دەسەڵاتی کوردی و تیۆرەکەی فیبەر

هاوڕێ جەمال
  2020-12-29     170
ماکس فیبر (١٨٦٤-١٩٢٠) بیریاری سیاسی و سۆسیۆلۆژی ئەڵمانی، لە پێناسەی دەسەڵاتدا، پێی وایە جۆرێکە لە پێشەوایەتیکردن کە کار لەسەر ملکەچکردنی کۆمەڵێکی دیاریکراو ئەکا.
فیبر سێ جۆر لەدەسەڵات لەسەر بنەمای سلوکی کۆمەڵایەتی جیا دەکاتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە دەسەڵات لەسەر بنەمای داب و نەریت و دەسەڵات لەسەر بنەمای سۆزداری بەھۆی سەرسامبوون بە سەرکردە یاخود پێشەوا، و رەدووکەوتنی بەشێوەیەک لەدەرەوەی کۆنترۆلی ھەستەکان. دەسەڵاتێکیش کە بنەماکەی بیرکردنەوەو ھۆشمەندییە، ئەمەش لە رێگەی باوەڕپێھێنان بە شەرعیەتی خاوەن دەسەڵات.
ھەر لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە فیبر ھەوڵئەدا جۆرەکانی دەسەڵات لەچوارچێوەی شەرعیەت بۆ سێ زاراوەی سەربەخۆ دابڕێژێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە:
١- دەسەڵاتی تەقلیدی 
٢- دەسەڵاتی کاریزمایی
٣- دەسەڵاتی یاسایی
دەسەڵاتی تەقلیدیە، ئەو دەسەڵاتەیە کە بنەماکانی شەرعیەت وەستاونەتە سەر داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان کە پشکی شێر بەر کلتورو ئایین دەکەوێ.  
دەکرێ دەسەڵات لە ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەڕاست بەم جۆرەی دەسەڵات لێکبەینەوە.
دەسەڵاتی کاریزمیش ئەو دەسەڵاتەیە کە سەرکردە یان پێشەوا (زەعیم) سەرچاوەی شەرعیەتە، و ھەموو دامودەزگا دیسپلینکراوەکانی سەر بە دەسەڵات لەژێر کۆنترۆڵ و فەرمانی سەرۆک یان پێشەوا دەڕۆن بەڕێوە.
دەکرێ دەسەڵاتەکانی وەک ھیتلەر و ستالین و کاسترۆ وەک نموونەی بەرجەستەکراوی ئەم جۆرەی دەسەڵات ئەژماربکەین.
ھەرچی دەسەڵاتی یاساییە، روونە کە سەرچاوەی شەرعیەت لەم جۆرەی دەسەڵات بەپێی تیۆرەکەی فیبەر یاساو تەشریعە دانراوەکانە (القوانین الوچعیە) کە لە لایەن دامەزراوە تەشریعیەکانی وەک پەرلەمان لە رێگەی نوێنەرە ھەڵبژێراوەکانی گەلەوە دەردەچوێنرێن.
سەرجەم دەسەڵاتە دیموکراتەکان دەچنە چوارچێوەی ئەم جۆرە دەسەڵاتەوە.
ئێستا گەر لەبەر رۆشنایی پۆلێنکردنەکەی فیبر ، دەسەڵاتی کوردی ھەڵسەنگێنین، ئەتوانین لە کام لەو خانانەی دەسەڵاتدا دایانبنێیین؟
پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکەم ئەو سێ جۆرەی دەسەڵات کە لەلایەن فیبەرەوە دەستنیشانکراوون، مەرج نیە بەپێی بەرەوپێشچوونی مێژوویی ئەوەی لە فەلسەفەی مارکسدا بە حەتمیەتی مێژوویی ناوزەدکراوە جیابکرێنەوەو لە دایک ببن، بەڵکو ھەندێک جار بەپێچەوانەشەوە روودەدا لە دەسەڵاتێکی عەقڵانیەوە بگوازینەوە بۆ دەسەڵاتێکی کاریزمی بەنموونە دەسەڵاتی ھیتلەر، کە نموونەی پاشەکشەی دەسەڵاتی دیموکراسیبوو لە ئەڵمانیا.
وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەست بە دەسەڵاتی کوردی بۆیە گرنگ بوو، چونکە وای ئەبینم لە نێوان دەسەڵاتی تەقلیدی و کاریزمی سپەیسێکی روون و دیار بوونی نیەو ئەم دوو جۆر لە دەسەڵاتە لە بۆتەی یەک دەسەڵاتدا تواونەتەوەو بەردەوام یەکدی بارگاوی ئەکەنەوە، ئەوەی روونە ئەوەیە بەربەستێکی ئاشکرا لە نێوان ئەم دوو جۆرە لە دەسەڵات لەگەڵ دەسەڵاتی یاسایی وجودی ھەیەو زۆر بەروونی جیاکراونەتەوە.
لە ئێستایا دەسەڵاتی کوردی لەلایەک داب و نەریت شەرعیەتی پێئەدا لەلایەکی تر کاریزماکانی ناو کۆمەڵگە کە زۆرینەیان رەگ و ریشەیەکی تەقلیدیان ھەیە و دەسەڵات شەرعیەت لەمانەوە وەرئەگرێ.
پرسیاری جەوھەری و گرنگ ئەوەیە چی وادەکا بازدانێکی کۆمەڵایەتی دروستبێ ئەم فۆرمەی دەسەڵات لە دەسەڵاتێکی ئاوێتەیی تەقلیدی کاریزمی بگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی یاسایی؟
گەر ھەمدیس لەبەر رۆشنایی تیۆرەکەی ماکس فیبەر وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، بەوەی فیبەر بۆ دیاردەی دەسەڵات سلوکی کۆمەڵایەتی کردۆتە بنەمای شیکردنەوەکانی، ئەوا لێرەدا ئەتوانین بڵێیین ئەوەی ئەو بازدانە دەخەمڵێنێ، ھۆشیاری و بەرزی ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیە لەسەرجەم ئاستە مەعریفی و فکرییەکان، کە بێگومان ئەم ھۆشیاریەیە کە بەردەوام تووشی پێکدادان ئەبێ لەگەڵ بنەماکانی دەسەڵاتە تەقلیدی و کاریزمیەکە، کە ھەروا بە ئاسانی خۆی نادا بەدەستەوەو شەڕی مانەوەی خۆی ئەکا.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×