دەوڵەمەندترین پیاوی کوردستان

هاوڕێ جەمال
  2022-04-02     706

لەناو ئێمەدا، کەمنین ئەوانەی خەون بەدنیایەکی باشترو زەنگینیەوە دەبینن، زێدەرۆیی نیە گەر بڵێم خواستی زۆرینەمان ئەوەیە ببین بەدەوڵەمەندترین کەسی وڵات، یا گەر ئەمە خەونێکی دورو بەدیھاتووبێ، ھەر ھیچ نەبێ ببین بەکەسێکی دەوڵەمەندی شارەکەی خۆمان.


ئەو ناونیشانەی سەرەوە لە ناونیشانی کتێبی (دەوڵەمەندترین پیاوی بابل) ەوە وەرگیراوە، کە لەلایەن نووسەری ئەمریکی (جۆرج کلاسۆن)ەوە لە ساڵی ١٩٢٦ ەوە نووسراوە، و یەکێکە لە پڕخوێنەرترین کتێبەکانی جیھان، کتێبەکە چەند جارێک و لەلایەن چەند نووسەرێکەوە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی، یەکێک لەوانە، لەلایەن بەڕێز ( عیسا عوسمان)ەوە لە ئینگلیزیەوە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی.
ناوەرۆکی کتێبەکە رێگاکانی گەیشتن بە وەدیھێنانی خەونێکی لە مێژینەی مرۆڤایەتی دیاریدەکا، کە ئەویش خەونی دەوڵەمەند بوون و بەدەسھێنانی سامانە.
باسەکە لەسەر ئەوەنیە، کە لە کوردستاندا چەندین کەس لە پڕا ئەبن بە پارەدارو دەوڵەمەندی ھەڵتۆقیو، بەڵکو لێرەدا مەبەستمان لەو جۆرە دەوڵەمەندبوونەیە، کە بەشێوەیەکی دروست و مەشروع بەدیدێ.
ھەر لەبەر ئەوە زۆر گرنگە بۆ ھەموو ئەوانەی خەونێکی لەمجۆرەیان ھەیە، ئەم کتێبە بخوێننەوە.
نووسەر لەم کتێبەدا ئەوەمان پێ ئەڵێ، گەشتی دەوڵەمەندبوونی مرۆڤ لە بیرکردنەوەو تێفکرینی مرۆڤەکانەوە دەستپێئەکا، و بە راوێژ لەگەڵ دەوروبەردا بەردەوام ئەبێ، و بە دانانی پلان و جێ بەجێکردنی، گەشتەکە کۆتایی پێدێ.
ئەوەتا بانسیری گالیسکەساز لەسەر دیواری چواردەوری ماڵەکەی خۆیان کەوتە بیرکردنەوە لە چۆنیەتی بەدەسھێنانی داھات، بۆ ئەمەش لەگەڵ ھاورێکەی کۆبی کەوتە راوێژو راگۆڕینەوە، پلانی ئەوەیان دانا بۆ ئەمە چاویان بە ئەرکاد بکەوێ، کە یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی بابل.لاپەڕەکانی ٥ بۆ ١١
ئایا دەوڵەمەندبوون یاسای خۆی ھەیە یان شانس و ناوچەوانە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەم کتێبە وەڵاممان ئەداتەوە، کە بەڵێ دەوڵەمەندبوون و وەدەسخستنی سامانیش یاسای تایبەت بەخۆی ھەیەو ئەوانەی کە ھەوڵیانداوەو دەوڵەمەند نەبوون یا ئەوەتا شکستیان خواردووە لە فێربوونی ئەو یاسایانە، یانیش ئەوەتا پابەند نەبوون پێیانەوە.لاپەڕەکانی ١٥ و ١٦
لە شوێنێکی تردا سەبارەت بە بەخت و چانس لە دەوڵەمەندبووندا ئەرکاد ئەڵێ «دەرفەتی باش ھەرگیز بۆ ئەو کەسانە نایەتە پێش کەئامادەنین بیقۆزنەوە».لاپەڕە ٢٦
