چۆن قەناعەت بە کوڕەکەم بکەم؟

هاوڕێ جەمال
  2022-02-13     602

رەنگە ھیچ دڵشکاندنێک ھێندەی ئەو دڵشکاندنە قورس و گراننەبێت، کە باوکێک یان دایکێک لە پێناو خێری منداڵەکەی، ئامۆژگاری بکا، بەڵام ئەو زۆر بێباکانە گوێی بۆ بگرێ و لێی بڕوانێ و قسەکانی رەتکاتەوە.
ئەو دایک و باوکانەی خاوەنی رۆشنبیریەکی جیاوازن و لە زەمەنێک ژیاون، جیاواز لە زەمەنی منداڵەکانیان، بەردەوام لە رووی بیروبۆچوونەوە، لەگەڵیان تووشی پێکدادان ئەبنەوە، زۆرجار ئەوەی بەلای باوانەوە راست و دروستە رەنگە لای کوڕو کچەکانیان وانەبێ، یان پێچەوانەکەی بەراستبزانن!.
یەکێک لەکێشە باوەکانی کۆمەڵگەی ئێمە، بریتییە لەو ناکۆکیەی کە بەھۆی جیاوازی بۆچوون و فکری دایبابەکان لەگەڵ نەوەکانیان زوو زوو بگرە بەردەوام سەرھەڵئەدا.
پرسیاری سەرەکی لەمڕووەوە ئەوەیە؛ ئەی چی بکرێ و چۆن بتوانرێ بەکەمترین زیان ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین؟
پێش ھەرشتێک نابێ لەم بابەتەدا بەھەڵەدابچین و وابزانین، ئەتوانین لەسەداسەد ئەم گرفتە چارەسەردەکەین، ھەر لەبەر ئەوەشە لەسەرەوە وتومانە بەکەمترین زیان، چونکە ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە ھیچ دایک و باوکێک ناتوانێ، خۆیان چۆن بیردەکەنەوەو چۆن لە ژیان دەڕوانن، ئاوەھاش لە رۆڵەکانیان بکەن کە بیربکەنەوەو ژیان پێناسەبکەن.
بەبڕوای من، پێش ھەرشتێ پێویستە وەک دوو ھاوڕێ مامەڵە لەگەڵ کوڕو کچەکانمان بکەین، بەڵام ئەبێ بەردەوام ئەوەیان تێبگەیەنین ئەم ھاوڕێیەیان (باوک و دایک)، ھاوڕێیەکی بەئەزموون و دنیا دیدەترە، ھاوڕێیەک لەزۆر شەپۆلی ترسناکی دەریای ژیانی داوەو بە ھەوڵ و سەلیقەو سەوڵی ژیری خۆی توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە کەناری ئارام.
ھاوڕێیەک چەندین جار داخبوەو دەرسی وەرگرتووە، ھاوڕێیەک دە بارتەقای چرچی ناوچەوانی، لە ساختەچیەکانی ژیان خۆی قوتارکردووە.
ھاوڕێیەک وەک ئەو دۆستەی کە دەیگریەنێ، نەک وەک ئەو دوژمنەی کە لە بەرگی ھاوڕێیەتیدا پێی پێئەکەنێ.
لێرەوە ئەبێ ئەوە لە خەیاڵدانی کوڕو کچەکانمان بچەسپێنین، کەئەوەی دایک و باوکیان داوایان لێدەکەن، نابێ وەک فەرمانێک وەریبگرن، بەڵکو وەک فێربوونی وانەیەک وەریبگرن، کە لە کەسێکی دونیا دیدەوە دەوترێتەوەو مەبەستیەتی نزیکترین ھاوڕێ و خۆشەویستی خۆی لێی سوودمەندبێ.
گرنگە لە کچ و کوڕەکانمان بگەیەنین، ھەموو ئەو گەشت و سەرگەرمکردنەی ئەوان لە ئەمڕۆدا عەوداڵین و زۆرجار خەریکە ژیان و ئاوەزی خۆیانی لەپێناودا لە دەستبدەن، دایکان و باوکانیان زەمەنێکە ئاڵانگارییەکانی ئەو گەشتانەیان تێپەڕاندووە، و ئێستا بێ ترس جارێکی تر سەریان خستۆتەوە سەر بالیفی ژیانێکی ئارام.
ھەرکاتێ ئەم تێگەیشتنەمان چەسپاند بێ دوو دڵی ئەتوانم بڵێم توانیومانە، کاریگەریەکی ئەوتۆ لەسەر نەوەکانمان دروستبکەین، تەنانەت گەر بەقسەشمان نەکەن، نیگەرانی ئەوەبن کە بێ گوێییان کردووین، گەر رووشیان لێوەرگێڕاین تەرەنەبن لێمان، گەر ھەڵەشیانکرد ھەر خۆیان بەڕاستنەزانن و داوای لێبوردنمان لێبکەن.
دایکان و باوکان ئەبێ زوو زوو ئەو راستیە وەبیر خۆیان بھێننەوە، کە بێ پرسکردن پێیان کوڕو کچەکانیان ھێنایە دنیاوە، ئیدی بۆ ئەبێ بەردێک نەخەنە سەربەردێک بەبێ فەرمانەکانی ئەوان، ئەمە ھەرگیز لەگەڵ دادپەروەری نایەتەوە، بەڵکو دادپەروەرییەک گەر ھەبێ لەم بەینەدا ئەوەیە، کە منداڵەکانمان ئازادبن لەوەی لە کوێدا بە گوێمان دەکەن و لە کوێشدا بێ گوێییمان دەکەن، گرنگ ئەوەیە دڵیان لای ئێمە و عەقڵیان لای خۆیان بێ.
جوبران خەلیل جوبران ئەڵێ: منداڵەکانتان موڵکی ئێوەنین، دایکان و باوکان ئەتوانن خۆشەویستیان پێببەخشن، بەڵام ناتوانن تۆوی بیروبۆچوونەکانیان لە ناواخنیان بچێنن، چونکە ئەوان خاوەنی بیروباوەری خۆیانن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×