نەوەی نوێ بێ ئەزموونی خۆی سەلماند

هاوڕێ جەمال
  2022-03-26     754

لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی نۆ بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، گۆڕان بەو مەرجە بەشداری کابینەکەی کرد، کە حکومەت بچێتە ژێر باری چاکسازی و نەھێشتنی گەندەڵی، بۆ ئەمەش یاسای چاکسازی ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ لە رێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە، دەرچووێنرا.
بەڵام ئەوەتا پاش سێ ساڵ لە تەمەنی ئەو کابینەیە، و نزیک بوونەوەی کۆتایی ھاتنی، نەک ھەر چاکسازی نەکراو گەندەڵی کەمنەبۆتەوە، بەڵکو زیاتربووە!.
ئەوەی گرەوی خۆی بردەوە پارتی بوو بەپلەی یەکەم پاشان یەکێتی، کە حکومەتیان لەگەڵ ھێزێکی تر پێکھێناو ناویاننا حکومەتی تەوافوقی و سازان.
ئێستاش جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لە چواچێوەی ھاوپەیمانی لەپێناو خەڵک لەگەڵ بزوتنەوەی ئیمتیداد وەک فراکسیۆنێکی پەرلەمانی خۆیان ناساندووە، یەن ھەمان ئەزموونی گۆڕان دووبارە ئەکەنەوەو وەرەقەیەکی ١٧ خاڵی ئەخەنە بەردەم ھاوپەیمانی سێ قۆڵی ( سەدرو حەلبوسی و بارزانی)، تاوەکو بۆیان ئیمزابکەن، و ئەمانیش لەبەرامبەردا بچنە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمارو پاشان سەرۆک وەزیران.
حەقە نەوەی نوێ ئەو پرسیارە لە خۆی بکا، ئایا یاسایەک کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووبێ ئەرزش و ھێزی جێبەجێکردنی زیاترە کە وەک بینیمان نەکرا، یا وەرەقەیەکی ١٧ خاڵی لەلایەن ھاوپەیمانێتیەک کە کۆی کورسیەکانی لە ١٨ کورسی تێناپەڕێ ؟! ئایا سازانی ھێزە کوردیەکان ئاسانترە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی چاکسازی دژە گەندەڵی کەوا ناسازێن، یا ئەو ھەموو ھێزە تائیفی و مەزھەبیەی لە عێراقا ھیچیان ناسنامەی ئەوی تر ناخوێنێتەوەو ھەریەکەیان لە ئاوازێک لێئەدا!؟
کە کورد ئەڵێ قولی رەش و سپی لە بوارا دەرئەکەوێ، رێک ئێستا ئەو بوارە لەبەردەم نەوەی نوێ و ھاوپەیمانی لە پێناو خەڵکا دەرکەوتووە، وا گریمان ئەو ھاوپەیمانیە سێ قۆڵیە بە ھەر سی پەنجەکە ئەو وەرەقە ١٧ خاڵییەیان ئیمزاکردو نەوەی نوێ بەشداربوون لەو دانیشتنە و نیساب تەواو بوو، سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران ھەڵبژێردران، پاشان چی،؟ بێگومان ھیچ.!! وەک چۆن لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان ئەوەی قازانجی کرد پارتی و پاشان یەکێتی بوو، ھەرچی گۆڕانە بوو بە حزبێکی کۆڵەوار، بەھەمان شێوە لەم بەینەشدا، گەر ئەم سیناریۆیە جێبەجێبکرێ، ئەوەی قازانج ئەکا، ئەو خەڵکە نیەکە ئێوەی نەوەی نوێ، ھاوپەیمانێتیەکتان بەناوەوە کردووە، بەڵکو ئەو سێ لایەنەن کە خۆیان ناوناوە (ھاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی)، ئێوەش و ھاوپەیمانیەتیەکەتان لەوسەرەوە بەدەسی خاڵی دێنەدەر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×