شەیتان، نەک مرۆڤ چاوی خۆی کوێر کرد

هاوڕێ جەمال
  2022-03-09     543

دۆشدامان بەدیار کێشەو تەنگوچەڵەمەکانەوە، و ھەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنیان، بە پاساوی پەلەنەکردن و ئارام گرتن لەسەریان، ھیچ لە حاڵ و گوزەرانمان ناگۆڕێ، جگە لەوەی کە لە شوێنی خۆمان چەقببەستین و رۆژ لە دوای رۆژ بارگرانتر بین.
ھەموو ئەو کێشانەی لە دوێنێدا بوون بە ئاستەنگ لەبەردەم کۆمەڵگەدا، لەجیاتی ئەوەی ھەر لە رێ و لە جێدا بازووی چاکردن و چارەسەرکردنیمان لێ بخستنایەتەکار، بە بیانووی پەلەنەکردن و باشبوونی دۆخەکە، بۆ خۆی لە ئێستایا بوونە چەند ھێندەو زۆر زەحمەتە بەئاسانی ھەنگاوی ئومێدیان بەسەرابەین.
ھەموو جارێ بۆ ئەوەی لەو گوڕو تینە، خاومان بکەنەوە، کە بۆ کارێک یان ئەنجامدانی ئەرکێک بە بەرماندا گەڕابوو، پێیان ئەوتین پەلە مەکەن، (شەیتان پەلەی کرد چاوی خۆی کوێر کرد)! بێ ئەوەی لەوە رابمێنین کە ئێمە بەنی ئادەمین نەک شەیتان، ئیدی بۆ ئەبێ لەوە بترسین کە چالاکانەو بێ دوودڵی کارەکەمان ئەنجامبەین.
ئەستوور بوونی پەتی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتداران بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئارامگرتن و لە توانا گرتنەی کۆمەڵگە بۆ ئەو دەسەڵاتەی بە درێژایی دروستبوونی ھەیبووە بۆی.
یوڤاڵ نوح ھەراری مێژوو نووس و بیریار پێی وایە، مرۆڤایەتی لەسەدەی بیست و یەکا، جیاوازە لە سەدەکانی رابردوو، بەو پێیەی مرۆڤی سەدەکانی پێشوو ژیانیان دابەشکراوە بەسەر دوو قۆناغدا، قۆناغی فێربوون و قۆناغی جێگیربوون و سودوەرگرتن لەو زانیاری و بڕوانامانەی لە ئەنجامی پرۆسەی فێربوونەوە بەدەستیھێناون، بەمەبەستی وەدەسخستنی ئیش و پاشان ئۆقرە گرتنی لەو بەشەی دیکەی ژیانی کە ماویەتی . بەڵام مرۆڤی ئەم سەدەیە لە ژیانی رۆژانەیدا پێویستی بە فێربوونی بەردەوام ھەیە، واتە قۆناغێک نیە کە تۆ بوەستی لە فێربوون، لەم تێڕوانینەوە ئەتوانین بڵێین، فێربوون و وەدەسخستنی زانیاری، پێویستی بەکاتە، کاتیش لە بەرامبەر زانیاریەکان ناھاوسەنگە، لێرەوە گەر بەردەوام لە پرۆسەی خۆفێرکردندا نەبین، ئەوا بەجێدەمێنین، بۆ ئەوەی بەجێ نەمێنین ئەبێ پەلە بکەین.
بیانووی ئێمە ھەرچیەک بێ بۆ نەکردنی ئەو ئەرکانەی، چ وەک مرۆڤێکی ئاسایی یان کاراکتەرێک لە پلەو پۆستێکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی دیاریکراو ھەمانە، نابێ بیانووی پەلە کردن بێ، لە جیاتی ئەوە دەکرێ ھۆکارەکانی تری پشت ئەم ویستەمان بۆ ئەنجامنەدانی ئەو کارە شەن و کەو بکەین، چونکە دەستەواژەی پەلە نەکردن، زیاتر دەستەواژەیەکی فیزیکیە وەک لەوەی دەستەواژەیەکی زیھنی و فکری بێ.
بۆ نموومە، کاتێک گەنجێک کە دەرچووی کۆلێژ یا پەیمانگەیە، ناکرێ بە بیانووی پەلە نەکردن تاوەکو ئیشێکی باشی دەستئەکەوێ، چەندین ھەلی کارکردن لەدەسخۆی بدا، کە دواجار نە ئەو کارانە، نە ئەو ئیشەی کە خۆی لە خەیاڵیایەتی وەدەستی ئەخا!.
یان گەر ھەر لە یەکەم چرکەساتی راپەڕینەوە، ئەوەمان لەو ھێزانە قبوڵنەکردایە، کە بە ئارەزووی خۆیان خێرو بێری ئەم ھەرێمە ئاودیوبکەن، و ئێمەش بەدیاریانەوە پرچی سپی بھۆنینەوە، ھەر بڵێیین؛ ئەمڕۆنا سبەی باش ئەبێ، ئێستای خۆمان بەو وێرانیە نە ئەبینی و لە ھەمانکاتیشدا حەسودیمان بە دوژمنەکانی دوێنێ نە ئەبرد.
خۆ تەڵقین کردنی بەردەوامی خود بەم چەمکی پەلەنەکردن، کاریگەری خراپ لەسەر کۆی ئەدای ئێمە جێدێڵێ، بە جۆرێک ئەوەی بەڕێماندەکاو ئاراستەی ژیانمان ئەکا، ھەموو شتەکانی چواردەورمانە جگە لە خۆمان، کە ئەمەش روویدا تۆ ھیچ نیت جگە لە پوشێکی سەرئاوو کەوتوو، کە شەپۆلەکان بێ ویستی خۆت ئاراستەت دیاریئەکەن، دواجار رەنگە ئەوەی کوێرمان بکاو رامانگرێ، ئەو تەممەڵی و بێ دەربەستەبێ کە لە ئاست رووداوو پێشھاتەکاندا گیرۆدەی بووین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×