یاساو کۆمەڵگە

هاوڕێ جەمال
  2023-11-05     349

ئەو تیۆرانەی باسی کۆمەڵگە ئەکەن لە قۆناغی سەرەتاییدا، بەسەر دوو بۆچووندا دابەشبوون، بۆ چوونی یەکەمیان، پێی وایە، کۆمەڵگە لەو قۆناغەدا ئەوەی بەڕێوەی ئەبا ھێزە نەک یاساو رێسا، کۆمەڵگەیەک تاکەکانی بەشوێن بەرژەوەندی خۆیانەوەن بێ گوێدانە پاراستن و نەبەزاندنی سنووری ئەوانی تر، ھەمووی لەگەڵ ئەوی تردا لەململانێدایە، و ھەوڵی سەرکەوتن ئەدا سەرکەوتنیش بۆ بەھێزەکانە، واتە لەم قۆناغەدا ھێز (بەمانا فیزیکیەکەی) ھەم تاکە ئامرازی سەرکەوتنە, ھەم پێوەرێکە بۆ جیاکردنەوەی راستی لە ناراستی.
بە پێچەوانەی ئەم بۆ چوونەوە، تیۆرەیەکی ترمان ھەیە، کە پێی وایە کۆمەڵگە لە قۆناغی سەرەتاییدا، کۆمەڵگەیەکی نا بەرژەوەندخواز بووە، تاکەکانی ناوی ھەموویان لە پێناو چاکەی گشتی ھەوڵیانداوە.
(تۆماس ھۆبز) بیر یارو یاساناسی بەریتانی کە لە ماوەی ساڵانی ( ١٥٨٨—١٦٧٩ ز) دا ژیاوە، بە خاوەنی قوتابخانەی یەکەم دادەنرێت، ھۆبز پێی وایە، کۆمەڵگە لەسەرەتای دروستبوونیەوە، ھێز بەڕێوەی بردووە، ھەمیشە سەرکەوتن بۆ بەھێزەکان بووە، ئەوەی بۆتە قوربانی بێ ھێزەکان بوون.
(جۆن لۆک) (١٦٣٢—١٧٠٤ز)فەیلەسوفی بەریتانی خاوەنی قوتابخانی دووەمەو، ئەو پێی وایە، کۆمەڵگە لە قۆناغی سەرەتاییدا کۆمەڵگەیەکی بێ ململانێی بەرژەوەند خوازبووە، چاکەی گشتی خەمی تاکەکان بووە، بەڵام لەگەڵ بەرەو پێشەڤەچوونی ژیان و ژیار، ئیدی وردە وردە نەزعەی خۆپەرستی و حەزی دەسەڵات و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان، دەبێتە خەمی لەپێشینەی تاکەکانی کۆمەڵگە.
بێگومان فەیلەسوفێکی وەک (ئیبن خەلدون) (١٣٣٢—١٤٠٦) پێشتر ھەمان بۆچوونی (ھۆبز) ی ھەبووەی پێی وابووە، مرۆڤەکان زیاتر لە ئاکاری شەڕانگێزیەوە نزیکن وەک لە خێرو چاکە.
فەیلەسوف و بیریاران، بەم جیاوازی تێڕوانینانەوە، لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە، کە یاسا وەک کۆمەڵێک رێسای گشتی و ئەبستراکت، کە پابەندبوون پێیانەوە ئەرکەو سەرپێچیکەرانی رووبەرووی سزا ئەبنەوە، ھەتوانی کۆمەڵگەیە بۆ دروستکردنی باڵانسی پێکەوەژیان، لە نێوان نەزعە شەخسیەکان و چاکەی گشتیدا.
بەپێی تێڕوانینی ئەم بیریارانە، مرۆڤەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی کۆمەڵدا بژین، بەبێ ئەوەی دەستدرێژی بۆسەر یەکتر بکەن، و یەکدی بچەوسێننەوە، ھاتن خۆیان کۆمەڵێک یاساو رێسایان داڕشت و ھەموان ھەموانیان ناچارکرد پێیەوە پابەندبن، و ئەوەی سەرپێچی لەو بنەما یاساییانە کرد، رووبەرووی سزای توندی بکەنەوە.
