کە زۆرھات قەواڵەی مووچە بەتاڵە

هاوڕێ جەمال
  2023-09-13     284

لە زانستی ئابوریدا قەرز بەوە پێناسەکراوە، کە بریتیە لە پێدانی بڕێک پارە، جا پارەی کاش یاخود لە شێوەی چەک و قەواڵەدابێ، لەلایەن کەسێکی سروشیەوە (ھاوڵاتی) یا مەعنەویەوە (بەنموونە کۆمپانا یا دەوڵەت)کە پێی دەوترێ قەرزدەر (الدائن)، بە کەسێکی تر کە ئەویش دەکرێ سروشتی یا مەعنەوی بێ، و پێی دەوترێ قەرزدار یا خود قەرز وەرگر (المدین)، کە ھەردوولا لە سەر شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکەو کاتی وەرگرتنەوەی لە چوارچێوەی بەڵێنێکی شەفەیی یاخود نووسراو (کە باشترە نووسراوبێ) رێکدەکەون.
* بنەماکانی قەرز
لەبەر رۆشنایی ئەم پێناسەیە دەکرێ بنەماکانی قەرز بەمانەی خوارەوە دیاریبکەین:
١-قەرزدەر (الدائن)
٢-قەرزوەرگر(المدین)
٣-بابەتی قەرزەکە کە زیاتر پارەیە
٤-بوونی پابەندیەک(التزام) بە گەڕاندنەوەی قەرزەکە.
* ھۆکارەکانی قەرزکردن
وەک پێشتر باسمان لێوەکرد، دەکرێ قەرز لەنێوان دووکەسی مەعنەوی بەنموونە دوو کۆمپانیا، دوو رێکخراو، یا دوو دەوڵەت بەمەرج و رێککاری پێویست کە ھەردوولا لەسەری رێکدەکەون ئەنجامبدرێ.
لە چ حاڵەتێکدا پەنا بۆ قەرزکردن دەبرێ؟ دەکرێ لەم چەند دۆخەدا ھاوڵاتی یا خود دامەزراوەکان پەنا بۆ قەرزکردن بەرن:
١-لە کاتێکدا خەرجیان زیاتر بوو لە داھاتیان.
٢-بۆ مەبەستی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و وەبەرھێنان.
٣-پڕکردنەوەی کورتھێنان لە بودجەی ساڵانە
٤-دانەوەی قەرزێکی تر
* پێشنیارەکەی حکومەتی عێراق
لە درێژەی کێشەو ناکۆکیەکانی ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم لەسەر یاسای بودجە، و جێبەجێکردنی بڕگەو ماددەکانی یاساکە و پابەندیەکانی حکومەتی ھەرێم و لەبەرامبەریشدا شایستە داراییەکانی ھەرێم لەو بودجەیەدا، دواجار حکومەتی عێراق پێشنیاری پێدانی (٠٠٠ ٠٠٠ ٠٠٠ ٥٠٠) پێنج سەد ملیار دیناری بۆ حکومەتی ھەرێم کرد بەمەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ئەوەی کە تێبینی کرا ھەرزوو حکومەتی ھەرێم بێ دیراسەکردن و دەرئەنجامەکانی، ئەم پێشنیارەی رەتکردەوە، و پێداگری کرد لە سەر وەرگرتنی شایستە داراییەکانی ناو یاسای بودجە.
* قەرز وەک دەلالەتێکی سەربەخۆ
گومانی تێدا نیە ئەم کێشمەکێشەی نێوان ناوەند و ھەرێم، ناکۆکیە لەسەر سەربەخۆیی، جا چ سەربەخۆیی سیاسی بێ یا ئابوری لە ھەندێ کاتیشدا سەربازی، کە ئەڵێیین سەربەخۆیی بەھیچ شێوەیەک مەبەستمان سەربەخۆیی کوردستان نیە، چونکە تێگەیشتنی ئێمە لەسەروو ئەوەوەیە کە وابزانین کاتێک حکومەتی ھەرێم ھەوڵی سەربەخۆیی ئەدا لە کارەکانیدا، مەبەست لێی سەربەخۆیی گەلی کوردستان بێ، بەڵکو مەبەست لێی سەربەخۆیی کارکردنی دەسەڵاتدارانە لەوەی ھیچ چاودێرێک نەبێ بەسەریانەوە، کە چی ئەکەن و چی ناکەن، گەرنا ئێمە حەزمان دەکرد سەربەخۆییەکە بۆ کیانی کوردی بوایە نەک دەسەڵات و فەرمانڕەوای حزبی.
