یەکێتی ، کۆنگرە، گوتاری نەتەوەیی

هاوڕێ جەمال
  2023-09-28     408

گومانی تێدا نیە ئەوەی کە حزبی سیاسی، نوێ دەکاتەوە، کۆنگرەیە ، لەپاڵ ھەندێک رێو شوێنی تر ،وەک چاکسازی ناوخۆیی و جێبەجێکردنی پەیڕەوی نێو خۆ.
ئێستاش گەر لەواقعی کوردستان بڕوانین، حزبەکان ھەریەکەیان پرسی کۆنگرەی کردۆتە ئەو عەسا سحرییەی کە ئەندام و لایەنگرەکانیان ھیواو ئاواتی گەورەیان لەسەر ھەڵچنیوە، بەوەی کە کۆنگرەی حزبەکەیان دەتوانێ سەرلەنوێ خوێنی گەش و نوێ بەدەمارەکانی جەستەی حزبەکەیاندا بگەڕێنێ.
ھەرچی پەیوەستە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، ئەم حزبە بەدرێژایی تەمەنی چل و ھەشت ساڵەی خۆی تائێستا چوار کۆنگرەی بەستووە کە ھیچ کام لەو کۆنگرانە لە زەمینەیەکی لەباری حزبی ئەنجامنەدراوون، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، ئەبێ ھەرسێ ساڵ جارێ کۆنگرە ببەستێ، واتە ئەزموونی ئەم حزبە لەگەڵ کۆنگرەو نوێبوونەوە ئەزموونێکی زەبوونە.
*کۆنگرە لە نێوان یارو نەیار
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کە وابڕیارە لە ٢٧ ئەم مانگەدا ببەسترێ، ئەندامانی ئەو حزبەی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، ھەردوو بەرەی نەیارو لایەنگری کۆنگرە، کە ھەریەک لەو دوو بەرەیە پاساوی خۆیان ھەیە، بەڵام بەشدار نەبوون و تۆرانی بەشێک لەسەرکردەکانی ئەو حزبە مانای ئەوە نیە ھەر لە رێوە فاتیحە لەسەر بەستنی کۆنگرەکە دابدرێ و ئیعلانی شکستی بکەرێ، بێگومان ھەڵوێستی ئەو سەرکردانە ، کاریگەری لەسەر یەکریزی نێوماڵی یەکێتی ئەبێ، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە لەسەر گوتاری نەتەوەیی ئەو حزبە چیدەبێ؟ نەخشەرێگەی ئەم کۆنگرەیە چیە، بۆ ھەموو ئەو ئاڵنگاریانەی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە لەم سەروەختەدا بەخۆیەوە دەیبینێ؟ ھەر ئەم پرسیارانەش جێگەی لەسەر وەستانی ھاوڵاتی و کەسانی سەربەخۆی دەرەوەی ئەو حزبەن، ئەم پرسیارانە بۆ ئەوە نین ، بەوە وەڵام بدرێنەوە، کۆنگرەی حزبی چ پەیوەندیەکی بە ژیانی ھاوڵاتی ئاساییەوە ھەیە؟! چونکە گەر ئەم وەڵامە تا ئاستێک بۆ حزبێک راستبێ، کە جێ پەنجەی بەسەر گۆرانکاریە نێوخۆیی و ئیقلیمی و لەھەندێک کاتیشدا نێودەوڵەتیەکانەوە دیار نەبێ، ئەوا بۆ حزبێکی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە قوتبێکی سیاسەتی ھەرێمی بۆ خۆی کۆنترۆڵکردووە، بیرکردنەوەیەکی لەمجۆرە، لە بە ھەند وەرنەگرتنی کۆنگرەو دەرئەنجامەکانی نەخوێندنەوەی بابەتیانەی واقعەکەیە.
*تونێلی کۆنگرە
کۆنگرە بۆ یەکێتی و حزبەکانی تری کوردستانیش ھاوشێوەی تونێلێکە، کە ئەمسەری دیارە بەڵام لەوسەری تونێلەکە حزب، بە چ ناوەرۆک و بۆنیتێکەوە دێتەدەر ؟ ئەمەیان نارون و نا دیارە.
گەر کەمێک بگەڕێیینەوە بۆ کۆنگرەکانی پێشووی یەکێتی، ھەر کۆنگرەیەو پارچەیەک لە پەیکەری ئەم حزبەی داتاشیوە، و برینێکی بەسوێی خستۆتە جەستەی ئەم حزبەوە، واتە گەر کۆنگرە بۆ نوێبوونەوەی حزب بێ، ئەوا یەکێتی بە کۆنگرەکانی نەک ھەر خۆی نوێنەکردۆتەوە، بەڵکو زیاترو زیاتر خۆی گرمۆڵە کردووە، ئەمەی ئەیڵێیین خوێندنەوەیە بۆ بونیادی ئەم حزبە، حزبێک لەجیاتی ئەوەی کۆنگرەکانی ھێزی ئاسۆیی تێدا بەھێزکا، ھێزی شاقوڵی تێدا فراوانتر کردووە، ئەوەی دەشبیسترێ سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی، وا بڕیارە لەم کۆنگرەیەدا دەسەڵاتەکانی فراوانتر بکەن، ئەمەش ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ دووبارە بوونەوەی ئەزموونی کۆنگرەکانی پێشوو.
