ئایا مانگی 12ی ساڵی 2024 بوو یان 2025 بوو حكومەتی عێراقی بڕی 444 ملیار دیناری نارد بۆموچەی مانگی 12 ئەو ساڵە و بە حكومەتی هەرێمیان گوت باقیاتەكەی لە داهاتی ناوخۆ تەواو بكەن  كە بریار بووە بۆمانی بنێرن و نەتان ناردووە . حكومەتی هەرێم موچەی مانگی 12 نەدا بە بەهانەی ئەوەی داهاتیان نییە. بەڵام سەیرەكە لەوەدابوو 444 ملیاردینارەكەشیان  بۆخۆیان برد. ئەوە موژدەیەكی ناخۆش بوو بۆموچەخۆران .

بەڵام زۆری نەبرد سەرۆكی حكومەت موژدەیەكی خۆشی دا بە موچەخۆران و بڕیاری پێدانی زەوی دا  بە هەموو فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە .بۆیە ئەگەر خوا دەرگایەكی داخست ، دەرگایەكیتر دەكاتەوە . ئەوەتا  جارێكیتریش سەرۆكی حكومەت موژدەیەكی خۆشی داوا بە كەس وكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی كە زەوییان بەسەردا دابەش دەكات. بەڵام زۆر بەسەر ئەم هەواڵەدا تێ نەپەڕی و هەوالێكی ناخۆش بڵاو بۆوە كە گوایە موچەی دوو مانگی ئەساڵییش دەفەوتی و جارێكیتر موچەخۆران كۆستیان دەكەوێت . ئەوە زیاتر لە 10 ڕۆژ بەسەر مەنگی حەوتدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا موچەی مانگی 6ی موچەخۆرانی هەرێم نەدراوە و بەردەوام شاندی هەرێم بە ڕێگاوەن بۆبەغدا بۆ قسەكردن لە سەرموچە .

بەڵام ئەوەی كە زورینەی هاوڵاتیان نایزانن ئەوەیە ، وا ئەزانن شاندەكانی هەرێم دەچن بۆ بەغدا بۆ ئەوەی زوو موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكەن ، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە دەچن بەهانە دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بەغدا موچەی موچە خۆران نەنێرێت و بەردەوام دوا بكەوێت بۆ ئەوەی چەند موچەیەكی ئەمساڵیش نەدەن تەنها ل پێاوی ئەوەی 120 ملیاربۆ بەغدا نەنێرن و بەتاڵانی بەرن بۆخۆیان. بەغداش پێی خۆشە هەرێم 120 ملیارەكە نەنێرێت ، چونكە ئەوان هەرمانگەی نزیكی 800 ملیار قازانج دەكەن . ئەمانە فێری ئەو دزی و تاڵانیە بوون و پێیان تەرك ناكرێت . پەندێكی پێشینان هەیە كە دەڵێت ( خویەك گرتی بە شیری پێی تەرك ناكرێت بە پیری ) ڕێك ئەوە بەسەر بەرپرسانی هەرێمدا هاتووە .  بەهانەی دواكەوتنی موچە ئەوەیە  كە حكومەتی هەرێم 120 ملیاری نییە بینێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی ئەوانیش موچەكە بنێرن .حكومەتی هەرێم ڕازی نابێت بەغدا موچەكە لە كاتی خۆیدا بنێرێت و بڕی 120 ملیارەكە ببرێت . گریمان ڕاست ئەكەن و 120 ملیاریان نییە ، ئەی باشە بۆچی لیتری بەنزین لە بەغدا بە  450 دینارەو لە هەرێم سێ ئەوەندەیە ؟. ئەی باشە مانگانە 50 هەزار بەرمیل نەوت وەرناگرن بۆ ئەوەی بیپاڵێون و بە هاوڵاتیانی بدەن و بۆچی  بەنرخی بەغدا بە هاوڵاتیانی نافرۆشن ؟. كەواتە ئەمە چەند جێگەی بروایە نەبوونی 120 ملیارەكەش هەر ئەوەندە جێگەی بروایە . باشە ئەگەر ئەمانە ڕاست ئەكەن و داهاتی هەرێم بەتاڵان نابەن ، دەتوانن بڵین : ئەگەر ئێوە بڕوامان پێ ناكەن فەرمون وەرن خۆتان سەرپەرشتی داهاتی ناوخۆ بكەن ، هەر لە داهاتی گومرگەكان و باجی ناوخۆو داهاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوو چۆ .ئەگەر ئەمەیان كرد ، مانای وایە ڕاست ئەكەن .

