بەشی یەكەم
پەندێكی پێشینان هەیە كە دەڵێت ( بەردیك نەزان بیخاتە گۆمێك ئاوەوە، بە هەزار زانا دەرنایەتەوە) . واتە: بەرپرسێكی نەزان بڕیارێكی خراپ بدات ، ئەنجامەكەی ئەوەندە خراپ و كارەساتبار دەبێت ، بە هەزار كەسی زانا وەكو خۆی لێنایەتەوە . ماوەیەكە لەسەر لاپەرەكانی فەیسبوك و ماڵپەڕەكانەوە ، باس باسی زۆربونی ژمارەی هاوڵاتی عەرەبە لە هەرێمی كوردستان و دروست بوونی مەترسی لەسەر گۆڕانی دێموگرافیای هەرێمی كوردستان . ئێمەی كورد میژویەكی ڕەشمان هەیە لە بارەی داگیركردنی خاكەكەمانەوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان . بۆ نمونە : پڕۆسەی تەعریب لە هەرێمی كوردستان لە لایەن هەموو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە بەردەوام پەیڕەو كراوەو هاوڵاتیانی كورد لەسەر زێدی خۆیان دەركراون و عەرەب خراوەتە شوێنیان . كەركوك و خانەقین و مەخمور، شەنگال و زۆر ناوچەی تری كوردستان شایەتی ئەوەن .ئەم پڕۆسەیە بەتەعریب ناسراوە. بەڵام ئێستا ڕیگایەكیتریش دروستبووە بۆزۆربونی ژمارەی هاوڵاتی عەرەب لە شارەكانی كوردستان وەكو سلێمانی ، هەوڵێر ، دهۆك ، ئەمەیان پێی دەڵێن بەعەرەب كردنی هەرێمی كوردستان . لە ڕاستیدا هەردوك ڕێگاكە هەمان سەرچاوەی مەترسیان هەیە . قسەیەكی كوردی خۆمان هەیە كە زۆر جار دەگوتری (هەموو ڕێگاكان هەر بۆ سەردەشت دەچن) . واتە گرنگ نییە بە چ ڕێگایەكدا دەڕؤی ، گرنگ ئەوەیە دواجار بچیتە شاری سەردەشت ، كەواتە ئەوە گرنگ نییە ژمارەی عەرەەب لەسەر خاكی كردستان چۆن و بە چ ڕێگایەك و بە چ شێوازێك زۆر دەبێت ، گرنگ ئەوەیە عەرەب ژمارەی زۆر ببێت . تەعریب : بەواتای دەركردنی هاوڵاتی كورد لەسەر خاكی باوك و باپیرانی و گێگێركردنی هاوڵاتی عەرەب لە شوێنیان . بەعەرەب كردن دەركردنی كوردەكانی تێدا نییە لەشارەكانی خۆیان ، بەڵام زۆربونی ژمارەی عەرەب كە بەڕێگای جیاوازەوە دێن و نیشتەجێ دەبن و دواجار ڕێژەی دانیشتوانی كورد گۆڕانی بەسەردا دێت ومەترسی گەورە لەسەر دواڕۆژی هەرێمی كردستان دروست دەبێ . ئەگەر حسابی 20 ساڵێتر بكەی ، بەشێك لە كورسییەكانی پەڕلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ عەرەب دەبن چونكە ڕێژەی مناڵ بوون لەناو عەرەبدا ئێجگار زۆرە . كەواتە بە عەرەب كردنی هەرێمی كوردستان لەم ڕێگایەوەو بەخشكەوە زۆر مەترسیدارترە وەكو لە تەعریب . پڕۆسەی تەعریب ، لە دەركردنی ماڵێكەوە لەسەر زیدی خۆی ، دەنگە دەنگی لەسەر دروست دەبێت و هەستی پێ دەكرێت ، بەڵام بەعەرەبكردنی هەرێمی كوردستان كە عەرەب بتوانێت ئازادانە بێتە شارەكانی كوردستان و خانوو شوقە بكرێت و دوكان دانێت وكاسبی بكات ، زۆرمەترسیدارترە لە تەعریب چونكە ئەمە لەڕوی یاسایشەوە ڕێگە پێدراوە. تێبینی ( من لێرەدا كە باسی عەرەب دەكەم وەكوكەسێكی شۆڤێنی نەتەوە پەرست بیر ناكەمەوەومن هاوڵاتییەكی عەرەبیش وەكو مرۆڤ سەیردەكەم و بە دوژمنی خۆمی نازانم ) . لەلایەكی تریشەوە من لە سڵێمانی و عەرەبێك لە شاری بەسرە بە پێی یاسا هەردوكمان هاوڵاتی عێراقین و هەرشوێنێكمان پێ باش بێت دەتوانین تێیدا بژین . بەڵام كێشە گەورەكە لێرەدا ئەمەیە : ئەگەر لەسەدا 40 هاوڵاتیانی كورد بچن لە خواروی عێراق نیشتەجێ ببن ، نابنە مەترسی بۆسەرقوڵایی خاكی عەرەب و هەرگیز ئێمە ناتوانین ببین بەخاوەنی ئەو ناوچانە ، چونكە جگە لەوەی خاكی ئەوان وەكو خاكی عەرەب ناسێنراوەو قوڵایی جوغرافی و دێموگرافی خۆشیان هەیە، لەخوار خۆشیانەوە هەر عەرەب حوكمڕانن . بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر ژماری عەرەب لە هەرێمی كوردستان زۆر ببێت دێموگرافیای هەرێمی كوردستان گؤرانی بەسەردا دێت چونكە ئێمە قوڵایی جوغرفیمان كەمەو دراوسێكانیشمان دۆستمان نین و ئەوانیش وەكو عەربەكانی عێراق بیر لە كورد دەكەنەوە . ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕێژەی عەرەب لەهەرێمی كوردستان بگاتە بە لەسەدا 50 ، مانای وایە شتێك نامێنێت بەناوی هەرێمی كوردستانەوە . پێشم وایە بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات و ئێمەی كورد خاوەنی ئەم حوكمڕانانەبێن ، ئەوە بەدوور نازانرێت . سەیركەن لە پێناوی بەدەست هێنانی پارەو سامان ، هەوڵێر بۆتەشوێنی ساغكردنەوەی پارەو سامانی دزراوی بەرپرسانی عێراقی . بێباكی سەركردەكانی كورد سەبارەت بەوەی چی ڕودەدات لە هەرێمی كوردستان ، ئایندەیەكی ترسناك و تاریك چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكات . زۆرن ئەوانەی كە هەمیشە لە خەمی ئایندەی هەرێمی كوردستانن ، هەمیشە لێدوان ئەدەن ، ئەنوسن ، بەرپرسان ئاگادار دەكەنەوە لە مەترسییەكانی ئاییندە ، بەڵام ئەو بەرپرسانە لەبەر ئەوەی خۆیان زۆربە گەورەو هوشیارو زاناو دانا ئەزانن ، كە لە ڕاستیدا هەر هیچ نین ، هەرگیز ئامادەنین گوێ بۆ كەس بگرن ، ڕاو پێشنیاری كەس وەرگرن ، بیر لە ئایندەی هەرێم بكەنەوە و ئەوەی ئەوان لە خەمیدان خۆدەوڵەمەندكردن و بردنی سامانی هاوڵاتیانە بەتاڵان . بەپرسانی باڵای ئەم هەرێمە ئامادەن خاكەكش بفرۆشن لە پێناوی پارەدا . لە بری ئەوەی سەركردەكانی حكومەت و حیزبە باڵادەستەكان كەسانی شارەزاو دلسۆزو خەمخۆر بكەن بە ڕاوێژكاری خۆیان و پرس و ڕایان وەركرن ، كەسانی ماستاوچی و كۆیلە دەكەنە ڕاوێژكاری خۆیان بۆ ئەوەی لێدوانە نابەجێ كانیان بۆ كاوێژو دوو بارەو مكیاج بكەن . بەم بۆنەیەوە دەمەوێت ئاماژە بەو دەنگۆیانە بدەم كە ئێستا لە بارەی هەرێمی كوردستان بڵاو بۆتەوە سەبارەت بە تەعریب و بەعەرەب كردنی هەرێمی كوردستان و مەترسییە ترسناكەكانی بۆسەرئایندەی هەرێمی كوردستان لە كورت مەودا و باسی هۆكارەكانی ئەو مەترسییە بكەم . یەكێك لە هۆكارەكانی زۆربونی هاوڵاتی عەرەب ئەوەیە كە دەرگایان كردۆتەوە بۆ هاوڵاتیانی عەرەب كە بە ویستی خۆیان شوقەو خانوو لە هەرێمی كوردستان بكڕن و نیشتەجێ ببن ، بێ ئەوەی