بەرھەم ساڵح لەنێوان دوکەوانەدا

هاوڕێ جەمال
  2022-02-19     808

بەپێودانگی حزبیانە، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ھەم قوڵن ھەم سادە، قوڵن لەوشوێنەی بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی پێکدادەدەن، سادەن لەوشوێنەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئابوری و سیاسی جودا جودایان ھەیە، کە ئەسڵ وابوو ئەمە پێچەوانەکەی بوایە!.
گەورەن لەو شوێنەدا کە کار دەگاتە سەر ناکۆکی لەسەر بیرە نەوت و گاز و دۆلار و دینار، بچوکن لەو شوێنەی کە مووچەو قوتی خەڵک دەبنە ژێر پێ و چەپۆکی تەماحی سیاسیەکان.
پۆستی سەرۆک کۆماریش کە لە ئێستایا بۆتە گرێ کوێرەی پەتی بەستنەوەی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری ئەم دوو حزبە بە بەغداوە، چ نیە جگە لە ناکۆکیەکی سادە، کە دەکرێ لە کونفەیەکونێکا چارەسەر بکرێ، نەک وەک ئەوەی ھەندێک، لە ئەندام و لایەنگرانی ئەم دوو حزبە وا وێنای ئەکەن کە ئەم کێشەیە پەلدەکێشێ بۆ لێکترازانی گەورەی نێوان یەکێتی و پارتی، و لەمەش زیاتر ھەڵوەشانەوەی قەوارەی ھەرێم!
ئەو دەمەی پارتی سورە لەسەر گۆڕینی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ھێندەی گۆڕینی بەڕێوەبەرێکی گشتی بۆ یەکێتی قورس نیە لەسنوری دەسەڵاتی خۆیدا، بەس بۆ ئەوەی وانیشانی قاعیدەی جەماوەری خۆیی و چواردەوری بدا کە ئەمە کارێکی قبوڵکراونیە، دنیایەک ھێڵی سوور بەدەوری مەسەلەکەدا دەکێشێ، گوایە سازش لەسەر ئەم بابەتە ناکا، بەڵام ھەر ئەوەندەی بەرژەوەندییە قوڵەکان ھاوتابوونەوە، ئەوا ئەم پرسە بۆ خۆی دەبێتە ئاردی ناودڕکان و دکتۆر بەرھەم و پۆستەکەشی دەبنە بڵقی سەرئاو.
کاتێک پێوەرەکان شەخسی و بنەماڵەیی بوون، ئیتر ھەر قسەیەک لەسەر لێھاتوویی و بەتوانایی و دیبلۆماسیەت و دەوڵەتداری و زمانزانی دەبنە سیفەت و تایبەتمەندیەکی ئەژمار نەکراو.
کەسایەتی دکتۆر بەرھەم رەنگە ھەڵگری بەشێکی زۆری ئەو خەسڵەتانەبێ کە لەسەرەوە باسکران، بەڵام کاتێک بەرژەوەندی شەخسی و ململانێی بنەماڵەیی دەخالەت لەم پرسە دەکەن، ئەو تایبەتمەندیانە کەمتر یا ھەر حسابیان بۆ ناکرێ.
ھەر لەبەر ئەوە دەکرێ لەبەرامبەریشدا، ھەرکاتێک پارتی ئەوەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد کە بردنەوەی دکتۆر بەرھەم لەم گەمەیەدا ھیچ مەترسیەک ناخاتە سەر بەرژەوەندیە شەخسی و بنەماڵەییەکانی ئەو حزبە، ئەوا لەسەر فەرشی سوور پێشوازی لێدەکرێ و چیدی ئەو پیاوە نا مەرغوبە نابێ کە ئێستا پارتی و سەرۆکەکەی لێیانھەڵپێچاوە.
کوردیش دەمێکە وتوویەتی « بەکەر ناوێرێ بە کورتان شێرە »، جا دەمڕۆیشتووەکانی ئەم دوو حزبەش، ھیچ کامیان ناتوانن یان نایانەوێ، لەگەڵیەکتر تێکی بدەن، ھەر بۆیە ئەوەی پەنای بۆ ئەبەن قوتکردنەوەی کەسانی دەرەوەی خۆیانە بۆئەوەی ململانێکەیانی پێ یەکلاکەنەوە، جا (وشیار زێباری) بێ یا (دکتۆر بەرھەم) گرنگ نیە، بۆ ئەوان ئەوەی گرنگە ئەوەیە، لەملا کەسێک ھەبێ لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی و لەولاش کەسێک ھەبێ لە بنەماڵەی بارزانی کەسەرە گوریسی ئەو ململانێیەیان لەدەستبێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×