8ی تەمموز، یەکێتی لەباوەڵەی مێژوودا

هاوڕێ جەمال
  2022-07-09     733

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەساتی دامەزراندنیەوە، تاوەکو ئەمڕۆ، چ لە شاخ ، چ لەشار، بە زۆر وێستگەو قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە، بەڵام پێموایە قۆناغی پاش کۆچکردنی مام جەلال وەک رابەری ئەو حزبە، قورسترین قۆناغ بووە کە بە خۆیەوە بینیوە، بێگومان نەک یەکێتی، ھەموو ئەو حزبانەی کە سیمایەکی کاریزمی دەبەخشنە سەرۆک و سەرکردەکانیان، و حزبی سەرکردەن نەک جەماوەر، بە لەدەستدانی سەرۆکەکەیان تووشی شۆکی گەورە ئەبن، چونکە گەورەترین کێشە کە لە غیابی سەرکردە بۆ ئەم جۆرە حزبانە دروستەبێ بریتیە لە کێشەی بڕیاردان. جگە لەوەی مردنی سەرۆک لەمجۆرە حزبانە بەشێک لەو مێژوەش راپێچی ناو گۆڕ ئەکا کە لەسەر دەستی ئەو بۆ حزبەکەی دروستکراوە.
مێژوو گەر بۆ گەلانی تر قوتابخانەی فێربوونی ئەزموونی نوێ بووبێ، ئەوا بۆ ئێمەی کورد، یا راستر بۆ حزبە کوردییەکان، مێژوو وەک چەکی بەرەنگاربوونەوەی ھێزە نەیارەکان لەبەرامبەر یەکدی بەکاربراوە.
ھەر لەبەر ئەوە، ئێمە کاتێک باس لە رووداوەکانی ٨ ی تەمموزی ٢٠٢١ ئەکەین، ئەبێ ئەوە بزانین گەر ئەم بەروارە بۆ ئێمە جێگەی تێڕامانی جدی بێ بۆ خوێندنەوەی ستراکچەری حزبێکی وەک یەکێتی، ئەوا بۆ ھێزو باڵ و کوتلە نەیارەکانی ناو ئەم حزبە، بۆمبێکی تەقیتکراوە کە لە کاتی خۆیدا تەقێنراوەتەوەو لە ئێستاو لە داھاتووشدا، ئەگەری ئەوەی ھەیە چەندین دینامێتی تر بەدوای خۆیدا بتەقێنێتەوە.
٨ ی تەمموز، گەر بۆ ئەو کەسانەی بە چاویلکەی زانست ئەڕواننە مێژوو، بریتی بێ لەوەی کە نەمانتوانیوە ھەم لە رابردوو فێربین، ھەم بتوانین لێی دەربازبین( بۆنموونە وەک لەدیدی مێژووناسی ئیسرائیلی یوڤال نوح ھەراری بۆ مێژوو دەخوێنرێتەوە)، ئەوا ئەم بەروارە، بەپێی گوتاری باڵی دەسڕۆیشتتوی یەکێتی، مێژووی دروستبوونی یەکێتی نوێ و، بەپێی گوتاری باڵی لاوازی ئەو حزبەش، مێژووی کودەتاو پاکتاوکردنە.
رووداوەکانی ٨ ی تەمموز و رۆژانی دواتر، درێژکراوەی ھەمان ئەو مێژووی ململانێیەیە، کە لە شەستەکانی سەدەی رابردوو، لە نێوان باڵی مەکتەبی سیاسی و مەلاییەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان ھەبووە، بەڵام لە فۆرم و لەژێر ناونیشانی دیکە.
٨ ی تەمموز جارێکی تر ئەو راستیەی وەبیرھێناینەوە کە حزبی کوردی لە دەرەوەی بەکاربردنی ھێزی رەق (Hard power) ھەرگیز ناتوانێ فۆرمێکی نوێ بۆ خۆی دروستبکا، ھەروەک سەلمێنەری ئەو راستیەشە مێژووی نوێ بۆ حزبی کوردی، ھەر ھەمان ئەو مێژووەیە کە لێیەوە سەری دەرھێناوە.
مێژووی نوێ چۆن دروستەبێ ، گەر ھێزێک نەتوانێ خۆی لە لۆژیکی رابردوو داڕنێ و بە عەقڵیەتێکی نوێوە خۆی داڕێژێتەوە، بە چ پێوانەو کێشانێک حزبێک بەخۆی ئەڵێ نوێ لە کاتێکدا ئەو بنەمایانەی لە ئێستایا لەسەری وەستاوە، ھەمان ئەو بنەمایانەن کە رۆژگارێک لەدژیان خەباتی کردووە!.
ھەر بۆیە ئەبێ چاوەڕوانی ئەو داھاتووەش بکەن کە (رەسول حەمزە تۆڤ) پێی وایە ھەموو ئەوانەی دەمانچە ئەنێن بەرابردووی خۆیانەوە، ئەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەن داھاتوو تۆپیان تێبگرێ.
ئەوەی مێژووی نوێ بەرھەمدێنێ، گۆڕینی ستراکچەری رەگەزی ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە، لە بەکارھێنانی ھێزی چەکدارو نانبڕین و فشاری دەروونی و جەستەیی، نەک لادانی ئەم سەرۆک حزب و ھێنانی ئەو سەرکردەی سیاسی، ٨ ی تەمموز لە رۆژمێری حزبێکی وەک یەکێتی، نە رۆژی نوێبوونەوەیە، نە رۆژی کودەتا، بەڵکو خۆ مەڵاسدانی ئەو حزبەیە لە باوەڵەی مێژوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×