 بەڵام ئایا ئەوە دەكەن ؟. ئەچن ڕیگا بە سەرمایەدارە دزوو چاو چنۆكەكان ئەدەن  بەقاچاخ  ئاژەڵ هاوردەدەكەن و گومرگی ئەكەن و پارەكەی بۆخۆیان ئەبەن ، بۆیە گۆشت بەوشێوەیە نرخی بەرز بۆتەوە . ئەوانە لەمەرزەكانەوە  تا ناو شارەكان ڕێگا بە سەرمایەدارە دزو چاوچنۆكەكان دەدەن كە كاڵای ماوە بەسەرچوو داخڵی ناوهەرێم بكەن وپارەی زۆریان لێ وەردەگرن و  تا ناو شارەكان پاسەوانییان دەكەن و كاتێك ئەو كاڵاو خواردنانە دەگەنە ناوبازاڕو بە خەڵكی دەفرۆشرێت ، ئەو كات لیژنەكانی قایمقامیەت خاوەنی ئەوكاڵایانە دەگرن و سزایان ئەدەن گوایە كاڵاو خواردنی ماوە بەسەرچویان هاوردە كردووە . باشە ئەمانە كاربەدەستی  ئەم وڵاتەبن ، چاوەڕوانی چییان لێ دەكرێت . ئەگەر داهاتی ناوخۆ لە دەستی كەسانی ئەمیندابێت ، لانی كەم مانگانە بەشی نێوەی موچە دەكات ، نەك 120 ملیار كۆنابێتەوە . بۆچی داهاتی گومرگەكان هەمیشە كەم دەكات ؟.

داهاتی گومرگەكان ڕێك وەكو ئەم نمونەیە كە باسی دەكەم : ئەگەر لە بەنداوێكەوە 5 بۆری ئاوی 6 ئینجی و یەك بۆری ئاوی یەك ئینجی بۆ گەڕەكەكانی شارێك ڕاكێشی و هەر بۆرییەك بۆ گەڕەكێك ، گومانی تێدا نابێت ئەو گەڕەكەی بۆریە یەك ئینجییەكەی بۆ براوە هەمیشە بێ ئاو دەبن و ئاوەكەشیان بەرەو كەمی دەڕوات  چونكە لە لایەك بەشیان ناكات و لەلایەكی ترەوە ئەم بۆریە ژەنگ و بەڵغ و قەوزەش بچوكی دەكاتەوەو ئاوەكەشی ڕو لە كەمی دەكات .  لە گومرگەكانی هەرێمدا چەندین دەروازەو ڕێگای جیاواز هەن بۆ هاوردەی كاڵاكان و ئەوان تەنها داهاتی یەك دەروازە وەكو داهاتی حكومەت حساب دەكەن و باقیاتی بۆ ماڵی پاشایە . جگە لە دەروازكانیش جۆرەها كۆمپانیایان داناوە بۆوەرگرتنی سەرانە بەناوی جۆراو جۆرەوە. ئەو داهاتەش بۆ حكومەت نییەو هەندێكی بۆ ڕازیكردنی هەندێك بەرپرسی دەست ڕؤیشتوەو هەندێكێشی هەر بۆ ماڵ پاشایە . كەواتە بەم حاڵەوە نابی چاوەڕوانی ئەوە بكرێت هیچ مانگێك لە  كاتی خۆیدا 120 ملیارەكە كۆبكرێتەوەو بۆ بەغدای بنێرن . حكومەتی هەرێمیش بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خەڵك كەم بكاتەوەە بێدەنگیان بكات ، بە ناوی دابەشكردنی زەوییەوە موژدەی خۆش بەهاوڵاتیان ئەدات بۆ ئەوەی باسی موچە فەوتاوەكانیان نەكەن .  لە كابینەی 9 دا  10 موچەی هاوڵاتیان بەتەواوی نەدراوە ، 13 موچەش بە لێبڕینەوە دراوە .ئێستا كاتی ئەوەیە لە پێشەوا هەورامی بپرسین :

 باشە دەتوانی هەندێك لە پڕۆژە ستراتیجیەكانی سەرۆكی حكومەتمان بۆ باس بكەی كە لە سەردەمی ئەودا ئەنجام دراون ؟. ئەو بەڕیزە وادەزانێت ئێمەش وەكوخۆی لە گوێێ گادا خەوتوین و ئاگامان لە هیچ نییە . برا ئێمەش لێرەدەژین و ئاگاداری هموو شتێكین ، لەمەودوا ئاگاداربەو كاتێك قسە دەكەی باش بیكوڵێنە، واتە باش بیری لێ بكەرەوە ، لەبەر ئێمەنا چونكە ئێمە هەموو شتێك دەزانین ،بەڵكو لەبەرخۆت بیلا مەعنا با توشی خەجاڵەتی نەبی . ئێستا واز لە پڕۆژە ستراتیجیەكانی سەرۆكی حكومەت بهێنە كە ئەنجامی داون ، دەتوانی دڵنیامان بكەیتەوە كە ئەمساڵ هیچ موچەیەكمان نافەوتێت؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×