بەشی دووەم
من لە بەشی یەكەمی ئەم بابەتەدا هەندێك پێشەكیم نوسیبوو، داواشم لێكردبوون بۆ ئەوەی كۆی بابەتەكەی نووسەر بخوێننەوە . لەم بەشەدا دەمەوێت باسی هەندێك وردەكاری بكەم : بەڕێز ( نیاز سەعید عەلی ) لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمی نیشتماندا لە ڕۆژی 14/6/2016 لە ژمارە 69999 كوردستانی نوێ و لە زوربەی ماڵپەڕەكانیتردا وتارێكی دوورو درێژو هەمە لایەنە ( لەسەر داوایەكی ژووری بازرگانی بۆ پارێزگای سلێمانی ) ئەنوسێت : كە داوایان كردووە ڕێگا بە فرۆشتنی موڵك و شوقە بدەن بە هاوڵاتیانی عەرەب و بەناویانەوە تۆمار بكرێت . نوسینەكەی ئەو بەریزە لە ژێر ناونیشانی ( پێشنیارێكی دەمامكداری ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ بەڕێز پارێزگاری سلێمانی ) نوسراوە . جەنابی پارێزگاریش بێ بیركردنەوەو وەرگرتنی بیروڕای كەسانی شارەزاو پسپۆڕو بەرپرسانی باڵای حكومەت زۆر بە پەڵە پێشنیارە دەمامكدارەكەی ژووری بازرگانی سلێمانی قبوڵ كردووە . هەر كەسێك كەمێك بەئاگابێت زۆر باش لەوە تێ دەگات ، كە ئەو داوایەی ژووری بازرگانی لە پارێزگارو ڕازی بوونی پارێزگاریش بە داواكەیان ، جێگەی گومانەو زۆر شتی شارەوەی لە پشتەوەیە . لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە كاتێك داواكەی ژووری بازرگانی بەدەستی پاریزگار دەگات ، یەكسەرلەگەڵ ژووری بازرگانی دەست دەكات بە كۆبونەوەو گەڵاڵەی بڕیارەكە دەكەن لە ڕۆژی 3/6 / 2016 ، لە كاتێكدا ئەوڕۆژە هەینییەو پشووی فەرمییە . بەڵام لەبەرئەوەی پێشنیارە دەمامك دارەكەی ژووری بازرگانی سلێمانی شتی نەهێنی و شاراوەی لە پشتەوە بووە ، هیچ گومانی تێدا نییە پارێزگاریش ئاگاداری وردو درشتی ناوەرۆكی پێشنیارەكە بووە و بەرژوەندی هەموانی تێدابووە ، بۆیە لە ڕۆژی هەینیدا گەڵاڵەی بڕیارەكەیان كردووە بۆ ئەوەی كەس ئاگای لە دەرچونی ئەو بڕیارە نەبێت ، نەكا ڕیسەكەیان لێ ببێتەوە بە خوی . بۆیە خێراو بە پەلە بە نوسراوی ژمارە 6448 لە ڕۆژی دووشەممە 6/6/2016 بڕیارەكەیان بەفەڕمی بڵاو كردۆتەوە . ئەو بڕیارە مەترسیدارە ترسناكەیان دەركردووە ، بەپاساوی گەشەكردنی كەرتی گەشتیاری و بەهێزكردنی كەرتی ئابووری هەرێمی كوردستان . ئێستا سەرنج بدەن كاتێك بەرپرسان دەیانەوێت بڕیاڕێك دەركەن كە بەرژوندی خۆیانی تێدابێت ، چۆن بە پەلە بڕیارەكە دەردەكەن و پاساوی نابەجێش بۆ بڕیاركە دێننەوە . بە حساب ئەم بڕیارەیان بۆبەرژوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەركردوەو هەموان لێی سود مەند دەبن . بەڵام پڕسیار ئەمەیە : ئایا كەرتی گەشتیاری بە فرۆشتنی شوقەو موڵك بەهاوڵاتیانی عەرەب بەهێز دەبێت ، یان بەوەی گرینگی بە كردنەوەی سەیرانگای زۆرو چاكردنی ڕێگاو بانەكان بدرێت . ئابووری هەرێمی كوردستان و ژێرخانی ئابووریەكەی بەوە بەهێزدەبێت كە بە ڕێگای موساتەحەوە ئەرز بدرێت بە كەسانی خاوەن سەرمایە بۆ ئەوەی كۆمپانیای بازرگانی و پێشەسازی بنیات بنێن و خەڵك كاری تێدا بكات