ئایا مێژوو خۆی دووبارەدەکاتەوە؟

هاوڕێ جەمال
  2023-12-05     237

نەتەوە نیە کە شانازی بەسەرکردەو رابەرەکانیەوە نەکا، چونکە ھەموو نەتەوەیەک بەشێکی زۆر لە گڕو تینی ھەنگاوەکانی لەھزرو دنیابینی سەرکردەکانی دەناسێ.
ئەوەی سەرکردە لە کەسی ئاسایی جیادەکاتەوە، بڕوابوون بەخۆیەتی لە گۆڕینی رێڕەوی مێژوو، بەھۆی ئەو ھێزە کۆمەڵایەتیەی لەپشتیەتی، واتە سەرکردەی راستەقینە لە دەرەوەی مێژوو ئەیھەوێ جارێکی دیکە مێژوویەکی نوێ بۆ خۆی و نەتەوەکەی بنووسێتەوە.
کۆمەڵگە بەپێچەوانەی سەرکردەوە، پێیەکانی لە ناو مێژوودا چەقیوەو توانای ھەنگاونانی نیە. ئەوەندەی خەریکی لاوانەوەی سەردەمە زێڕینەکانی مێژووی خۆیەتی، ئەوەندە لە خەمی تێپەڕاندنی دۆخێکی چەقبەستوو نیە.
سەرکردە تەنھا بەرگەی فشاری پێویستی کۆمەڵگە بە گۆڕانکاری ناگرێ، بەڵکو خودی ئەو فشارە دەکاتە خاڵی وەرچەرخان، دەستپێکی گۆڕانکاری، نووسینەوەی چاپتەرێکی نوێ لە مێژووی نەتەوەکەی.
پەیوەندی نێوان سەرکردەو مێژوو پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای دابڕانێکی مەعریفی لەگەڵ پێش زەمەنی خودی سەرکردە دروستەبێ، لێرەوە ئەوەی مێژوو بەرھەمدێنێ خودی سەرکردە خۆیەتی، بۆ ئەمەش سەرکردە پێویستە شەڕ لە گەڵ دوو جۆر لە تێگەیشتنی باو بکا، تێگەیشتنێک کە لە پاشخانی مێژوو بۆی ماوەتەوە، و تێگەیشتنێکیش کە بریتیە لە بڕوابوونی کۆمەڵگە و بە موقەدەس سەیرکردنی ئەو مێژووە.
سەرکردە ھەم لە مێژوو فێردەبێ ھەم ئەیەوێ لێی رزگاری ببێ، بەڵام کۆمەڵگە کاتێک دێ یادی سەرکردەکانی دەکاتەوە، بەم یادکردنەوانە ناتوانێ مێژوو تێپەڕێنێ، بەڵکو بە ئاگا یاخود بێ ئاگا مێژوو زمەنێک تەقدیس ئەکا کە سەرکردە تیایدا ژیاوە.
لایەنگرانی حزب کاتێک یادی رابەرەکەیان دەکەنەوە، لەبری ئەوەی مێژووی خەباتی رابەرەکەیان بکەنە وانەیەک بۆ تێگەیشتن لە مێژووی نەتەوەکەیان، پاشان تێپەڕاندنی ئەو مێژووە، و دەستپێکردنی مێژوویەکی نوێی خەباتی حزبی، ھەرچی خەون و خولیای نەتەوەییان ھەیە، لەو سەردەمەدا بەتاڵی ئەکەنەوە، کە سەردەمی رابەرەکەیان بووە، لێرەوە مێژووی نەتەوەیەک یەکسان دەبێ بە تەمەنی سەرکردەیەک.
ھەر ئەمەشە وائەکا، لەجیاتی ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەی دروستکردنی سەرکردەبێ، کۆمەڵگەی لە قاڵبدانی سەرکردەکانە. کۆمەڵگەیەک ئامادەیە شەونخونی بەدیار گێڕانەوەی داستان و چیرۆکەکانی سەرکردەکانیەوە بکا، بەڵام ئیرادەو ھێزی ئەوەی نیە، ئەوەی سەرکردەیەک لێوەی وەستا ئەم لێیەوە دەستپێبکاتەوە.
ئەوەتا بەردەوام ئەڵێیین مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، گەرنا مێژوو بۆ نەتەوەیەک کە خاوەن ھزری رەخنەگرانەو ئیرادەیەکی پڕ گۆڕانکاری بێ، نەتەوەیەک وەک کارخانەی دروستکردنی سەرکردە لەخۆی بنواڕێ، مێژوو نەک خۆی دووبارە ناکاتەوە بەڵکو خودی مێژوو دەبێتە کەرەستە، و مەیدانی گۆڕانکاری و لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ.
مێژووی وەک گەلانی ئێمە جیاواز لەگەلانی تر کە خۆیان بەردەوام نوێدەکەنەوە، جوینەوەو ئیشکردنە بە کۆمەڵێک کەرەستەی بەسەرچوو، و زۆرجار قەتیس بوو لە چوارچێوەی زەمەنێکی پرشنگدار( بێگومان بە پێوانەی عەقڵی حزبی و دەستەجەمعی).
مێژوو لەناو ئەم نەتەوانەدا، ھاوشێوەی بابا نوئێلە کە ھەموو ساڵێک بە یەک فۆرم و پێرفۆرمانس، بە سواری گالیسکەیەک کە دوو ئاسکی شاخدار رایدەکێشن، بەجیھاندا گەشتەکاو تاکە شتێک کە گۆڕانکاری تێدا ئەکا، گۆڕینی ژمارەی ساڵەکانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×