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کە پێمان ئەڵێ ئەبێ مرۆڤەکان سامان بکەنە کۆیلەی خۆیان و بۆ خزمەتی خۆیان بەکاری بەرن نەک بەپێچەوانەوە، مرۆڤ ببێتە کۆیلەی سامانەکەی، «پێویستە لەسەرتان فێرببن کە چۆن وا لەسامان دەکەن لە بەرژەوەندیتاندا کاربکا. بیکەنە کۆیلەی خۆتان و کارێک بکەن بەرھەم و بەرھەمی بەرھەمەکەشی خزمەتتان بکا.»لاپەڕە ٢٩
یەکێکی تر لە یاساکانی وەدەسخستنی سامان کە لەسەر زاری ئەرکادی دەوڵەمەندەوە، بۆمانی رووندەکاتەوە بریتیە لە رێکخستنی خەرجیەکانمان، بۆ ئەمەش خەرجی پێویست لە خەرجی ناپێویست یان ئارەزووە تاکەکەسیەکان جیابکەینەوە.لاپەڕە ٤١
چونکە ھەروەک ئەرکاد باسی لێوە ئەکا داھات ھەرچەندە زۆریشبێ، ناتوانی بەوە رابگەی کە ھەموو ئارەزووەکان تێربکەی.لاپەڕە ٤٢
پاش وەدەسخستنی سامان، یاسایەکی تری گرنگ بۆ دەوڵەمەندبوون بەپێی وتەکانی ئەرکاد، بریتیە لەو رێگایانەی کە دەبنە ھۆی زیادکردنی سامان، واتە بۆ دەوڵەمەندبوون تەنھا پاشکەوت کردن لە داھات و رێکخستنی خەرجیەکان بەس نیە، بەڵکو لەپاش ئەمانە ئەبێ ھەوڵی زیادکردنی سامانە کۆکراوەکەمان بدەین. ئەمەش بەوە دەبێ کە ھەموو دراوەکانت بخەیتە کارێکەوە تاوەکو وەک مێگەلێک بزێن و زیادبکەن .لاپەڕە ٤٧
بەڵام ئەم خستنە ناو کاری دراوەکان نابێ ھەروا لام سەرلام و بێ بیرکردنەوە بێ، بەڵکو زۆر کار ھەیە دەبێتە ھۆی فەوتانی سامانەکەت، ھەر بۆیە بەر لەوەی سامانەکەت بدۆڕێنی پێویستە شەنووکەوی ئەو وەبەرھێنانە بکەی کە مەبەستە پارەکەتی تێدا بخەیتەکار، «رێگە مەدە ئارەزووە نەکردەو خەیاڵییەکانت سەبارەت بەبەدەستھێنانی سامان بەخێرایی لەخشتەت بەرن. ھەروەھا پێویستە متمانەی تەواوت بەو کەسە ھەبێ کە دەیکەیتە ھاوبەشی خۆت و کەسێکی دەستپاک و سەنگین بێ».لاپەڕە ٤٨ و ٤٩
لە پاڵ ئەمانەدا ئەرکاد ھانی خەڵکەکە ئەدا کە ئەوانەی خانوویان نیەو کرێچین، ھەوڵبدەن خانوویەک بۆ خۆیان دروستبکەن و خۆیان لە کرێی خانوو رزگار بکەن.لاپەڕە ٥٢
ئەرکاد پێیوایە مرۆڤەکان بەساڵا ئەچن و گوڕو تینی ئیشکردنی سەردەمی گەنجی و لاویان کەمدەبێتەوەو نامێنێ، «بۆیە پێویستە سامانێک بۆ پێداویستی پیری و پاراستنی خێزانەکەت دابینبکەی». لاپەڕە ٥٥
«توانای پەیداکردنی پارەت زیاد بکە»، ئەمەش یەکێکی ترە لەو رێگایانەی کە دەبێتە ھۆی زیاد کردنی سامان، بۆ ئەمەش بە بۆچوونی ئەرکاد پێویستە، ئارەزووەکانت سادەو ساکاربن، و لەسەرووی توانای بەدیھێنانی کەسەکەوە نەبن، گەرنا ئەوا پووچ و بێ کەڵک دەردەچن.
