خەڵکی باشور و خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵات

هاوڕێ جەمال
  2022-11-13     422

نزیکەی دوو مانگ ئەبێ خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستانی رۆژھەڵات، پاش گیانلەدستدانی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پارێزەرانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دواتر بووە سیمبوڵی خۆپیشاندانەکان، دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان و دەربڕینی نارەزایی لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران.
گەر مەسەلەی ئازادیە کەسیەکان بۆ تەواوی گەلانی ئێران، پڕیشکی ھەڵگیرسانی ئەم خۆپیشاندان و نارەزاییانەبێ، ئەوا بۆ کوردانی ئێران، سەرباری پرسی ئازادیە کەسیەکان، پرسی نەتەوەییش کاریگەری گرنگی ھەبووە لەو خۆپیشاندانانە.
خۆ گەر شیعرە مێژوویەکەی قازی نەمر پێوەری رووداوەکان بوایە، (دوو دانە دوو دەکاتە یەک)، ئەبوو کاتێک دڕکێک پەنجەی تاکێکی کوردستانی خۆرھەڵاتی وە خوناو ھێنا، کوردێکی باشوور ئازاری پێگەیشتبا!. بەڵام واقع شتێکی دیکەمان پێ ئەڵێ.
رووداوەکانی ئێران پەیوەست بە پرسی نەتەوەیی کورد، دەمانخەنە بەردەم تێڕامانێکی نوێی گشتگیر بۆ ئامانجە باڵاکانی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، لە پێش ھەموویانەوە، بەتاڵبوونەوەی خەونی یەکپارچەی کوردستان، و کوردستانی گەورە.
رەنگە ھەبێ بڵێ دەسەڵاتی حزبی لە ھەرێمی کوردستان رێگر بووە، لە ھەموو پاڵپشتیەکی جەماوەری کوردانی باشور بۆ کوردانی رۆژھەڵات، ئەکرێ ئەمە ھۆکارێک بێ، بەڵام ھۆکارێکی زۆر لاواز، ھۆکاری سەرەکی بریتیە لەو گۆڕانە گەورەیەی ، کە لە سایەی ئەم دەسەڵاتەوە، لەم پارچەیەی کوردستان، بەسەر ستراکتۆری بیری نەتەوەیی تاکی کوردا ھاتووە. پێشتر، واتە پێش ئەم دەسەڵاتەی لەم ھەرێمە حوکم دەکا، کورد وا بیری دەکردەوە کە گەیشتن بە مافی نەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ تەنھاو تەنھا لە رێگەی دەسەڵاتێکی خۆماڵی کوردیەوە جێبەجێدەکرێ، بەڵام بەھۆی ئەوەی، پاش ئەوەندە ساڵە لە حوکمرانی خۆماڵی، ئەو مافانەی رۆژگارێک لە ژێر پۆستاڵی رژێمێکی ئیستبداد پێیان پیا ئەنرا، نەتوانرا وەربگیرێنەوە، بەڵکو چەندین خەون و مافی دیکەش لە پاڵ دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیدا لەباربران، بەمە تاکی کورد خۆی لە قۆزاخەی پووچێتی ئایدیالێکی رۆحی و نەتەوەیی گەورەدا ھێنایەدەر.
ئێستا تاکی کورد لەم پارچەیەی کوردستان کە باشورە، بەبێ ویستی خۆی لە تاقی کردنەوەیەکی ئاوادا، خۆی لەبەردەم موفارەقەیەکی گەورەو بەراوردکاری دەبینێتەوە، بۆ ئەمەش ساناترین وەڵامێک بۆ پشتگیری نەکردنی ئەو نارەزاییە جەماوەریەی رۆژھەڵات ئەوەیە؛ بۆ ئەبێ ئەوانیش ھەمان ئەزموونی ئێمە دووبارە کەنەوە؟!
کە تا ئاستێکی زۆر، دوور لە سۆزی نەتەوەیی، لە روانگەیەکی واقعیەوە وەڵامێکی بەجێیە.
دەسەڵات لەم ھەرێمەی کە ناوی ھەرێمی کوردستانی عێراقە، ئاوێنەیەکی وا بێ رتووشی داوەتە دەست یەک بەیەکی تاکی کوردی، کە ھەموو رووداوە سیاسی و نەتەوەییەکان، بێ پەڵەو گرێ و گۆڵ لێوە بڕوانێ.
پێموایە ھەر ئەم بۆچوونەش تەواوە ، لەوە بترازێ، خۆ گێلکردنە لە واقعێکی بەرجەستەکراو کە ھەموومان رۆژانە لە تەکیا ژیان ئەکەین، ئەو بۆ چوونەی پرسی سەرکوتکردن و ستەمکاری نەبەستینەوە بە نەتەوەی سەردەست و ژێردەست، بەڵکو دەکرێ لەھەر چرکەیەکی مێژوویدا ، لەدەرەوەی ئەم تێڕوانینە دیماگۆگیە، خۆمان لەبەردەم دەسەڵاتێکی ستەمکار ببینینەوە.
گرنگترین شت بۆ خەڵکی رۆژھەڵات ئەوەیە، رێگە نەدەن ئەم خۆپیشاندانانە وەبەرھێنانی سیاسیان لەسەر بکرێ و بە ئەنجام ژمارەیەک لە ھێزی سیاسی خۆیان بکەن بەخاوەنی. ھەروەک گرنگە دروشمە ئینسانی و مەدەنیەکانیان نەگۆڕنەوە بە دروشم و داخوازی سیاسی و ئایدیۆلۆژی، خۆ گەر ئەمە روویدا خۆپیشاندانەکان گەر سەریشبگرن ئەوا جگە لە جێگۆڕکێ بە دەسەڵاتە ستەمکارەکان ھیچی تری لێ شیننابێ.!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×