بەدیار وێنەکەی کاکە نەوە-وە

هاوڕێ جەمال
  2023-01-01     912

بزوتنەوەی گۆڕان کە لە ساڵی ٢٠٠٩ بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک لەسەرکردەی شاخ و گەنجی دەستەبژێری ناوشار دروستبوو، توانی لە ماوەیەکی کورتی کاری سیاسی پێگەی جەماوەری خۆی بەھێزبکاو، لەئاستی خەباتی پەرلەمانی، یەکێتی و پارتی بخاتە مەوقفێکی ئیحراجی سیاسیەوە، بەجۆرێک ئەو سەروبەندەی کە ئەم ھێزە لە یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداریکردو ٢٥ کورسی بەدەستھێنا، گەرم و گوڕترین دەورەی پەرلەمانی بەخۆوەبینی.
گوتاری ئەم بزوتنەوەیە، لەسەربنەمای رەخنە لە دەسەڵات و پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی بەدیل بۆ سێکتەرە جیاجیاکانی ژیان لە خزمەتگوزاری، تەندروستی، کشتوکاڵ، باج، بوژاندنەوەی گوندەکان، .. ھتد، گوزارشتی لەخۆی ئەکرد.
گەر لە رووی زانستی سیاسی و بە پشت بەستن بە تیۆرەکەی بیرمەندی فەرەنسی (مۆریس دوفرجی) (١٩١٧-٢٠١٤) ھەڵسەنگاندن بۆ ئەداو کاریگەریەکانی گۆڕان بکەین، ئەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە کورتیان بکەینەوە، دیارە ئەم خوێندنەوەیە بۆ قۆناغی پێش وەفاتی نەوشیروان مستەفایە.
١-بەپێی تێڕوانینی دوفرجێ، سەرەکیترین وەزیفەی حزب، وەزیفەیەکی سیاسیە، بۆ ئەم وەیفەیەش حزب پێویستی بە ئیشکردن لەسەر ھەردوو رەھەندی جەماوەری و سیستەمی سیاسی ھەیە، جا گەر بیری خۆمان چڕکەینەوە زۆر بە ئاشکرا ئەم وەزیفەیەمان لە ئەدای ئەم بزوتنەوەیەدا ئەبینی کە گوتاری خۆی لەسەر گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی داڕشتبوو، ھەر لەم بڕوایەشەوە، دەیویست کاریگەری خۆی لەسەر ھاوڵاتیانی کوردستان بەجێبێڵێ، لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا بۆ سندوقەکانی دەنگدان ئاراستەیان بکا.
٢-وەزیفەیەکی تری حزب بە پێی تێڕوانینی ئەم بیرمەندە فەرەنسیە، بریتیە لە ئەرکی چاودێری بەسەر دام و دەزگاکانی دەوڵەت، بەشێوەیەک حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی خەڵک، بەشێوەیەک ناچار بە گەڕانەوە بۆ رای گشتی و شەقامیان بکا.
٣-پێشکەشکردنی زانیاری ئابوری و دارایی پەیوەست بە داھاتی حکومەت بە ھاوڵاتیان، پێشکەشکردنی چەندین بەرنامە بەناوی (زمانی ژمارەکان) لە کەناڵەکانی راگەیاندنی گۆڕانەوە، درک کردن بووە بەم وەزیفە گرنگە.
٤-دروستکردنی رای گشتی لەسەر پرسێکی دیاریکراو یا چەند پرسێک و کارکردن بۆ دۆزینەوەی کەناڵەکانی گەیاندنیان بەحکومەت.
٥-جوڵاندن و جۆشدانی ھاوڵاتیان، بەمەبەستی بەشداربوونیان لە بڕیارە سیاسیەکان، و وەرگێڕانی بۆچوونەکانیان بۆ چەندین ئۆپشنی سیاسی جیاوازو واقعی.
دیارە دوفرجی چەند وەزیفەیەکی دیکەشی بۆ حزبی سیاسی دیاریکردووە، بەڵام ئێمە لێرەدا ئەوەی پەیوەستبوو بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە بەرئەنجامی ئەو ماوەیەی کە نمایشی سیاسی خۆی کرد ئەم وەزیفانەمان لێ ھەڵبژاردووە.
دیارە ئەمانەی ریزکران وەزیفەی گۆران بوون و دەکرێ وەزیفەی ھەر حزبێکی دیکەی سیاسیش بێ، جا گۆران چەندێ سەرکەوتووبووە لە بەئەنجام گەیاندنی وەزیفەکانی و چەندێکیش شکستی ھێناوە لەو رووەوە؟، ئەمە جێی باسێکی ترە، چونکە نەک ھەر حزبێک لە ناو فەزایەکی ئاڵۆزو نالەباری وەک کوردستان، بگرە ھاوڵاتیەکی ئاساییش، ئەوەی لە خولیاو لە پلانیایەتی وەک ئەوەی خۆی ئەیەوێ لە بواری پراکتیکدا بۆی ناچێتەسەر.
لەبەرگی کتێبی (پەنجەکان یەکتری دەشکێنن) نەوشیروان مستەفا وای نووسیوە:
«توتە، برای توتە، باڵا بەرزە، دۆشاو مژە، ئەسپێ کوژە، پێنج برابوون.
توتە وتی: بابچین بۆ دزی
برای توتە وتی: لە کوێ
باڵا بەرزە وتی: لەماڵی خوا
دۆشاو مژە وتی: حەرامە
ئەسپێ کوژە وتی: لەدینی ئێمەدا ھیچ شتێ حەرام نیە.
لەناو خۆیاندا بوو بەشەڕیان، چواریان یەککەوتن بۆ راونانی پێنجەمیان.»
جا تا دوێنێ و لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە٢٠٠٩/٧/٢٥، گەر بزوتنەوەکە بەپێی پەیام و گوتارە سیاسیەکەی، لەو سیناریۆیەی سەرەوە، رۆڵی کاراکتەری دۆشاو مژەی بینیبێ، ئەی چی سەبارەت بە رۆڵی ئێستای؟
ئەم پرسیارە حەقە پێش ھەر کەسێک گۆرانخوازان و ھەوادارانی ئەو بزوتنەوەیە وەڵامی بدەنەوە، بەبێ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، نەک ھەرتەنھا بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵکو ھیچ حزب و بزوتنەوەیەک ناتوانێ داھاتووی مسۆگەربێ. چونکە دیارینەکردنی رۆڵ واتە چونە دەرەوە لە شانۆکە وەک عەرەب ئەڵێ ئەبێتە رستەیەک کە«لا محل لها من الاعراب».
لە ئێستاشدا باس لەو سیناریۆیانە دەکرێ کە بۆ ئەم بزووتنەوەیە مەترەحن بۆ خۆ درستکردنەوەو ھەڵسانەوە، بەس ئەوەی لە واقعدا دەبینرێ، سەرەڕای ئەو ھەموو پاشخانە سیاسیە دەوڵەمەندە، تەنھا شتێک کە لە رابەرەکەیانەوە، بۆ ئەم بزوتنەوە سیاسیە ماوەتەوە وێنەیەکی رەش و سپی لە چوارچێوە گیراوەو بەس.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×