ھەر ئەم تێڕوانینەش، بووە کاکڵەی تیۆرەکەی فەیلەسوفی فەرەنسی(جان جاک رۆسۆ) (١٧١٢-١٧٧٨ز) بۆ پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە، کە لە چوارچێوەی تیۆرەی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) دایڕشتووەو کتێبە بەناوبانگەگەشی ھەر بەوەوە ناونا.
رۆسۆ پێی وایە ئەبێ یاساکان گوزارشت لە بەرژەوەندی گشی بکەن، ھەروەک پێی وایە ھیچ دەسەڵاتێک بۆ ھەمیشە نامێنێتەوە، ئەوەی تەمەنی دەسەڵات درێژدەکا، چاکەی گشتیە، نەک ھێزو گوێڕایەڵی، بۆ ئەوەی ئەمەش بەرجەستەبێ، یاسا یەت ھێز دەگۆڕێ بۆ ماف و گوێڕایەڵیش بۆ ئەرک.
لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنانەی سەرەوە دەکرێ چەند خەسڵەتێکی یاسا و پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە، دیاریبکەین، لەوانە:
١- یاساکان بۆ بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە دادەنرێن، نەک بۆ پاراستن و بەھێزکردنی دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگاوە.
٢- یاساکان ئامرازن، نەک ئامانج، ئامرازن بۆ وەدیھێنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر.
٣- پەیوەندی نێوان یاسا و کۆمەڵگا پەیوەندیەکی ویژدانی و ئەخلاقیە، پێش ئەوەی پەیوەندیەکی عەقڵانی بێ.
٤- ھیچ یاسایەک پیرۆز نیە، بەڵکو ئەوەی پیرۆزە خودی ئەو بەھا مرۆییانەیە کە یاسا بۆ پارێزگاری لێکردنیان دانراوە.
پاش ئەم سەردە مێژووییە، و روونکردنەوەی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەو یاسا، گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەینەوە، مانای دەوڵەتی یاسا چیە؟ ئایا ھەر دەوڵەتێک یا ھەرێمێک، بەنموونە ھەرێمی کوردستان، دەزگایەکی تەشریعی وەک پەرلەمانی ھەبوو، دەکرێ پێی بوترێ، دەوڵەتی یاسا؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە سەرەتا، بگەڕێینەوە بۆ پێناسی دەوڵەتی یاسا، لە فەرھەنگی یاسایی، شارەزایانی یاسا، دەوڵەتی یاسایان بەوە پێناسە کردووە، کە بریتیە لەو دەوڵەتەی کە تێیدا یاسا یاخود دەستور سەروەرە، دەسەڵاتی سیاسی کە بریتیە لە حکومەت ملکەچی یاساو دەستوورە، ھەر ئەمەشە خاڵی جیاکەرەوەی دەوڵەتێکی دیموکراسی لە دەوڵەتێکی ئیستبدادی، مەرج نیە ھەر دەوڵەتێک دەزگایەکی تەشریعی ھەبوو پێی بوترێ دەوڵەتی یاسایی، چونکە دەکرێ یاساکان لەو دەوڵەتەدا سەروەرنەبن و زیاتر مەبەست لە دەرچواندنیان ملکەچ پێکردنی کۆمەڵگابێ بۆ دەسەڵاتی سیاسی نەک بەپێچەوانەوە، پابەندکردنی دەسەڵات بەیاساکانەوە، و دوورکەوتنەوە لە ھەر پێشێلکاریەک بۆ مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤ لەناو چوارچێوەی دەوڵەت. دەوڵەتی یاسا گەر رەھەندو مەدلولە یاسایەکەی بریتی بێ لە سەروەری یاسا بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵگە، ئەوا مەدلول و رەھەندە سیاسیەکەی بریتیە لە بەرقەراربوونی سیستمێکی دیموکراس، کە ھەمووان لەسایەیدا رێز لە ماف و ئازادیەکانیان ئەگیرێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×