کابینەی نۆ یان کابینەی کاک مەسرور؟!

هاوڕێ جەمال
  2021-07-11     496
پێکھێنانانی ئەم کابینەیەی حکومەت، لەھەرسێک لایەنی پارتی، یەکێتی و گۆڕان، لەسەرەتادا واھاتە بەرچاو کە حکومەت و کابینەیەکی تەوافقیە، بەڵام پاش کارابوون و چوونە پێشی تەمەنی کابینەکە، کە دووساڵی تەواوکرد، ئەو راستیە بە روونی دەرئەکەوێ، ئەوەندەی ئەم کابینەیە، مۆرک و جێ پەنجەی خودی سەرۆک وەزیرانی پێوە دیارە ئەوەندە بڕیارو راسپاردەکانی مۆرکی تەوافق و سازانیان پێوە دیارنیە.
رەنگبێ لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆو را گۆڕینەوە لەسەر بابەتەکان بکرێ بەڵام دواجار ئەوەی ok ئەدات جگە لە سەرۆک وەزیران نە جێگرو نەھیچ وەزرێکی تر ئەو مافەی نیە.
بچوکترین نموونە؛ خەرجکردنی پارە بۆ پرۆژەکانە، جا ئەو پرۆژانە پەیوەستبن بە بوارەکانی کشتوکاڵ یا رێگاوبان یاخود ئاوو ئاوەرۆو کارەبا، یاخود تەندروستی، ئەبینین بڕیاری خەرجکردنی ئەو گوژمانەی بۆ ئەم پرۆژانە تەرخاندەکرێن، لەلایەن خودی سەرۆک وەزیرانەوە ئەدرێن و ئیمزا دەکرێن، لەکاتێکدا ھەریەک لەو سێکتەرانە وەزیرو وەزارەتی مەعنی خۆیان ھەیە.
تەنانەت نەمانبینی خەرجکردنی گوژمەی پرۆژەیەک لەو پرۆژانە بە ئیمزای جێگری سەرۆک وەزیران کە لە حزبێکی ھاوپەیمانی خودی سەرۆک وەزیرانە لەناو حکومەت، خەرج بکرێ.
لەھەمووی سەیروسەمەرەتر کاتێک پەرلەمان حکومەت بانگ ھێشتدەکا بۆ لێپرسینەوە لە کەم و کوڕیەکان ئەوەی زۆرترین دەسەڵاتی لە کنە کە خودی سەرۆک وەزیرانە بانگھێشت ناکرێ، بەڵکو وەزیرەکان رەخنەیان رووبەڕوو ئەکرێتەوە گەر لێیان بپرسی بۆ ناتوانن و دەستکراوە نین لەخەرجکردنی بڕی پارەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕی وەزارەتەکانتان، دڵنیام ھەموویان وەڵامەکەیان ئەوەیە؛ کە وەک پێویست دەسەڵاتی خەرجیان نیە.
بۆ ئەوەی ھەرچی زووترە ئەم دەسەڵاتە رەھایەی سەرۆک وەزیران لە خەرجی بەرتەسک بکرێتەوە، واباشە لایەنەکانی پێکھێنەری حکومەتی ھەرێم بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان، فشار دروستبکەن، بۆ ھەرچی زووتری پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی حکومەتی ھەرێم، چونک یاسای بودجە دەسەڵاتی خەرجی لەسەرۆک وەزیرانەوە شۆڕئەکاتەوە بۆ پۆست و پایەکانی خوارتر، بەمەش ھاوسەنگیەک لەدەسەڵاتەکانی خەرجی لە داھات دێتەدی و ، بەمەش ھەم بەرپرسیارێتی و ھەم گەر دەسکەوتێکیش بەدیبێ بۆ ھەموان ئەژمار ئەکرێ نەک بەتەنیا بۆ سەرۆک وەزیران.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×