چاکسازیەکانی تاڵەبانی باوک و کوڕ

هاوڕێ جەمال
  2022-08-24     576

لای کەسمان شاراوە نیە، کە لە کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکومەتی ھەرێم، ھەوڵ و نیەتی چ گەورە چ لە ئاستێکی بەرتەسک ھەبوون بۆ چاکسازی.
پەیوەست بەو کابینەو دەزگایانەی کە یەکێتی تێیاندا باڵا دەستبووە، لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ و دەستبەکاربوونی بەرھەم ساڵح وەک سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی سلێمانی، تاڵەبانی باوک چ وەک سکرتێری یەکێتی چ وەک سەرۆکی ھەرێم، لەو دەمەدا ھەڵمەتێکی لە ژێر ناونیشانی چاکسازی و پاکسازی دەستپێکرد، ئەگەرچی ھەلومەرجی ئیداری و ئابوری ئەوکاتە جیاوازبوو لەگەڵ ئێستا، بەڵام ئەوەتا دوای ئەوەندە ساڵە تاڵەبانی کوڕ ھەمان ھەنگاوی تاڵەبانی باوک دەنێت و ئەیەوێ بەدەرکردنی چەند بڕیارێک و لە رێگەی چەند دەزگایەکی ئەمنی و سەربازیەوە، چاکسازی لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکانی حکومەت بکا.
ھەروەک پێشتر ئاماژەمان بە جیاوازی ھەلومەرجەکان و قۆناغەکەدا، بەڵام دەکرێ خاڵی ھاوبەشی ئەو ھەوڵانە بخەینەروو، لێکچوونەکانی ئەم چاکسازیانەش ئەتوانین لەم چەند خاڵە کورتکەینەوە:
١-چاکسازیەکان لەسەر دەستی کەسی حزبی نەک حکومی ئەنجامدراوون.
٢-لە رووی پانتاییەوە، جا چ لە رووی پانتایی تەواوی سێکتەرەکان، یان پانتایی بەرپرس و کاربەدەستان، ئەتوانین بڵێین گشتگیر نەبوون.
٣-لە رووی کاتەوە، ھەوڵی چاکسازیەکانی باوک و کوڕ لەو کاتانەدا بووە، کە بە ھەر ھۆیەک بووبێ ریزەکانی یەکێتی نا جۆرو نا تەبابوون.
٤-لە رووی دەرئەنجامەوە، ھیچ کام لەو چاکسازیانە نەگەیشتوونەتە سەر ئێسقانی گەندەڵی، ھەر ئەمەش ھۆکار بووە بۆ ئەوەی کە ھاوڵاتیان ئومێدی گەورەی لەسەر ھەڵنەچنن.
گەرچی نابێ لە ھەوڵی چاکسازی پشتی ھیچ کەس و لایەنێک ساردکەینەوە، بەڵام دەکرێ چەند ئیزافەیەک بۆ ئەو ھەوڵانە بکەین، بۆ ئەوەی ئاستی کاریگەریەکانی زیاتربن، ئەوەش بەوەی:
١-ناکرێ لە رۆڵ و کاریگەری سەرۆکی حزبێک بۆ چاکسازی کەمبکرێتەوە، بەڵام گرنگترە، ئەم جۆرە ھەوڵانە بە دەزگا تایبەتمەندەکان و پشتگیری لێکردنیان بسپێرێ، وەک دەسەڵاتی دادوەری و چاودێری دارایی و داواکاری گشتی..
٢- رەنگە ئەوەی گومانی لەسەر ئەم ھەوڵ و ھەنگاوانە لای ھاوڵاتیان دروستکردبێ، ئەوەیە کە بۆچی تا ئێستا ھیچ بەرپرسێکی پلە باڵا لە ناو حکومەت و حزب لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە، لە کاتێکدا پشکی شێری ئەم گەندەڵیە بەر ئەوان ئەکەوێ!.
لەبەر ئەوە ئەم ھەوڵانە گەر گشتگیر نەبن و چاوپۆشی لەم و لەو بکرێ لەوسەرەوە خاوەنەکانیان بە دەسی بەتاڵ لێی یەنەدەر.
٣- گرنگە چاکسازی ئامانج لێی تەنھا چاکسازی بێ نەک بکرێتە ئامرازێک بۆ ھەستانەوەی حزب یا لێدانی کۆمەڵێک یا چەند کەسێکی دیاریکراو، گەر ئەمە روویدا ئەوا چاکسازی لە پرۆسەی نوێبوونەوەو پاکسازی دەگۆڕێ بۆ پرۆسەی خۆ تەجمیل کردن بەماسکی چاکسازی.
٤-لەسەرو ئەمانەوە بەتەنھا لێپێچینەوەو سزادان بەسنیە، بەڵکو ھەیکەلی ئیداری حکومەت پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی ھەیە، و زۆر گرنگە ئەو ھەیکەلە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە، کە بەرپرسیارێتیەکان و ئەرکەکان بە روونی دیاربن، نەک وەک ئەوەی ئێستا، لە کاتی دەرکەوتنی ھەر گەندەڵیەک، ھەریەک لە شوێنی خۆیەوە خۆی لێ بێبەری ئەکا، بەشێوەیەک وەزیر ئەیخاتە ئەستۆی بریکارەکەی بریکارەکەش ئەڵێ ھەڵەی بەرێوەبەری گشتیە و کاکی بەرێوەبەریش ئەیخاتە ئەستۆی ژمێریار یا کارگێری یا بەشی یاسا، تا دواجار لە بازنەیەکی بێ کۆتادا ئەمە دووبارەو چەند بارە دەبێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×