و بێكاری كەم ببێتەوە ، یان لە پێناوی بەرژوەندی كۆمەڵێك سەرمایەداری چاو چنۆكی نیشتمان فرۆش ، بڕیاری بە عەرەبكردنی هەرێمی كوردستان بدەی ؟. قبوڵكردنی بڕیارە دەمامكدارەكەی ژووری بازرگانی تەنها بۆئەوەیە زەوی زۆر بەخۆڕایی بدرێت بەكەسانی سەرمایەداری چاوچنۆك بۆ ئەوەی قازانجی زۆر بكەن و هیچیتر . كاتێك هاوڵاتیانی عەرەب بە لێشاو دێن و شوقە دەكڕن ، نرخەكانیان لەسەر هاوڵاتیان گران دەبێت . كەواتە ئەوەی سوود مەندە ، سەرمایەدارە چاوچنۆكەكان و عەرەبەكانن و لەئەنجامدا كورد بەدەستی خۆی پلانی بەعەرەبكردنی هەرێمی كوردستانی جێ بەجێ كردوە . لە هەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە بۆ پرسێك و بڕیارێكی ئاوا گرنگ و ستراتیجی ، دەبوو لێكۆڵێتدنەوەو بەدواداچونی زۆر ورد بكرایاو بە چەندین ناوەندو سەنتەری لێكۆڵینەوەدا تێپەڕێت و هەموو لایەنە خراپ و باشەكانی ئەو بڕیارەیان دیراسە بكردبایە و هەموو بەرپرسە باڵاكانی حكومەتیشیان لێ ئاگادر بكردایە و ڕەزامەندی ئەوانیان وەر بگرتایە ، ئەو كات ڕێگایان بدایا هاوڵاتیانی عەرەب شوقەو موڵك بكڕن وبەناویانەوە تۆمار بكرێت . لە هەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە : ئەنجمومەنی پارێزگاشیان لەو پرسە گرنگە ئاگادار نەكردۆتەوەو هەموو كەین و بەینەكە لە نێوان پارێزگاری ئەو كاتەو ئەندامانی ژووری بازرگانی سلێمانیدا بووە . تۆ بڵێی ئەندامانی ژووری بازرگانی ئەوەندە كەسانی خەمخۆرو دڵسوزی نیشتمانبن شەوانە خەویان نەچێتە چاوبەهۆی بیركردنەوەیان لە دواڕۆژی هەرێمی كوردستان ؟. ئەمانەش كۆمەڵێك بازرگانی دەمامكدارن وهێچیتر . كەواتە لێرەدا گومانەكە زیاتر گەورە دەبێت و لە پشتی پەردەوە شتی شاراوە هەبووەو بەخۆڕایی ئاوا بە پەڵە ئەو بڕیارە ترسناكە لەبەرژوەندی هاوڵاتیانی عەرەب و دژی هەرێمی كوردستان نەدەدرا . ڕەزامەندی پارێزگاری سلێمانی لەسەر پێشنیارە دەمامكدارەكەی ژووری بازرگانی سلێمان بۆ دەركردنی بڕیارێك كە هاوڵاتیانی عەربە بتوانن شوقەو خانوو بكڕن ، ئەوەتا هەر لە ئێستاوە نیشانەو ئاماژەو كاری گەرییە نەرێنییەكانی بە ئاشكرا دەركەوتووەو بۆتە سەرچاوەی مەترسی زۆر گەورە بۆسەر گۆڕێنی دێموگرافیای هەرێمی كوردستان . گۆڕینی دێموگرافیا بە واتای زۆربوونی ژمارەی هاوڵاتیانی عەرەب و كەمبونەوەی ڕێژەی هاوڵاتیانی كورد لەبەرامبەر هاوڵاتیانی عەربدا ، كە دواجار ئەمە دەبێتە سەرچاوەی مەترسی زۆر گەورە بۆسەر ئاییندەی هەرێمی كوردستان . كاتی ئەوەیە بەرپرسانی باڵای حكومەت ئەوانەی تۆزقاڵێك لە خەمی نیشتماندا ، لیژنەیەك پێك بهێنن و هەموو ئەوانەی بەشداربوون لەو بڕیاڕە مەترسیدارە ، لێكۆڵێنەوەی وردیان لەگەڵ بكرێت و بۆ ئەوەی بگەن بەو ئەنجامەی چۆن ئاوا بەدزی و بەخشكەیی و ئاوا بە پەلە بڕیارێكی ئاوا ترسناكیان دەركردووەو ، هیچ لایەنێكی تری حكومەتیان ئاگادار نەكردووە . خۆ ئەگر لایەنیتریش ئاگادار بوون ، لێكۆڵێنەوە لە ئەوانیش بكرێت ، چونكە ئەمە تاوانێكە لێخۆشبوونی نییە . بەبۆچونی من لێكۆڵێنەوەكە بەم شێوەیە دەست پێ بكات : یەكەم : كاتێك بڕیارلە لایەن پارێزگارەوە دەرچووە بۆ ئەوەی شوقەو موڵك و خان و بە هاوڵاتیانی عەرەب بفرۆشرێت ، سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی باڵای حیزب ئاگادار كراونەوە ؟. ئەگەر ئەوكارەیان نەكردووە ، بۆچی سەربەخۆ بڕیاری ئاوایان دەركردووە ؟. خۆ ئەگەر لە كاتێكدا سەروی خۆیان ئاگادار كردبێتەوەو لەسەر بریاری ئەوان ئەو كارەیان كردبێ ، دەبێ ئێستا ڕەخنەو گلەیەكان ئاراستەی سەرۆی ئەوان بكرێت و داوای لێپرسینەوە لەئەوان بكرێت . بەڵام ئەگەر پارێزگار سەربەخۆو بە بێ پرس ڕا بە سەروی خۆی و لەسەر پێشنیاری دەمامكداری ژووری بازرگانی سڵیمانی ئەمەی كردبێت ، ئەوە ڕاستەوخۆ پارێزگار بەرپرسیاری یەكەمەو دەبێ لێپرسینەوەو لێكۆڵێنەوەی وردی لەگەڵدا بكرێت . دووەم : بەدوادا چوونی زۆر ورد بكرێت لە یەكە یەكەی ئەندامانی ژووری بازرگانی سلێمانی سەبارەت بە پلەو پۆستیان ، كەسایەتییان ، باری دارایی و ئابوری هەر یەكێكیان و هەر یەكەیان لە چ بوارێكی بازرگانیدا كاردەكات . ئایا هیچ یەكێك لەمانە خۆی كاری شوقە دروستكردن ناكات ، یان دۆستایەتی و نزیكایەتی لەگەڵ ئەوانەدا نییە كە كاری دروستكردنی شوقەو فرۆشتنی موڵك دەكەن . دواجارلە ئەنجامی بەدوادا چوندا بۆ دەست كەوتنی وەلامی ئەوپرسیارانە ، زۆر ڕاستی گرنگ و شاراوە دەست دەكەون . سێێەم : گەڕان بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا : ئایا پێشنیاری ژووری بازرگانی سلیمانی بۆ پارێزگاری سلێمانی ، بۆ گەشەی بواری ئاوەبووری وەكو ئەركێكی نیشتمانی لە ڕوانگەی پەرۆشییانەوە بووە بۆ خەلكی كوردستان وئەوەیان بە پێویست زانیوە ، یان لە بنەڕەتدا ئەم كارەیان كردووە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك خەڵك قازانجی زۆر بكەن و دەوڵەمند ببن لەسەر حسابی خەڵك و زەوی بەخۆرایی وەربگرن و بیكەن بە شوقەو بە پارەی زۆر بەخەڵكی بفرۆشنەوەو ، ژێر بەژێریش خۆشیان بەشیان لەو دەسكەوتەدا هەبێت ؟. باشە بۆچی بەگشتی هەموو بەرپرسانی باڵای حكومەت و پارێزگارو ئەندامانی ژووری بازرگانی بۆگەشەكردنی كەرتی گەشتیاری و ئابووری هەرێمی كوردستان ، تەنها بیریان لەوە كردۆتەوە شوقەی زۆردروست بكرێت و دواجار ڕێگاش خۆش بكرێت بە عەرەب بفرۆشرێن ؟. ئەی باشە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە بۆچی هەوڵیان نەدا یەكێك كارگەیەكی وەبەرهێنان ، كۆمپانیاییەكی گەورە دروست بكات بۆ ئەوەی هەم بەرهەمی هەبێت و هەم ئابووری هەرێم بەهێزببێت ؟. وەرن دەست نیشانی پڕؤژەیەكم بۆ بكەن كە لە لایەن سەرمایەدارێكەوە دروست كرابێ و بەرهەمی هەبێت خەڵكی بێكاری دامەزراندبێت ؟. كەواتە گەشە پێدانی بەرنامەی شوقە دروستكردن و پێدانی زەوی حكومت بە خۆرایی بە كۆمەڵێك سەرمایەداری چاوچنۆكی نیشتمان فرۆش، تەنها بە مەبەستی دەوڵەمەندبوونی كۆمەڵێك خەڵكی تایبەتە كە لەبەرپرسی یەكەمی حكومەتەكانەوەو سەرۆكی حیبزبەكانەوە لەگەڵیان شەریكن.