«ھەر مرۆڤێک لە پیشەکەی خۆیدا شارەزایی پەیدا بکا، ئەوە توانای پەیداکردنی پارەشی زیاد دەکا»لاپەڕە ٥٧
واتە شارەزابوون لەکار ئەوەی بە ئینگلیزی پێی ئەڵێن (experience) ھۆکارێکی گرنگە بۆ پەیداکردنی زیاتری پارە.

 

نۆماسیر و پێنج یاساکەی ساماندارێتی:
نۆماسیر کە کوڕی ئەرکادی دەوڵەمەندبووە، لە باوکیەوە پێنج یاسای گرنگی ساماندارێتی فێربووە، کە ھەرکەسێک مەبەستی بێ ببێتە کەسێکی سەرمایەدارو دەوڵەمەند، ئەو پێنج یاسایە رەچاوبکا، و بیانکاتە ئەڵقەیەک و بەگوێی خۆیدا ھەڵیاننواسێ.
ئەو پێن یاسایەی سامانداریش بریتیین لە:
١-پارە بە ئاسانی و قازانجێکی زۆرەوە دێتە دەسی کەسێک کە دەیەکی داھاتەکەی بۆ خۆیی و خێزانەکەی پاشەکەوت ئەکا.
٢-پارە دڵسۆزو ماندوو نەناسانە، کار بۆ ئەو خاوەنە ژیرەی ئەکا کە رێگەیەک ئەدۆزێتەوە بۆ زیادکردن و گەشەپێدانی.
٣-پارە ئەو خاوەنەی دەپارێزێ ، کە لەژێر رێنمایی کەسانی داناو ژیر لەو بوارەدا، دەیخاتە وەبەرھێنانەوە.
٤-پارە ھەر زوو لە دەستی ئەو کەسە دەڕوا، کە دەیخاتە بازرگانی و کارێکەوە شارەزایی تێدا نیە، یاخود لەلایەن کەسانی شارەزای ئەو بوارە پەسەند ناکرێن.
٥-پارە لای کەسانێک نامێنێتەوە کە بیەوێ داھاتی خەیاڵی و زۆر بەدەستبھێنێ، یان شوێن کەسانی کاڵفام و دەسبڕ بکەوێ، یاخود لە وەبەرھێناندا دوای ئارەزوو ئەزموونی سۆزدارانەی خۆی بکەوێ.لاپەڕە ٨٨
یەکێک لەو مامەڵە داراییانەی کە بەردەوام ھەبووەو ئەنجامدراوە لە نێوان مرۆڤەکان، مامەڵەی قەرز بووە، گرنگترین بنەمایەک کە نووسەری کتێبی دەوڵەمەنترین پیاوی بابل بۆمانی دەستنیشاندەکا لە مامەڵەی قەرزدا، لە رێگەی ئەو گفتوگۆیەوەیە کە لەنێوان رۆدانی رمدروستکەر، و ماسۆنی گەورەبازرگانی سووخۆردا، دروستئەبێ. لەم گفتوگۆیەدا، ماسۆن ئامۆژگاری رۆدان ئەکا، بەوەی باشترین کەسێک کە قەرزی پێبدەی ئەو کەسەیە کە سامانێکی زیاتری ھەیە لەوەی کە بە قەرز وەریدەگرێ. ھەروەک باش نیە قەرزبدەیتە کەسانێک کە لە ھەڵچوونی دەروونی و باری سۆزداریدا دەژین. لاپەڕەکانی ١٠١ تا ١٠٩
نەک ھەر ئەمە بەڵکو لەو گفتوگۆیەدا، ماسۆن باس لە گەنجان ئەکا و بە رۆدان ئەڵێ «لاوان ویست و ئارەزووی نەبڕاوەیان ھەیە. رێگەی کورت دەگرنە بەر تاکو سامان و ھەموو ئەو شتانە بەدەستبھێنن کە لە رێی سامانەوە دێنەدی. جا بۆ ئەوەی سەروەتێک پێکەوە بنێن، دێن و گەمژانە پارە قەرز دەکەن. بەھۆی کەم ئەزموونی خۆیانەوە ناتوانن دەرک بەو راستیە بکەن کە دواخستنی دانەوەی قەرز وەک چاڵێکی قوڵ وایە کە مرۆڤ بەخێرایی تێیدەکەوێ و دواتر بۆ چەندان رۆژ تێیدا ھەوڵی ھاتنەدەرەوە ئەدا» .لاپەڕە ١١١
پێش ھەرشتێک پێویستە مرۆڤ، ئەوە لەگەڵ خۆیدا یەکلابکاتەوە، کە مرۆڤێکی بەھێزە یا لاواز، خاوەنی ویست و خەونی رەنگاو رەنگە یا مرۆڤێکی بێ ئیرادەو بێ ھیوا، کۆیلەیەکی گوێڕایەڵە یان ئازادێکی سەرکەش؟
چونکە بێ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ھیچ مرۆڤێک ناتوانێ ببێتە مرۆڤێکی سەرکەوتوو لە ژیاندا بەگشتی و لە بواری دارایی و پێکەوەنانی ساماندا بەتایبەتی.