لە فەزای دەرەوەی ئەم حزبە، کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی، لەھەلومەرجێکی تایبەت بە کوردستان، عێراق و وڵاتانی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێ، کە بۆ ھەر ئاستێکی جیاواز لەو ئاستانە، ستراتیژێکی گشتگیر، لە کاری حزبی و رێکخراوەیی دەخاتە ئەستۆی ئەم حزبە.
*ئاستی کوردستانی
کۆنگرەی یەکێتی لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە رەسمیەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنە خۆجێییەکان رۆژ دوای رۆژ لە پوکانەوەدان، ئابووری حکومەتەکەی لە قەیرانی گەورەدایە، نێوماڵی سیاسی حزبەکان پەرتەوازەو شپرزە، ھێشتا بەنجی شکستی ریفراندۆم زۆرینەی تاکەکانی بەرنەداوە، جا گەر یەکێتی لەوسەری تونێلەکەوە نەتوانێ لەبەردەم ھەموو ئەو ئاڵنگاریانەدا بوەستێتەوە، ئەوا کۆنگرە ھیچ لە دۆخی ئەم حزبە ناگۆڕێ و رووداوەکان جڵەوی ئەکەن و دەبێتە پاشکۆی گۆرانکارییەکان.
*ئاستی عێراق و وڵاتانی ھەرێمایەتی
لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ھاوسێ، گەر پێشتر ناوەند بۆ ھەرێم دەوڵەتێکی (دەڵەمە) بووبێ، ئەوا لە ئێستایا دەبینین رۆژ لە دوای رۆژ ئەم دەوڵەتە، پایەکانی خۆی لە(سەروەری) و (دەسەڵات) و (ئینتمای گەل) کەسێ پایەی سەرەکی ھەر دەوڵەتێکن لە تۆکمەبووندایە.
ھەر لەبەر ئەوە نەک ھەر یەکێتی بەڵکو پارتی و حزبەکانی تری کوردستانیش پێویستان بەسەر لە نوێ داڕشتنەوەی ستراتیژێکی نوێیە بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو واقعە نوێیەی کە عێراق پێی گەیشتووە، لە لایەکی ترەوە وڵاتانی ھاوسێی عێراق ھەریەکە لەلای خۆیەوە مەبەستیەتی جێ پێی خۆی لە ھەرێم پتەوبکا، بەڵام بەو گۆڕانکاریەی، گەر پێشتر لە پەنجەرەی ھەرێمەوە خۆیان کردبێ بە ژوورا، ئەوا لە ئێستادا لە دەرگای عێراقەوە ئەیانەوێ ئەم سیاسەتە پیادە بکەن.
*ھاوکێشەی نێودەوڵەتی
بۆ ئەم ئاستە دەکرێ بڵێیین، سیاسەتی نێودەوڵەتی کە خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پلەی یەکەم و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاو بەریتانیا و تەنانەت روسیا بە پلەی دووەم رەنگڕێژی دەکەن، لەو چوارچێوەیە دەرناچێ کە قوڵایی ستراتیژی سیاسەتەکانیان دەوڵەتی عێراقە، نەک ھەرێمی کوردستان، ئەمەشیان بەئاشکرا لە ژێر تایتڵی (ھەرێمێکی ئارام لە ناو چوارچێوەی عێراقێکی بەھێز )جێگیر کردووە.
*کەلێنی ستراتیژ و گوتاری نەتەوەیی
کاتێک بەسیاسەتی یەکێتیدا دەچینەوە، چ لەسەردەمی سکرتێری پێشوو مام جەلال و چ لەئێستادا، تەواو ھەست بەم درک کردنە ئەکەین، لەگرنگی رۆڵی عێراق لە پێکەوە بەستنی ھاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان. ھەر لەبەر ئەوە واچاوەڕواندەکرێ لەم کۆنگرەیەدا یەکێتی زیاتر ئەم ستراتیژەی خۆی بچەسپێنێ و مکوڕبوونی خۆی لەسەری دووپاتکاتەوە.
قورسترن ئەرکێک کە دەکەوێتە سەرشانی یەکێتی، چۆنیەتی دروستکردنی ھاوسەنگیە لە نێوان گوتاری نەتەوەیی و ئەم ستراتیژەی کە واقع بەسەریدا فەرز کردووە، چونکە پێداگرتن لەسەر ئەم ستراتیژە، بیەوێ یان نا، وزەو توانایەکی زۆری گوتارو حەماسەتی نەتەوەیی ئەو حزبەی پێ لەبەر ئەڕوا، دەکرێ ھەر ئەمەش پرسیاری قورسی کۆنگرەبێ، کە بە چ میکانیزم و روئیایەک کۆنگرە دەتوانێ، ئەم کەلێنە بۆ یەکێتی پڕ بکاتەوە؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×