مێژووی کورد و رابردووی شۆڕشگێڕەکانی

هاوڕێ جەمال
  2023-01-21     640

 

کەمنین ئەو شۆڕشگێڕانەی بە بیانووی مێژووی دوێنێ خۆیان خستە نازونیعمەتی ئەم سەردەمە، ئەوانەی بە بەھانەی خەباتی شۆڕگێڕی و دەستپێکی ھەڵگیرسانی چەخماخەی شۆڕشی کوردایەتی، لە ئەمڕۆدا شەرعیەتی دەسەڵات و حوکمداری لەسەر خۆیان تاپۆدەکەن، نەک ھەر ئەمە بگرە ھەر ئەوەندەی ئاوڕێکیان لە رابردووی خۆیاندایەوەو بینیان بە رانک و چۆغەیەکی کوردی و جووتێک کالەی ئەدیداس و گۆرەوی پوزەوانە و کڵاشینکۆفێکی موزەلی، لە پەناو پەسێرێک، دوو چالاکی بە قەولی خۆیان؛ گورچک بڕیان، لە دژی دەستوپێوەندەکانی حکومەتی عێراق وەشاند، بە مافی خۆیانی بزانن، ئێستاو داھاتووی میللەتێک بۆخۆیان بەرن.
ئەم تایپە لە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ، خۆ بە پاڵەوانکردنیان لەسەر بنەمای شەرعیەتی شۆڕشگێڕی، وەک نەیارەکەی پاڵەوانی فیلمی گلادێتەر وایە، کە ئامادەبوو باوکی خۆی بکوژێ لە پێناو کورسی دەسەڵات تاوەکو دەسەڵات لە دەرەوەی شەرعیەتی خێزان و خوێن کارێکی مەحاڵ و بڤەبێ، ھەروەک چۆن ئەمانە ئامادەن ئێستاو داھاتووی نەوەیەک لە گۆڕنێن، لەپای ئەوەی ھیچ لایەک بۆی نەبێ گەر پەنجەی بەر بەلەپیتکەی تفەنگی شۆڕش نەکەوتبێ کورسی دەسەڵات بۆ خۆی بەرێ.
ئەمڕۆ لەدەرەوەی ئەم تایپە لە شۆڕشگێڕانی دوێنێ، تایپێکی تر لە شۆڕشگێڕانمان بۆ زیندوو بۆتەوە، گەرچی بە ئێمە ناڵێن، ئەوە ئێمەبووین خەبات و بەرخوودانمان کرد لە پێناو کوردایەتی، کەواتە مافی حوکمداری کردنی کوردمان ھەیە، بەڵام لە پاڵ ئەو شەرعیەتە شۆڕشگێڕیەدا دەیانەوێ لانی کەم بوونی خۆیان وەک کاراکتەرێکی سیاسی لە ئێستایا بسەلمێنن، دەکرێ ئەمان ئەو جۆرەبن لە شۆڕشگێڕانی دوێنێ، کە لە ئەمڕۆدا بێ باڵ و بێ دەنووکن، تایپی یەکەم گەر لە پاڵ مێژوودا، ئێستاو داھاتوو بۆ خۆیان بە رەوا ببینن، ئەمانە بەجۆرێکی تر بوونی سیاسیان بە خەباتی رابردوویانەوە دەبەستنەوە.
بۆ کورد گەر تایپی یەکەم ئێستاو داھاتووی میللەتی خستبێتە گێژاوێکی نادیارەوە، ئەمەی دواییان بۆ خود سەلماندنی خۆی لە ئێستایا دەست بۆ گێڕانەوەی رابردوو ئەبا، گێڕانەوەی مێژوو بۆ ئێمە لە چوارچێوەی یاداشتەکانی ژیان، گەر پۆلی یەکەم رابردووی خۆیان بە ئاوی زێڕ بنووسنەوە بۆ شەرعیەتی حوکمداریان لە ئێستادا، ئەوا پۆلی دووەم لیخەو تڵپەی مێژووی خەباتیان ئەمدیودیو دەکەن بۆ خودسەلماندنیان وەک کاراکتەرێکی سیاسی لە ئێستادا، گەرنا