بەرپرسانی باڵای حكومەت بیر لەو مەترسییە بكەنەوە بۆسەر دوا ڕۆژی هەرێمی كوردستان . ئێمە بە حساب شەڕ لەسەر كەرك و خانەقین و شەنگار دەكەین ، بەڵام ئەوەتا سلێمانی و هەوڵێرو دهۆك داگیر دەكرێت . بۆ ئەوەی بێ باكی و بێ ئاگایی بەرپرسانی ئەم هەرێمە بزانن ، دەمەوێت سەرنجتان ڕاكێشم بۆ نوسنێكی شیكاری زۆر گرینگ لە لایەن بەریز (نیاز سەعید عەلی ) كە بەر لە 15 سال لەمەوبەر نوسراوە سەبارەت بە پێشنیارێكی ژووری بازرگانی سلێمانی كە بۆ پارێزگاری ئەوكاتەی سلێمانیان ناردووە و داویان كردووە ، كە كڕێنی شوقەو خانوو بۆ هاوڵاتیانی عەرەب ئازاد بكرێ كە تا ئەو كاتە قەدەغە بووە . جەنابی پارێزگاریش بێ بیركردنەوەو پرس و ڕا سێو دووی لێنەكردووەو لە ڕۆژی 6/6/2016 بڕیارێكی مێژوویی بۆ بەعەرەبكردنی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی كوردستان دەركردووە . ئەوەتا دوای 15 ساڵ چ مەترسییەكی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بووە و ئێستا هەستی پێدەكرێت و قسەو باسی لەسەر دروست بووە . ئەگەر سەركردەكانی حكومەت و كوردو حیزبەكان زەڕڕەیەك خەمی ئەم نیشتمانەیان هەبوایە ،چۆن بەم بڕیارە ڕازیدەبوون و سزای ئەوەیانەن نەدەدا كە ئەو بڕیارەیان دركردووە . خۆ ئەگەر بشڵێن ، خۆئاگامان لەو بڕیارە نەبووە ، ئەوە سەرەتای نەگبەتی و ماڵ وێرانیمان دەبێت وعوزر لە قەباحەت خرابتر،تۆ سەركردەبیت و لەولاوە نیشتمانت هەڕاج بكرێت و تۆش بڵێی ئاگام لێێ نەبووە ، ئەی خۆت بەخۆت ناڵێی چیت ؟. بەڕێز ( نیاز سەعید عەلی) بابەتێكی لە ماڵپەڕی ئاوێنە بڵاو كردۆتەوە لەسەر ( داوایەكی پێش 15 ساڵی لەمەوبەری ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ پارێزگاری سلێمانی ) بە هۆكاری ئەوەی لەم دوایەدا قسەو باسی زۆرلەسەر زۆربونی عەرەب بڵاو بۆتەوە ، ئەو بەڕیزە هاتوە هەمان نوسینی 15 ساڵ لەمەوبەری لەماڵپەڕی ئاوێنە جارێكیتر بڵاو كردۆتەوە ، من خۆم بڕواناكەم بەرپرسانی حكومەت ئاگایان لەم بڕیارەی پارێزگارنەبوووێت، بەڵكو خۆشیان بەرنامەیان بۆداناوە بە مەبەستی دەسكەوت. ئێستا ئەم بەڕێزەهاتوە كۆی بابەتەكەی 15ساڵ لەمەوبەری لە ماڵپەڕی ئاوێنە داناوە . مرۆڤ وابیر دەكاتەوە ئەم وڵاتە كەسێكی تێدا نییە لە خەمی نیشتمان بێت ، ئەگەر وانییە چۆن دەبێ بەرپرسانی حكومەت لە ئاستی تاوانێكی ئاوا گەورەدا بێدەنگبن . بابەتەكە لە ڕۆژی 18/7/2026 لە ماڵپةری ئاوێنە دانراوە ، ئێستا كە ئەمە دەنوسم سەعات 5ی ئێوارەی ڕۆژی 19/7/2026 لەبەر گرینگی و هەستیاری بابەتەكە 620 2كەس خوێندۆیانەتەوە ، بەڵام ئێستاش یەك بەرپرسی حكومەت ئاگای لێێ نییە . من لە بەشی دووەمی ئەم نوسینەدا وردەكاری زۆرتر بڵاو دەكەمەوە . هیوادارم سەردانی ماڵپەڕی ئاوێنە بكەن بۆئەوە ی ئاگاداری هەموو وردەكاری نوسینەكە بن . بێ ئاگایی بەرپرسانی حكومەت و هاوڵاتیان لە تاوانێكی ئاوا بێ وێنەدا، هیچ هیوایەك بۆ دواڕۆژمان بەدی ناكرێت .