من لە نوسینێكی تایبەتدا باسی گرینگی ڕ ۆڵی ڕاوێژو ڕاوێژكارم كردووە ، كە لەم سەردەمەدا چەند گرنگییان هەیە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا . ڕاوێژكردن بە ڕاوێژی شارەزاو لێزان زامنی سەركەوتنی هەموو سەركردەیەكە لە هەر بوارێكدابێت . زۆر بەداخەوە سەركردەكانی ئێمە هیچ گرینگی بە بواری ڕاوێژ نادەن . ئەوەش دیار نییە ئایا گرینگی ڕوێژ نازانن ، یان خۆیان بەوە دەزانن پێویستیان بەڕاوێژ نییە . سەركردەكانی كورد لایەنی دڵسۆزییان لاگرنگترە لە لایەنی ڕاوێژ . واتە دەیانەوێت كەسێكیان لێوە نزیك بێت . بەچاك و خراپ قسەكانی ئەمان بەڕاست بزانێت و دواجار ئەم قسانە بۆ خەڵك دوو بارە بكەنەوە ، واتە كاوێژیان بكەنەوە . بەڵام نایانەێت ڕاوێژكاری شارەزاو دڵسۆزن لەدەوربێت و لە هەموو هەڵەكانیان و ئەو مەترسیانە ئاگاداریان بكەنەوە كە ڕوبەڕویان دەبنەوە . هۆكاری ئەم بارودۆخە خراپەی ئێستای هەرێمی كوردستان و ئەو هەموو مەترسیانەی بەرەوڕوی دەبێتەوە ، بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بواری ڕاوێژو ڕاوژكاری پشت گوێ خراوە . دوای ئەمە دەگەڕێمەوە بۆ سەرباسەكەمان كە بریتی بوو بەعەرەب كردن یان تەعریبكردنی هەرێمی كوردستان . ئەگەر بەرپرسانی باڵای حكومەت و حیزبەكان بڕوایان بە ڕاوێژو ڕاوێژكار هەبوایە ، دەبوو چەندین كەسیان دانایە بە تایبەتی كە ڕۆژانە ڕۆژنامەكان و ماڵپەڕەكان و لاپەڕەكانی فەیسبوك بخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن خەڵك چی ئەنوسن و چییان لە حكومەت ئەوێت ،پێشنیاریان چییە بۆ حكومەت و چ ڕەخەیەكیان لە حكومەت هەیە . ئەو كات ئەو ڕاوێژكارانە هەموو ئەو زانیاریانەیان دەخستە بەردەم بەرپرسان و ئەوانیش هەر یەكەیان بە پێی بەرپرسیاریەتی خۆی كاری لەسەر دەكرد وهەموو هەڵەو كەم وكورتییەكانیان دەست نیشان دەكردن و كاریان لەسەر دەكردن و وەڵامی هاوڵاتیانیشیان دەدایەوە . ئەگەرڕاوێژو ڕاوێژكار گرینگی هەبوایە ، یان هەر بوونی ببوایە ، چۆن لە كاتی دەركردنی بڕیارێكی ئاوا سەقەت و ترسناك بەرپرسانی باڵای حكومەت ئاگاداری نابن و دەكەوێتە بواری جێبە جێكردنەوەو بەسەر هەمواندا تێدەپەڕێت . ئەگەر بەرپرسانی حكومەت لە خەمی ئەم نیشتمانەدا بونایە ، بە تایبەتی شاری سلێمانی ، چۆن بەرپرسێكی حكومەت ئەو وتارە شیكارییە گرنگەی بەڕێز (نیاز سعید علی ) نەدەخوێندەوە سەبارەت بە بڕیارەكەی پارێزگاری سلیمانی بۆ ڕێگە پێدانی كرێنی شوقەو موڵك لە لایەن هاوڵاتیانی عەرەبەوە . لە ڕاستیدا من خۆم ئێستا ئەم بڕیارەی پارێزگارو ژووری بازرگانی سلیمانی دەبیستم و هیچ ئاگاداری نوسوینەكەی بەریز (نیازسعید علی ) نەبوم . بەڵام گومانم نییە كەسانێك هەبوون كە ئاگایان لەو كەین و بەینە هەبووە . هیوادارم لێرە بەدواوە هەمومان زیاتر چاو كراوەوبە ئاگابین لە بەرامبەر ئەو مەترسیانەی ڕوبەڕوی هەرێمی كوردستان دەبنەوەو لێیان بێدەنگ نەبین وهەموو شتێك بۆ ڕای گشتی بڵاو بكەینەوەو لە مەترسییەكان ئاگاداریان بكەین .
بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەکەی "نیاز سەعید عەلی" کلیکی ئەم لینکە بکە:
https://www.awene.com/article?no=29803&auther=111