گێڕانەوەی سەرگوزشتەی کوشتنی چەند کەسێک بەھەڵە تاوەکو گەیشتۆتە سەر داواکراوی راستەقینە، و بەدیلگرتنی دوو بیانی و ئازادکردنیان لە پای چەند ملیۆن دۆلارێک و ھەوڵدانی کوشتنی یاریزانێکی وەک ئەحمەد رازی و کردنیان بەبەشێک لە مێژووی خەباتی چەکداری، خۆی لەخۆیدا چ نیە جگە لە بەدمەستبوونی شۆڕشگێڕەکان بە رابردووەوە، بۆ تۆڵە کردنەوە لە واقعێک کە تێیدا پەراوێزخراوون.
نەکەن ھەرگیز پێمان بڵێن گێڕانەوەی ئەم مێژووە بۆ ئەوەیە تاوەکو پێتان بڵێیین ( ئێمە لەگەڵ ئەوانەی ئێستا حوکمتان ئەکەن ئەوە رابردووەکەمانە)، چونکە ئێوەش ئەوە نەڵێن کە پێویستیش ناکا بیڵێن ، ھاوڵاتی کورد، دەسەڵاتدارەکانی بە ئێستایانەوە ھەڵدەسەنگێنێ، نەک دوێنێ، ھەڵەکانی مێژوو دەکرێ بە خۆ راستکردنەوە لە ئێستا قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام ھەرگیز نابێ و گونجاو نیە، کەسێک خۆی بە راستبزانێ بەڵام چەوتیەکانی رابردووی بەیانکا، خۆ گەر زۆرنا کەمێک واقعی بین، ھەمووان لەو راستیە تێگەیشتووین کە سیاسەت و لەپاڵیشیدا خەباتی چەکداری، بەمانای گوڵ بەشینەوە نیە، بەڵکو ئەوەی حوکمی ئەو عەقڵەی بەدەستە، باروت و تاکتیک و رووبەرووبوونەوەی خوێناویە، من دڵنیام گەر ئێستای کورد گەش و پڕشنگداربوایە، تاکی کورد بایی ئەوەندە تولەرانس و دڵگەورەبوو، کە لە ھەڵەکانی نەوەی شاخی ببوریایە، ئەوەندەش ئازاو بوێرە، کە رووبەڕووی لایەنە تاریکەکانی مێژووی خۆی بێتەوە.
کاری ئەم دوو تایپە لە شۆڕشگێرەکانی کورد تەواوکەری یەکدیە، گەر یەکەمیان لەپاڵ سەروەریەکانی مێژوو بیەوێ ئێستاو داھاتووی کورد بۆخۆی بەرێ، جۆری دووەمیان نائامادەیی سیاسی لە زەمەنی ئێستا بە رەشکردنی مێژوو قەرەبوو دەکاتەوە، بە واتایەکی دی گەر تایپی یەکەم لە شۆڕشگێرەکانی دوێنێ، ئێستاو داھاتوویان لە کورد وێرانکردبێ، تایپی دووەم مێژووی بەرخودانی کوردیان قێزەون و بێ بەھاکرد، بەمەش گەر کورد لە روانگەی خەباتی شۆڕشگێڕەکانیەوە بۆ خۆی بڕوانێ نە مێژووی ھەیە نە ئێستا و نە داھاتوو.
ئەوەی گرنگە مێژووی نەتەوەیەک نەبەسترێتەوە بە مێژووی شۆڕشگێڕەکانیەوە، ھەڵەیە گەر کورد لە کونە ساتری مەیدانی جەنگی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆ و، رابردووی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و ھەر ئەو شۆڕشگێڕە ناڕازییانە لە ئەمڕۆدا، بۆ مێژووی خۆی بڕوانێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×