لە یەکگرتوەوە تا نەوەی نوێ

هاوڕێ جەمال
  2019-03-24     1226

 خوێندنەوەی مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری حزبەکانی باشووری کودستان بە عەقڵیەتێکی رەخنەگرانەوە چەندە پێویستەکی سەرەکیە بۆ راستکردنەوەی لارو لەوێریەکانی کاری سیاسی ئەو حزبانە بەقەدەر ئەوەش ئیعترافکردنێکی بوێرانەیە بەوەی زیاد لەسەدەیەکە گەلی کورد چ نەھامەتی چەرمەسەرییەکی بەھۆی کاروو کاردانەوەی عەقڵیەتی پشت ئەو حزبانەوە بەسەرھاتووە. 

  خوێندنەوەیەکی خێرای چارەکە سەدەیەک لە خەباتی سیاسی حزبەکانی کوردستان بەتایبەتی لە رووی تێپەڕاندنی قۆناغی پێش خۆیان دەکرێت لەم چەند دێڕەی خوارەوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو واقعە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی ھەریەک لەو حزبانەی تێدا لەدایک بووە،کورت بکەینەوە. 

 چرکەساتی دروستبوونی ھەر حزبێکی سیاسی لە کوردستاندا بەدوای خۆیدا مێژوویەک لە خەباتی سیاسی ئەو حزبەی لەھەنگاو و ئەکشنی سیاسیدا نووسیوەتەوە کە لەوەیە مێژوویەکی جیاواز بووبێ یان تەنھا درێژکراوەی مێژووی خەباتی سیاسی پێش خۆی بووبێ.

 یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە دروستبوو وەک حزبێکی سیاسی، لەناو مێژوویەک لەخەباتی سیاسی و چەکداری حزبەکانی پێش خۆی بڕیاریدا خەباتی سیاسی مەدەنیانە نەک چەکداری بکاتە ئامرازی ململانێی سیاسی لە کوردستان بەپێچەوانەی حزبەکانی تر بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک دوو حزبی باڵا دەست لەم ھەرێمە کە بەردەوام مێژووی خەباتی ئەم حزبانە ناکرێ لە مێژووی چەکدارییان جیابکەینەوە.

 کەواتە دەکرێ بڵێیین دروستبوونی یەکگرتوو یا وەک ئەوەی خۆیان ئەڵێن ئیعلانکردنی ئەم حزبە لەو ساتەدا بازدانێکی جیاواز بوو لە مێژووی خەباتی سیاسی حزبەکانی پێش خۆی بەوانەشەوە کە لەرووی ئایدیۆلۆجی ئیسلامیەوە تا رادەیەک لەسەر یەک ھێڵی تێفکرین بوون. 

 ئەوەی سەرەوە لەپاڵ کۆمەڵێک فاکتەری تر کە جێی باسی ئێرەمان نین، یەکێک بوو لە ھۆکارە بەھێزەکانی خڕبوونەوەی جەماوەرێکی زۆر لە دەوری ئەو حزبە، چونکە نەدەکرا خەڵک چیدی چەپڵە بۆ دوو حزبی وەک پارتی و یەکێتی لێبدا کە بەرۆژی رووناک کەوتبوونە گیانی یەکترو خوێنی براکانیان حەڵاڵ دەکرد.

 بەڵام ئەوەی لەخەباتی سیاسی ئەم حزبەدا، واتە یەکگرتوو، کەمتر ھەستی پێدەکرا نەبوونی رەخنیەکی قوڵی سیاسی بوو لەبەرامبەر مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە.

  دەکرێ بڵێم ئەوەندەی یەکگرتوو سەرقاڵی کۆڕی دەروێشانەی ئایدیۆلۆجیاو فکرە ئیسلامیەکەی بوو نیو ھێندەی ئەوە تواناو ھەنگاوەکانی بۆ لێدان و نەقدکردنی ئەوەی لە ئەنجامی سیاسەتکردنی پارتی و یەکێتیەوە دەگوزەرێ، تەرخاننەکردبوو.

 ئەم مێژووە لە خەباتی سیاسی حزبی بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠٠٩ کە بزووتنەوەی گۆڕان دروستبوو، چرکەساتی دروستبوونی ئەم بزووتنەوەیە مێژوویەکی نوێ نەبوو لە بڕوابوون بە خەباتی مەدەنی وەک ھەندێک پێیان وایە بەڵکو بازدان بوو بەسەر ئەو مێژووەی کە پێشتر باسمان لێوەکردوو لە خەباتی سیاسی یەکگرتوو کەمتر ھەستی پێدەکرا کە ئەویش بریتی بوو لە پرۆسەیەکی رەخنەگرتنی گشتگیر و قوڵی سیاسەتکردنی پارتی و یەکێتی بەدرێژایی بیست و ھەشت ساڵ لە حوکمڕانی ئەم ھەرێمە.

 گۆڕان کاتێک ھاتە مەیدانی سیاسەتکردنەوە بە شێوەیەک خەباتی سیاسی فۆرمەلەکرد کە ئەو بۆشاییەی ھەستی پێدەکراو بەتەنھا لەمیانڕەوییەکەی کاری سیاسی یەکگرتوودا، کۆمەڵانی خەڵک دڵیان ئاوی نەدەخواردەوە، ئەم پڕی کردەوە.

 کەواتە ھەروەک چۆن ناکرێ گۆڕان بڵێ مێژووی خەباتی مەدەنی لە منەوە دەست پێدەکا بەھەمان شێوەش یەکگرتووش ناتوانێ بڵێ خەباتی مەدەنیانەی حزبەکانی دوای من درێژکراوەی ھەمان کاری سیاسیانەی یەکگرتوون.

 تەجاوزکردنی پڕۆژەی سیاسی گۆڕان لەم قۆناغەدا قورسە، تەجاوزکردن ئەوە نیە خۆت لەسەر واقعێکی سیاسی ھەبوو بینا بکەی، یان بەشداریکردن و نەکردن لە حکومەت، تەجاوزکردن ئەوەیە واقعێکی نوێ لەو ھەبووەی کە ھەیە دروستبکەی.

 نەوەی نوێ کە لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە وەک حزبێکی سیاسی خۆی ناساندووە ھەرگیز نەیتوانیوە قۆناغی پێش خۆی کە گۆڕانە تێپەڕێنێ، پێم وایە ھەروەک چۆن ناکرێ یەکێتی بڵێ تەجاوزی خەباتی سیاسی پارتیم کردووە بەھەمان شێوەش نەوەی نوێ ناتوانێ بڵێ تەجاوزی قۆناغی پێش خۆم کردووە لە خەباتی سیاسی و مەدەنی.

 ئێمە لێرە کارمان پیا ھەڵدانی ئەم حزب یا بێ ئەرزشکردنی ئەو حزبی سیاسی نیە بەڵکو مەبەستمانە ستراکچەری ئەو حزبانە لەبەر رۆشنایی تێفکرینەکانی خۆمان ھەڵبسەنگێنین، کە زیاتر بەلامانەوە گرنگ بوو چرکەساتەکانی مێژووی کاری سیاسی حزبایەتی لەھەرێمی کوردستان لەماوەی بیست چوار ساڵی رابردوو بەھەرسێ نموونەی زیندووی یەکگرتوو گۆڕان و نەوەی نوێ وە شرۆڤەبکەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×