ئاڵا و ئاوی ناو دەبەکەمان

هاوڕێ جەمال
  2021-08-06     700
«گەورەترین ترس لەجیھاندا، رای کەسانی ترە لەسەر ئێمە، بۆیە لەوساتەی کە ترست نابێ لە بیرو رای خەڵکی، تۆ چیتر مەڕ نی، تۆ شێری» ئۆشۆ
نەتەوەیەک کە خۆی بەکەمزانی و ھەمیشە لەخوارەوە بۆ سەرەوەی روانی، کۆمەڵگەیەک کە ھەمیشە بون و گەورەیی خۆی لە کۆمەڵگەو نەتەوەی دیکەوە بینیەوە، تاکێک کە ھەمیشە ئەو کاتانە ھەستی بە بوونی خۆی کرد کە تاکی نەتەوەیەکی تر دەستی لەشانی دا، ئیدی ئەبێ بێ یەک و دوو دەست لەو تاک و کۆمەڵگەوە نەتەوەیە بشۆین.
کورد چ وەک نەتەوە، چ وەک تاک، ھەمیشە لەچاوەڕوانی ئەوەدابووە، بەرامبەرەکەی دانی پیابنێ، ھەمیشە خۆی وەک ژێردەست و بەرامبەرەکەی وەک سەردەست سەیرکردووە.
ماوەیەک پێش ئێستا شانازی بەوەوە ئەکرد کە ئاوی دەبەی کوردستان، و ھەنارەکەی ھەناردەی دەرەوە ئەکرێ، خۆ گەر ئەمە وەک مامەڵەیەکی ئابووری لێی بڕوانرێ، ھیچ عەیبی نیە و بگرە مایەی دڵخۆشیە، بەڵام ئەم دیدگایە غایبە، بەڵکو ئەوەی ھەیە ئەوەیە کە دڵخۆشین بەوەی تاکێکی رۆژئاوایی لە ئاوی کورستان دەخواتەوە، قژ سورێک ھەناری عەبابەیلێ ئەخوا!!
ئاڵای ئێمە، تەنھا ئەو کاتانە پیرۆزو گرنگە، کە لەتەک ئاڵای وڵاتانی دیکەوە بشەکێتەوە، ئەمە چ ھەستێکە جگە لە ھەستی خۆ بەکەمزانین، ئەمە چ تێڕوانینێکە جگە لە تێڕوانینی مرۆڤێکی نزم، بۆ مرۆڤێکی باڵا!.
پەڕگیرنین گەر بڵێیین ئەوەی تا ئێستا رێگربووەو نەیھێشتووە ببین بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ، ئەو ھەستە کوشندەیەی ناخمانە، ئەوەی رێگربووە لەوەی وەک ھەر نەتەوەیەکی دیکە دەوڵەت و سنوری خۆمان ھەبێ ئەو ماستاوو دوورووییەیە کە بۆ ئەوانە ئەیکەین کە مافی ئێمەیان لایەو لێیان زەوتکردووین.
ھەرکاتێک درکمان بەوەکرد کە نەھەنارو ھەنجیرەکەی ھەڵەبجەو ئاکرێ و نە ئاڵاکەی کوردستان جگە لەخۆمان ھیچ نەتەوەو کۆمەڵگەیەک پیرۆزیان پێنابەخشێ، ئەوکات ھەم توانیومانە چیدی وەک قوربانی لەخۆمان نەڕوانین و بەرامبەرەکەشمان وەک جەللاد، ھەم توانیومانە رۆحی نەتەوەیی لە ھەناوماندا زیندوو بکەینەوە، کە تەنھا لەم رێیەوە ئەتوانین درگا لەسەر زۆرشتی دیکە بکەینەوە، بە ئاڵایەکیشەوە کا خاوەنی دەوڵەتێک بێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×