گرێ نەکراوەکەی ھەرێم و بەغدا

هاوڕێ جەمال
  2021-04-22     458

 گەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، بۆ ئەو سەردەمەی کە دەوڵەتی عێراق لەساڵی ١٩٢١ کە ئەوکات لەژێر حوکمی ئینتدابی بەریتانیادا بوو، بەشێوەیەکی ناسروشتی لە منداڵدانی سیستمی نوێی جیھانی پاش جەنگی جیھانی یەکەم کەوتە خوار، لەوە تێدەگەین کە ھەر لەسەرەتاوە دروستبوونی دەوڵەتێک بەم چەشنە، ھیچی لێ چاوەڕوان ناکرێ جگە لەوەی کە ئێستا بەواقعی تێییدا دەئاژوویین.
 لێرەدا چەند خاڵێکی ئەو ناسروشتی بوونەی دروستبوونی ئەم دەوڵەتە ئەخەینە روو:
١- نا ھارمۆنی ئایینی و نەتەوەیی:
گەر لە پێکھاتەی ئایینی و نەتەوەیی گەلانی عێراق وردبینەوە لەوە تێئەگەین ئەم دەوڵەتە ھەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە، پێکەوە گرێدانی بەزۆرەملێی چەند پێکھاتەیەکی نەتەوەیی و ئایینی جیاوازە، کورد و عەرەب، شیعەو سوننە، ئەمە جگە لە کەمایەتیە ئایینی و نەتەوەییەکانی تر.
٢- گەر لە روانگەی فەیلەسوفی ئەڵمانی ھیگل بڕوانینە دەوڵەت بەوەی دەوڵەر بریتیە؛ لە بەرجەستەکردنی یەکیەتی ویستی جیھانی و ئاوێتە بوونی لەگەڵ ویستی تاک، ئەوا ئەبێ لەوە تێبگەین کە ھۆکاری فشەڵبوون و لەرزۆکی دەوڵەتێکی وەک عێراق و ھاوشێوەکانی لە ناوچەکەدا، پەیوەستە بەنەبوونی ئەو ئیرادە تاک ویستەوە کە پایەکی گرنگی دروستبوونیەتی.
دەکرێ ئەم خاڵە جێی لێکۆڵینەوەیەکی درێژدادڕ بێ بەڵام لێرەدا بەوەندە کۆتایی پێ ئەھێنین، کە تاکی عێراقی نەک خاوەن ئیرادەیەکی یەکگرتوو چەسپاو نیە بەڵکو وەک نووسەری عیراقی عەلی وەردی ئەڵێ تاکی عێراقی خاوەن کەسایەتیەکی دووفاقیە، کە بێگومان دەوڵەتێک تاکەکانی ھەڵگری سیفەت و کرۆمۆسۆمێکی لەمشێوەیە بن، چاوەڕێی دەوڵەتێکی بەھێزو سەقامگیری لێناکرێ. 
٣- خۆ گەر دەوڵەت بەرمەبنای گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بێ لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە بەپێی تێڕوانینەکەی فەیلەسوفی فەرەنسی (ژان ژاک روسۆ)، ئەوا ھەر لەبناغەوە ئەوەی لەم ھاوکێشەیەدا ونە کۆمەڵگەیە، چونکە گەر بگەڕێیینەوە بۆ مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، ئەو راستیە روونە کە ئەم دەوڵەتە لە ئەنجامی ھەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی و بەسەرپەرشتی وڵاتێکی زلھێزی وەک بریتانیا بە کۆکردنەوەی ھەرسێ ولایەتی موسڵ و بەغدا و بەسرە ھاتە بوون، واتە گەر دروستبوونی دەوڵەت بەرئەنجامی گەشەیەکی سروشتی کۆمەڵایەتی و ئابووری بێ بەفۆرمە ئاسایی و سروشتیەکەی ئەوا دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ھیچ پەیوەندییەکی بەم گەشە سۆسیۆ ئابورییەوە نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی دابەشکردنی دەست و قاچی پیاوە نەخۆشەکە (ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ) بوو، بێگومان دروستبوونێکی ناسروشتی بەمشێوەیە چی چاوەڕێ لێدەکرێ؟! جگە لە دەوڵەتێکی نابەکام و شکست خواردوو.
دەرئەنجام، ئەتوانین بڵێیین، لە زەمەنی ئێستایا کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تەنیا کێشەیەک نین وابەستە بە ناردن و نەناردنی دۆلارو نەوت، یاخود کێشەی کەرکوک و زەویەکانی کێشە لەسەری دیکە، بەڵکو خودی ئەو ستراکتۆرەی کە دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیاتنراوە خۆی گرێ گەورەکەیە، گرێی غیابی تاک وەک پێکھێنەری سەرەکی کۆمەڵگەو ئەشتوانین بڵێیین ھاوڵاتی وەک پێکھێنەری سەرەکی سیستمی سیاسی لە وڵاتدا.
جا ھەر لەبەر ئەوە تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەو سیستمی سیاسی لە عێراق نەگەنە ئەو ئاستەی بەتەواوی ھەست بە قورسایی چ تاک ، چ ھاوڵاتی بکرێ لە پرۆسەی پێکەوە ژیان و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا مەحاڵە بیر لە چارەسەرێکی ریشەیی بکەینەوە بۆ کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، چونکە دڵنیایین لەوەی گەر نەوت و خاکیش نەبێتە رێگر لەبەردەم رێککەوتن و ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەوا بەھاگەلێکی زۆری دیکەی دانپیانەنراو ھەن بۆ لێکترازان و ناکۆکی قوڵی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×