کەرکوک و ڤیژنەکەی مام جەلال

هاوڕێ جەمال
  2023-09-04     499

کەمن ئەو سەرکردانەی خاوەنی تێڕوانینێکی دوور مەودان بۆ سیاسەتکردن، ئەوەی لە زانستی سیاسی و ئیداریدا پێی ئەڵێن (ڤیژن vision)، ڤیژن بەوە پێناسە کراوە کە بریتیە لە توانای بیرکردنەوە یاخود پلاندانان بۆ داھاتوو، لە رێگەی ژیری و داناییەوە.
ڤیژن یەکێکە لەو تایبەتمەندیە گرنگانەی سەرکردەی ژیرو لەسەر ھزر وەستاو لە سەرکردەی کورتبین، لەسەر سۆزو ھەست وەستاو جیادەکاتەوە.
مام جەلال سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێک بوو لەو سەرکردانەی ئەم تایبەتمەندیەی ھەبوو، تایبەتمەندیەک کە ھێندەو بگرە زیاتری سیاسەتکردن بە ئەمری واقعی خستبووە ئەولاوە، بەڵام وەک دەرئەنجام زۆر زیاتری لەدەسکەوتی سیاسی بۆ دۆزی کورد دەچنیەوە.
رەنگە کێشەی شاری کەرکوک وەک کێشەیەکی موزمنی سیاسی و نەتەوەیی و تەنانەت مەزھەبی، ھیچ میکانیزمێک نەبووبێ بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی دانیشتوانەکەی بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە، ھێندەی ئەو میکانیزمەی لە کاتی خۆیدا تاڵەبانی پێشنیاری کرد بۆ ئیدارەدانی شارەکە ئەویش دابەشکردنی پۆستەکانی ئەو شارە بوو لە نێوان کوردو عەرەب و تورکمان و کەمایەتیەکانی تر بە رێژەی ٣٢ بە ٣٢ .
گەرنا بۆ رۆژێکیش بووبێ، مام جەلال لە کوردستانی بوونی کەرکوک سازشی نەکردووە، مورافەعە گەورەکەی بەردەم ئەنجومەنی حوکمی عێراق زیندووترین شاھێدە لەسەر ئەم قسەیە.
پەیامی مام جەلال لە پشت ئەو پێشنیارە ئەوەبوو، گەرچی شاری کەرکوک شارێکی کوردستانیە، بەڵام بۆ گەیشتن بەئامانجی پێکەوەژیانیانە، نابێ ھیچ نەتەوەیەک لەو شارەدا باڵا دەستبێ و ھەیمەنەی خۆی فەرزکا.
بە پێچەوانەی ئەوەی پێش رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر یەکێتی و پارتی حوکمی ئەوشارەیان دەکردوو، بە پێچەوانەی ئەوەی ئێستاش کە پارێزگارێکی وەک راکان جبوری لە شێوازی ئیدارەدانی شارەکە پەیڕەوی ئەکا.
بەمانایەکی تر (ئەرکی Mission) پشت ئەو (ڤیژن vision) بۆ شێوازی ئیدارەدانی شارەکە لەلایەن مام جەلالەوە خرایە روو، بریتی بوو لە پەیامی ئاشتیانە بۆ شارێک کە ھەر تێڕوانینێکی لەوجۆرە، دەرەقەتی وەستانی ناکۆکی و کێشەکانی ھەیە، گەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێ، بەڵێ رەنگە ھەبێ بڵێ ئەوەی مام جەلال لەکاتی خۆیدا، پێشنیاری کرد جگە لە بەنجێکی کاتی ھیچی تر نەبوو.
ئەی بۆ ئەوانەی خاوەنی تێڕوانینێکی لەمجۆرەن، ئەو پرسیارە لە خۆیان ناکەن، ئەی بەدیلی ئەم سیاسەتە چیە؟ بێگومان ئەوەی ئێستا لە کەرکوک دەگوزەرێ!.
تاڵەبانی زۆر باش لەوە تێگەیشتبوو، یەکێتی و پارتی لەدەرەوەی عەقڵیەتی حزبی ناتوانن حوکمڕانی شاری کەرکوک بکەن ھەربۆیە ئەوەی رەتکردەوە کە سیاسەتی ئەمری واقع داوای لێدەکرد، بەوەی ھەڵبژاردن کراوەو بەشێوەیەکی دیموکراسیانە کورد وەک نەتەوەی یەکەم براوەی ھەڵبژاردنەکە بووە، بەڵام ئەم ھات بازێکی بەسەر ئەو دەرئەنجام و پرۆسە دیموکراسیەدا دا، چونکە عەقڵیەتی حزبە نەتەوەیی و ئایینیەکانی کەرکوک زۆر لەوەتەسکتر بینتر بوون، رێز لە گەمەو دەرئەنجامی ھەڵبژاردنی دیموکراسیانە بگرن.
سیاسەتکردن گەر بۆ شارو پارێزگاکانی تری عێراق بریتی بووبێ لە ھونەری مومکنات لەچوارچێوەی ئەو دابەشکاریەی سندوقەکانی دەنگدان فەرزی دەکەن، ئەوا مام جەلال بۆ شاری کەرکوک پێکەوەژیانی خستە پێش ھونەری سیاسی و نەخشەی دەنگدان و نەتەوەی سەردەست و بندەست.
ئەوەی ئەمڕۆ لەوشارە دەگوزەرێ، تەواو پێچەوانەی (ڤیژن) ەکەی تاڵەبانیە، چاوسوورکردنەوە جێ پێی بەدایەلۆگ لەقکردووە، جوڵاندنی ھێزی چەکدار لە بری جوڵاندنی ھێزی عەقڵ، باڵا دەستە، دڕدۆنگی و ھەڕەشەی لایەنە سیاسیەکان نووزەی لە گوتاری پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ھاوڵاتیانی ئەوشارە بڕیوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×