بەھەرحاڵ بۆ ئەوەی لە کرۆکی بابەتەکە دورنەکەوینەوە، دەکرێ ھێڵێکی تۆخ بەژێر پەیوەندی نێوان قەرزو چەمکی سەربەخۆییدا بێنین، چونکە کاتێک ئەڵێیین قەرز، راستەو راست، دوو کەس یا دوو دامەزراوە بە زیھنماندا گوزەر دەکا کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، یەکێکیان قەرز دەر و ئەوی تریشیان قەرز وەرگر (دائن و مدین)، کوردیش ئەڵێ برامان برایی و کیسەمان جیایی، واتە قەرز لە دوو ئەژمارو حساب و کتابی جیادا تۆمارو تیانووسدەکرێ، نەک یەک حساب و گیرفان، ھەر لەبەرئەوە گەر کەمێک زۆرنا خاوەن بڕیابەدەستانی ئەم ھەرێمە بیرتیژبوونایە و خاوەن عەقڵیەتێکی ئیداری و سیاسی فراوانبوونایە، نەئەبوو ئەو پێشنیارەی حکومەتەکەی سودانیان رەتکردایەتەوە، کە بە بۆچوونی ئێمە لە شایستە داراییەکانی ناو بودجە زیاتر سەربەخۆیی بۆ مسۆگەر دەکردن، و لەھەمانکاتیشدا ئەم قەیرانەی کە بەرۆکی مووچە خۆرانی گرتووە پێ دائەپۆشرا.
ئەوانەی ئەم پێشنیارەیان رەتکردەوە، یا ئەوەتا تەنھاو تەنھا چاویان لەسەر بەشی (١٢.٦٧) لە بەشە بودجەی عێراق بوو بۆ ھەرێمی کوردستان ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ھەموو ئەو ئیلتزاماتانەی کە لەیاساکەدا لەسەر ھەرێم جێگیرکراوە، یا ھەندێکی تریان پێیان وابوو ھەرێمی کوردستان دەبێتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە، وەک ئەوەی دەسەڵاتی کوردی لەکاتی ئاساییدا ھەرێمی کوردستانی نەخستبێتە ژێر باری بیست و پێنج بۆ سی ملیار دۆلاری قەرزەوە، وا لەم قەیرانەدا پێمان قورسبێ قەرز لە حکومەتی ناوەند وەرگرین تاوەکو کێشەکانمان لەگەڵیدا بەلایەکا ئەکەوێ.
ھەر لەبەر ئەو ھۆکارانە دەکرا حکومەتی ھەرێم تا ئەوکاتەی تەم و مژی ناکۆکیەکان دەڕەوینەوە، بەو پێشنیارە رازیبوونایە، خۆ گەر ھەر کێشەکانمان چارەسەر نەبوون و ھەردوولا بەو عەقڵیەتە عینادەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکدیدا کرد، ئەوا ئەوکات نەک ھەر قەرزو بەڵێنی قەبە قەبە، بەتاڵ و بێ ئەرزش دەمێننەوە، بەڵکو یاسای بودجەو تەنانەت دەستورو یاسا بەرکارەکانی تریش ، کە پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم ناوەند رێکدەخەن دەبنە ژێر دەست و پێی کاربەدەستانەوە، کوردیش دەمێکە وتوویەتی کە زۆرھات قەواڵە بەتاڵە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×