چیرۆکی داباسیری بازرگان کە لە دێڕەکانی ئەم کتێبەدا باسکراوون، سەلمێنەری ئەم راستیەن، چیرۆکەکە ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چۆن داباسیر کە کوڕی بنەماڵەیەکی خانەدان بوو، بەڵام بەھۆی نەشارەزایی لەکاروباری دارایی و خەرجیە زۆرو زەوەندەکانی، بوو بەژێر قەرزێکی زۆرەوە و لەژێر گوشاری خاوەن قەرزەکان، خۆی شاربەدەرکردوو، وەک کۆیلەیەک بە دوو دراوی زیوی فرۆشرا بەیەکێک لە سەرۆک خێڵەکانی سوریا.
بەڵام چونکە داباسیر لە ناخی خۆیدا دانی بە کۆیلەبوونی خۆیدا نەناو ھەموو جارێک ئەوەی وەبیری خۆی دەھێنایەوە کە ئەو کوڕی پیاوێکی کاسب و خانەدانی بابلە، ئەم باوەڕبوونە بەخۆی وایلێکرد، جارێکی تر لەسەر پێیەکانی خۆی ھەستێتەوەو سەرلەنوێ ژیانێکی ئازادانەو زەنگینانە بۆ خۆیی و خانەوادەکەی پێکەوە بنێتەوە. لاپەڕەکانی ١٢٨ تا ١٤٠
خۆشویستنی ئیش و کارکردن، یەکێکی ترە لەو ھۆکارانەی کە مرۆڤ پێی دەوڵەمەند ئەبێ و لەو نارەحەتی و قەیرانانە رزگاری ئەکا کە لە ژیانیدا بەرۆکی دەگرن.
ئامۆژگاری و قسەکانی ھەریەکە لە گۆدۆسۆ و میجیدۆ بۆ شارونادای کۆیلە، بەوەی کە خۆی وەک کەسێکی ئازاو ئیشکەر بسەلمێنێ کاتێک لە بازاڕی کۆیلەکان فرۆشتیان، ئەوی گەیاندە رۆژێک کە بە شارونادای شازادەی بازرگانی بابل بناسرێ و لە کۆیلایەتی و ژێر دەستەیی رزگاری بێ.لاپەڕەکانی ١٦٤ بۆ ١٨٣
«زەمانە شووراکانی بابلی وردو خاشکرد و کردنییەوە بە خۆڵ بەڵام دانایی و مەزنی ئەم شارە ھەر دەمێنێتەوەو زەمەن ھەرگیز ناتوانێت بیسڕێتەوە.»
بەم وتەیە، جۆرج کلاسۆ کۆتایی بە دێڕەکانی کتێبەکەی دێنێ، کە دەکرێ ئێمەش وەک گەشتێکی ژیانمان لە نەبوونییەوە بۆ ھەبوونی سامان، و لە ھەژارایی و نەدارییەوە، بۆ زەنگینی و دەوڵەمەندی لێی بڕوانین و لە ژیانی کردارەکی رۆژانەی خۆماندا پەندو سوودی لێوەربگرین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×