ئاماژەکانی پشت وتەکانی فوئاد حسێن

هاوڕێ جەمال
  2022-07-30     666

وتەکانی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر بەزاندنی سنوورەکانی عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، گەر چی ھەڵوێستی رەسمی حکومەتی عێراق نیشاندەدات لە بەرامبەر ئامادەیی سەربازی تورکیا لە ناو خاکی عێراق، بەڵام ئەوەی بۆتە جێی سەرنج و سەرسوڕمان، ئەو راشکاویەی وەزیرەکەی پارتی بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنانەت لێدوانە رۆژنامەوانیەکانی، لەسەرکۆنەکردنی ھێرشەکانی تورکیاو کوشتن و بریندار کردنی ھاوڵاتیان لە ناو خاکی عێراق، کە ھەندێک وای لێک ئەدەنەوە گوایە ھەڵوێستێکی نیشتمانیانەی تۆمارکردووە چ بۆ عێراق چ بۆ ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پەلکێشیەکانی سوپای تورکیا بە گشتی و دوایین کردەوەی سەربازیشی لە ناوچەی گەشتیاری پەرەخ لە زاخۆ، کە بووە ھۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک گەشتیاری عەرەبی ناوەراست و باشوری عێراق.
لە راستیا دیوێکی تری ئەم بابەتە کە رەنگە جێی تێرامانبێ، و پشتی پەردەی ئەم شانۆگەریەمان پێنیشانبدا، پەیوەستە بە کێشمەکێشی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار، کە دەکرێ لێرەدا بە کورتی لەم چەند خاڵەی خوارەوە روونیان ئەکەینەوە:
١-وەزارەتی دەرەوە لە ھەر حکومەتێک نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەو دەوڵەتە ئەکا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، واتە پارتی بۆ ئەوەی بیسەلمێنی لە یەکێتی عێراقی ترە کە (سەرۆکەکەی) شەوو رۆژ لە بەغدایە، ئەم لە رێگەی وەزیرەکەی خۆیەوە ئەم سیاسەتە پیادە ئەکا، واتە ھەلوێستی وەزارەتی دەرەوە گەر بۆ حکومەتی عێراق ھەڵوێستێکی نیشتمانیانەی عێراقیانە بێ لەسەر ئاستی دەرەوە ئەوا بۆ پارتیش ھەمان مانای ھەیە بەس بۆ ئەمیان لەسەر ئاستی ناوخۆ.
٢-پارتی لە رێی ئەم ھەڵوێستەی وەزیرەکەیەوە ئەیەوێ بڵێ، گەر ئێمەش پۆستی سەرۆک کۆمارمان لابێ ئەتوانین لە کاندیدەکەی یەکێتی زیاتر پارێزگاری لەسەروەری خاک و خەڵکی عێراقیەکان بکەین، ھیچ پێویست بە دوودڵی ناکا.
٣-گەر پارتی لە پاش پرسی ریفراندۆمەوە ئەوەی پێ قورسبێ ، جەخت لە عێراقی بوونی خۆی بکاتەوە وەک حزبێکی سیاسی لە ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەوا بۆ ئەو، ئەم ھەڵوێست و وتانەی وەزیرەکەی، بایی ئەوەندە عێراقیبوونیان پێوە دیارە کە قەرەبووی ھەڵوێستی حزبیانەی لەسەر مەسەلەی یەکپارچەیی خاکی عێراق، بۆ بکاتەوە.
٤- دوور نیە ھەر ئەم ھەڵوێستەی وەزیرەکەی پارتی نەبێتە ھۆی پەرتکردنی بۆچوونی ھێزەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر خۆ یەکلاکردنەوەیان بۆ تاکە کاندیدەکەی یەکێتی و خۆیان لە ژێر باری بەرپرسیارێتی شەقامی عێراقی رزگاربکەن کە مەحکوم نین بە دەنگدان بە کاندیدەکەیان.
٥-ئەم گۆڕانی ھەڵوێستەی پارتی لە بەرامبەر تورکیا لەم کاتەدا، دەکرێ لە رووی مەیدانی چالاکیەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، ھەمان گۆران لە ھەڵوێستی یەکێتیش بخوێنینەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە، بەڵگەش بۆ ئەمە زیادبوونی چالاکیەکانی تورکیایە لە سنووری زۆنی سەوز، کە ئەمەش وەک گۆڕینەوەی رۆڵ زیاتر دێتە بەرچاو نەک ھەڵوێستێکی مکوڕ لەسەر پرسێکی دیاریکراو.
پاش تێڕوانین لەم پرسە لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوە، ناکرێ ئەم ھەڵوێستەی وەزیرەکەی پارتی بەھەڵوێستێکی سەربەخۆی پارتی لێکبدرێتەوە وەک ھەندێک لە ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە بانگەشەی بۆ ئەکەن، بەقەدەر ئەوەی سیاسەتێکی کاتیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی پۆستی سەرۆک کۆمار.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×