یەکێتی و شەرەف و سیاسەت
هاوڕێ جەمال
2020-05-31   861
شەرەف زیاتر دەستەواژەیەکی کۆمەڵایەتیە و مەبەست لێی کۆمەڵێک بەھای ئینسانیە وەک دەستپاکی و داوێن پاکی و متمانە و راستگۆیی تەنانەت لە بوارە یاساییەکەیدا بەتایبەتی یاسای سزادان ئەو رێ و شوێنانە دیاریکراوون کە یەکێک بەئەنجامدانی تاوانی شەرەف تاوانبار دەکرێ، تەنانەت لە بواری راگەیاندنیشدا زۆرجار دەزگاو راگەیاندنکاران لەژێر ناونیشانی میساقی شەرەفی کاری راگەیاندن چالاکی و کارەکانی خۆیان رێکدەخەن، ئەوەتا دەستەواژەی شەرەف لەدنیای سیاسەتیشدا بەکار دەھێنرێ، بەڵام کاتێک باس لە شەرەف دەکەین لە کایەی سیاسەتدا زیاتر مەبەست لێی ئەو پرنسیپ و بەھاباڵانەیە کە دەسەڵاتێکی سیاسی یا حزبێک خۆیانی بەخاوەن ئەزانێ.
ئەبێ حزبێک شەرەفی چی ھەبێت جگە لەو پرەنسیپ و بەھا باڵایانەی کە لە گوتارو پەیڕەوی ناوخۆیدا ئەندام و لایەنگرو پاشان بنکەی جەماوەری خۆی پێ گۆشدەکا، کەواتە شەرەفی بەرپرس و حزبەکان بریتیە لەو پیرۆزیانەی حزب خۆی بەخاوەنی دەزانێ ھەر لە نەتەوە و خاکەوە بیگرە تا دەگاتە شەھیدو ئایین و ئاڵاو پیرۆزیەکانی ترو ھەرەوەھا چۆنیەتی پێناساندن و جێکردنەوەو پاراستنی ئەم چەمکانە لە پەیڕەوو پرۆگرامی حزب و بەگەڕخستنی میکانیزمی پتەو بۆ جێبەجێکردنیان و لەھەمانکاتدا دانانی سزای قورس بۆ ئەوانەی لێی لائەدەن.
حزبی کوردی ئەو کاتە لای خەڵک بێ شەرەفە کە دەبینێ پیرۆزیەکانی خۆی ئەتک ، و بەھا بەرزەکانی نابوت و بێ ئەرزش دەکا.
شەرەفی حزب ئەو کاتە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە کاتێک ژمارەیەک بەناو سەرکەدایەتی ئەو حزبە مامەڵە بەمێژوو قوربانیەکانی خۆی دەکا بەمەبەستی خۆ دەوڵەمەندکردن و فەرھودکردنی سامانی نیشتمانی و نەتەوەیی بێ ئەوەی ھیچ ھێزێک یان میکانیزمێک ھەبێ بۆ لێپرسینەوەو سزادانیان.
لە ئەمڕۆدا حزبێکی وەک یەکێتی کە یادی چل و پێنج ساڵەی دەکاتەوە، سەرکردایەتی نوێی ئەو حزبە مەحکومە بەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە باتەوە ئایا ئەو حزبە تاچەند توانیویەتی شەرەفی سیاسی خۆی بپارێزێ؟ ئایا ئەوانەی لەناو ریزەکانی ئەم حزبەدا لە پێناو خاک و نەتەوە شەھید کران، لەگۆڕدا بە ئاسوودەیی سەریان ناوەتەوە و ئەڵێن خوێنمان بەفیڕۆ نەچوو؟ خۆ شەرەفی حزبیش ھەر ئەمەیەو ھیچی تر.
جیفارا ئەڵێ شەرەف بریتیە لەوەی؛ ئەوەی کە باوەڕت پێی ھەیە، بانگەشەی بۆ بکەی وە ئەوەی بانگەشەی بۆ ئەکەی ئەنجامی بدەی.
پرسیارەکە لە کۆتایی پێناسەکەی جیفاراوە بۆ شەرەف لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئەکەین ئایا ئەوەی ئەیڵێ ئەنجامی ئەدا؟
ھەر لەبەر ئەوە گەر سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، کە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە متمانەی رابەرایەتی حزبیان پێبەخشراوە، ئەیەوێ قۆناغێکی پرشنگدار و خوێنێکی نوێ بەجەستەی یەکێتیەکەیاندا بژێننەوە، ئەوا پێویستە پێش ھەرشتێک بەچەکی شەرەف رووبەڕووی خۆیان بنەوە، نەک ھەموو گووتاری رەخنەیی خۆیان لەسەر جوڵەو ھەڵوێستی لایەنی بەرامبەر بینابکەن، ئەبێ ئەم سەرکردایەتیە نوێیە لەوە تێبگا کە تەحدییاتەکانی بەردەم یەکێتییەکەیان پێش ھەرشتێ ئەو تەحەدییاتانەن کە لەناوەوە یەکێتیان وەگیرھێناوە پاشان بگوازنەوە بۆ بەربەست و لەمپەڕەکانی دەرەوە.